دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ گەشاو ڕەحیم یەکێک لە دامەزرێنەرانی گروپی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز… سەبارەت بە ئامانج و کارەکانی گروپەکە… بۆپێشەوە: ئەم ماوانە ئیوە گروپێکتان بەناوی گروپی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز پیکهێنا، ئەم گروپە لە کێ پیکهاتووەو ئامانج لەپیکهینانی ئەم گروپە چییە؟

0

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ گەشاو ڕەحیم یەکێک لە دامەزرێنەرانی گروپی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز… سەبارەت بە ئامانج و کارەکانی گروپەکە…

بۆپێشەوە: ئەم ماوانە ئیوە گروپێکتان بەناوی گروپی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز پیکهێنا، ئەم گروپە لە کێ پیکهاتووەو ئامانج لەپیکهینانی ئەم گروپە چییە؟

گەشاو ڕەحیم: گروپی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز پێکهاتووە لە کۆمەڵیک ژن و پیاوی سۆشیالیست و یەکسانیخواز، کە ئێمە ئەم کۆمەڵە ئینسانە مێژویەکی پرشنگدارمان هەیە لە ڕووبه‌ڕووبوونەوەی ستەمکێشی و چه‌وسانه‌وه و ژێرده‌سته‌یی له‌ به‌شێك لە وڵاتانی ئەوروپا هەڵسوڕاومان هەیە. ئامانج لە پێکهینانی ئەم گروپە ئەوەیە، بەپێی حکومەت و سیستەمیک کە لەکوردوستاندا لەئارادایە و لەماوەی سی ساڵی ڕابردودا نەک هیچ جۆرە چاکسازیەک لە مافەکانی ژناندا نەکراوە، بەڵکو بەبڕوای من چەند ئەوەندە ستەم و سوکایەتی و بەکەم تەماشا کردنی ژنان زیادی کردووە، بۆیە ئامانجی ئێمە دژایەتیکردنی هەڵاواردن و هەموو جۆرە ستەمکیشیەکین و دژی کوشتاری بەکۆمەڵی ژنان بەبەهانەی ناموسەوە و لەهەوڵی جیگاوڕیگای ژنان لە چارەنوسی گۆمەڵگادا، هەروەها دژی هەر جۆرە نەریتیکی دواکەوتووانەی کۆمەڵگەین کە ببیتە هۆی جیاکاری و دابەشکردنی ڕیزەکانی کرێکارانی ژن و پیاو و دژی فەرهەنگی پیاوسالاری و دژی دام و دەزگاکانی دادگاو یاساکانین. ئیمە ئەمانەوێ هەموو نەریتێکی باوی کۆمەڵگە کە دژی ژنانه‌ لەناوبەرین و لەهەوڵی هینانە کایەی نەریتیکی ڕیکخراوەیی و سیاسیداین کە شەخسیەت و ئینسانی بوون بۆ ژنان بگەڕیتەوە.

بۆپێشەوە: بۆچی رێکخراوتان دروست نەکرد و ناوتان نا گروپ، لە کاتێکدا ئیوە چەندین کەسایەتی دیار و بە ئەزموونی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانن؟ ئایا بڕواتان بە خۆتان نییە، یا هەڵەیەک بووە بەسەرتاندا تێپەڕیووە، یان هۆکارەکەی چییە؟

گەشاو رەحیم: راستی ئەوەی بۆ ئێمە یەکجار گرنگ بوو، پێکهێنانی چوارچێوەیەک بوو، کە هێزو تواناو ئەزموونی دەیان ژن و پیاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەخۆ بگرێت. بەتایبەتی کە دەمان بینی جێگای وەها رەوتێک لە ناو بزوتنەوەی ژناندا، بەشێوەی ریکخراو بوونی نییە. لەناو بزوتنەوەی ژناندا چەندین رەوت و هێڵی جیاوازی فیمینستی، ناسیونالسیتی و ئیسلامی و لە ژێر ناوی جیاجیادا هەبوون، بەڵام رەوتێک کە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بکات بوونی نەبوو. ئێمە ویستمان بەر لەهەموو شتێک ئەو بۆشاییە پر بکەینەوە. هەروەها ئێمە بەتەواوەتی بڕوامان بەخۆمان و توانایەکانمان هەیە، کە دەتوانین کاریگەری بەرجەستە لەسەر بزوتنەوەی ژنان بەگشتی دابنێنین و نوینەرایەتی ئەو بزوتنەوەیە بکەین کە لە کۆمەڵگەی کوردستان، بزوتنەوەیەکی بەهێزە. تا ئەو جێگایەی بە ناوەکەی دەگەڕیتەوە، ئێمە چۆن توانیمان دەست پێ بکەین، ئاواش دەتوانین بە راوێژ لەگەڵ یەکتری و لە درێژەی کارەکانماندا ناوەکە لە گروپەوە بگۆڕین بۆ رێكخراو یانی شتی تر… من خۆشم لام وایە ئەو گروپەی ئێمە پێکمان هێناوە، بەتەواوەتی پێداویستیەکانی رێکخراوەیەکی بەهێزی تیایە. چ لە رووی ژمارەو چ لەرووی خەت و هیڵێکی رۆشنەوە، بەجیا لەوانەش پێکهنەرانی ئەم گروپە، خاوەن کەسایەتی تا ڕادەیەک ناسراو و بەئەزموونن و کەم رێکخراو هەیە لە کوردستان چ وەکو ژمارەو چ وەکو کەسایەتی لەو ئاستەی ئیمەدا دەستی پێکردبێت.. ئێمە بەردەوام دەبین.

بۆپێشەوە: ناوی گروپەکەتان” گروپی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازە” کەواتە گروپەکە لەسەر بنەمای رەگەزی پێک نەهاتووە و پیاوانیش دەتوانن ببنە ئەندام و بەشدار لە گروپەکەتاندا، دەتانەوێت لە رێگایەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟

 گەشاو ڕەحیم: بەڵێ ئێمە لامان وایە چەوسانەوەو ستەمکیشی بنەڕەتی ژنان نیزامی سەرمایەداریەو بەدەست هینانی مافەکانیشمان تەنها بە لەبەینچونی نیزامی سەرمایەداری مەیسەر ئەبیت. ستەمکیشی ژنان یەکیکە لە کۆڵەکە ئەساسیەکانی نیزامی سەرمایەداری بۆ مانەوەو برەو دان بەخۆی، هەربۆیە خەبات بۆ بەدەستهینانی ئازادی ژنان و یەکسانی ژن و پیاو بەشێکی جیانەکراوەی خەباتیکە کە چینی کریکارو جەماوەری زەحمەتکیش لەدژی سەرمایەداری بەڕێیخستووە. بە بڕوای من مەسەلەی ژن تەنها پەیوەند نییە بە ژنان خۆیانەوەو ئازادییەکانی ژنان بەتەنیا بەژنان مەیسەر نابێ، بەڵکو کریکاران وەکو چینیکی شۆڕشگیڕ ناتوانن بەبێ ڕزگاری کۆمەڵگە خۆیان ڕزگار بکەن، بۆیە لێرەدا دەردەکەوێ کە خەباتی ژنان و پیاوان بە ڕیزی شۆڕشگیڕانەی خۆمانەوە بە دەست لەناو دەستی ژنان و پیاوان بەبێ جیاوازی ڕەگەزی نزیکترمان ئەکاتەوە بۆ بەدەست هێنانی یەکسانی ژن و پیاو.

بۆپێشەوە: پەیوەندیتان بە رێکخراوە ژنانەکانی ترەوە چۆنە؟ هاوکات جیاوازی ئیوە لەگەڵ ئەو رێکخراوە ژنانەی لەکوردستان هەن چییە؟

گەشاو رەحیم: ئیمە ئێستا لەسەرەتاداین و تەنها خۆمان راگەیاندووە، بەڵام خۆمان دوور ناگرین لە پەیوەندی بە ریكخراوەکانی تری ژنانەوە بەتایبەتی ئەو رێکخراوانەی کە کەمترین کار بۆ ژنان و کەم کردنەوەی ستەمەکانی سەر ژنان بکەن. دەکرێت لەسەر چەندین مەسەلەی تایبەت بە ژنان هاوکاری و کاری هاوبەش بکەین… بۆ نموونە لە دژی یاسای فرە ژنی، خەتەنەی ژنان، ئازادییە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان، دژی تیرۆری ژنان….تاد.

جیاوازیمان لەگەڵ رێکخراوەکانی تر ئەوەیە یەکەم: ئیمە لەسەر بنەمای رەگەزی پێک نەهاتووین و چۆن ژنێکی یەکسانیخواز کارمان لەگەڵ دەکات، پیاوێکی یەکسانیخوازیش دەتوانێت کارمان لەگەڵ بکات و ببێتە هەڵسوڕاوی هه‌مان ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی گروپه‌كه‌ماندا ڕامانگه‌یاندووه‌.. دووەم: ئێمە رێکخراو گروپێکی بزوتنەوەی ژنان بە گشتی نیین، ئێمە نوێنەرایەتی خەت و رەوتێکی دیاریکراو لەناو بزوتنەوەی گشتی ژناندا دەکەین کە بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی هەمەلایەنەی ژنانە لەگەڵ پیاوان… وه‌ك له‌ سه‌ریشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێداوه‌ به‌شێكین له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕیشه‌ییتری جه‌ماوه‌ریی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌ش كه‌ به‌ كۆتاییهێنان به‌ ته‌واوی سیستمێك كه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری و بێبه‌شی و چه‌وسانه‌وه‌ی سه‌ر ئینسانه‌كانه‌ به‌ گشتی و ژنانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌كسانی و ئازادی به‌ ده‌ست دێنێ… ئەوە دوو جیاوازی سەرەکی ئیمە لەگەڵ رێکخراوەکانی ترە… هەروەها بەجیا لەوەی ئیمە دیدێکی تایبەتمان سەبارەت بە هۆکارەکانی جیاوازی رەگەزی و ستەم لەسەر ژنان هەیە، شیوازی کار و نەخشەکانیشمان جیاوازی هەیە لەگەڵ رێکخراوەکانی تر…

بۆپێشەوە: ئەولەویەتی کارەکانتان چییە و دەتانەوێت چی بکەن؟

گەشاو رەحیم: ئەولەویەتی کارەکانمان بریتییە لەمانەی خوارەوە:

١/ ناساندنی گروپه‌كه‌مان و ئامانجەکانی…

٢/ پەیوەندی کردن بە ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز تا به‌م خه‌بات و ئامانجانه‌ی ئێمه‌وه‌ پەیوەست بن… کەیەکجار زۆرن.

٣/ پەردە هەڵماڵین لەسەر هۆکار و ریشەی جیاکاری و توندوتیژی دژی ژنان…

٤/ په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی پیاوسالاری و كۆنه‌په‌رستی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزم و تێكه‌ڵ به‌ ئیسلامی و وەڵامدانەوە بە هیرشی دەسەڵات و رەوتە ئیسلامیەکان و مەلاکان بۆسەر ژنان و مافەکانیان..

٥/ راگەیاندنی لیستی تیرۆرەکان، خۆکوژیەکان، و یەخە گرتنی دەسەڵات لەسەریان  و گوشار هینان بۆیان

تا هەرچی زووە کوشتنی ژن وەکو کوشتنی بەئەنقەست بەیاسایی بکات و بکوژانی ژنان رووبەرووی یاسای مەدەنی بکاتەوە…

٦/……

ئەمانەو هاوکات ئامادەکردن و بەدەستەوەگرتنی میکانیزم و وەسیلەی پێویست بۆ راییکردنی کارەکانمان و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان….

Leave A Reply

Your email address will not be published.