کۆمەڵە لەسەنگەری خۆیدا، هاتە دەنگ! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کۆمەڵە لەسەنگەری خۆیدا، هاتە دەنگ!

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

کۆمەڵە هاتەدەنگ و ئەم بە دەنگ هاتنەشی لەبەرگری کردن نەبوو لە کۆمۆنیزم و لە چینی کرێکار وجوڵانەوەیەکی گەورەی کرێکاران و برسییەکان و لاوان وئینسانیەتێکی بێێبەش، کە لەسەری ژیانێکی شایستەی مرۆڤ، لەسەری ئازادی و خۆشبەختی، دەسەڵاتی کەمایەتیەکی سەرمایەداری زۆرگۆی کوردایەتی، خستۆتە ژێر پرسیارەوە. دیکتاتۆریەتێکی چینایەتی و کۆنەپەرستیەکی بۆرژوایی کوردایەتی کە سەرانی کۆمەڵەی ئێستا تاکو ئەمڕۆ بۆئەوەی دڵییان گەرد نەگرێ، ئیرادێکیان لێی نەبووە، پێیان نەوتون لە پشتی چاوتان برۆیە.

کۆمەڵە هاتە دەنگ، بەڵام هاتنە  هاتنە دەنگی کۆمەڵە پاش خەوێکی قوڵی کەروێشکی بیست ساڵە،  لەسەری بەرگریکردن لە جوڵانەوەیەکی فراوانی چینی کرێکار و بێبەشان و نەوەیەکی لاو نەبوو کە نایەوێ چیتر سەر کزکا و ڕادەستی ژیانکردبێ لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارەی کوردایەتی و بەهەزار شێوە هاوار دەکا، ژیانی دەوێ، ئازادی دەوێ و دەیەوێ سەروەت و نازونیعمەتەکانی کۆمەڵگە، چارەنوسی خۆی و کۆمەڵگەکەی لەدەستی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارە، دەربهێنێ، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە کۆمەڵە یەکەمین دەمکردنەوە و هاتنە دەنگی کۆمەڵە پەلاماردانی ڕیزی چینایەتی ئازادیخواز و مافخوازی کرێکاریی و کۆمۆنیستی و چەپی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، هێرشکردن بوو بۆسەر شەریفترین و ڕادیکاڵترین دەرکەوتەی هەوڵ وتەقەلای ڕادیکاڵی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، لەبەرامبەر ئەم کۆنەپەرستیە بورژواییە تازە پێداکەوتوەی کوردایەتی. لەبەرامبەر کۆمۆنیزم و جوڵانەوەی شورایی و بێکاران و ئاوارەکانی، ژنان و منداڵانی، کە هەموو بەیەکەوە نیشانەی هاتنە سەری نەفەس و ڕەگەیەکی کۆمەڵایەتی وجەسارەتێکی سیاسی چینایەتی ڕادیکاڵ بوو کە چاوی بڕیوەتە ئازادی و یەکسانی و خۆشبەختی و کوردستانێک کە تیایدا، ئەمانە، گۆڕابن بە بەهاو ئەرزش و نۆرمی سروشتی ژیانی مرۆڤ.

بەڵام با بۆ ساتێک لە مێژووی واقیعی داببڕێین و فەرامۆشی بکەین. با گریمانە بکەین کە لەو مەملەکەتەدا کۆمۆنیزمێک نەبووە، شورایەک و جوڵانەوەیەکی شورایی نەبووە، جوڵانەوەی بێکاران و یەکێتی بێکارانێک نەبووە، جوڵانەوەیەکی ڕادیکاڵی یەکسانیخوازی ژنان و پیاوان و ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ژنان و منداڵان لە ئارادا نەبووە، با وای دابنێین چەپ و کۆمۆنیزم ڕایانکردوە و وا دابنێین، شاپورو قابیل ێک، ئومێد و ابراهیم و شێخ عەبدولێک، بەکر علی و نەزیر عومەرێک، سەردەشت و کاوەیەک لەسەردەستی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارە و لەژێر سایەو بە فەرمانی ئەو جەنابانەی بۆژوازی خۆ وڵاتیە، بە ڕۆژی ڕوون تیرۆر نەکراون و خوێنیان نەڕژاوە، وای دانێین بنکە و بارەگای هیچ حیزبێکی کۆمۆنیست و هیچ ڕادیۆو ڕۆژنامەیەکی کۆمۆنیست و ڕێکخراوێکی جەماوەری بە زۆری چەک دانەخراوە، ئێستا بە هەموو ئەم گریمانانەوە، هەر کرێکارێک ، هەر حەماڵ ۆ مامۆستا و کارمەندێکی شەق و پێلاقەخواردوی ئەم کۆمەڵگەیە هەر دایکێکی ڕۆڵە لە کیسچوی جەنگی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارە، لێشاوی ئەو ئینسانیەتە کرێکار و کۆشایەی کاردەکا و قوتی ژیانی، کرێ و موچەی لێ درێغ دەکرێ، کار دەکا و سەرپەنای گونجاوی لێ درێغ دەکرێ، دەستڕاگەیشتن بە تەندروستی وئیمکاناتی پزیشکی لێ درێغ دەکرێ‌‌‌‌‌‌، ژیانکردنی قابیلی مروڤی لێ درێغ دەکرێ، دەکرێ لەسەرانی سیاسەتزان و شارەزای دیپلۆماسی لە ڕێکخڕاوی کۆمەڵەی ئەمڕۆ بپرسن؛ خێرە ٢٠ ساڵە بۆچی دەم ناکەنەوە؟ ئایا بە ڕاستی ئەم پەستی و خەفەتە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بە شایانی حورمەت و شکۆی ئەم کۆمەڵگەیە وچینی کرێکارو ژن و لاو پیرەمێرد و پیرە ژنی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانن؟ ئەگەر بە شایانیان دەزانن، دەست لە دیپلۆماسی هەڵگرن و  سەرڕاست وەڵام دەنەوە ئەگەر نا ڕوونی بکەنەوە.

ئایا ئێوە نوسخەیەک کە بۆ سنەو سەقزو کوردستانی ئازیزتان لە ئەجەندەتان دایە هەمان  ئەو نوسحەیە کە تاڵەبانی و بارزانی و مللیگەرایی و بورژوازی لە سلێمانی و هەولێر نووسیان و پیادەیان کرد؟ ئایا بڕیارە لە بەیانی ئاڵوگۆڕەکانی ئێراندا هەمان چارەنوسی کوردستانی عێراق بۆ چینی کرێکار و ژن و لاوی سنەو سەقز بە دیاری بەرن؟ قەرارە لەوێش بەشێوەی تاڵەبانی و بارزانی دەرگای سەندیکا و شورا ببەستن و ئەجێندای سەرکوت و لە خوێن هەڵکێشانی چەپی کرێکاریی و کۆمۆنیزمەکەی پیادە بکەن، تا ئەگەر بە فەڕز شانسی ئەوەتان هێنا و بە درۆ و هەڵبەستن و بایکۆت و جەنگ و خوێن توانیتان کۆمۆنیزم جارێکی تر، یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی جاریکی تر شکست پێ بهێنن، بڵێن ڕایان کرد، بڵێن کوا لە کوێیە کۆمۆنیزم، هەمان کارێک کە ئێستا و ئەمڕۆ حیزبەکانی تری هاوخێزانتان لە کوردستانی عێراق، کردیان و ئێوە پۆزی پێوە لێ دەدەن؟

ئەگەر وانییە و وەڵامی ئێوە بەو پرسیارە ڕەوایە نەخێرە، ئیتر ئەوە ئێوەن دەبێ وەڵامدەرەوەبن و ئەگەریش وەک ئەوەی ئێستا دەیکەن وکردوتانە و ڕایدەگەیەنن، ئەوا کرێکاران و ڕابەرانی کرێکاریی و جوڵانەوەیەکی گەورەی چینایەتی کە لە دڵی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان دا هەر ڕۆژە بە مانگرتنەکانی، بە خرۆشانە خیابانیەکانی بۆ ڕوبەڕوبوونەوە گەورەترەکان ئامادە دەبێ، وەک وەڵامی ئەرێی ئێوە، وەک نوسخەیەک کە ئێوە نوسیوتانە بۆ ئایندە، لێوەردەگرن و دەریدەخا کە کەمپی ئێوە، سەنگەری ئێوە، لە جەنگ و دەعوای ئایندەی نیوان کریکار و کومونیزم و ئینسانیەتی بیبەش لەگەل کونەپەرستیەکی بورژوایی لەسەر ئازادی و خۆشبەختی و یەکسانی، نەک تەنیا لە سلێمانی و هەولێر، بەڵکو لەسنەو سەقز و پانتایی ئێران، هەمان کەمپی تاڵەبانی و بارزانی و فیدڕاڵ چیەکان و،  کەمپی دژی ئازادی و خۆشبەختی بۆرژوازییە.

٨.١.٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.