17  شووبات ئەزمونێکی گرنگ لە ڕاستای ڕاماڵینی دەسەڵاتدا! عەبدوڵا مەحمود

0

17  شووبات ئەزمونێکی گرنگ لە ڕاستای ڕاماڵینی دەسەڵاتدا!

عەبدوڵا مەحمود

17 شوباتی ساڵی ٢٠١١، بڕگەیەکی گرنگ لە بزوتنەوەی نارەزیەتی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی بۆرژوازی

کوردە. بزوتنەوەیەک کە بۆ یەکەمین جار بە ئیلهام وەرگرتن لە شۆرش و ڕاپەرینەکانی دنیا عەرەب، بە دژی نابەرابەری ئابوری و دزی و گەندەڵی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد خۆی نمایش کرد. هاوکات سەرەتای بزوتنەوەیەک بوو بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و بۆماوەیەکان لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی ئەو وڵاتانەوە، کە توانی چەند ڕژیمیکی دیکتاتۆر یەک بەدوای یەکدا بخات و بۆ جارێکی تریش ئیدە شۆرش و شۆرشکردن بکاتەوە بە پرسی رۆژ.

ئەم نمایشی نارەزایەتییە جەماوەریەی لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ لەشەقامدا دەکەوت، درێژەی ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریەی پیشووتری خەڵکی کوردستان بوو، کە بەدوای روخاندنی دەسەڵاتی بەعسەوە لە زۆرێک لەشارەکانی کوردستاندا روویاندا، لەدرێژەی نارەزایەتی و توڕەیەکدا بوو کە مۆنیمێنتی هەڵەبجەی ئاگردا.

١٧ شوبات، روداوێک بوو کە بۆیەکەمین جار دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی لە خەوێکی قوڵی دەسەڵاتی داسەپاوی بێدار کردەوە. وە بۆیەکەمین جار بوو دەسەڵات تەکان بخوات و دەستەو دامێنی جەماوەر بێت، کە دەست ڕابگرن و حەوسەڵە نیشان بدەن. بۆ یەکەمین جار بوو دەسەڵات ناچار بەدەیان بەڵێن ببێت و لەبەرامبەر بە جەماوەردا پاشەکشە بکات و هێزی جەماوەری کوردستان بە فەرمی بناسێت.

١٧ شوبات راستییەکی سەلماند، کە دەرسێکی گرنگ و لە بیرنەکراوە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەیدا، ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، لە رێگای هەڵبژاردنەکان و کایەی بەناو دیموکراسیدا ناتوانرێت هیچ ئاڵوگۆڕیک لە ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و بێبەشاندا پێک بهێنێت، بەڵکو ڕیگای داسەپاندنی چاکسازی و ئاڵوگۆر و پاشەکشە بە دەسەلاتی بۆرژوازی کورد و سیاسەتەکانی، بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری رێکخراو و لە خوارەوەی جەماوەری بێبەش و ئازادیخوازە.

وا دەساڵ بەسەر خرۆشانی جەماوەری ١٧ شوباتدا، تیدەپەڕیت… لە ماوەی ئەم دەساڵەشدا چەندین شەپۆلی تر لە خۆپیشاندان و نارەزایەتی وەرێخروان، بێ ئەوەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی تێپەڕێندرابێت و کەنار خرابێت، بەڵام دەس و ئەزمونەکانی زیندوون و لەراستای ڕاماڵینی یەکجاری دەسەڵاتدا، پێویستە بەدەستەوە بگیرێن.

نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی دیاریکراو و سەربەخۆیی چینایەتی، نەبوونی رابەریەکی سیاسی رۆشن، ڕێکخراو نەبوون و  تیکەڵ نەبوونی بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقام، لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و نارەزایەتی شوێنی کار و ژیان… سەرەکیترین ئەو لاوازیانەن کە ڕیگەی لەوە گرت بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ١٧ شوبات، بەسەرکەوتن بگات.

هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی شۆرشگێرانە، بەبێ ئەوەی هەڵگری ئاسۆیەکی سیاسی دیاریکراو و سەربەخۆیی چینایەتی خۆی بێت، بە سەرکەوتن ناگات. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و سەربەخۆی چینایەتی لە پاکیجی سیاسیدا بەرجەستە دەبێت، پاکیجێک کە گرنگترین و سەرەکیترین گرفتەکانی کۆمەڵگە، دەکاتە ئاسۆی زاڵی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکەی و میکانیزمەکانی دەست ڕاگەیشتیان بۆ دەسازێنێ. چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان، لە ١٧ شوباتدا، خاوەنی ئاسۆیەکی سیاسی دیاریکراوی چینایەتی خۆی نەبوو، بژاردە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خۆی بۆ کۆمەڵگە روون نەبوو، سەربەخۆیی چینایەتی خۆی نەپاراست، لە نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی رۆشنی چینایەتیدا، بزوتنەوە بۆرژوازیەکانی تر لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیدا، توانیان ئاسۆی سیاسی خۆیان بەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی ١٧ شوباتدا زاڵ بکەن، کە بریتی بوو لە دەست نەبردن بۆ پایەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و ئەڵگۆی حکومڕانیەکەی، وە کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری دروشمی چاکسازی و پاکیجەکانی کە بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی یەکەم ئاڵاهەڵگری بوو بە هاوکاری رەوتە ئیسلامیە ئیخوانی و دینیەکان، کە نوێژی سیاسیان وەکو فۆرمی ریکخراوەیی شەقام و بانگی ئەڵلەو ئەکبەریان، وەکو هاواری مستەزەعەفین، بۆ وەستانەوە لەدژی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرت. سەرئەنجامیش توانیان بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقام دەستەمۆی سیاسەت و ئاسۆی سیاسی خۆیان بکەن و بیکەنە بەردەبازێک بۆ بەشداری لەهەمان دەسەڵاتی تاڵانچی و بکوژی خۆپیشاندەراندا.

هۆکارێکی تر کە لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ ئاسۆی سیاسی و سەربەخۆیی چینایەتی، نەبوونی رابەریەکی سیاسی سەراسەری بوو بۆ بزوتنەوەکە، لەگەڵ ئەوەدا ژمارەیەک لە چەپ و کۆمۆنیستەکان و کادرەکان بەشدار لە بزوتنەوەکەدا بوون، بەڵام هەژموونی ئاسۆی سیاسی هیزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازیەکان و پاکیجە سیاسیەکانیان و حزوری زامنکردنی رابەری بۆیان، توانیان خاوەندارێتی خۆیان بەسەر بزوتنەوەی ١٧ شوبات و روژانی دواتردا زاڵ بکەن.

پایەی بزوتنەوەکەو نارەزایەتیەکە چینایەتی و سەرچاوەکەی “نا” وتن بەدەسەڵات و خواستی” نان، ئازادی و گێرانەوەی بەهای ئینسانی” هەبوو، بەڵام خاوەندارێتی نەکردنی ئەم خواستە چینایەتییە لەلایەن بلۆکی چەپ و کۆمۆنیستەوە، هۆکارێکی سەرەکی بوو کە هێزو رەوتە بۆرژوازییەکان لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆنێکی چاوتیژ بۆ بەشداری لەدەسەڵاتدا، رۆڵی ڕابەری خۆیان زاڵ بکەن و جەماوەر بکەنە سەرمایەی گەیشتنیان بەدەسەڵات.

رێکخراونەبوون و لێک هەڵنەپیکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقام لە کەشی خەباتی شاریدا، لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاریی لە ناوەندەکانی کاری کرێکاران و گەرەکەکاندا، هۆکارێکی تری لاوازی بزوتنەوەی ١٧ شوبات و دواتری بوو.

  کۆبونەوە لە ناوەندی شار و لە شوێنێکی گشتیدا، نیشاندانی نارەزایەتی لە کەشی شاری و دوبارە بوونەوەی و درێژە کیشانی بۆ ماوەیەک، پەیامی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش و لاوانی ئامادە بەکارە، بۆ راکیشانی پشیوانی تەواوی کۆمەڵگە و پەیامێکیشە بۆ دەسەڵاتی سیاسی کە لەڕیگایەوە داخوازییەکانی بەیان دەکات. ئەمە گۆشەیەکی گرنگە لە خەبات و ئەلگۆیەی جێکەوتووە لە خەباتی جەماوەری ناڕازی لەدەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا. بەڵام ئەم جۆرە لە کۆبونەوەو نارەزایەتی ئەگەر تیکەڵاونەبێت و نەگوازرێتەوە بۆ ریكخراوبوون لە گەرەک و ناوەندە کرێکارییەکان و بەشە هەستیارەکانی تری کۆمەڵگە، کە شادەماری دەسەڵات بگرێت، بەشوێنێک ناگات و کاریگەریەکەشی تەنها لە چوارچێوەی بە ئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگەو هوشیاردان بەدەسەڵاتدا قەتیس دەبێت. یەکێک لە لاوازییەکانی ١٧ شوبات ئەوە بوو کە کۆبونەوەی جەماوەری لەبەردەرکی سەراوە نەگواستەوە بۆ کۆبونەوەی کرێکاران و کارمەندان و لە شوێنی کار و ریكخرابوونیان. نەگوازرایەوە بۆ کۆبونەوەی گەرەکەکان، نەبوو بە سەکۆیەک بۆ رێکخرابوون و هەڵبژاردنی نوێنەران… هەر بەو هۆیەشەوە هیچ کام لە جومگەکانی جوڵەی کۆمەڵگەی ڕانەگرت و دەسەڵاتی سیاسی رووبەڕوو نەبۆوە لەگەڵ جوڵانەوەیەکی رێکخراو لە ئاستی جیاجیا و بەتایبەتیش لە ناوەندە بەرهەمهێنەکان و لە محەلاتدا، بەمەش توانای چینایەتی لە ئاستێکی فراواندا و بەشێوەی ریكخراو و لە فۆرمی جیاوازدا کە ئیرادەی چینی کرێکار و بێبەشان نمایش بکات، ڕووی نەدا و دەسەڵات هەموو هیزی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوە لە شوێنیکدا خستە گەر، کە بەردەرکی سەرەکی و ناوەندی شارەکان بوو. وە ئەگەر ئەم کۆبونەوە جەماوەریانە بۆ چەندین مانگ و تەنانەت ساڵیش درێژەی کێشابا، کاریگەریەکەی نەیدەتوانی هیچ گورزێکی کاریگەر لەدەسەڵات بدات. دیارە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە فۆرمە گشتی و ناڕیکخراوەکەیدا ئەگەر بتوانێت دەسەڵاتیش رابماڵێت، بەڵام ناتوانێت کاری خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی یەکلابکاتەوە، ئەگەر چینی کرێکاری رێکخراو توێژە بێبەشەکان، ریکخراونەبن و ئاسۆی سیاسیان دیار نەبێت و حزبێکی سیاسی چەپ و کۆمۆنیستی دەخالەتگەر ئاڵای بەسەرکەوتنی بەدەستەوە نەگرتبێت. ئەزموونی هەموو شۆڕش و ڕاپەرینەکانی دنیا و جیهانی عەرەبی لە “بەهاری عەرەبی” یدا، باشترین بەڵگەی ئەو راستیەن.

کاتیک باسی ئاسۆی سیاسی و  سەربەخۆیی چینایەتی و رابەری سیاسی  و گرنگی ریکخراوبوون دەکەین، ئەمانە بە بێ حزبی سیاسی ممکین نییە…

لاوازییەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی ١٧ شوبات و ساڵانی دواتریش، زۆر لە پلانەکان و سەرکوتی دەسەڵات، کاریگەری زۆرتر لە بەسەرئەنجام نەگەیشتنی نارەزایەتیەکاندا هەبووە… ناسینی ئەم لاوازیانەو پڕکردنەوەیان هەنگاوی کارسازە لە راستای ڕاماڵینی دەسەڵاتدا.

لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ وە بۆ  ئیستا کە ١٠ ساڵە، ئاڵوگۆری زۆر لە پەیوەندی نیوان دەسەڵات و جەماوەردا پێکهاتووە. لەلایەکەوە دەسەڵاتی سیاسی ماهیەتی سەرکوتگەرانەی، ناتوانایی لە چاکسازی، ناوەرۆکی دژە ئازادییەکەی، تەریک کەوتنەوەی لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پەرش و بڵاوبونەوەی زۆرتری ڕیزەکانی، لاواز بوونی توانایی سەرکوتی، تا دەگایە رەوینەوەی خۆشباوەری بە هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان… بە ئاشکرا دەبینرێن. لەلایەکی تریشەوە ئاستی هۆشیاری جەماوەری هەڵکشاوە، خۆپیشاندانەکان فراوانترو سەراسەری تر بوونەتەوە، ئاستی داخوازییەکان چونەتە سەرەوە، بەشداری توێژەکانی کۆمەڵگە زۆرتر بووە، بەڵام هیشتا کەم و کوڕییە سەرەکیەکانی وەڵامیان وەرنەگرتۆتەوە.

ئاسۆی سیاسی و هەڵگری ئەم ئاسۆ سیاسیە” حزبی سیاسی”، لەگەڵ رێکخراوبوونی حزبی و جەماوەری لە شوێنی کارو ژیاندا… ئەو سێ کوچکەیەن کە پێداویستی ژیارین بۆ سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە راستای راماڵینی دەسەڵاتدا و هاوکاتیش بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتیەکی تر و ڕیگەگرتن لە دزینی شۆرش و راپەرین، لەلایەن باڵی تری بۆرژوازییەوە…

بلۆکی چەپ و کۆمۆنیست، رابەرانی کۆمۆنیست و چەپی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو (کریکاران، لاوان و ژنان، و رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی و داخوازییەکان” ئەرکیانە بەسەر ئەو لاوازیانەدا زاڵ ببن، تا زەمانەتی سەرکەوتنی بزوتنەوەی راماڵینی دەسەڵات بکەن و دەسەڵاتێکی تری پشت بەستوو بە توانایی و ئیرادەی خودی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە جێگای دەسەڵاتی راماڵراو بنیات بنێن.

یادی ١٠ ساڵەی هەڤدەی شوبات، هێندەی یادی راسانێکی جەماوەریی و شکۆداری سەردەمی خۆیەتی، زۆر لەوە زیاتر بیرخەرەوەی لاوازیەکانی و قەرزداری پڕ کردنەوەی لاوازییەکانیەتی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.