هیوا ڕەش: نەک هیچ هەنگاوێکی کاریگەر و بەرچاو نەنراوە بۆ قوربانیان و ناساندنی ئەنفال وەکو تاوانی دژە مرۆیی و پاکتاوی ڕەگەزی، بەڵکو ڕۆژانە قەتماغەی برینەکان هەڵدەدرێنەوە و دەکولێنەوە. کێبڕکێی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە یا باشتر وایە بڵێم دو بنەماڵە خۆسەپێنەکە پیرۆزیەکانی دزێو کردوە … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز هیوا ڕەش سەبارەت بە کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان ناسراو بەئەنفال…

0

وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین و دانەبڕاوی حزبی شیوعی لە چەقەرەی دڕندایەتیەکانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا ژیاوم، و زیاد لە ساڵ و نیوێک دوای ئەنفالەکان بە برینداری لە لایەن ئیستیخباراتی کەرکوکەوە دیل کرام.پاشان بە کەمکردنەوەی سزاکەم لە  لەسێدارەدان بۆ سزای بەندکردنی هەتا هەتایی، و دوای 2 ساڵ زیندانی لە وتووێژی بەرەی کوردستانی لەگەڵ ڕژێمدا بەرامبەر بە ئەفسەرە پلە باڵا دیلەکانی سوپای عێراقی لە ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١دا ئاڵوگۆڕمان پێ کرا و ئازاد بووین …

 بۆپێشەوە: دوای٣٣ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، تەنها دەوترێت ١٨٢ هەزار کەس ئەنفال کراوە، بەڵام هێشتا ئامارێکی فەرمی نییە، کە نیشانی بدات بە دەقیقی قوربانییەکانی چەند کەسن؟ چەندیان پیاو یان ژنن، چەندیان مناڵ و بەتەمەنن؟ وە چەندیان ڕزگاریان بووە، هۆی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

هیوا ڕەش: پێم وایە ژمارە پێوەر نییە و لە قەوارەی دڕندایەتی ڕژێمی بەعس و پەلاماری نامرۆڤانەی ئەنفالەکان ناگۆڕێت و کەم ناکاتەوە. جا چەند ژن یا پیاو، پیر یا منداڵ بن گرفت نییە؟  ئەوەی دوژمن لە دەستی هاتووە و توانیویەتی بیکات؟ ئەنجامی داوە، گرنگ چۆنێتی و مەرامی پرۆسەکەیە کە مۆرکی جینۆسایدی لەخۆ گرتبوو. بەڵام کە ئامارێکی ورد لەبەر دەستدا نییە ئەمەیان بۆ خەمساردی دەسەڵاتی کوردی دەگەڕێتەوە، و دەکرا هەم ئامار و هەم دۆکیۆمێنتی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا لەبەر دەستدا هەبن …

 بۆپێشەوە: دوای ٣٣ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، ئەو کەیسەیان وەکو سەرمایەی سیاسی بەدەستەوە گرتووە، کەچی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری قوربانیانی ئەم تاوانە کەمترین هەنگاو نانێت، چۆن دەڕواننە ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی؟

هیوا ڕەش: هیچ قەرەبویەکی ماددی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان بەقەد قەرەبوی مەعنەوی کاریگەری نییە، ئەوەش لە ڕێز و دڵنەوایی و بەسەر کردنەوە و بە دەنگەوە چونیان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان، و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان سەرچاوە دەگرێت، نەک وەکو ئێستا بە بەرچاویانەوە ئەنفالچیان داڵدە بدرێن و ساڵانە لە یادەکاندا لەگەڵ نمایشی حزبی سواڵی سیاسیان پێ کۆبکرێتەوە. دەتوانم بڵێم ئەنفال لە باتی ئەوەی بکرێ بە پرسێکی نەتەوەیی لە گرێژنە دەریان کردوە و بە ئاقاری نەخوازراودا براوە، ئەویش لە بە کالاکردن بۆ بازرگانی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە …

 بۆپێشەوە: لەئاستی فەرمی و نێو دەوڵەتیدا، چ هەنگاوێکی بەرجەستە نراوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال و هەروەها هەڵەبجە؟ بۆ بەسزا گەیاندنی تۆمەتبارانی ئەو تاوانە؟ بۆ بە جینۆساید ناساندنی؟

هیوا ڕەش: غەمی گەورە لێرەدایە! نەک هیچ هەنگاوێکی کاریگەر و بەرچاو نەنراوە بۆ قوربانیان و ناساندنی ئەنفال وەکو تاوانی دژە مرۆیی و پاکتاوی ڕەگەزی، بەڵکو ڕۆژانە قەتماغەی برینەکان هەڵدەدرێنەوە و دەکولێنەوە. کێبڕکێی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە یا باشتر وایە بڵێم دو بنەماڵە خۆسەپێنەکە پیرۆزیەکانی دزێو کردوە، و زەمینەیەکی وای ڕەخساندوە کە شەهیدانی سەنگەر و ئەنفالکراوانی بارزانی و فەیلیەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالە گەورەکان، تێکەڵ بە کوژراوی جاش و خیانەتکاران کراون و لەوتێنراون و لە بەهایان کەم کردونەتەوە. هیچ هەنگاوێکیش بۆ بەسزا گەیاندنی تاوانباران نەنراوە و ناندرێت. بەڵکو تا ئێستا هەر پایەی حزبیان پێ تۆکمە کراوە و دەنگەکانی هەڵبژاردنیان پێ کۆکراوەتەوە. بۆ نموونە: دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق داوای ئەنفالچیان دەکا تا لێپێچیبەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لە بری پێشوازی لە بڕیارەکە پارتی و یەکێتی داڵدەیان داون و ئامادە نین  ڕادەستیان بکەن، لەوەش قێزەونتر پۆست و پارەی خەڵکیشیان خستۆتە خزمەتیان، بۆیە بە هیچ کلۆجێک چاوەڕوانی هەلوێستی جوامێرانە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناکرێ دەرهەق بە سزادانی ئەنفالچیان …

 بۆپێشەوە: لاتان وایە دەبێ چ بکرێت، بۆ ئەوەی تاوانکاری لەشێوەی ئەنفال و هەڵەبجە…، دووبارە نەبێتەوە؟ دەوڵەتی عێراق لەوبارەیەوە چی دەکەوێتە ئەستۆ؟

هیوا ڕەش: جگە لە یەکڕیزی و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد هیچ زامنێ نییە بۆ دوبارە نەبوونەوەی ئەنفال، بەڵکو تا ئێستا بەردەوامی هەیە و هەروەکو لەم دواییەدا بینیمان چۆن بە لەشکری بێ شومار و جبەخانەی زەبەلاح و پشتیوانی دەوڵەتانەوە هەڵیان کوتایە سەر کەرکوک و خانەقین و دوز و شەنگال، ئەوەش بە پێی کات و شوێن، قەوارە و سەنگی هەنوکەیی حکومەتی عێراق دریژەدان بو بە ئەنفال بە جۆرێکی تر …

بە داخەوە لەم دەسەڵاتەی ئێستای هەرێمیش ناوەشێتەوە مەردانە بێنە مەیدان و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، ئەوان حزبیان خستۆتە پێش نەتەوە و گیرفانیشیان لە نیشتمان خۆشتر دەوێ، بۆیە بەم حاڵەوە بە ڕای من ئایندە مژدەبەخش نییە و هەمان مەترسی جاران وەکو مڵۆزم سەرەتاتکێمان لەگەڵدا دەکا و گەرەنتیەک نییە بۆ بەرگرتن لە نەهامەتی تر …

بۆپێشەوە: کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال، دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسی ئەنفال و قوربانیەکانی بکەن؟

هیوا ڕەش: ئەمە مایەی نیگەرانیمە و زۆرم پێ سەیرە! کەسوکاری ئەنفالکراوان دەبێ خۆیان لە گوێڕایەڵی کوێرانەی حزبەکان دەرباز بکەن و بە وتاری سۆزاوی ساڵانە و بەڵێنە درۆکانیان باوەڕ نەکەن، هەروەها دەسبەرداری بەرژەوەندی کاتی خۆیان بن و لە گەورەیی کەیسی ئەنفال کەم نەکەنەوە و پێداگر بن لەسەر:

١ – ڕادەسکردنی ئەنفالچیان بە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق …

٢- لێپرسینەوە لەوانەی چەندین ساڵە داڵدەیان داون …

٣ – کاراکردنی زیاتری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بە مەبەستی ئاوەدان کردنەوەی گوندەکانیان بە دابینکردنی خزمەتگوزاریەوە …

٤ – بە ( منهج ) کردن و خوێندنی ئەنفال و لێکەوتەکانی لە هەمو قۆناغەکانی خوێندن بە بایەخەوە …

Leave A Reply

Your email address will not be published.