سەرگوڵ ئەحمەد: هەم مناڵان و هەم بەشێک لە گەورەکانیش بێ ئاگان لەم رۆژی جیهانی مناڵان، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە لە کۆمەڵگەی باوك سالاری ئەوەی حسابی بۆ ناکرێت مناڵانن… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ سەرگوڵ ئەحمەد هەڵسوڕاوی بەرگری لەمافەکانی منداڵان و ژنان ، سەبارەت بە رۆژی جیهانی مناڵان و دۆخی مناڵانی کوردستان…

0

سەرگوڵ ئەحمەد: هەم مناڵان و هەم بەشێک لە گەورەکانیش بێ ئاگان لەم رۆژی جیهانی مناڵان، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە لە کۆمەڵگەی باوك سالاری ئەوەی حسابی بۆ ناکرێت مناڵانن…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ سەرگوڵ ئەحمەد هەڵسوڕاوی بەرگری لەمافەکانی منداڵان و ژنان ، سەبارەت بە رۆژی جیهانی مناڵان و دۆخی مناڵانی کوردستان…

بۆپێشەوە: ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی مناڵانە کەچی بەشی هەرەزۆری مناڵان و تەنانەت گەورەکانیش، ئاشنا بەو رۆژەو بەو جەژنە نین، هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سەرگوڵ ئەحمەد: سەرەتا زۆر سوپاستان دەکەم بۆ بەسەرکردنەوەم، وە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە ڕۆژی جیهانی مناڵان لە گشت مناڵانی کوردستان و جیهان دەکەم. سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی مناڵان و بەشێك لە گەورەکان ئاشنا نین بەم ڕۆژە زۆر هۆکار هەیە، کە هەم مناڵان و هەم بەشێک لە گەورەکانیش بێ ئاگان لەم رۆژە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی باوك سالاری ئەوەی حسابی بۆ ناکرێت مناڵانن، وە لەو کۆمەڵگەیەدا کەدەسەڵاتی خێڵەکی باڵادەستەو حوکم دەکات نایانەوێت خەڵک ئاشنا بێت بەو ڕۆژە کە ڕۆژی مناڵانە. لە پاڵ خراپی وەزع و گوزەرانی خەڵکدا و تێکدانی ژیانی گەورەکان (دایکان و باوکان و مامۆستایان) کە بە شێکی زۆری کۆمەڵگە پێک دەهێنن. وە کاتێ سەرقاڵی کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەن، کاتی لە ماڵەوە کێشەی بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێمووچەیی و کرێ خانوویان هەیە نایان پەرژێتە سەر مافەکانی مناڵان و ئە م ڕۆژە.  وە ئەمە هۆکارێکە کە بەخێوکەران ناچار دەکەن کە مناڵەکانیان نەک هەر مافەکانیان بۆ دەستەبەر نەکەن، بەڵکو ژیانی مناڵیان لێ زەوت بکەن و رەوانەی بازاری بێرەحمی کارکردنیان بکەن، ئەمە لە لایەکەوە. لە لایەکی ترەوە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دوو هێزی دواکەوتوو دژی مافەکانی مناڵان باڵادەستن و هێزو ئیمکانیەت لەبەردەست ئەواندایە کە ئەوانیش بزووتنەوەی کوردایەتی و ڕەوت و بزووتنەوەی  ئیسلامییەکانن، کە هەردووکیان هۆکاری سەرەکین لە بێمافیکردنی مناڵان لە هەموو بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. بە کورتییەکەی   ئەوەی ئاوڕی لێنادرێتەوە مناڵانن. بەداخەوە ڕۆژانە گوێبیستی هەواڵی جەرگبری مناڵانین کە لەلایەن کەسانی نەفس نزم بەکاردەهێنرێن بۆ کاری نەشیاوو نائینسانی و دواتریش دەبنە قوربانی. ئێمە دەکرێ بڵێن باسی کۆمەڵگەیەک دەکەین کە تەوای چین و توێژەکانی نوقمی بێمافین، خراپی وەزعی ژنان و بێمافییەکانیان هۆکارێکی ترە کە بەشێکی زۆر لە گەورەکان ئاشنا نەبن بەو ڕۆژە. هەندێجار مناڵان لەبەرئەوەی دایکیان لە هەلومەرجێکی زۆر خراپ ژیان دەگوزەرێنن و دووچاری لێدان و زوڵم و زۆر دەبنەوە هەر لە سکی دایکییەوە ڕووبەروی توندوتیژی دەبێتەوە تا لە دایك دەبێت و وە بە قۆناغەکانی گەشەی جەستەیی و عەقلیدا تێدەپەرێت بەردەوام زوڵم و تاوانی بەرامبەر دەکرێت، تەنها لەبەرئەوەی منداڵەو توانای نییە دەبێت گوێڕایەڵی باشی گەورەکان بێت. وە ئەگەر نا ئەوە بە قسەی سوك و لێدان و شکاندنی کەسایەتیان لەبەردەم هاوڕێکانی یان خوشک و براکانی تری دا. وە بەردەوام توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت جا جەستەیی بێت یان دەرونی لە لایەن گەورەکانەوە ئەمە لەلایەکەوە، لە لایەکی ترەوە ئەگەر هەر مافێکی مناڵان  بەرەسمی ناسراو بێت، بەڵام لە پراکتیکدا کاری پێناکرێت. بزووتنەوەی  مناڵان لە کۆردستان و عێراق بزوتنەوەیەکی زۆر لاوازە. ئەگەر ئێمە تەماشا بکەین چەندین سەنتەرو ڕێکخراو هەیە کە کار دەکەن بۆ دیفاع لە مافەکانی مناڵان، بەڵام لەبەرئەوەی ئەجندای حیزبەکانیان پەیرەو دەکەن ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر دەورو نەخشیان هەبێت لە ڕووبەروبوونەوەو وەستانەوە لە دژی ئەو هەموو بێمافییانەی بەرامبەر مناڵان دەکرێت و کێشەکانی مناڵان رۆژ بەڕۆژ دەبینرێت و دەبیسرێت.

بۆپێشەوە: هێشتا لە کۆمەڵگە نەریتییەکان و ئەودەوڵەتانەی کە سایەی دین و ناسیونالیزم زاڵە، زوڵم و بێمافی مناڵان زۆر بێ پەردەیە، لێدان، ترساندن، توندوتیژی، کارکردن… واقعیەتێکی تاڵی ئەو کۆمەڵگەیانەیە، چۆن دەکرێت ئەو بێمافیانە وەلابنرێن؟

سەرگوڵ ئەحمەد: ئێمە دەزانین کە کاتێک منداڵان تووشی توندوتیژی دەبن، جا ئەو توندوتیژییە  جەستەیی بێت،دەروونی یان  دەستدرێژی سێکسی بێت. بە پێی لێکۆڵینەوەکان و زانستەکان دەریانخستووە کە ئەو مناڵانەی لە ژینگەیەکی ناتەندروست و نائارام گەورە دەبن کە پریەتی لە توندوتیژی و زوڵم و زۆرو چەوسانەوە، لە چەشنی لێدان ترس و کار پێکردنیان..هتد. وە پەیرەوکردنی عەقڵیەتی باوكسالاری وپیاوسالاری کە دین و ناسیۆنالیزم پشتیوانی لێدەکەن و برەوی پێ دەدەن، وە بەکەم سەیرکردنی مناڵان و حیساب نەکردن بۆیان وەک ئینسانێکی تەواو لە ماڵ و خوێندگەو کۆمەڵگەدا. ئیتر ئەوە نەزانین و کەم هۆشیاری کۆمەڵگەیە بە مافەکانی مناڵان. زۆر بە ئاسانی دەتوانیت ئەو کاریگەرە خراپ و کارەساتبارانە لەسەر هەست ونەست و بە بەهای خودی مناڵەکان و گەشەکردنی تیگەیشتنیان و توانای گەیشتنیان بە تەواوی تواناکانیان ببینیت و هەستی پێ بکەیت. هەمیشە مناڵێکی شەرمن و گۆشەگیرو ترساو دەبینرێت، کە ئەم حاڵەتە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا گەشەدەکات، ئەگەر یارمەتی نەدرێن و چارەسەر نەکرێن، کاتی گەورەش دەبێت کەسایەتیەکی روخاوو گۆشەگیر تەنانەت زۆرجار ئەو مناڵانە کە دەگەنە تەمەنی هەرزەکاری و بەرەو ژوور تووشی نەخۆشی خەمۆکی دەبن کە بەداخەوە کارەساتی زۆر دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە کە پانە بۆ خۆکوژی دەبەن. بەداخەوە لە هەندێ کلتووردا ئەوەی حیسابی بۆ ناکرێت مناڵان و باری دەرونیانە. لە کوردستان و عێراق حیزبە ناسیۆنالیستەکان و بزووتنەوەی ئیسلامی هۆکاری سەرەکین لە بێمافییەکانی مناڵان و چەوساندنەوەی مناڵان، جێگەی بیرهێنانەوەیە ئەم هێزو حیزبانەی دەسەڵات نەك هەر شتێکیان بۆ مناڵان نەکردووە، بەڵکو هەر حیزب و ڕێکخراوێک کە بۆنی لە بەرگریکردن لە مافەکانی مناڵان و ژنان و خەڵکی کوردستانی لێبێت، ئەوان لە دژی وەستاونەتەوە بە دروستکردنی ڕێگری یاسای و قانوونی تا هێرشکردنە سەریان و داخستنی سەنتەرەکە و فڕێدانی مناڵەکان بۆ سەر جادەو شەقامەکان کە لەو سەنتەرەدا داڵدە درابوون. نموونەش بۆ ئەمە (سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵانی کوردستان) بوو لە  ڕێکەوتی ٢٠٠٠/٧/١٤.

بۆ کەم کردنەوەی ئەم دیاردانە کۆمەڵگە پێویستی بەوە هەیە کە مافەکانی مناڵان بەڕەسمی بناسرێت، نەک تەنها بە نووسراوێکی سەر کاغەز، بەڵکو بە کردار دەبێت سەرەتا دەستی دین و سیاسەت لە پەروەردەو خوێندن دەربهێنرێت، لێگەرێن مناڵان ژیانێکی مناڵانەی بێ گەردی خۆیان نمایش کەن کە پربێت لە خۆشی وشادی و یاری و چالاکی و زانست و زانیاری. وە لە ڕێگەی پەروەردەو خوێندنەوە مناڵان و کۆمەڵگە هوشیار بکرێنەوە بە مافەکانی مناڵان و لە ڕێگەی سیمینارات و کۆرۆ کۆبوونەوەو بەرنامەی پەروەردەیی بۆ دایکان و باوکان و گەورەکان لەڕێگەی کەناڵەکانەوە.  لەو ڕۆژەدا ڕۆژی ٦/١  هاتنە مەیدانی  ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافەکانی مناڵان، خەڵکانی ئازادیخوازو دیفاع کەر لە مافەکانی مناڵان، مامۆستایان لایحەی خۆیان بەرزدەکەنەوە لەسەر وەزعی خراپی مناڵان و پێداویستییەکانیان وەك تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە، پێویستە ئاوڕیان لێبدرێتەوە. کە هەر ئێستا لەکاتێکدا زۆرێک لە مافەکانی مناڵان بەدیهاتووە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ژێر فشاری بزووتنەوەی بەرگری لە مافی مناڵان وە کاریگەری بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیست و ئینسان دۆستەکان لە هەموو جیهاندا، بەڵام  بەهۆی پێشکەوتنی سیستەمی سەرمایەدارییەوە و بەشداری ژمارەیەکی زۆری ژنان لە کاری دەرەوە بۆ باشکردنی ژیانی خۆیان و مناڵەکانیان لە مەیدانە جیاجیاکاندا بەردەوام لە ڕێگەی سەندیکا کرێکارییەکان و نەقابەو ڕێکخراوەکانی پەروەردەو فێرکردن لە هەوڵی ئەوەدان کە ژیانی مناڵان و خوێندنگاکان بەرەو باشتر بکەن.     .

بۆپێشەوە: هێشتا بەشێک لە مناڵان لە کوردستاندا، خەریکی کارکردنن یان ئەرکی بەڕێوەبردنی خێزانیان لەسەر شانە، چۆن دەکرێت ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکرێت؟

سەرگوڵ ئەحمەد: بەڵێ هەروەکو لە سەرەوەش ئیشارەتم پێکرد، هێشتا بەشێك لە مناڵان لەناو بازارەکانی کارکردندان و ئێسك و پروسکی ناسکیان دەهاڕن، بە سەرمای زستان و گەرمای هاوین، لەسەر جادەو شوێنە گشتییەکاندا و لەکاتە درەنگەکانی شەودا کە لە هەمان کاتدا و بەرووی لێدان و ئیهانەو سوکایەتی دەبنەوە تا دەگاتە دەستدرێژی کردنە سەریان و دەبنە قوربانی… کە ژمارەی ئەو مناڵانە کەم نین کە تەرمەکانیان بەداخەوە لە پاش چەند ڕۆژێک دەدۆزرێننەوە. کارپێکردنی مناڵان یەکێکە لەدیاردە بەرچاوەکانە لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی و لە عێراق بە گشتی کە بەشێکی زۆری ژیانی بەشێک لە مناڵانی داگیرکردووە، وەک یەکێک لە بێمافییەکانی مناڵان هەژمار دەکرێت.

 وە بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە (کارپێکردنی مناڵان) ئەرکی ئێمەی گەورەکانە ئەرکی ئینساندۆستەکان و بەرگریکاران لە مافەکانی مناڵان کە فشار بێنن بۆ دەسەڵاتداران کە خۆیان بە بەرپرس بزانن لە بەرامبەر باشکردنی ژیانی مناڵان و دابینکردنی پێداوستییەکانیان. بۆ نموونە کە بۆ هەر مناڵێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوجەیەکیان بۆ ببڕێتەوە لە ژێر ناوی (یارمەتی مناڵان) کە خێزانەکان ناچار نەبن مناڵاکانیان بنێرنە بەر کار هەر لە تەمەنی پێنج ساڵی و شەش ساڵی و دەست فرۆشیان پێ بکەن، کە زۆرێك لەو مناڵانە واز لە خوێندن دێنن و ئەو مافەشیان لێ دەسنرێتەوە کە مافی خۆێندنە. هەر بۆیە ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ بۆ باشکردنی ژیانی مناڵان. مناڵان کاتی لە ژینگەیەکدا چاو بە دنیا هەڵدێنێت پێویستیان بەوە هەیە کە لەلایەن گەورەکانەوە ژیانیکی ئارام و  ئاسودەو تەندروستیان بۆ فەراهەم بکرێت. یارمەتیان بدرێت و پشتگیریان بکرێت لە لایەن گەورەکان بۆ ئەو پەروەردە و ڕێنماییەی کە پێویستیانە بۆ گەشەکردن بەرەو سەربەخۆیی و بڕوابەخۆبوون. ئەم جۆرە پەروەردەکردنە بە شێوەیەکی ئایدیاڵ لە گەورەکانەوە لە خێزانەکانی منداڵەکاندا بە هەمان شێوە لە خوێندنگاکاندا دەدۆزرێتەوە، کاتی گەورەکان ناتوانن پێداویستییەکانی منداڵان دابین بکەن، ناچاریان دەکەن بە کارکردن لە کاتێکدا ئەوە کاری دەوڵەت و حکومەتە وەک هەڵگری ئەرکی سەرەکی کە بەدیلێک لە بەرژەوەندی منداڵاندا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو حکومەتە وجودی هەبێت.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە راکیشانی مناڵان بۆ ناو دنیای سیاسەت، یان حجاب کردنیان و خستنیان بەر نوێژ و رۆژ و نەریتە دینیەکان؟

سەرگوڵ ئەحمەد: بە بروای من پەلکێشکردن و ڕاکێشانی مناڵان بۆ ناو سیاسەت و نەریتە دینییەکان تاوانێکی گەورەیە کە بەرامبەر بە مناڵان دەکرێت و دنیای مناڵیان دەشێوێنن. مناڵان تا گەورە دەبن بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەرن، وەکو قۆناغی کۆرپەیی، منداڵی ساوا، قۆناغی پێش قوتابخانە و تەمەنی خوێندن کە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندی و پەیمانگاو کۆلیج… هتد. هەربۆیە  ئینسانەکان قۆناغێکیان هەیە  لە ژیاندا کە پێی دەڵێن قۆناغی مناڵی کە لەم قۆناغەدا مناڵ تەنهاو تەنها مناڵەو دەبێت مومارەسە ژیانی مناڵی خۆی بکات بە هاوکاری و پشتیوانی گەورەکان. ئەوە ئەرکی سەرشانی گەورەکانە لە دایك و باوك، بەخێوکەران مامۆستاو دادەکانە کە بتوانن پەیوەندییەکی ئەرینیانە لەگەڵ مناڵەکان دروست بکەن. لەڕێگەی کات بەسەربردن و تێکڵاوبوون لە گەڵیاندا. نزیکایەتی و تێکەڵ بوون لەگەڵ مناڵەکان خاڵێکی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی وەڵامدەرەوە لەگەڵ منداڵاندا بۆئەوەی بەدرێژایی ڕۆژ پێشوازییان لێ بکرێت. وە هاندانی تواناکانیان بدرێت. ئەویش بە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان کە منداڵان لە کاتی چالاکییەکاندا بەکاری دەهێنن.  منداڵەکان دەبێت یارمەتی بدرێن بۆ قسەکردن و وروژاندنی پرسیارەکانیان، بۆ زانین و درێژکردنەوەی فێربوونیان. کە لەم ڕێگەوە پەیوەندییەکی متمانەپێکراو دروست دەکرێت لەگەڵ مناڵەکان وە مناڵاکان هەست بە  ئاسوودەیی دەکەن و تامەزرۆی ژیان دەکەن کاتی کە دەبینێت گرنگیان پێ دەدرێت و پێداویستییەکانی بۆ دابین کراوە چ لە ماڵ چ لە قوتابخانە. بۆ نموونە مناڵان  پەلکێشی ناو سیاسەت بکرێت و ڕاپێچی مزگەوت و شوێنە دینییەکان بکرێت مێشکیان  تێک بدرێت بە بابەتێک کە هیچی لێ حاڵی نابێت و توانای هەڵگرتنی ئەو بابەتەی نییە، نە جەسەدی و نە عەقڵی بۆیە تاوانە و دەبێت دوربخرێتەوە لە و شوێنانە. مناڵان دەبێت ژیانێکی ئارام و ئاسوودەو تەندروستیان هەبێت وە ژینگەیەکی پارێزراویان بۆ دابین بکرێت. کە ئەویش ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتدارانە. بۆیە زۆر گرنگە لەگەڵ منداڵەکان  هاوکار بین، و ژینگەیەکی گەرم و تەندروستیان بۆ دروست بکرێت کە پر بێت لەیاری و داهێنان و بیرکردنەوەو پیشاندانی تواناکانیان، نەك سیاسەت و دین.  بەپێی بنەما ئینسانییەکانی ئەم سەردەمە دەبێت ئاین و هەموو ئەو ئایدۆلۆژیە سیاسیانەی کە پەیوەندیان بە ژیانی مناڵانەوە نییە دووربخرێنەوە لە ژیانی مناڵان، لەبەرئەوە بەپێی توێژەرەوە کۆمەڵاتییەکان و زانستییە دەرونییەکان دەریخستوە کە  مناڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ توانای بریاردانی هیچ شتێکی نی یە بە شێوەیەکی دروست و لە رووی عەقڵییەوە هێشتا کامڵ نی یە. بۆیە پێویستە فشار بۆ منالان نەهێنرێت بۆ تێکەڵ بوون لە سیاسەت و دینەکان و تاوەکو کامڵ دەبێت، ئەوکاتە خۆیان دەگەرێن بەدوای زانیاریەکان و تێ دەگەن چیان پێ باش بوو ئەوە هەڵدەبژێرن بە دڵی خۆیان. لەبەر ئەوە فشارو بەزۆر پۆشینی حیجاب کە پۆشاکێکی ئاسایی نی یە و ڕەمزی ئیسلامی سیاسی یە بتانەوێت و نەتانەوێت ئەگەر تۆ سەر بە لایەنێکی ئیسلامیش نەبیت، بەڵام پۆشاکەکەت کە خزمەت ئەودایە. هەر بۆیە هەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادو یەکسان و تەندروست پێویستە لە سەرەتا لە مناڵانەوە دەست پێ بکەین، لە باشکردنی ژیانی مناڵانەوە دەست پێ بکەین. ژیانی ئیستای مناڵان باش بکرێت بۆ داهاتوی کۆمەڵگەیەکی باش.

بۆپێشەوە: هەلومەرجی نەخوازراوی ئابوری چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان هەیە؟

سەرگوڵ ئەحمەد: زۆرێک لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە کاریگەرییەکی ناڕێژەیی و زۆرجاریش نەرێنی لەسەر منداڵان دروست دەکەن.

گۆڕینی پێکهاتەی خێزان، جیهانگیری، گۆڕانی کەشوهەوا، دیجیتاڵبوون، کۆچی بەکۆمەڵ، گۆڕانی شێوازی دامەزراندن و بچووکبوونەوەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لەزۆرێک لە وڵاتان، هەموویان کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر منداڵان هەیە. کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانێت بە تایبەتی لەدۆخی شەڕی چەکداری و حاڵەتە لەناکاوەکانی تردا وەك هەلومەرجی نەخوازروای ئابوری کاریگەریەکی وێرانکەر بێت لەسەر ژیانی مناڵان کە هەر وەکو لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە، هەمیشە مناڵان لە بەردەم هەرەشەی کارکردندان کە بەشێکیان بێبەش دەبن لە مافی خوێندن. هەر بۆیە مناڵان هەر لە کۆرپەیی یەوە/ مناڵی ساوا تا تەمەنی ١٨ ساڵ پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانی گەورەکان هەیە بۆ نموونە چۆن یارمەتی  مناڵەکەت دەدەیت بۆ یەکەم جار کە کاتی لە کاتی ژەمەکانی نان خواردن، لە تەنیشتیان دانیشیت لە ئاستی مناڵەکە و هەر لەگرتنی کەوچکەکە تا دەگاتە قۆناغی خوێندن، چونکە منداڵانی ساوا/کۆرپە هیچ بیرۆکەیەکیان نی یە کەچی دەکەن، پێوستە گەورەکان دەستی هاوکاری و یارمەتیان بۆ درێژ بکەن.

بۆپێشەوە: سیستەمی پەروەردە چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان هەیە؟

 سەرگوڵ ئەحمەد: ئێمە کاتی باس لە کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئازادو یەکسان دەکەین دەبێت بزانین تا چ ڕادەیەک گرنگی دەدرێت بە سیستەمی پەروەردەو خوێندن هەر لە بەکارهێنانی ئەو پێداویستی و مەتریاڵانەی کە مامۆستایان بەکاری دەهێنن، شێوازی بینای خوێندنگاکان تا دەگاتە ئەوەی  چ مەنهەجێک  ئامادەیە بۆ مناڵان، لەبەرئەوەی سیستەمی پەروەردەو خوێندن سەکتەرێکی گرنگە بۆ بنیاتنان و گەشەی  کۆمەڵگەیەکی ئارام و تەندروست کە ئەویش لە مناڵانەوە دەست پێدەکات. لە هەمانکاتدا ئەگەر سەرنج بخەمە سەر فێربوونی منداڵەکە و پێویستیان بە وەڵامدانەوەی خێرا کە لە ڕووی گەشەکردنەوە گونجاو بێت بە دابینکردنی هەڵبژاردنی کەرەستە و چالاکییەکان بۆ هاندانی بەبێ ناچارکردن. شێوازی ئەداو لیاقەو تاقەت و حەوسەڵەی مامۆستایان. تا چەندێ گرنگی دەدرێت بە مامۆستایان کە بتوانێت وزەو توانای خۆی سەرف بکات بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیکردن لە تواناکانی مناڵان. بەداخەوە کاتی مامۆستایان بەردەوام کێشەی دواکەوتنی مووچەیان هەیە، مووچەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و لە لایەن دەسەڵاتەوە پاشەکەوتیان بۆ دەکرێت، مامۆستایان ناچار بە کارێکی تر دەکرێت کە لەگەڵ خواست و ئارەزووی خۆیدا نی یە، لە کاتێکدا نارەزایەتی دەردەبڕن ئیهانەو سوکایەتیان پێدەکرێت لە بەرچاوی دنیا کەسایەتیان دەروخێنرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە. ئەبێ مامۆستایان چ تاقەت و حەوسەڵەیەکیان هەبێت کە وانە بڵێنەوە، کتێب بخوێننەوە و کەشو هەوایەکی تەندروست و ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو دروست بکات بۆ مناڵەکان، مامۆستایان خۆیان گیرۆدەی هەزار کێشەن چۆن دەتوانن ستراتیجێک بەکاربهێنن کە یارمەتی مناڵان بدەن کە  سەما بکەن بۆ هاندانی جوڵەی جەستە و زمان و گەشەی مێشک و هزریان. ئەگەر وەزعی مامۆستایان و دایکان و باوکانی مناڵان باشبکرێت بە دڵنیایی ئەم ستراتیژیانە یارمەتی دەدات کە پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ منداڵان دروست بکەن، چونکە بەو شێوەیە گەورەکان هەمیشە ئامادە دەبن بۆ یارمەتیدانی فێربوونیان بۆ پەیوەندیکردن بۆ ئەوەی هەست بە گشتگیربوون و ئاسوودەیی بکەن. هەروەکو  جین کلینتۆن، “منداڵانی بچووک جیهانەکەیان وەک ژینگەیەکی پەیوەندییەکان ئەزموون دەکەن و ئەم پەیوەندییانە کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنەکانی گەشەکردنیان هەیە” (کلینتۆن، بیربکەرەوە، هەست، لاپەرەی ل1). پەیوەندی دروستکردن پێکهاتەیەکی چالاکە لە گەشەکردنی مناڵێکی  تەندروستدا، بە تایبەت بۆ گەشەکردنی مێشک. لەبەرئەوە سستەمێکی پەروەردەی ئینسانی کاریگەرێکی ئەرینی باشی دەبێت لەسەر بنیاتنانی نەوەی دواڕۆژ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.