کۆمۆن هەرگیز نەمردووە…..وەرگێڕانی لە فەرەنسی یەوە ئاوات علی

0

کۆمۆن هەرگیز نەمردووە

مێژوو.

 لە ١٨ی مارسی ساڵی ١٨٧١ خەڵکی پاریس ڕاپەڕین، لە ماوەی ٧٢ ڕوژدا ژنان و پیاوانی سادە تاقیکردنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان ئەنجام داو ڕووداوێکی مێژوویان  لەسەدەی ١٩ دا نەخشاند.

چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە مێژوونوس وسۆسیالیستی فەرەنسی لودڤین بانتینی

ساڵی ١٨٧٠ شەڕی نێوان فەڕەنسییەکان و نەمسایەکان لە کاتێکدا کۆتاییهات، کە شاری پاریس لەلایەن سوپای نەمساوە گەمارۆ درابوو.  دواتر لە ٢٨ی جانیوەری ساڵی ١٨٧١ ئاگربەست لە نێوان هەردوولا ڕاگەیەندرا.

دوای ئاگربەستی ٨ ی فابریوەر، هەڵبژاردنی پارێزگاران و مۆنارچیستەکان دەستی پێکرد، “تییەر” رای گەیاند پارس مەترسی لەسەرە، بڕیاریدا تۆپ هاوێژەکان بەدەست بێنێتەوە، کە پەیوەست ببوون بەهیزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی و ببوونە گروپێک لە مۆنتماغنغ.

بۆ رۆژی دواتر کە دەیکردە ١٨ی مارس خەڵکی پاریس ڕاپەڕین و نەیانهێشت ‌‌‌‌‌‌‌دەسەڵاتداران پلانەکەیان جێ بەجێ بکەن و ناچاربوون شاری ڤێرسای هەڵبێن و شار بەجێ بێڵن. کرێکاران کۆمۆنەی پاریسان دامەزراند کە ٧٢ ڕۆژ تەمەنی بوو. کۆمۆن تاقیکردنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەو یەکێک بوو لە ڕووداوە گرنگەکانی سەدەی ١٩، لە ماوەی ٢١ بۆ ٢٨ ی مارسی ١٨٧١ کە بە [هەفتەی خوێناوی] ناو دەبرێت کۆمۆن کۆتاییهات و بە هەزارەها لە ژنان و پیاوان بەدەستی جەلادانی دەوڵەت کوژران.

بۆ تیشک خستنە سەر ئەم ڕووداوە گرنگەو هەڵسەنگاندنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم چاوپێکەوتنەمان لەگەڵ ژنە مێژوو نوسی سۆسیالیستی فەرەنسی لۆدڤین بانتینی سازدا کە خۆی لەسەر ئەم ڕووداوە کتێبێکی بە چاپ گەیاندوەو بڵاوی کردۆتەوە.

پرسیار: بۆچی بڕیارتان دا لەسەر کۆمۆن و کۆمۆنارەکان بنوسن؟

لۆدیڤین بانتینی: دەمەوێت پێشەکی بۆچونەکانم بەم ڕستەیە دەست پێ بکەم،{ کۆمۆن نەمردووە} ئەم رستەیە دەسپێکی سرودی ئۆژین پۆتییەیە. کە بۆتە هۆی توڕەکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ١٥٠ ساڵی ڕابوردوداو بە بەردەوامی دەوترێتەوە، من بە پێچەوانەی هەموو ئەمانە لەو کتیبەکەمدا کەنووسیومە، دەمەوێت تێڕوانینێکی جیاواز لەسەر کۆمۆن بدەم.

زۆر نووسەر بە ژن و پیاوەوە دوای کۆمۆن بابەتیان لەسەر کۆمۆن نوسیوەو، کۆمۆنیان بە مردووی-زیندو پێناسەکردووە. وەکو ڤیکتۆرین برۆشەر لەو پەیوەندەدا ساڵی ١٩٠٩ بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە لەژێرناونیشانی { بیرەوەری یەکی مردوو- زیندوو}، یان خانم لویس میشێل کە ئەمیش لەسەر ئەم ڕوداوە نوسیویەتی لەژێر ناونیشانی{ ژیان لەگەڵ مردووەکان دا}،

نوسین لەسەر مردووەکانی کۆمۆن و لێک چواندنیان بە زیندوو، مانای خۆی هەیە. ئەویش ئەوەیە کە ژنان و پیاوانی کۆمۆن لە چوار دەورمان ماون و کۆمۆن دەتوانێت بۆ جارێکی تر زیندوو بێتەوە و کاریگەری خۆی لەسەر ئەم سەردەمە دابنێت، ئەمە درەنگ یان زوو رودەدات، من باوەڕم بەم بۆچونەم هەیە.

پرسیار: لەم ڕۆژانەدا کە یادکردنەوەی کۆمۆنی ساڵی ١٨٧١،ە نە ئەتوانین وەکو شکستی دوای شەڕێکی قارەمانانەی کۆمۆنارەکان و نە دەتوانین وەکو سەرکەوتنیش چاوی لێبکەین؟

لودیڤین بانتینی: ئێمە دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە دروست بوونی شەڕی فەڕەنسییەکان و نەمسایەکان ساڵی ١٨٧١ و دوایش سەرهەڵدانی کۆمۆن و کۆتاییهاتنی لە ماوەی {هەفتەی خوێناوی دا}، هەندێک وا دەڕواننە ئەم ڕوداوە گرنگە  کە لە نێوان داگیرکاری ئەڵمانەکان و هەتا کۆتایی هاتنی کۆمۆن، وەکو هیچ شتێک ڕووی نەدابێ وایە!، بەڵام من دەمەوێت وێنایەکی پێچەوانەی ئەمە باس بکەم: دروست بوونی کۆمۆن و مانەوە و خۆڕاگری هەتا ٧٢ ڕۆژ لە تەمەنی خۆیدا و ئەو نەخشەکارانەی کە لە پێش خۆی داینابوو بۆ جێ بەجێکردنیان، دەبێت وەکو ڕوداوێکی بێ وێنە و پاڵەوانانە باس بکەم، نەک وەک شکستێک!، من باسی سەرکەوتنی ژنان و پیاوانی سادە دەکەم، کە تاقیکردنەوەیەکی لەوەو پێشیان لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی

لە دەورانی خۆیان دا نەبووە. کۆمۆن لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرەتاوە پێداگری لەسەرخوێندن بۆ منداڵان بەبێ جیاوازی کرد کە هەتا ئەو کاتە تەنها منداڵانی سەرمایەدارەکان لێی بەهرەمەند بوون، کارکردن و دیموکراسی بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە وەکو بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە ڕاگەیەندرا.

گرنگیەکی زۆریان بەبواری خوێندن داو بەرچاویان رۆشن بوو، دەسەڵاتی تازەی کریکاران، ژنان و پیاوانی مامۆستای تەرخان کرد.  خوێندنیان کردە خۆڕایی و یەکسان بۆ هەموو مندالان و گەنجانی کۆمۆن بەبێ جیاوازی، ئەم سیستەمە تازەی خوێندنە، سیستەمە کۆنەکەی {جولی فێری} کە ڕکابەرێکی سەرسەختی کۆمۆن بوو،خستە ژێر پرسیارەوە کە دەیویست خوێندن تەنها بۆ منداڵانی سەرمایەداران بێت.

دەربارەی کارکردن، کۆمۆن چەند بڕیارێکی گرنگی لەسەر هەقی کارکردن ڕاگەیاند، کە جێ بەجێکردنەکەی سپارد بە ڕێکخراوە کرێکاری و تۆڕە هاریکارییەکانی کرێکاران.

ئەم دەسکەوتانە لە خۆڕا پەیدا نەبوون، بەڵکو بەهۆی بوونی مەیل و گرایشێکی سۆسیالیستیانە بووە کە پێش دروست بوونی کۆمۆن وجودیان هەبووە ، وەکو تاقیکردنەوەی شۆڕشی ساڵی ١٨٤٨.

لە هەفتەکانی سەرەتای دروست بوونی کۆمۆنەوە شاهیدی شکڵ گرتن و بە ‌عەمەلی بوونەوەی بیروباوەڕی سۆسیالیستی بووین کە وەکو وتمان پێش کۆمۆن بوونیان هەبووە، کرێکاران و خەڵکی پاریس خۆیان دەسەڵاتی سیاسی و ئابوریان بەڕێوە دەبرد، کارگەکان کەوتنە دەست کریکاران و لەلایەن خودی کرێکارانەوە سەرپەرشتی دەکران و بەڕێوە دەبران.

پاش چەند ساڵێك بە دوای شکستی کۆمۆنە و هاتنە سەرکاری دەوڵەتی سێی کۆمارییەکان، ویستیان ئەم ڕاستیانە بە تەواوی پەردەپۆش و لەبەرچاوی خەڵک ونیان بکەن، بەڵام ئێستا دەبێت ئەم ڕاستیانە پاش تێپەڕبوونی ١٥٠ ساڵ بەسەر کۆمۆنەدا باس بکرێتەوە.

پرسیار: زۆر جار وەکو دەڵێن کۆمۆن دیموکراسی ڕاستەوخۆی داهێنا، لەم نێوەدا چ کێشەیەك سەر هەڵدەدات؟

لۆدیڤین بانتینی: ئەوەی کە لێرەدا دەبێت ئاماژەی پێبکرێت خیانەتی کۆمارییەکانە لە ١٨٤٧ دا، ئەمە بووە دەرسێك کە کۆمۆنارەکان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیاندا سودیان لێ بینی، لە هەڵبژاردنەکانی ناوچەو گەڕەکەکان دا، کۆمۆنەکان بەشیوەی راستەوخۆ کەسانێکیان هەڵدەبژارد کە دەیانناسین، بۆ یەکەم جارو لە ئاستێکی ڕادیکاڵ دا دیموکراسی لە خوارەوە پیادەکرا.

گرنگە ئەوەش باس بکرێت کۆمۆن بێ کێشە نەبووە، مشت و مڕێکی زۆر هەبووە لەسەر زۆر مەسەلەو ئەو پرسیارانەی دەهاتنە پێش کە وەڵامێکی خێراو دروستیان دەخواست، وەکو ئازادی ڕۆژنامەگەری لەسەر ڕۆژنامەکانی ڤێرسای کە کۆمۆن ڕەتی کردەوە کە سانسۆریان لەسەر دابنێ، یان ئەو پارانەی کە لە بانقی فەرەنسادا هەبوون کۆمۆن دەستی بەسەردا نەگرت، زۆر مەسەلەی نەخوازراو کە وەکو بەرئەنجامی شەڕی ناوخۆ هاتنەپێشەوە پشتگوێ خران، ئەم مەسەلانە دەبوایە وەڵامێکی خێرا بدرێنەوە.

پرسیار: بەشداری ژنان لەکۆمۆن دا چۆن بوو؟

لۆدیڤین بانتینی: لەم شۆڕشەدا ژنان دەورێکی لە ڕادەبەدەر بەرچاوو کاریگەریان گێڕا، ژنانی مامۆستا ڕۆڵێکی بەرچاویان بوو لە خوێندن و پەروەردەی منداڵان و گەنجان دا، بەشداری چالاکانەیان لە کۆبونەوەکان و وتاردان و ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان، بەشداریان لە بەرەکانی جەنگ کە وەکو یاریدەدەری پزیشك کاریان کردووە، هەر لەم ماوانەدا ڕێکخراوی خۆیان پێكهێناو داخوازییەکانیان بەڕونی ڕاگەیاند، لەبواری کاری ناو کارگەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، باوەڕی تەواویان بەدەوری ژنان هەبوو شانبەشانی پیاوان لە هەموو کارو بارەکانی کۆمۆن دا.

پرسیار: جێگاو کاریگەری ئەنتەرناسیۆنالیزم چۆن بوو لە دەورانی کۆمۆن دا؟

لۆدیڤین بانتینی: داگیرکردنی پاریس لەلایەن هێزی بێگانە پروسییەکانەوە پاش شکستی هێزە فەرەنسییەکان ، بۆ دانیشتوانی پاریس ڕوداوێکی شەرمهێنەر بوو، شکستی ئیمپراتۆڕی دووەمی فەرەنسا لەم شەڕەدا وەکو لێپرسراوی یەکەم و شەرمهێنەر سەیر دەکرا، کاتێك لێپرسراوانی تازەی کۆمارییەکان خۆیان لە ڤێرسای ‌حەشاردا و خەریکی خۆئامادەکردن و خۆڕێکخستنەوە بوون بۆ هێرشی سەر لە نوێ بۆ سەر کۆمۆنەی پاریس، کۆمۆنێك کەلە ١٨ی مارسەوە پڕیشکی یەکەمی شۆڕشی دەست پێکردبوو، هەلومەرجەکە بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هات، هێزی بەرگری پاریسییەکان گۆڕا بۆ شەڕی ڕزگاری، ئەنتەرناسیۆناڵی یەکەم کە لە ١٨٦٤ دا دروست بوبوو بەشێکی بەرچاویان هەلسوڕاوی چالاکی کۆمۆن بوون.

تێکۆشەرانی ئەنتەرناسیۆنالیست کە پێش پاریسی ١٨٧١ لەوێ بوون و چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجام دەدا، لەکاتی مانگرتنە کرێکارییەکان و خۆپیشاندانەکان دا دەکەوتنە بەر هێرشی خاوەن کارو ئیمپراتۆری فەرەنساوە، ئەم هەڵسوڕاوانە لەکاتی کۆمۆن دا چالاکییەکانیان فراوانتر بووەوە.

نابێت ئەوەش لە بەر بیر بکەین هەندێک لەو هەڵسوڕاوانە بوونە کەسانی ناسراوی کۆمۆن وەکو {دۆمبرۆڤسکی پۆلۆنی} کە لە هەفتەی خوێناوی و لە سەنگەرەکانی پێشەوەدا و  لە بەرگری لە کۆمۆن شەهید بوو، هەروەها {فرانکیل} کە خەڵکی هەنگاریا و ئەندامی ئەنتەرناسیۆناڵ و نوێنەری کار بوو لە کۆمۆندا.

پرسیار: لە کتێبەکەتدا کە لەسەر کۆمۆن بڵاوتان کردۆتەوە ئیشارەت بە ئازاری دەرونی و جەستەیی دەکەن لە کاتی سەرکوتی کۆمۆنەدا، ئایا بۆچی بەم شێوە قوڵە ئەم مەسەلەیە باس دەکەن؟

لۆدیڤین بانتینی: من وەکو مێژوو نوسێك لە هەموو کتێبەکانم دا و ئەو کەسانەی کە باسیان لەسەر دەکەم بەشێوەیەکی واقعی ڕۆڵیان دەنرخێنم، کاتێك کە باس لە ڕوداوێکی گرنگی وەك کۆمۆن دەکەم، دەمەوێت ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی ژنان و پیاوانی کۆمۆنار بخەمەڕوو، کە بەوورەیەکی بەرزەوە لەم ڕوداوە گرنگەدا دەوریان گێڕا، من خۆم بە قەرزباری ژنان و پیاوانی کۆمۆن دەزانم، لەم ڕوانگەیەوە دەبێت بەئازادانە ئەم ڕوداوە گرنگ و مێژوویی یە هەڵسەنگێندرێ.

گەڕانەوە بۆ پرسیارەکەت بۆچی ئازاردانی کۆمۆنارەکانم باسکردووە، ئەگەر بەراوردێك بکەین لە بەینی بزوتنەوە جەماوەرییەکانی تر سەرسوڕهێنەرە و هەمان شت دوبارە دەبنەوە، ژنان و پیاوانی کۆمۆن مامەڵەیەکی نائینسانیان لەگەڵ دەکراو هەمیشە ویستویانە لەلایەنە سیاسییەکەی دایبماڵن! لە کتێبەکەم کە لەسەر ڕوداوی ١٩٦٨ نوسیومە ئیشارەم بەهەمان مەسەلە داوە، هەروەها لەسەر بزوتنەوەی هێلەك زەردەکانی فەرەنسا هەمان شتمان بینی یەوە، کارەکەم وەکو مێژوونوسێك پێداگری دەکەم و تەئکید دەکەمەوە کە ناتوانن جارێکی تر کۆمۆن لەناو بەرن.

پرسیار: ئایا ئەمە ئەو هۆیەیە کە ئێوە تەئکید دەکەنەوە لەسەر تاقیکردنەوەی کۆمۆن وەك ڕوداوێکی ئیجابی و پرشنگدار؟

لۆدیڤین بانتینی: بەڵێ، کۆمۆن بۆ من ڕوداوێکی ناخۆش و دڵ تەنگ نییە، لەم ماوەیەدا شارێك بەتەواوی کەوتە کارو هەڵسوڕانی شۆڕشگێڕانە، کە ئەمە بۆخۆی دڵخۆشکەر بوو، داخوازی و داواکارییەکانیان بەیان دەکراو بەدەستە جەمعی کاریان بۆ دەکردو جێبەجێ دەکران.

بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت لە شەڕی بەرگری لە کۆمۆن، دیمەنی شەڕ لە دەنگی گوللە تۆپ و ئەو کوشتن و بڕینەی سوپای فەرەنسا لەدژی ژنان و پیاوانی کۆمۆن ئەنجامیان دا و شەهید و برینداربوونی کۆمۆنارەکان، ئەم سەرکوتە بەشێوەك بوو کە ڕزگاربوون لێی ئاسان نەبوو، بەڵام قارەمانانە هەتا دوایی بەرگریان کرد.

پرسیار: بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ کۆمۆن پەیامی چییە و چیمان پێدەڵێت؟

لۆدیڤین بانتینی: کاتێك بەوردی دەچمە ناو ئەم ڕوداوە گرنگەوە و نوسینەکانی ژنان و پیاوانی کۆمۆن دەخوێندمەوە و هەڵیاندەسەنگێنم، بۆم دەردەکەوێت کە بەدەستەوەگرتنی ئەم تاقیکردنەوەیەی ڕابوردوو چەند گرنگە بۆ ژنان و پیاوانی ئەم سەردەمە، ئێمە شاهیدی مێژوویەکی ڕابوردووین، هەرچەندە تراژییە، بەڵام چەندەها ئەزموونی زیندویان بۆ بەجێهێشتووین، وەکو ڕوداوی ژوانی ١٨٤٨ و سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکارانی پاریس، هەموو ئەمانە وەکو بیرەوەرییەکی زیندوو لە بیری زۆربەی زۆری خەڵکی ئەمڕۆدان.

ڕوداوە تازەکان ئیلهامیان لەڕوداوە کۆنەکان وەرگرتوەو وەکو دەرسێکی ڕابوردوو بەکاریان هێناوە، کە لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکاندا ڕوویان داوەو ڕوو دەدەن وەکو شۆڕشی فەرەنسا و ڕوداوی ١٧٩٠ و کۆمۆنەی پاریس ی ١٨٧١.

ئەم بابەتە وەرگیراوە لە ڕۆژنامەی کرێکاری سەندیکای خزمەتگوزاری گشتی سویسری یەوە، ژمارە ٥ ی ١٩ ی مارسی ٢٠٠١ وە ، ئەم چاوپێکەوتنە بەبۆنەی ١٥٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر نەبەردی کرێکارانی شۆڕشگێڕی پاریس ئەنجام دراوە.

وەرگێڕانی لە فەرەنسی یەوە

ئاوات علی

Leave A Reply

Your email address will not be published.