لەپێشوازی یەکی ئایاردا …. نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

لەپێشوازی یەکی ئایاردا

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کرێکار بەڕێوەیە. ڕابەران و هەڵسوراوان و رێکخراو و یەکێتییە کرێکارییەکان، حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە تەواوی دنیادا ئەمساڵیش وەکو ساڵانی پێشوو خۆیان بۆ رێزگرتن لە یەکی ئایار ئامادە دەکەن.

یەکی ئایاری ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی زۆر تایبەتدا بەڕێوەدەچێت… لە هەلومەرجێکدا، کە سەرمایەداری نەک تەنها لەرێگای بەتاڵانبرنی هێزی کاری چینی کریکارەوە لە شوێنی کاردا، نەک تەنها لە رێگای مژینی هێزو توانای ملیاردەها ئینسانەوە، بەڵکو هاوکات لە رێگای جەنگی راستەوخۆی و ناڕاستەوخۆ، لەرێگای دیموکراسی و دیکتاتۆرییەوە، بێ شەرمانە گۆی زەوی کردۆتە پارچەیەک لە جەنگ و نائارامی. کردویەتی بە هەسارەیەکی ئاوس لە ململانێی نیوان قوتب و بلۆکەکان و دەوڵەتەکان. جەنگی نێوان ڕوسیاو چین و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئەمریکاو ناتۆ و هاوپەیمانە ئەوروپیەکانیان، لە ئۆکرانیا، کورەیەکی لە ئینسان کوژی وەڕێخستووە، لە جەنگدا کلورکلور ئینسان دەکوژرێن، ژێرخانی ئابوری خاپور دەکرێت، ئینسان دەکرێتە گۆشتی دەمی چەکە وێرانەکەرەکان و لەشکریک لە خەڵكی سفیل و بێتاوان دەکرێنە نیشانەی چەکە گیان کیشەکان. بە ملیۆنان کەس ناچار بە جێهیشتنی شوێنی ژیانیان دەکرێن و ئاوارە دەبن… ئابلۆقەی ئابوری پشتی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی شکاندووە و گرانی و هەژاری و نەبوونی بەدەستی ئەنقەست بۆتە بەشی چینی کریکار و جەماوەری نەدار، لەسەراسەری دنیادا.

بۆرژوازی جارێک بەدەستەوەستانی لەبەرامبەر پەتای کۆرۆنا و بێدەربەستی نواندن بەرامبەر بە ژیانی ئینسان و جارێکیش بەوەرێخستنی جەنگی هەژمونگەرایی، نەک تەنها خولیاو خەون و ئارەزووەکانی ئینسان، بەڵکو خودی ئینسانەکانەکانیش لە کورەیەکی گەرمی چاوچنۆکیدا دەکاتە قەرەبروت. ئەگەر چەند دەهەیە، رۆژهەلاتی ناوەراست لەلایەن نیزامی سەرمایەدراییەوە بۆتە مەیدانی داگیرکاری و میلتاریزم و جەنگی گەرم و جەنگی ئابوری لەرێگای داسەپاندنی ئابڵۆقەی ئابورییەوە، ئەوا ئێستا جەنگ و میلتاریزم و ئابلۆقەی ئابوری، بۆتە مۆتەکەی سەر دنیا و بەتایبەتیش هەموو ئەوروپای ڕاپێچی هەلومەرجی جەنگ و زاڵکردنی کەشی ملیتاریزم کردووە.

بەجیا لە جەنگی گەرم و چەوری سەرمایەداری کە لە ئۆکرانیا، چەخماغە دەدات و پەیام و لێکەوت و ئامانجەکانی جیهانییە، وە کاریگەرییەکانی بۆسەر چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەتە. ئەوا هاوکات جەنگی نیوان بۆرژوازی و چینی کریکار بۆ ساتێک هەدا نادات. ئەمڕۆ ئاماری قوربانیانی نائەمنی شوێنی کار، ئاماری برسییەکان، ئاماری ئۆردوی بێکاران و بێسەر پەنایانی کرێکار، ئامارێکی ترسناکی بێوێنەن لە مێژووی تائێستای بەشەریدا… دنیا نوقمی سامانە، و ئۆردی بێ داهات و سامانیش دنیای نوقمی خۆی کردووە. توانایی و داهێنانی ئینسان، بە تیژڕەویەکی سەرسورهێنەرەوە پێشرەوی دەکات، کەچی بە هەمان تیژرەوی و خێرایەوە، بێکاری و گرانی و نابەرابەری، هەڵدەکشێت. لە کاتێکدا داهات و سامان هێندە زۆرە کە دەتوانێت خزمەتگوزاریی هەمەلایەنەی تەندروستی و تەرفیهی و پەروەردەیی بۆ هەموو ئینسانەکانی سەر گۆی زەوی زامن بکات، کەچی نەک بەملیۆنان ئینسان ویڵی ئەو خزمەتگوازیانەن، بەڵکو بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییەکانی رابردووش، کەمتر دەکرێنەوەو دەبنە قوربانی قازانج پەرستی و کەڵەکەی سەرمایە و دەکرێن بە گەروی جەنگی سەرمایەدارییدا.. ژمارەی سەرمایەدارەکان و مۆلتی ملیاردێرەکان هەڵدەکشێت، و لە بەرامبەردا ئۆردوی نەداران و بێبەشان و هەژاران… نەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و دواکەوتوو، بەڵکو لەناوجەرگەی ئەمریکاو ئەوروپادا، بە وێنەی کۆشک و باڵەخانە هەور بڕەکان، هەڵدەکشێن. توانای بیناسازی و فێرکردن و پزیشکی… سەرسام ئاوارە، کەچی بێخانەو لانەیی و ئۆردی بێ سەرپەناکان و ژیان لەسەر شەقام و ناو میترۆ و ژێر پرد و سێبەری باڵەخانەکان و کەلاوەکان و ناو کارتۆن و  خەوی سەفەری… فراوانترو فراوانتر دەبێت… ئاماری هەڵاتوان و ئاوارەکانی دەستی جەنگ، بەدەیان ملیۆن ئینسانە. ژمارەی ئەوانەی توانای فێربوونیان لێدەسەندرێتەوە، بەرینتر دەبێتەوە، نەخۆشییەکان و پەرینەوەو تەنینەوەیان… جەستەی ملیۆنەها ئینسانی هەڵتەکاندوە. بانگەشەی دیموکراسی هەدا نادات و قوبانیانی دەستی دیموکراسی بۆرژوازی چەند بەرابەری قوربانیانی دەستی دیکتاتۆریەت و رژیمە سەرکوتگەرەکانن. دیموکراسی بۆرژوازی و سیستەمەکەی لەم سەردەمەدا بە ملیۆنەهاکەس دەکاتە خۆراکی قازانج پەرستی سەرمایە. تەماشاکەن… جەنگی بلۆکە ئیمپریالیەکان، جەنگی قوتبە ناوچەییەکان، جەنگی ناوخۆیی ولاتەکان، جەنگی راستەوخۆ و نیابەتی تادەگایە جەنگی ئابوری و داسەپاندنی ئابلۆقەی ئابوری بەسەر هاوڵاتیاندا، بە پلەی یەکەم لەلایەن سەرانی دەوڵەتەکانی بەناو دیموکراسیەوە، ئاراستە دەکرێن. رژێم و بلۆکە باڵادەستەکان بەسەر جیهاندا، پشتیوانی لە رژێمە تێرنەبوو لە خوێن و کوشتار و سەرکوتگەرەکان دەکەن و دەست بە پشتیاندا دێنن. سەرپۆشی قازانج پەرستی سەرمایە تاوانە دڵهەژین و جەرگبرەکان دەشارێتەوە. ئیخوانەکان، قاعیدە و تاڵیبان و داعش و هاوشێوەکانی، لەلایەن کارکتەرە سیاسی و دەوڵەتە سەرمایەدارە دیموکراسیەکانەوە دروستکراون کە بەسەدان هەزار ئینسانیان قەسابی کردووە. بە بیانوی جەنگیش دژ بەو غولە خوێنڕێژانەی ئیسلام و تاقمەکانیان… لەلایەن هەمان جەنابانی دیموکراسی و سەرمایەدارییەوە، بەسەدان هەزار ئینسانی تر، قەسابی دەکرێن و بەشێکی بەرینی دنیاش بۆتە مەڵبەندێکی نائارام و ناسەقامگیر و ناجێگیر. ستەمی سەر ژنان و هەڵاواردنیان، توندوتیژی و بێمافیان… هێشتا شەرماوەرترین دیاردەی دنیای دیموکراسی و سەرمایەدارییە… کاری مناڵان و هەڵوشینی شیلەی جەستەیان و کوشتنی خەونی ڕەنگاڵەيییان، لە مەیدانەکانی کاری سود پەرستیدا، ریسوایەکی تری سیستەمی گەنیوو گەندەڵی سەرمایەدارییە…

ئەم بەربەریەتەی سەرمایەداری، دنیای تەنیوەتەوە… لەو نێوەدا عێراق و کوردستانیش بەشێکە لەو جەهەنەمەی سەرمایەداری بۆ چینی کرێکارو خەڵکی ستەم دیدەو بێبەشی خوڵقاندووە. لە عێراق کوردستاندا جگە لەجەنگ و کوشتار و هەڵاواردنی فەرمی لەژێر ناوی فیدرالیزمی قەومی و دینی تایفیدا، وەبەجیا لە چەوساندنەوەی چینایەتی و بێبەشی هەمەلایەنەی چینی کرێکار لەسەرەتاییترین مافەکانی، هاوکات ناسنامەی چینایەتیشی، لەچینی کرێکار لەژێر ناوی بەفەرمانبەرکردندا لێسەندراوەتەوە، کە یاسای سەردەمی بەعسە.

لەکوردستاندا چینی کرێکار… وەکو بەشێک لەو چینە جیهانیەی دنیا… لەهەلومەرجی تەواو نائینسانی و نائەمن و نەخوازراودا ڕاگیراوە.. چینی کرێكاری کوردستان جگە لە کرێی کەم و نائەمنی شوێنی کارو و بێمافی و نەبوونی بیمەکان و سەختی کار… جگە لە بێکاری و فراوان و هەڵاواردن لەژێر ناوی ژن و پیاو، کریکاری خۆیی و بیانی، کرێکارانی لەسەر کارو بێکار… تەنانەت بەشێکی بەرینی ئەو چینە لە کەرتی گشتی و حکومیدا!! ئەو موچەیەشی پێنادرێت کەبەشێکە لەمافی خۆی، بەڵکو لە ژێر ناوی جۆرواجۆر و بە پاساوی جیاجیا، لێی دەدزرێت و لەلایەن کۆمپانیا سیاسی و بازرگانی و حزبی و ناحزبیدا، حەپەلوش دەکرێت.

لەیەک ڕستەدا، قوربانیانی هەموو ئەو بەربەریەتەی سەرمایەداری، بەجەنگ و ئاشتیەکەیەوە، بە دیکتاتۆری و دیموکراسیەکەیەوە، چینی کرێکار و خانەوادەکانیانە لەسەراسەری دنیادا.

بۆیە یەکی ئایار… ڕۆژی نەفرەتی ئەو چینە سەراسەری و جیهانیەیە، بەدژی ئەو نیزامەی کە دنیای کردۆتە دۆزەخ بۆ چینی کرێکار… یەکی ئایاری هەموو ساڵێک رۆژی ناوتن و رەتکردنەوەی ستەم و بێمافی هەزار سەری سەرمایەدارییە لەلایەن چینی کرێکارەوە. رۆژی نەفرەت و توڕەیی چینێکە، کە ئەگەر رێکخراو و یەکگرتوو بێت، ئەگەر دەست بداتە راگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان… دنیای سەرەوخواری ئێستا، رادەگرێت و  هەڵدەگێرێتەوە.

یەکی ئایار ئەگەر بۆ هەموو چینی کرێکار… لەسەراسەری دنیادا هەڵگری پەیامێکی هاوبەشی جیهانی بێت دژی نیزامی سەرمایەداری و جەنگ و ملهورییەکانی، ئەوا تایبەتمەندی ستەمی تایبەتی هەر وڵات و دەوڵەت و جغرافیایەک، بەدژی ستەم و بێمافییە تایبەتییەکانی هەرکام لەو وڵات و دەوڵەتانە… بەشێکە لەهەمان پەیامی سەراسەری چینی کریکار بە رووی سەرمایەداریدا. چینی کرێکار لە کوردستاندا وەکو بەشێک لە ئۆردووە جیهانیەی چینی کرێکار… پێویستە لە یەکی ئایاردا، یەکگرتوانەو رێکخراو بێنە مەیدان… چەرخەکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوەکانی کەڵەکەی داهات… لە شوێنی کاریاندا رابگرن. شوێنی کار بکەنە سەکۆی کۆبونەوەی ئاکسیۆنی نارەزایەتی. وە کۆمەڵگە بکەنە شوێنێک بۆ نیشاندانی توانایی خەباتکارانەی خۆیان و  گۆرەپانێک بۆ بریاردان لەسەر ریكخراوبوون و پێکهێنانی رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان. وە پێویستە داواو داخوازییە رەواکانیان بێنەمەیدان. لە زیادکردنی موچەوە، بۆ گێرانەوەی موچە دزراوەکانیان. دانی بیمەی بێکاری شیاو بۆ بێکاران و هێنانی یاسای کاری پێشرەوی کرێکاریی کە سەرجەم ماف و داخوازییەکانی چینی کرێکار… لەخۆ بگریت و ڕۆژی یەکی ئایاریش بکاتە پشوی رەسمی.

یەکی کرێکار… رۆژێکی تایبەتە کە دەتوانێت ئاست و توانایی چینی کریکار و ئاستی رێکخراوبوونی ئەو چینە نیشان بدات… یان بکاتە شوێنێک بۆ بریاردان و رێکخراوبوون و هێنانە گۆری داواو داخوازییەکانیان.

رابەران و هەڵسوراوانی چەپ و کۆمۆنیستی چینی کریکار و ڕێکخراوەکانی ئەو چینە، پێویستە هاوکات لەگەڵ هاوچینەکانیان لە دنیادا، لە ئێستاوە خۆیان بۆ پێشوازی لەیەکی ئایار ئامادەبکەن و یەکی ئایار بکەنە رۆژێک بۆ رۆژی “نا” وتنی گشتی و ڕێکخراو و رۆژێک بۆهێنانە مەیدانی داخوازییە سەرەکی و مافە پایماڵکراوەکانیان.

بژی یەکی ئایار… رۆژی نەفرەت و نارەزایەتی بەدژی نیزامی سەرمایەداری….  

Leave A Reply

Your email address will not be published.