ئافرەت لەبەرامبەر توندوتیژی جەستەیدا … نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

0

ئافرەت لەبەرامبەر توندوتیژی جەستەیدا

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

ئەگەر پێناسەیەك بۆ كردەی توندوتیژی جەستەی دژی ئافرەت بكەین، دەكرێت بڵێین رەفتارێكی توندوتیژكارانەیە كە دژ بە مرۆڤی مێ دەکرێ و دەبێتە هۆی ئازار و زیان گەیاندن بە لەش و جەستەی یان بە هۆش و دەروونی، واتە لە رووی فیزیكی یاخود سایكۆلۆجی، دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان لە پێشوودا بە ئاستی جیاجیا بوونی هەبووە و تا ئێستاش هەیە، سەرەرای ئەو هەوڵ و كۆششانەی كە دەخرێنەگەر لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بنبڕکردنی, بەڵام کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە.

ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە یاسا كارپێكراوەكان و هەمواركردنی چەندین دەقی یاسایی و دانانی یاسای نوێ وەك “یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە”٨” ساڵی ٢٠١١” كە لە جیهاندا تەنها (١٢٥) وڵات ئەم یاسایەیان هەیە و توندوتیژییان دژی ئافرەت بە تاوان ناساندووە، لێدانی تاكەكانی خێزان و مناڵان بە ھەر بیانووێك، رێگە پێدراو نییە و تاوانە. ئافرەتیش ئەندامێكی خێزانە و ناكرێت بە ھیچ بیانووێك پیاوەكەی لێی بدات و جەستەیی و دەروونی ئازاری بدات. لە لایەكی دیكەوە پێشكەوتنەكانی ئافرەت لە سەرجەم بوارەكانی دیكەدا و بەشدارییان لە فەزای گشتیدا كە پێشكەوتنی لە سیمای گشتی كۆمەڵگەدا دروستكردووە کە ناتوانرێ نادیدە بگیرێن.

لەهەرێمی کوردستان بەداخەوە رەگەزی نێر هەر لە سەرەتاوە هزر و دیدو بۆچوونی دەئاخنرێت بە چەندین بیرۆكەی هەڵە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رەگەزی مێ و، نەگونجان لەگەڵی و، بە شێوەیەک رادەهێنرێت كە ئەو باڵا دەستە و بۆچوونەكانی راست و دروستە و لە كاتی ناكۆكیدا حەق بەمە و پێویستە رەگەزی مێ گوێرایەڵی بەرامبەر خواست و ویستەكانی بنوێنێت. لە بەرامبەردا، رەگەزی مێ لە سەرەتای پەروەردە كردنیەوە بە جۆرێك پەروەردە دەكرێت كە پاشكۆی رەگەزی نێرە، بەم شێوەیە رەگەزی نێر خۆی بە باڵا دەست دەزانێ و رەگەزی مێ بە لاواز، كە ئەمەش پەیرەوێكی نادروستە لە پرۆسەی پەروەردەی كۆمەڵایەتی و مەعریفیی مرۆڤدا، ئەم جۆرە پەروەردەیە رۆڵی كۆمەڵایەتی هەردوو رەگەز دیاریدەكات لە خێزانەوە تا ناوەندەكانی دیكەی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی ناهاوسەنگ لە بەرژەوەندی پیاودا، دواجاریش بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكانی ئافرەت دەكەونە ژێر هەژموونی پیاو .

لەئەمڕۆدا سەرباری ئەو هەموو پێشكەوتنانە، نەتوانراوە دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان دەستی بەسەردا بگیرێ و، هەندێك جاریش ئامارەكان لە بەرزبوونەوەدان، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم دیاردەیە رەگی لە نێو سترەكتۆری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە و نیزامی سەرمایەداریدا هەیە و، هەڵقوڵاوی بەشێك لەو كه‌لتوورە دواكەوتووەیە كە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا دەشی بوونی هەبێت، هاوکات  كە تێكەڵ کرنی ماف و ئازادییەکان و بەستنەوەیان بە دەقە ئاینیەكان، هۆکارێکی تری بیمافیەکانی ژنان و سەرچاوەی توندوتیژییە. كە دەڵێین بەشێك لە كه‌لتووری بەدەستهاتووی بەناو دابونەریتی كوردەواریی خۆمان، مەبەستمە بڵێم كه‌لتووری ئێمە لە بنەرەتدا كه‌لتوورێكی دژە ئافرەت نییە و، توندوتیژیش دژی ئافرەت كه‌لتووری ئێمە نییە، بەڵام كۆمەڵگەی ئێمە بە درێژایی مێژوو داگیركراوە و، رووبەرووی پرۆسەیەكی بەردەوامی توندوتیژی بۆتەوە، ئەمەش وایکردووە پەروەردەی كۆمەڵایەتی پەروەردەیەكی توندوتیژ و، ناهاوسەنگ بێت بەشێوەیەك كە لەگەڵ یەكەم چركەساتی لەدایكبوونی مرۆڤی مێینە رەنگی داوەتەوە .

لەهەرێمی کوردستان سزای لێدانی ئافرەت بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەرچەندە بەپێی ماددەی حەوتەم، لێدانی ئافرەت و جۆرەكانی دیكەی توندوتیژی، بۆ ماوەیەك سزای بەندكردن دەیگرێتەوە كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێك كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەكێك لەو دوو سزایە .

بۆ نەهێشتنی یاخود كەمكردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دەبێت سەرەتا ئەوەمان لە پێش چاوبێت کە ئەمە کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە دروستکردنی گۆرانکاری هەیە لە شێوازی هزر و جۆری بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەدا، گۆرینی ئەقڵیەتیش پرۆسەیەکی دراماتیکی نییە و خێرا نایەتە کایەوە، بەڵکو پێویستی بە كاری هەمەلایەنە و بەردەوام و ستراتیژی دوورمەودا هەیە لەلایەن هەموو ناوەندەکانەوە وەک “خێزان، ناوەندەکانی خوێندن، راگەیاندن، دەزگا فەرمی و نافەرمیەکان، رێکخراو و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان” بە تایبەت لە لایەن رێكخراوەكانی ئافرەتان پێویستە كار بکرێت بۆ هۆشیار کردنەوەی رای گشتی و لاواز کردنی ئەو نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییانەی کە رەوایەتی بەم دیاردەیە دەدەن و، لەلایەن بەشێك لە تاكەكانەوە پەیرەوی لێدەكرێت هەوڵ بدرێت تاكەكان هۆشیار بكرێنەوە لەوەی کە ئەم رێسا کۆمەڵایەتی و داب و نەریتانە مایەی شانازی نین و، دوورن لەهەر بەهایەكی مرۆڤایەتی، ئەم دوو مرۆڤەش ئافرەت و پیاو جگە لە چەمكی مرۆڤ بوون ناكرێت هیچ چەمكێكی دیكە بكرێتە بنەما بۆ پەیوەندییەكانیان، خێزان لە پەروەردە و پێگەیاندندا پرەنسیپەكانی یەكسانی پەیرەو بكات و مافەكانی كچ و كوڕ وەك یەك و بەبێ جیاكاری بپارێزێت…

Leave A Reply

Your email address will not be published.