بەشێكی تر لەدەقی بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد

0

بەشێكی تر لەدەقی بەسەرهاتی ئاهێكی سەرد

 

وا پێ دەچێت

ئەم ئێوارەیە نەگەڕێمەوە بۆ ئێرە

بەشەقامێكی تردا بڕۆم

لەسەر سوچی كۆڵانێكی تر ڕاوەستم

لەسەر قەراغی ئازارێكی تر لابدەم

وەك ئاو بفڕم

وەك باران هەڵكەم

وەك ڕەشەبا توڕەبم

 

واپێ دەچێت،

بیر لەوە بكەمەوە شوناس نامەكەم بگۆڕم

بینینی خەو كەمكەمەوە

چونە بەر ئاوێنە وازلێبهێنم.

بەدوای حەرفە كوژراوەكانی قەسیدەكانما نەگەڕێم

نەچمە بەر پەنجەرەو چاوەڕوانی

بانگی ئێواران نەكەم

 

واپێ دەچێت

لەكراسەكەی بەرم جیاببمەوە و

جەستەم پڕكەم لە بۆنی شوشەیەك شەڕابی

بەسەر چوو

پەنجەكانی دەستم، لەبەینی كتێبە ماتەكانی ناو ژورەكەمدا بشارمەوە

 

وا پێدەچێت یەك بەیەك چاوی خەماكانم بڕێژم

نەیەڵم بەیانیان درەنگ لەخەو هەڵسن

شەوانەش درەنگانێك و بەسەر خۆشی بێنەوە

واپێ دەچێت

ئیتر بەو ڕێگایانەدا نەڕۆم

كە لەدوامەوە،

وەك سێبەرەكەم چاویان لێدادەگرتم

بەردیان دەگرتە تەنیایم

 

واپێ دەچێت

بیر لەو شتانە نەكەمەوە كە وەك خەو دەیانبینم

وەك هەناسە هەڵیان دەكێشم

وەك چرا دایان دەگیرسێنم

وەك مۆم لای سەرمەوە دەیان نوێنم

ئیتر بەسەر ئەو شەقامانەدا ناڕۆم

كەچەند جارێك تیایدا كوژرام

كە چەند جارێك خۆم دابەكۆڵی خۆمداو

خۆم بردەوە بەر دەرگای ماڵە ڕوخاوەكەمان

 

واپێ دەچێت

نەڕۆمەوە ژێر سێبەری هەناسەی سنەوبەرە دەستەمۆكان

گوێ لەشەقەی باڵی قەلە باچكە زۆرزانەكان نەگرم

چیتر ناوی خۆم

لەسەر كەمەری دار تویەك هەڵنەكۆڵم و

وێنەی دڵ و تیرێك لەسەر باڵم نەكێشم

واپێ دەچێت

ئەم ئێوارەیە بۆئێرە نەگەڕێمەوە

بەلای باخی ماچەكاندا هەڵنەگەڕێم

گوێ لە چركە چركی باوەشەكان نەگرم

واپێدەچێت

ماڵەكەی خۆمانم بۆ نەدۆزرێتەوەو

بەتەنیا لە دەرەوە بمرم

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.