ئازادی ژن پێوەری ئازادی کۆمەڵگەیە… پیرۆزبێت ٨ ی مارس، ڕۆژی “نا” بەجیاکاری و ستەم و بێمافی…

0

ئازادی ژن پێوەری ئازادی کۆمەڵگەیە…

پیرۆزبێت ٨ ی مارس، ڕۆژی “نا” بەجیاکاری و ستەم و بێمافی…

ئەگەر نیزامی دیلهێنەری سەرمایەداری سەرچاوەی نابەرابەری ئابوری و گرانی و بێکاری و برسێتی و دەیان و سەدان و موسیبەت و کوێرەوەرییە بۆ چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەت، ئەوا ژنان وەکو نیوەی ئۆردوی چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەت تەنها بەهۆی ژن بوونیان، چەند بەرامبەر لە ژێر ستەم و نابەرابەی و بێمافی هەمان نیزامی سەرمایەداریدان.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی نیزامی سەرمایەداری، جیاکاری رەگەزی و جنسی و بەتایبەتیش جیاکاریی نیوان ژن و پیاوە لە بواری ئابوری و بەرهەمهیناندا لە پێناو زامنکردنی زۆرترین قازانجدا. لەو ڕاستایەشدا دەمەزرەدکردنەوەی بیروباوەری دواکەتوانەو هەڵاواردن ئامێز، رەوایەتیدان بە پلەی دوویی ژنان و ستەمکێشی هەزار سەرە، تا دەگات بەزەوتکردنی مافە فەردی و مەدەنییەکان و بەرگی یاسایی بەخشین پێیان، بەشێکن لە پایەکانی کەڵەکەی سەرمایە.

 بۆژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی وەکو بەشێکی لێکهەڵپێکراو لەگەڵ بۆرژوازی جیهانی، دابەش بوونی ئینسانەکان بەگشتی و دابەشکردنی ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو بەتایبەتی، وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ زامنبوونی کەڵەکەی سەرمایە، بەدەستەوە گرتووە. لەوەش زیاتر لەڕێگای دەمەزەردکردنەوەی بیروباوەری پرتوکاوی کۆن و خێڵەکی و عەشایەری، تێکەڵکردنی دین و مەزهەب لەگەڵ یاساکاندا و شۆرکردنەوەی بۆ ناو ژیانی ئابوری  و  سیاسی و کۆمەڵایەتی، ماف و ئازادییەکانی ژنانی بە قێزەونترین شێوە لە قاڵبداوە. ژنان بەشێوەی گشتی و ژنانی کرێکار بەتایبەتی، رووبەرووی هەلومەرجێکی یەکجار سەختن. جیاکاری لە قەڵەمرەوی بەرهەمهێنان و ئابوریدا لە چەشنی جیاکاری لەموچە و لە هەڵبژاردنی کار و پیشەدا، جیاکاری لەسەعات کار و کار دابەش کردندا، جیاوازی لە بیمە و خزمەتگوزارییەکاندا، لەهەموو ئاستەکاندا دەبینرێت. لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ژنان بەجیا لە کاری دەرەوەیان وەکو کرێکار و کارمەند، ناچارن ئەرکی ماڵ و ماڵداری و مناڵداری، کاری سەختی تر لەئەستۆ بگرن. لە بواری یاسایی و مافەکاندا ژنان لە مەسەلەی زەواج و جیابوونەوە، میرات و سەرپەرشتی خێزان، هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و خاوەندارێتی ماڵ و موڵک، تەنانەت جل وبەرگ پۆشیندا، یەخسیری هەمان بەرژەوەندیەکانی سودی سەرمایە و سەرمایەدارین.

جیا لەوانە، توندوتیژی لە دەیان شێوەدا بەدژی ژنان لە ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگەی کوردستانن. لە سوکایەتی و بەکەم سەیرکردنەوە، بۆ هەڕەشەو ئازاردان، بۆ برینی جەستەی ژن” خەتەنە” تا دەگات بە تیرۆر و ناچارکردنیان بۆخۆکوژی. هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا گرانی و بێکاری لەو هەلومەرجە سەختە ئابوریەدا بۆتە هۆی ئەوەی  باندەکان و دەڵاڵانی بازرگانی سیکسی، بەرەو هەڵكشان بچن و بەهرەبەرداری لە دۆخی بەشێک لە ژنان بکەن و ناچار بە لەشفرۆشی و تێکەڵ بە باندەکانی بازرگانی سیکسی بکرێن. کە بەشی هەرەزۆری ئەو باندانە دەستیان لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەکاندایە.

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، سەرچاوەو هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە سەختەی ژنانن  لەجیاکاری و توندوتیژی و بیمافیەکانیان. نزیک بە سێ دەهەیە، ژنان تیرۆر دەکرێن و ناچار بە خۆکوژی دەکرێن، کە ئاماری قوربانیەکانیان بەدەیان هەزار ژن و گۆرستانی بێ ناونیشانە، تا ئێستا کوشتنی ژنان بەوێنەی کوشتنی بە ئەنقەست مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ناکرێت و تۆمەتبار و تاوانبارانیان،  ئازادن و ئەگەر کەسانێکیش دەستگیر بکرێن بەپاساوی” شەرەف پارێزی” ئازاد دەکرێن یان لە بارەگای دەست سازی حزبەکاندا بەناوی سوڵحی عەشایەری، دۆسیەی ژنانی قوربانی، دیزە بەدەرخۆنە دەکەن. تەنانەت دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەرگری لە کارمەندەکانی خۆیشی لەبواری وەستانەوە بەڕووی توندوتیژیدا بۆ ناکرێت و دەکەونە بەر هێرشی پیاوسالارانی حزب، کە لە منداڵدانی پیاوسالاری حزبیدا، گەورە بوون.

هەشتی مارس، لە بنەرەتدا ڕۆژ و رەمزی “نا” وتن و بەو هەلومەرجە سەختەی ژنان، و ڕۆژی نارەزایەتییە بە جیاکاری و ستەم و توندوتیژی و بێمافی، لەلایەن بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانەوە.

ئەم ساڵ لەکاتێکدا یادی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەینەوە. وە بانگەوازی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەکەین بەدژی هەلومەرجی سەخت و نابەرابەری ژنان و ستەم بێمافیەکانیان بە تەوژمێکی بەهێزەوە بێنە مەیدان، کە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی و دژە ژنی بزوتنەوەی کوردایەتی، ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشانە بۆ ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە. بێگومان کۆتاییهێنان  بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگە کە خاڵی بێت لە ستەم و بێمافی و هەڵاواردن و ستەم کێشی سەر ژنان، لە گرەوی شۆرشی کرێکاریی و رزگاری چینی کرێکاردایە کە لەگەڵ رزگاربوونی خۆیدا، تەواوی کۆمەڵگە رزگار دەکات و پێگەی ئینسانی ژنییش دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی سروشتی خۆی.

هەر بۆیە پێویستە ژنان و بەدیاریکراوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لە پرۆسیسی ڕاماڵینی دەسەڵاتدا رۆڵی شایستەی خۆیان بگێرن و خواستەکانی خۆیان تێکەڵ بەخواستی جەماوەری بەش مەینەتی کوردستان بکەن و وەکو باڵێکی بەهێزی شۆرش هێز و توانای حاشاهەڵنەگری خۆیان نیشان بدەن…

   عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.