شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت

0

شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت

 

كێ ئەڵێ لەخۆمەوە دەگریم

ئەی ئەوە نییە هەورەكانیان سەربڕی و

چاوی ئەستێرەكانیان هەڵكۆڵی

ئەی ئەوە نییە منیان بەمندا بەكوشت

خۆشترین گۆرانیان لەودیو پەنجەرەكەمەوە خەڵتانی خوێن كرد

 

كێ دەڵێ لەخۆمەوە بێتاقەتم

ئەی ئەوە نییە سەرم بەقەد یەك هێزە ئاوساوەو

تنۆك تنۆك بێداریم پیادەچۆڕێتەوە

ئەزانم كەلێنێكی گەورە كەوتۆتە ڕۆحمەوەو میكرۆبێك بەلاشەم فێربووەو

وردە وردە لێم دەخوات

 

لەخۆمەوە خەمێكی گەورە داینەگرتوم

كەس نییە هێندەی من شارەزای ماڵی مردن بووبێت

بست بەبستی گۆڕستانەكان شارەزام و

ئەزانم كام مردووە زۆر حەزینەو

كام مردووە حەزی لەگۆرانی و شایی لۆغانە

 

لەخۆمەوە حەز لە تەنیایی ناكەم

ئەزانم غەڵبە غەڵبی مەزاتخانەكان سەرتاپا داگیرم دەكەن

جادوكەرەكان بەوارو وێخما دەڕۆنە خوارەوە

لەخۆمەوە ماتەمینیەكی گەورە داگیری نەگرتوم

ئەزانم شتێك بەڕێگاوەیە شتێك سەرم

كون كون دەكات و لاشەم پڕدەكات

لەباروت

لەخۆمەوە ناگریم لەخۆمەوە تابوتەكەم

بەدوای خۆمدا ڕاناكێشم

 

ئەزانم شتێك ڕودەدات ئەم خەمە

بابەگاڵتەوە دەورو خولی ماڵەكەمی نەداوە

لەخۆشی تینوێتیم نییە ئاو بەڕوتی

لەژێر سێبەری درەختەكەمدا دانیشتووە

لەخۆمەوە سەرم ناێشێت

لەخۆمەوە زمانم لاڵ نابێت

ئەزانم شتێك ڕوودەدات

 

بەگاڵتەوە ئینجانەكان

لەسەر تاقەكان ناكەونە خوارەوە

لەترسی با نییە مۆمەكان دەكوژێنەوەو

لەدەوری قومێك تاریكی دەگەڕێن

ئەزانم شتێك ڕوودەدات

بەگاڵتەوە پەنجەكانم نالەرزن و

چاوەكانم ڕەشكەو پێشكە ناكەن

 

سەرئێشەیەكی خراپم گرتووە

پێدەچێت ئەمجارەیان بەتەواوی دەستم لەدەستی ژیان بێتەوە و

لەیەكەم وێستگەی گۆڕستان دابەزم

دادەبەزم و بەهەردوو دەست دەكێشم

بەسەری خۆمدا خۆم پڕ پڕدەكەم لەبێكەسی

 

قوڕێكی خەست خەست بۆخۆم دەگرمەوەو سەرتاپام لەقوڕ دەنێم

دادەبەزم چش ئەگەر دوو محەتەی تریشم مابێت

ئەزانم هەر دەبێت دابەزم

هیچم بۆ ناوترێت

ئەم گەڕەكەم پڕ پڕكردووە لەبۆنی مردن

تینوێتی سەری لێشێواندوم

بەلای هەركانیەكدا دەڕۆم بەئەمری خودا

وشك وشك دەكات

 

گوناهی من چییە كەباران نابارێت

من بڵێم چی لەدەریاكانەوە هەڵم هەڵناسێت

بەرگەی گلەیی پیاوچاكان ناگرم

ئەزانم ڕۆژێك دێت كافرێكی دڵڕەقم لێدەردەچێت هەرهیچم دەست نەكەوێت

سێبەرەكەی خۆم سەر دەبڕم

 

خودایە گوناهم چییە باران نابارێت

من بڵێم چی شەوانی زستان درێژەو نابڕێتەوە

من بڵێم چی دەستم ناچێتە خۆم و خۆمم بۆ نادرێتە بەر خەنجەر

لۆمەی من مەكەن كەشەمەندەفەرێك

بەبەتاڵی و بەبێ نەفەر دەگاتە ئێرە

 

كێ ئەڵێت لەخۆمەوە دەگریم

ئەی ئەوە نییە دوونیا خەریكە ئاو دەیبات و

بارانێك نابارێت و

گۆڕستانێك غەرقی بێدەنگی نابێت

لەخۆمەوە ناگریم

ئەزانم مردوەكانم لەخۆم عاجزكردوە

بەگەورە كچەكانم وت ئاوێنەكەی

بەرباخەڵتان بشكێنن و ئیتر ئەوەندە

چاو چاوێن لەگەڵ خوادا مەكەن

ماچی تەڕ لەژێرسێبەری دار سنەوبەرەكاندا

حەشار مەدەن

 

چش بادوو محەتەی تریشم مابێت

هەردەبێت دابەزم

هەردەبێت دابەزم

…………..

 

میرزا

٢٣/٧/٢٠٢٢

سلێمانی

Leave A Reply

Your email address will not be published.