لە بەردەوامی هێرش بۆ سەر ئازادییەکان…سێ کەناڵ داخران…..!

0

لە بەردەوامی هێرش بۆ سەر ئازادییەکان…سێ کەناڵ داخران…..!

زیاتر لە هەفتەیەکە سێ کەناڵی تەلەفزیۆنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بەوەزارەتی رۆشبیری ڕاگیراون… و بەرنامەی کورد “ماکس شۆ” ش بۆ ماوەی ٢٤ سەعات ڕاگیرا…

هێرش بۆ سەر ئازادییەکان و ئازادی کاری میدیایی رۆژنامەنووسی، تادێت بەرینتر دەبێتەوە، ئەوەی جێگای ئیدانەو ریسواییە، ئەوەیە کە داخستنی ئەم کەناڵانە هیچی لەڕیگای یاساییەوە نەبووە، بەڵکو خودی بەڕیوەبەرایەتی گشتی راگەیاندنی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری رۆڵی دادگا و پۆلیس دەگێرێت و بریاری راگرتن بۆ کەناڵەکان دەدات. واتە بەجیا لەوەی دەسەڵاتی سیاسی رۆژ بە رۆژ هیرشەکانی بۆسەر ئەو پەراوێزە کەمەی ئازادی توندتر دەکاتەوە و دەیەوێت قفڵبەندی هەر دەنگ و نارەزایەتییەک بکات، یان هەر دەنگ و رەنگ و کەناڵێکی میدیایی و چاپەمەنی مل کەچی دەسەڵات و یاسا کۆنەپەرستەکان نەبێت و دڵی ئیسلامیەکان برەنجێنێت، ئەوا وەزارەتی رۆشنبیری بە چەکمەی دیکتاتۆریانەی دایان دەخات و تەنانەت ناگەڕیتەوە بۆ یاسای ژیر سایەی خۆشیان… ئەم مامەڵەیەی وەزارەتی رۆشنبیری ئەوە دەخاتە روو کە ئەو وەزارەتە کە هەڵگری هیچ رۆشبیرییەکی ئازادیخوازانە نییە، خۆی رۆڵی یاسا و پۆلیس دەگێرێت و دەبێتە زمان حاڵی ئەو کەلتورە گەنیوەی کە لەدژی هەموو بەرنامەیەکی تەرفیهی و ئازادیخوازنەو ئینسانییە.

ئەوە لە کاتێکدایە دەیان کەناڵی تر بەبەرچاوی وەزارەتی رۆشبیرییەوە رۆژانە سوکایەتی بە پیرۆزییەکان ئینسان دەکەن، ژن بە کەم عەقڵ لەقەڵەم دەدەن، مناڵان بە گوێرایەڵی گەورەکان پەروەردە دەکەن، فتوای رۆشنبیران و رۆژنامەنووس و نووسەران دەدەن، دەخالەت لە وردو درشتی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەکەن و هەر دەنگ و رەنگێک، بۆنی ئازدایخوازی لێ بێت دەی کافرێین…

وەزارەتی رۆشنبیری کە وەزارەتی گوێ لەمستی دەسەڵاتێکی دزو تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتییە هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت و  ئەوەی دەزگای سەرکوتگەرەکان نایکەن وەزارەتی رۆشنبیری دەیکات… ئەوەی یاسا نایکات، بەڕیوەبەرایەتی راگەیاندن ئەنجامی دەدات… ئەوەی لە دنیادا هەر لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان دەوەشێتەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و دەسەڵاتی سیاسی پشتی ئەو وەزارەتە، شانازی پێوە دەکەن و وەکو گورزێک بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە بەدەستیەوە دەگرن…

هیرش بۆ سەر ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و کاری میدیایی و رۆژنامەنووسی، هیرشە بۆسەر تەواوی کۆمەڵگە… داخستنی ئەو کەناڵانەش سەرکوتگەرییەکی ئاشکراییەو پێویستە بەتوندی لەلایەن بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەوە رەت بکرێتەوە و ریسوا بکرێت. بێدەنگە کردن لەم هێرشەی دەسەڵات و دەزگا بەناو رۆشنبیرییەکەی، هیچ واتایەک ناگەیەنێت جگە لەوەی کە رەزامەندی نیشاندانە بۆ سەرکوتی ئازادی و ئازادییەکان و کاری میدیایی و رۆژنامەگەری…

Leave A Reply

Your email address will not be published.