ستاری چیمەنتۆ:  لەكوردستان هیچ قەوارەیەكی سیاسی لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، لەم هەرێمەدا بوونی نییە، تا خەڵكیی خەمی ئەوەیان هەبێت، كە لەخەتەردایە دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز” ستاری چیمەنتۆ” هەڵسوڕاوی سیاسی كۆمۆنیست، سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

0

ستاری چیمەنتۆ:  لەكوردستان هیچ قەوارەیەكی سیاسی لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، لەم هەرێمەدا بوونی نییە، تا خەڵكیی خەمی ئەوەیان هەبێت، كە لەخەتەردایە

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز” ستاری چیمەنتۆ” هەڵسوڕاوی سیاسی كۆمۆنیست، سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

بۆپێشەوە: ئایندەی سیاسی ئەم كێشمەكیشانەی نێوان هەرێم و بەغدا چۆن دەبینن و لێكەوتەكانی لەسەر خەڵكی كوردستان چییە؟

سەرەتا زۆر سوپاستان دەكەم بۆئەم دەرفەتەی، كە ڕەخسانتان، تا لەپەیوەند بەوپرسە گرنگانە، ڕاو بۆچوونی خۆم لەڕێگای ئەم تەوەرەی بڵاوكراوەی بۆپێشەوەوە دەرببڕم.

ستاری چیمەنتۆ: ئەم پرسیارە كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە كێشمەكێشە سیاسیەكانی نێوان بەغدا و هەرێم هەیە، بە بۆچوونی من وا پێویست دەكات كە زۆر بەكورتی هەڵوێستەیەك لەسەر پێكهاتەی دەسەڵاتەكە و كێشمەكێشەكانی نێوان باڵە جیاجیاكانی دەسەڵات، هەم لەبەغدا و هەم لەهەرێم بكەین، بەتایبەت لە مێژووی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری  ٢٠١٩ ـەوە.

ئەم میلیشیاو حیزبە دینی و قەومی و خێڵەكییانە، دوای ئەوەی كە لەڕێگای ئەمریكاو هاوپەیمانەكانەوە، بەزۆر بەسەر خەڵكی عێراقدا سەپێندران، ئیتر هەرگرووپە و لە ناوچە و شوێنی نفووزی خۆی، توانی لەڕێگای چەك و هێزێكی سەربازیی، كە لەئەمریكاوە خرایە بەر دەستیان كۆنتڕۆڵی ناوچەكانی خۆیان بكەن، و تەواوی سەرچاوە ئابووریەكان لەنێو خۆیاندا دابەش بكەن، و هەر لەعەتەبە دینیەكانی نەجەف و كەربەلا و كازمییەوە بگرە تا دەگات بە بیرەنەوتیەكانی كەركوك! لەهەمان كاتیشدا دەستی ئێران و وڵاتەكانی تری ناوچەكە، وەك قەتەر و سعودیە و توركیا كرایەوە، تا بتوانن هەریەكەیان وبەپێی ستراتیژێكی ئابووریی سیاسیی ناوچەكە، لەگەڵ ئەو حیزب و میلیشیایانەی عێراق وكوردستان پەیوەندی ڕاستەوخۆ بگرن، و چۆنیان بۆ كرابێت دەستیان وەردایە نێو كاروبارەكانی دەسەڵاتەوە.

بۆیە شەڕی ناوخۆی یەكێتی و پارتی و ئیسلامییەكان ١٩٩٤-١٩٩٨ و كارەسات وتاوانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و هەروەها هێرشی حەشدی شەعبی و باقی میلیشیاكانی، بەناو جەیشی ئیتیحادیی عێراق، لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ دەرهێنانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و دەرووبەری، لەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە وهەڵكردنی ئاڵای عێراقی لەسەر بینای پارێزگای كەركوك، بەشێكی گرنگ و كارەساتباربوون، لەو سینایۆیانەی كە هەمیشە بەدژی خەڵكیی ئەنجامدراون!

كەواتە ئەم هێزانە، خۆیان وجووڵەكانیان، جگە لە یارییەكی شەتڕەنجی نێوان وڵاتەكانی ناوچەكە لەلایەكەوە و چاودێریی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیشی لەلاكەی ترەوە، هیچ شتێكی تر نییە! كۆی ئەو یارییانەش، شەڕێكی بەوەكالەتە بەدژی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستان و عێراق.

بۆیە ئەم ململانێ سیاسیانەی ئێستاش درێژكراوەی هەمان ئەو مێژووە تاڵەیە و لێكەوتەكانیشی، بێگومان لەگەڵ لەمەیداندابوونی ناڕەزایەتیەكاندا، هەروەك بینیومانە، كارەسات و سەركوتگەرییەكان كەمتر دەبن و پێچەوانەكەشی، بێگومان كوشت و كوشتا ر وئاوارەیی و برسیتی وبێ ئاوكارەبایی و بێمووچەیی وبێكاركردن ئێخەی خەڵكیی دەگرێت.

بۆپێشەوە: هۆكاری پاشەكشەی ئەندام پەرلەمانەكانی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق چییە؟ چۆن دەرواننە بڕیاری رەوتی سەدر بە پاشەكشە لە پرۆسەی سیاسی عێراق!!؟ وە ئەوە چ كاریگەرییەكی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت؟

ستاری چیمەنتۆ: پاشەكشەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، تەنانەت لە پرۆسەی سیاسیی ئێستاو هۆكاری سەرەكیی ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدری مەرجەعی ئەو ڕەوتە، درێژەی هەمان ئەو ململانێیانەیە، كەلەنێو باڵ و ملیشیاكاندا ساڵەهایە بوونی هەیە، بەڵام ئەمجارەیان ڕەوتی سەدر، بەدوای ئەوەی، كە لەناڕەزایەتییەكانی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩دا وەك یاریزانێكی فێڵباز و ڕكابەرێكی نەیارەكانی، خۆی وەك پشتیوانیكەری خواستەكانی  خەڵكی ناڕازی دەرخست، و تاڕاددەیەك توانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان ببێت، بۆیە كاتێك عادل عەبدولمەهدی؛ سەرۆك وەزیرانی ئەوكات لابرا و پاشان دەسەڵات ناچار بۆ كپكردنەوەی ناڕەزاتییەكان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیدا، ئیتر ئەوە ئەوفرسەتە زێڕینە بوو، كە بۆ ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەكانی هەڵكەوت و توانییان لەو یاریی هەڵبژاردنەدا زۆرترین ژمارەی كورسی٧٣ بەدەستبهێنن! بەڵام بەدوای ئەم هەشت مانگەش، كە بەسەر هەڵبژاردنەكاندا تێپەڕیوە، هێشتا ڕەوتی سەدر نەیتوانی ئەو حكومەتە زۆرینەیەی، كە دەیویست، پێكیبهێنێ، بۆیە كاتێك ئەو ڕەوتە، لەلایەكەوە بێ هیوابوو لەوەی كە حكومەتەكەی پێك بهێنێ، وەلەلایەكی تریشەوە، دڵنیایە لەوەی بەبێ بوونی كورسی و هێزەكەی ئەو لە پەرلەمان و حكومەت، هەرگیز ڕكابەرەكانی ناتوانن وە نابنە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز و جێگیر وە یاخود درێژماوە، بۆیە بڕیاری پاشەكشە بۆ ڕەوتی سەدر وە بەتایبەت لە ڕوانگەی موقتەدا سەدر، وەك مەرجەعی ئەوڕەوتە، لەم كاتەدا باشترین وە گونجاوترین هەڵبژاردە و وەڵامە بە نەیارەكانی.

 كەواتە ئێستا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی، كە هاتنەدەرەوەی نوێنەرانی ڕەوتی سەدر لەپەرلەمان، یارییەكی سیاسیی تری ئەو ڕەوتەیە، تا بەهۆیەوە بتوانێ لەبەرانبەر ئەوانیتردا، وە بە شێواز و ڕێگەیەكیتر، واتا لەدەرەوەی یارییە هەنووكەییەكانی نێو پەرلەمان، فشاری زیاتر هێنان، یاخود بەشداریی خەڵكی ناڕازی لە ڕژانە سەرجادە، وەك وەرەقەی فشاربەكار بهێنێت. وەیاخود بەهەرشێوەیەك بۆی بلوێ، پەیوەندیی دیبلۆماسی وبەڵێن پێدانی ئاڵوگۆڕ لەبەرژەوەندیە ئابووریی و سیاسەكانی داهاتوو، لەگەڵ هێزو لایەنی دەرەكییدا، تا گەرەنتیی دەسەڵات و ئۆتۆریتەی حوكمڕانیی وەربگرێتەوە. ئەی وەك ئێوە دەپرسن، ئایا چ كاریگەرییەكی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟ من بڕوام وایە، بەودەلیلەی كە (پ د ك) وەك هاوپەیمانی ڕەوتی سەدر وهەروەها وەك گەورەترین هێزی سیاسی وخاوەن بەهێزترین ئابووری لەهەرێمی كوردستان، بێگومان بەم پاشەكشەیەی ڕەوتی سەدر، زیانێكی سیاسیی گەورەی بەردەكەوێت، بەتایبەت لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی هەر حكومەتێكی نوێ، كە لەسەردەستی نەیارەكانی ڕەوتی سەدر دروست دەكرێت! وە ئەمەش بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان ناچار بە بەند وبەستی تر هەڵبژاردنی ڕێگای تر دەكات، كە هەرگیز ئەو ڕێگایانەش بەبێ تەنازولات و ملكەچپێكردن ڕوونادەن! وە كۆی هەموو ئەو پاشەكشە پێكردن یارییانەش لەگەڵ (پ د ك )و  تەنانەت لەگەڵ باقیی حیزبە بۆرژواكانی كوردستاندا، باجەكەی تەنها و تەنها لەسەر خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستان دەكەوێت! بۆیە هەر ئێستا دەنگۆی هەڕەشەكانی میلیشیاكانی دەسەڵاتی بەغدا، بۆسەر بەشێك لە ناوچە نەوتییەكانی كوردستان لە سنووری كەركوك و چەمچەماڵ، دەركەوتەی ئەو كاراییانەن، كە نەك هەر پاشەكشەی ڕەوتی سەدر، بەڵكو كۆی ئەزمە و كێشمەكێشە سیاسیەكانی ئەم دەسەڵات و میلیشیایانەی بەغدا دەیخەنە سەر هەرێم.

بۆپێشەوە: هەلومەرجی سیاسی كوردستان تادێت بەرەو خراپی دەچێت، لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكانەوە تا دەگاتە بەرپرسە سیاسییەكانی بۆرژوازی كورد، ئاماژە بەزیادبوونی مەترسییەكانی سەر هەرێم دەكەن، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵین چی و تا چەندە مەترسی سیاسی لەسەر هەرێم هەیە؟

ستاری چیمەنتۆ: لە كۆتاییدا دێمە سەر ئەوەی، كە ئایا هیچ مەترسییەك لەسەر “قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان” هەیە؟ من لەوەڵامدا دەڵێم،  لەكوردستان هیچ قەوارەیەكی سیاسی لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، لەم هەرێمەدا بوونی نییە، تا خەڵكیی خەمی ئەوەیان هەبێت، كە لەخەتەردایە. ئەو قەوارەیەی كە هەیە و ئەحزابی بۆرژوازی كوردی بەحاكم ئۆپۆزیسیۆن و عەلی باپیرەكان و سەڵاحەدین بەهادینەكانیەوە خەمی بۆ دەخۆن، و دەڵێن كەتووەتە خەتەرەوە، ئەوە قەوارەیەكە، كە تەنها و تەنها بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسیەكانی ئەوان و ڕۆشنفكرانی ئەوانی پاراستووە و هیچ پەیوەندیەكی بەبەرژەوەندیی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستانەوە نەبووە، و هەمیشە ئەو قەوارەیە سی دانەساڵە نەك هار پارێزەری نەبووە، بەڵكو خەڵكی كوردستان و تەنانەت ئەو خاك و دڵ و قودسەش، كە ئەوان پیرۆزیان كردووە، برسی و گورگان خوراویان كردووە. بۆیە ئەو قەوارەیەی ئەوان پیرۆزیان كردووەو دەیانەوێ خەڵكی بۆ بكەن بەقوربانیی، ئێستا ئیتر بۆ كەمینەیەكی مفتەخۆر و قەڵەمبەدەستی خۆیان نەبێت، بۆ هیچ كەسێكیتر پیرۆزییەكی نەماوە، چونكە خەڵكی باش دەزانن، كە ئەوە خودی ئەو دەسەڵاتەی یەكێتی و پارتییە، كە هاوكات لەگەڵ میلیشیاكانی بەغدا پێكەوە مەترسین لەسەر ژیان وگوزەرانی كۆی خەڵكی نەداری عێراق.

Leave A Reply

Your email address will not be published.