شوان سدیق:  ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامگەراو و سەرمایەداری نزیک دەسەڵات، وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکیان پێ نادرێتەوە.. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ شوان سدیق ڕۆژنامەنووس و  خوێندکاری بەشی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە ئیتاڵیا… سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

0

شوان سدیق:  ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامگەراو و سەرمایەداری نزیک دەسەڵات، وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکیان پێ نادرێتەوە..

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ شوان سدیق ڕۆژنامەنووس و  خوێندکاری بەشی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە ئیتاڵیا… سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

بۆپێشەوە: گوشارەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراقی بۆسەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ڕۆژ بەڕۆژ زیاد دەبێ، هۆکاری سەرەکی زۆر بوونی ئەم هەڕەشانە بۆ سەر دەسەڵاتی هەرێم بۆچی دەگەڕێتەوە؟

شوان سدیق: گوشارەکانی دەسەڵاتی عێراقی پەیوەندی بەوەیە ئێستە ئەو وڵاتە بەرەو بەھێزبوون دەڕوات، عێراقی پێنج ساڵ پێش ئێستە نییە، ئەگەر پێشتر عێراق ھەنگاوی دژی ھەرێم نەناوە پەیوەندی بەوەیە ئەو وڵاتە زۆر لاوازبوو.

دیارە بەھێزبوونی عێراقیش لەسەر بنەمایەی بەھێزبوونێکی شیعەگەرایە، وڵاتەکە ئێستە بەتەواوی ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، ڕاستە سوونەو کوردیش بەشدارن، بەڵام بەشداری نوێنەرانی ئەم دوو نەتەوەیە، نوێنەرایەتیەکی کارتۆنین و ئامادەبوونیان لە دەسەڵاتی عێراقدا بۆ بڕێک پارەو دەستکەوتی شەخسی و حزبی چەند کەسێکە ئەگینا نەتەوەکانیشیان ھیچ سوودیان لەم نوێنەرایەتیانە وەرنەگرتووە.

بۆپێشەوە: هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی بەغدا بۆسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، هێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێم زیاتری کردووە، هەروەها ئێران ناوە ناوە لەڕێگای موشەک هاویشتنەوە بۆ هەولێر و دەوروبەری گوشارەکانی زۆرتر بووە، هۆکاری زیادبوون و فراوانبوونی گوشارەکانی تورکیاو ئێران بۆسەر هەرێم چییە؟

شوان سدیق: فشارەکان بەشێکی پەیوەندی بەناکۆکی ناوچەیەوە ھەیە ھەر وڵات و دەیەوێ شوێن پێی خۆی قایم بکات، ھەرێمی کوردستانیش لەو نێوەندەدا دابەشبووە بەسەر دوو ئاراستەو دوو زۆن زۆنی شیعی کەئێران ڕابەرایەتی دەکات و یەنک و ماڵی تالەبانی لەگەڵ ئەوانن، ھەروەھا زۆنی سوونە کە بریتیە لە تورکیاو چەند وڵاتێکی خەلیج ئەم زۆنە فراوانترە و ھاوپەیمانیان لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلیش ھەیە.

دیارە پدک و بنەماڵەی بارزانی ھاوپەیمانی بەرەی سوونەن و نزیکترن لە تورکیاو وڵاتانی شیعە. ھەربۆیە ناکۆکیەکانی ھیلالی شیعی و سوونی لە عێراق بەئاشکرا دیارە.

کورد لەم نێوەندەدا یاریکەرێکی زیرەک نییە نزیکایەتیشیان لەگەڵ ھەردوو بەرەی شیعی سوونی لەبەرژەوەندی دوو بنەماڵەیە ئەگینا دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە. ئەوەتا دەیبینین بەناوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و تورکی و نەیاری ھەردوولا ھەرێمی کوردستانیان کردۆتە گۆڕەپانی جەنگ.

بۆپێشەوە: زۆر بوونی مەترسیەکان بۆسەر هەرێم، رووی لە دەسەڵاتی حزبە بۆرژوازیەکانی کوردە، یان رووی لە خەڵکی کوردستانە؟

شوان سدیق: ھەرێمی کوردستان پاش سی ساڵ، یەک حکوومەتی نییە، ھێشتا زۆنی سەوز و زەرد ئامادەییان ھەیە ئەو حکوومەتەی ئێستە تەنیا بۆ دابەشکردنی سامانی گشتیە بەسەر خۆیانداو بۆ خۆڵ لەچاوکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

ھەر بۆخۆی دەسەڵاتی پدک و یەنکن مەترسین بۆسەر ژیان و پاراستنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ئەوان بوونە ھۆی لە دەستدانی دەرفەتە باشەکان، بێگومان مەترسی دەرەکیش بەپلەی یەکەم مەترسی دەبێ سەر خەڵکی، چونکە بەرپرسان و کاربەدەستانی پدک و یەنک بەئاسانی توانای ھەڵھاتنیان ھەیە.

ئێوە سەرنج بدەن ئەو حوکمە دیکتاتۆر و فاشیلانەی ڕووخاون، وەکو تونس، لیبیاو ھتد چونکە پێشتر ئیدارەیەکی عادیل نەبووە پاش ڕۆیشتنی دیکتاتۆرەکان ئاژاوەو نائارامیان لەپاش خۆیان جێھێشتووە بەئاسانی وڵاتەکان ئاسایی نابنەوە، کەوایە دیکتاتۆر و دەسەڵاتی فاشیل کۆمەڵگەکەیش لەگەڵ خۆی دەبات، ئەوەتا سەیری عێراقی ئێستە بکەن پاش ٢٠٠٣ ھێشتا بەکەڵکی ژیان نایەت وڵاتێکە وێرانە لە ئاستی سیاسی، پەروەردەو تەندروستی و ھتد..

بۆپێشەوە: لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تا دەگاتە لێدوانی بەرپرسانی هەرێم، هۆکاری هەڕەشەکان بۆ سەر هەرێم دەگێڕنەوە بۆ ناتەبایی نێوان پارتی و یەكێتی و حزبە کوردیەکان بەگشتی و دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگە….تاد، لەبارەیەوە دەڵێن چی؟

شوان سدیق: خۆیان و نەتەوەیەکگرتووەکان و ھاوپەیمانانیش دەزانن، کە شتێک نییە بەناوی یەک ئیدارەو یەک حکوومەت ئەوەی ھەیە لە ئەساسدا دوو زۆنی و دوو ناوچەییە.

ئەم بێ حکوومەتی و نەبوونی یەک ئیدارەییە قبووڵ دەکرێ تا ئەوکاتەی ھەلومەرجبکی نوێ ڕوو لە عبراق و ناوچەکەیش دەکات، بەدڵنیاییەوە ئەو بارودۆخە تاسەر ئەوھا نابێ.

سی ساڵ، بەبێ حکوومەت، بەبێ دەستوور و بەبێ ھێزی نیشتمانی و ئیدارەیەکی مەدەنی ئەمە لەچی ناوچەیەکدا ھەیەو ھەبووە، تەنانەت بۆ قۆتابخانە زانستە سیاسیەکانیش شتێکی نوێیە چارەکە سەدەیەک میلەتێک دەرفەتی زێڕینیان ھەبێ بۆ بنیاتنانەوەی وڵات و کۆمەڵگەیەکی باش کەچی دوو حزبی سیاسی فەشەل بێنن، وەک ئەوەی ئەمڕۆکە ھەیە. بەڵام پاشەکشەیشی لێ ناکەن بەردەوامن لە ھەڵەکانیان.

بۆپێشەوە: گوشارەکانی بەغدا لە ئێستادا بە لەدەستدەرهێنانی دۆسیەی نەوت و غاز لەدەست دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد چڕ بۆتەوە… ئەم گوشارانە سیاسین یان یاسایی و دەستوری؟

شوان سدیق: ھەموومان دەزانین لە عێراق شتێک نییە بەناوی گوشاری یاسایی و دەستووری.

ڕاستە دەستوور یاسا ھەیە، بەڵام کاری پێناکرێ ھەر لایەن و گروپێکی دەستڕۆیشتوو بۆی بچێتە سەر یاساکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەھێنن.

ئێستە دادگای فیدراڵی لە گۆڕێیە شیعە نەیارەکانی پدک وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە تێکدانی ماڵی شیعە لەلایەن پدکەوە دادگا دەجوڵێنن، ئەگەر دادگا ھەبوایە و بێلایەنی کاری بکردبایە بارودۆخ و گوزەرانی ھاوڵاتیانی عێراقی لەو ئاستە خراپەی ئێستەدا دەبوون.

ئەمە پرسیارێکی جدیە بێگومان دادگاکان بەکار دەھێنرێن لەلایەن گروپ و ڕەوتە دەست ڕۆیشتووەکانەوە، بەھەمان شێوەی ھەرێمی کوردستان، سەیری بارودۆخی یاساو دادگاکانی ھەرێم بکەن وێرانە بووە بەگاڵتەجار و دەستکەلای دوو حزب لە ھەولێر و سلێمانی..

بۆپێشەوە: ئایندەی سیاسی ئەم کێشمەکێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا چۆن دەبین و لێکەوتەکانی لەسەر خەڵکی کوردستان چییە؟

شوان سدیق: ئێستە لێکەوتەکانی دەرکەوتووە، عێراق فشار لە ھەرێم دەکات دەیەوێ بازاڕ و گەشەی ئابووری شکست پێ بھێنێ ئەمەیش وایکردوە، خەڵکی کوردستان باجی ململانێی دەسەڵاتدارانی ھەولێر و بەغدا بدەن. گرفتەکە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ھەرێم ئیدارەی ناوچەکەیان پێ ناکرێ و فەشەلیان ھێناوەو وازیش ناھێنن…ئەگەر ئەوان بیانتوانیبایە ئیدارەیەکی باشی ھەرێمە بدەن، بە داھاتی نەوت و ناوخۆ دەیانتوانی ژیانی خەڵکی باشتر بکەن، بەڵام ھەردوو حزب بەھۆی گەندەڵی و دزینی سامانی گشتی لە نێوان خۆیاندا خەڵکیان تووشی نەھامەتی و سەرگەردانی کردوە، ڕێژەی بێکاری و ھەڵوەشاندنەوەی خێزان و ھەڵھاتنی گەنجان لەوڵاتەکە زیادیکردوە.

بۆپێشەوە: لە ڕوانگەی ئێوەوە زامنی ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی کوردستان چییە و چۆن بەدی دێت؟

شوان سدیق: ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە خەڵک ھەست بە بەرپرسیاری بکات، ھەڵەکانیان دووبارە نەکەنەوە، خەڵک دەبێ یەکگرتووبن و بەرەیەکی ھاوبەش و بەجیاواز لەو بەرانەی ئێستەکە ھەیە پێکبھێنن.

چونکە لە کوردستان شتێک نیە بەناوی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئەوانەی ئێستە لە پەرلەمانن ئۆپۆزیسیۆن نین و تاقیکراونەتەوە ئەوان ھیچیان بەدیلی دەسەڵات نین،  دەسەڵات خۆی ھاوشێوەی ڕێکخراو و سەندیکاو مێدیا دێت، ئۆپۆزیسیۆنی سەرمایەداری دروست دەکات بەناوی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی.

بۆیە پێویستە خەڵک بەم ھەوڵانە ھەڵنەخەڵەتێن کەسانێک خۆیان تێوەگلاون لە بردنی پارەی خەڵکی و قەرزاری خەڵکن، کەچی خۆیان بەئۆپۆزیسیۆن دەبینن بەڕاستی ئەمە ئەوپەڕی فەشەلی کۆمەڵگەیە کەسانێک بەدوای ئەمانە دەکەون.

ئێمە پێویستمان بەئۆپۆزیسیۆنی حەقیقی ھەیە ئۆپۆزیسیۆنێکمان دەوێ پرۆژەی بۆ کۆمەڵگەو ڕێبەرایەتی پێ بێت، ئۆپۆزیسیۆنی کارتۆنی و پیاوی دەسەڵات، یان ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامگەرا وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانیان پێ نادرێتەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.