لە بەسرە خۆپیشاندان بۆ دامەزراندن دەستی پێکردوە!

0

لە بەسرە خۆپیشاندان بۆ دامەزراندن دەستی پێکردوە!

لە درێژەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە عێراقدا، بەرواری ١٢ی ئەم مانگە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری بەسرە بەتایبەتیش کریکاران و فەرمانبەرانی گرێبەست بەمەبەستی دەستکەوتنی کار و دامەزراندنیان و کردنی کارەکانیان بە دائیمی لە کێڵگەو دامەزراوە نەوتیەکان دەستیان دایە خۆپیشاندان و هەموو ئەو رێگەیانەیان داخست کە بۆ کێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەکان و کۆمپانیای نەوتی دەڕۆن…

خۆپیشاندەران داوایان کرد کە هەموو ئەوانەی ئامادەی کارکردن و گرێبەستی کاتیان هەیە دابمەزرێن و گربەستەکانیان بۆ بکەن بە گرێبەستی هەمیشەیی… دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە ئەو کرێکار و کارمەندانە دەرژێنە سەر شەقامەکان و داوا دەکەن بە یەکجاری دابمەزرێن، کەچی وەڵامیان پێ نادرێتەوە و خاوەکار و کۆمپانیاکان، ساڵانە تەنها هەزار کەس دادەمەزرێنن و زوبەشیان بە شێوەی گرێبەستی کاتی… لەکاتێکدا خوازیارانی کار بەسەدان هەزار کەسن.

شاری بەسرە کە خۆی سەرچاوەی سەدا هەشتای داهاتی هەموو عێراقە، کەچی دانیشتوانی ئەو شارە وەکو سەرجەم شارەکانی تری عێراق، لە هەلومەرجێکی سەخت و نەبوونیدا ژیان و دەکەن و لە کەمترین خزمەتگوزاریەکان بەهرەمەندن…

بەپێی دوا بریاری حکومەتی عێراق و یاسای ئاسایشی خۆراک کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا… هەر شارێک ساڵانە دەتوانێت ١٥ هەزار کەس دابمەزرێنێت، ئەوەش نەک وەڵامدەرەوەی لەشکری بێکاران و خوازیاری کار نییە، بەڵکو بەدەیان هەزار ئینسانی ئامادەبەکار بە بێکاری دەهێڵتەوە بێ ئەوەی بیمەی بیکاریان پێ بدرێت و ژیان و گوزەرانیان زامن بکرێت.

کرێکاران و کارمەندانی خۆپیشاندەر بەجیا لەوەی سورن لە داخوازییەکانیان هاوکات رایان گەیاندووە کە ئەگەر وەڵام بەداخوازییەکانیان نەدەنەوە، ئەوا درێژە بە خۆپیشاندەکانیان دەدەن و هەموو ئەو رێگا و دەروازانەش کە بەرەوە کێڵگە نەوتیەکان و کۆمپانیاکان دەچن بە تەواوی دابخەن…

Leave A Reply

Your email address will not be published.