دادگای پارتی و کابوسی ئایندە! ابراهیم حسێن

0

دادگای پارتی و کابوسی ئایندە!

ابراهیم حسێن

زۆرێک وا بیردەکەنەوە کە زیندانیکردن و ڕفاندن و دواتر دادگاییکردنی فەرمایشی و کارتۆنیە حیزبی و سیاسیەکانی پارتی، بەهێزی و ڕاوەستاوی ئەو حیزبە و دەسەڵاتەکەی دەگەیەنێ.

هەڵبەتە ئەم ڕواڵەتی مەسەلەیە دروستە، چونکە ئەوان هەولێر و ناوچەکانی ژێر نفوزی خۆیان لەبەردەستە و لەوێدا ئەوان هەمەکارەن. لەوێ زیندان و دادگاو میلیشیایان بەدەستەوەیە. دەتوانن بڕۆن مامۆستایەک کە بەدەستی بەتاڵ هاتۆتە سەرجادە تا وەکو داوای مەعاشی بکات بدەنە بەرشەق. بڕۆن هەڵسوڕاوێکی سیاسی و ناڕازییەک کە بەدەستی خاڵی و بە زمانی، مافێکی داواکردوە، شتێکی گوتوە و ڕەخنەیەکی گرتوە، بفڕێنن و دەستی لە دنیای دەرەوە ببڕن و دواتر بیدەنە دادگایەکی کارتۆنی حیزبیی کە لە حاکمی تاقانەی ئەو ناوچەیە فەرمان وەردەگرێ و بە هیچ شتێکی تر پابەند نییە و هەر حوکمێکی پوچی بەسەردا بسەپێنن کە خۆیان دەیانەوێ. شتێک کە ئێستا ڕێک و ڕاست وەک خۆی لەهەولێر و لەژێر ده سەڵاتی پارتیدا ڕوودەدا.

بەڵام ئەمە تا ئێرە ڕواڵەتی مەسەلەکەیە. لەپشتی ئەم ڕواڵەتەوە ڕاستیەکی تر هەیە کە پێچەوانەیە بەم شێوەیە کە لە یەکەم نیگادا لە ڕواڵەتەکەیدا دەردەکەوێ. ئەگەر ڕواڵەتی مەسەلەکە هێز و جەبەڕوتی ئەو حیزبە دێنێتە پێش چاو، ناوەڕۆک و ڕاستی پشتی ئەم ڕواڵەته داماوی و دابڕان و بێچارەیی و فۆبیایەکی گەورەی پارتی و دەسەڵاتی بۆرژوازی، دێنێتە بەرچاو. فۆبیای ئاینندە، فۆبیای ئەوەی کە هەر ڕۆژ ئەو کۆمەڵگەیە دەکەوێتە ناکۆکی چارهەڵنەگرتر لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە. فۆبیا و ترسی ئەوەی کە ترس و قەهر بە بێ بوونی هیج وەڵامێک بە نیازەکان و چاوەڕوانییە هەرە سادەکانی هاوڵاتیان، ئیتر تاسەر بەرگە ناگرێ و کەڵکی نابێ. بۆیە ترسی پارتی واقیعیە و تەنانەت ترسەکەی پارتی لە هێز و جەبەڕوتەکەی واقیعی ترە.

بڕیاربوو دادگای فەرمایشی و کارتۆنی، کۆمەڵگە بێدەنگ بکات و هەر دەنگێک لەگەروی خەڵکدا بتاسێنێت، بڕیاربوو هەولێر و ناوچەکانی وەک ناوچەی ترس وتۆقاندن، وەک زۆنی بێدەنگی و خامۆشی و لەبیرکراو بهێڵێتەوە، زۆنی ڕەسمی دیکتاتۆرییەت و ڕفاندن و ونکردن بە جۆرێک کە ئیتر کەس نەتوانێ بیر لە داواکردن و بەرگریکردن لە مافێک بکاتەوە و ڕاستیەک بهێنێتە زمان، بێ ئەوەی کە ڕووبەڕوی داپڵۆسین و مل پێکەچ کردن و ڕفاندن و زیندان ببێتەوە.

بەڵام  بە حوکمی هەلومەرجی جیاوازی ئەم سەردەمە،  بە حوکمی تیکچوونی هاوسەنکی هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە حوکمی گۆڕانێک کە لەپەیوەندی خەڵک و دەسەڵات ڕویداوە و بە حوکمی بێ وڵامی و بێ دەرەتانی بۆرژوازی بە کێشەکانی کۆمەڵگە، داستانەکە بە جۆرێکی تر چووە پێشەوە. لە جیاتی ترس و تۆقین لە کۆمەڵگەدا، ئەم حیزب و دەسەڵاتە خەریکە دەبنە گاڵتەجاڕ. تەنانەت خەریکە ترس، دەبێتە مایەی گاڵتە، دادگا و سەرکوت دەبنە مەسخەرە. خەڵک ئێستا لە هەر کات زیاتر دەرفەتی ئەوەیان پەیدا کرد بێچارەیی و داماوی و ناوەڕۆکی پوچی ئەم دەسەڵاتە بۆرژوازیەی کوردایەتی و پارتی لە هەرکات باشتر تێبگەن.

ئەم داستانی ڕفاندن خەڵک و هەڵسوڕاوان و دادگای ناشیانەی کارتۆنی حیزبی، ئەوەندە ڕوون ئەو داماوی و بێچارەییەی نیشاندا کە دەنگی سەری دووەمی ئەم دیکتاتۆریەتە بچوکە، دەنگی سەرۆکی دووەمی ئەو حیزبە واتە نێچیروان بارزانی دەرهێنا و بە ناوی سەرۆکایەتیەکەیانەوە تۆپەکەی فڕێدایەوە مەیدانی دادگای تێهەڵچوونەوە تا جارێکی تر دادگا ئەم شکستە سیاسیە لەبەرامبەر ئازادیخوازی کۆمەڵگە، بە لیباسی یاسا، داپۆشێ.

  کورتیەکەی کۆمەڵگە توشی تۆقان نەبوو، هەڵسوڕاوان ملکەچ نەبوون، بەڵکو ئاکامەکان، پێچەوانەی ئامانجە سیاسیەکانی سیناریۆی دادگای سیاسی وحیزبی کەوتنەوە. چونکە دادگایەکی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادخوازیەکی تر بە پانتایی کۆمەلگەی کوردستان، لەدەرەوەی قەڵاکانی پارتی، لەدەرەوەی چوار دیواری دادگای هەولێر و زیندانەکان لە ئارادایە. چونکە لە قوڵایی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆ هەندێک ئاڵوگۆڕ خەریکن ڕوودەدەن و هاوسەنگی هێز دەگۆڕێ. ڕاستی ئەمڕۆ ئەوەیە پارتی نەک بەهێز، بەڵکو لە لاوازترین قۆناغەکانی ژیانیدایە وەک حیزبی دەسەڵات و هەر ڕۆژ زیاتر پێویست بوونەکەی لە چاوی کۆمەڵگەو خەڵکەوە لە دەست دەدا. دەسەڵاتێک کە توانای نییە نان و ئاو و کارەباو لانی کەمی ژیانێک بدا بە کۆمەڵگەو بە مرۆڤ، دەسەڵاتێک کە بە نیازە وەڵامی کرێکاران و فەرمانبەران و لێشاوێک مرۆڤی چاو لە دوی ژیان و نان و ئازادی بەو جۆرە سیناریۆیانە بداتەوە، دەسەڵاتێک کە توانای تەحەممول کردنی کەمترین ناڕەزایەتی و ڕەخنە و هیچ ئاستێکی ئازادی دەربڕین و خۆدەرخستنی سیاسی و جەماوەری کرێکارو بێبەشی نییە، توانای نییە سەرکوت و دیکتاتۆریەت بە سوبسیدی نان و لانیکەمەکانی ژیانیش بێت داسەپێنێ، درەنگ یا زوو دەگاتە قۆناغی یەکلاییکردنەوەیەکی بنەڕەتی تر و بەریەککەوتنێکی بنەڕەتی تر لەگەڵ ئەم مرۆڤایەتیە کرێکار و بێبەشە ناڕازی و ئازادیخوازە لە هەولێر و لە کوردستان.

ڕوی دووەمی سیناریۆی ژیانی واقیعی لە کوردستان، سیناریۆی پەڕینەوە لە ترس و خۆشباوەڕی بەم ناسیوناڵیزمە پوچ و بێمایەی کوردایەتی خەریکە دەست پێدەکا، دادگای هەولێر و جوڵانەوەی ئیعترازی و ئاڵوگۆڕخوازی ئەم دواییانەی کوردستان، تەنیا چەند گۆشەیەکی دەستپێکردنی ئەم ڕەوەندەن لە مێژووی کوردستاندا.

ئەو لاپەڕانەی لە مێژووی کوردستاندا، لە خەبات لە  پێناو ئازادی و   خۆشبەختی و کوردستانێکی ئازاد و خۆشگوزەران و له پێناو تێپەڕاندنی ئەم کۆنەپەرستییە بۆرژواییەدا دەکرێنەوە، کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ و کرێکاری  و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی جارێکی تر دەگۆڕێ بە  پێویستیەکی ئێجگار گرنگی سەرکەوتنی بەشەرییەتی کرێکار و بێبەش لەم دەعوایەیدا.

گەڕانەوەیەکی بەهێزی چەپگەرایی کۆمۆنیستی و کرێکاریی ڕادیکاڵ کە ئامادە بێ جەنگ و دەعوا لەمەیدانە سەرەکیەکەی خۆیدا، لەسەر دەسەڵات و چارەنووسی کۆمەڵگە لەگەڵ ئەم کەمایەتیە بۆرژوا کۆنەپەرست و دژی ئازادی و خۆشبەختیە یەکلابکاتەوە، هێز و گوڕ و ئیرادەی دەستبردن بۆ ئاڵۆگۆڕ بە چینی کرێکارو بەشەرییەتی بێبەش دەبەخشێ و ئاسۆ و دەریچەیەکی تری ئینسانی دەکاتەوە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە و دنیا.

١٩.٢.٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.