بە شودان یاخود فرۆشتنی ژنان وەک کاڵا نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

0

بە شودان یاخود فرۆشتنی ژنان وەک کاڵا

 

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

ساڵەهای ساڵە سەرمایەداری هەوڵی داوە پەیوەندی نێوان تاکەکان بگۆڕی و بەو ڕاستایە کە خۆی ئامانجێتی بیبا. جیهانی سەرمایەداری بەگشتتی ژیانی هەموو مرۆڤەکانی کرمۆڵ کردوە و خۆی خزاندۆتە نێو هەموو کەلین و قوژبنێکی کۆمەڵایەتی و شوێن دانەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانیان داناوە، جا لە هەر جێگایە و بەپێی شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەو شوێنە کەرەسەکانی بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ دەگوڕێ، ئەگینا ئامانج بە گشتی چەوساندنەوەی تاکەکانە. ئەگەر چاوخشاندنێکمان هەبێ بەسەر مێژوو و شارستانیەتی ولاتەکان دەبینین، هەرچەند بە خەستی باس لە پێشکەوتنەکانی دونیای ھەنووکەیی دەکرێ‌و وەک باشترین ئەلتەرناتیڤی دونیای نەریتی دەینرخێنن‌و بە توندی رەخنە ئاراستەی سیستمە کۆیلەدارییەکانی پێشووتری قۆناغی مودێرنیزم دەکەن، بەڵام کەمتر بارودۆخی کۆمەڵایەتی ‌و ژینگەی مرۆڤایەتی سەردەمی سەرمایەداری، وەک کۆیلەدارەتییەکی نوێ شرۆڤەی بەرانبەر دەکرێ. سیستمی کۆیلەداری مۆدێرن  بەسەر زۆر پەیوەندی ژیانی ئینسانی ئەم سەردەمەدا زاڵەو لە ھەر رەھەندێکەوە، بە ناخیدا رۆبچیتەوە، دیاردەی کۆیلەدارێتیمان پتر بۆ زەق دەبێتەوە. مۆدێرنیزم، پێشکەوتن، بە پیشەیی بوون، ماشینی بوون‌و…کۆمەڵێک دەستەواژەی پەیوەست، پەردەیەکی بەرین‌و ئەستوریان بەسەر ھەڵوێستی مرۆڤی رزگاریخوازدا کێشاوە کە بەشی زۆری ئەم یاسا دەستکردییانەی بە دڵ نییە و هەموو هەوڵی خستۆتە گەڕ ئەو یاسا دژە مرۆڤیانە بگۆڕێ. دیکتاتۆری سامان بە سەر ژیانی ھەنووکەیی مرۆڤی ھەزارەی سێھەمی زایینی، ئەنجامی دۆخێکە کە مەترسی تێداچوونی شارستانییەت‌و دەسکەوتە کەلتوورییەکانی ئینسانی بێ بایەخ کردووە.. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەردەم بۆتە شوێنی ڕمبازێنی ولاتە زلهێزەکان بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە وزە و کانگا ژێرزەوینیەکانی ئەو ناوچانە. شەڕ و ماڵوێرانی و هەژاری هەردەم دیاری دەوڵەتانی زلهێز بووە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوە سەروەت و سامانی ئەو بەشە بە تاڵان بەرن و قازانجی لێ ببینن. سەرمایەداری لەو بەشە دوو وەسیلەی مەترسیداری ئایین و پیاومەزنی هەیە بۆئەوە بەشێک لە هێزی کارامە بخزێنێتە کونجی ماڵەوە. لە زۆربەی ولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئایین نەخش و ڕۆڵی گرینگی لە ژیانی تاک هەیە. پیاوسالاری و ئایین تەنگی بە کۆمەڵگە هەڵچنیوە و ژنان و پیاوانی کردووە بەقوربانی. لە ناو سیستمە دیکتاتۆر و دواکەوتوو و عەشیرییەکان تاک هەردەم قوربانیە و شیرازەی بنەماڵە وەک یەکەیەکی بچووکی کۆمەڵایەتی شێواوە، وتمان بەو وەسیلە و کەرەسەی کە سەرمایەداری خواستێتی و بە کاری دەبا، چوونکە پەیوەندی بنەماڵە و بە گشتی مرۆڤەکان لە سەر ئەساسی پێویستی مادی و کۆمەڵایەتییە، نەک خۆشەویستی. پەیوەندیەک کە ئامانجی تەنیا بەرژەوەندی سیستمە نەک تاک و کۆمەڵگە. بێگومان هەردوک تاکی کۆمەڵگە بە ژن و پیاوەوە قوربانی ئەو سیستمەن، بەلام ژنان کە هەردەم لە لایەن ئایینەکانەوە چوارچێوەی دەسەڵاتیان بەرتەسک کراوەتەوە وچەوساونەتەوە لەو کۆمەڵگەیانەی کە سیستمی عەشیرەیی و ئایینی هەیە زیاتر بوونە قوربانی. ئەگەر بمانەوێ باس لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بکەین و بیدەینە بەر شرۆڤە بێ گومان لە بابەتێکی ئاوادا ناگونجێ ئەوەی مەبەستی ئەم وتارەیە دیاردەیەکە لە هەرێمی کوردستان کە لە ولاتانێکی وەک ئێران وعەرەبستان وتورکیەش بوونی هەیە. هەرێمی کوردستان لەسایە سەری دەسەلاتدارە گەندەڵ و عەشیرەییەکان کە هەردەم پڕوپاگەندەیان بۆ ئایینی قیزەونی ئیسلام کردووە و هەمیشە هەوڵیان داوە دەسەلاتی ژنانی کوردستان ئەو توێژەی کە ساڵەها بۆ نەمانی دیکتاتۆری خەباتی کردوە و لە سەنگەری پیشەوەی خەبات دژ بە دواکەوتویی دابوون و هەن بەرتەسک بکەنەوە. دەسەلاتی هەرێم بە ئامانجەوە بواری بۆ حیزبە ئایینی و ئیسلامی و دواکەوتوەکان رەخساند تاکوو پڕوپاگەندە بۆ چەواشەکاری و دواکەتویی بکەن هەر بۆ ئەم مەبەستەش بە دەیان مزگەوتی لەو ولاتە دروست کرد و دەیان مەلای دواکەوتووی ڕاسپارد لە مینبەری خورافەو نەزانی فتوا بە دژی مرۆڤەکان دەرکەن و مێشکیان بشۆنەوە. ژنانی کوردستان هەمیشە لە لایەن سیستم و دەسەلات و لە رێگای مەلا ئایینی و دواکەوتووەکانەوە کەوتونە بەر تانوت و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، ڕۆژانە لە مزگەوتەکان و ماڵەکانی خورافە مێشکی خەڵک دەشۆردڕێتەوە و بەردەوام ئەوە دەرخواردی خەڵک دەدرێ کە ژنان موڵکی سەرەکی پیاون و بەو جۆرەی ئایینی قیزەونی ئیسلام پەسندی دەکا دەبێ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. ئایینێک کە فرە ژنی بۆ پیاو بە ڕەوا دەزانێ بەڵام کچانی کوردستان بە تاوانی خۆشەویستی دەکوژێ. ماشێنی سەرکوتی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەناوی شەرع و خوا و ئیسلامەوە دەمێکە وەگەڕ کەوتووە، ڕۆژانە بە پیی ئامارەکانی خودی دەسەڵات ژنان و کچانی کوردستان بە تاوانی خۆشەویستی و ملکەچ نەبوون بە داب و نەریتی کۆمەڵگەی چەقبەستوو دەکوژرێن. بیر و بۆچوونێکی دژە ژن کە تەنانەت سنوورەکانی هەرێمیشی بەزاندووە و پیاوانی ئەو ولاتە لە ولاتانی رۆژئاواییش هەر بەو بیر و بۆچونە مامەڵە لەگەل هاوژینەکان و ژنانی بنەماڵەیان دەکەن و توندوتیژی وەک پرسێکی ڕوالەتی سەیری دەکرێ و زۆرجار ئاستی توندوتیژیەکە ئەوەندە مەترسیدارە کە خۆی لە کوشتنی ژنان لە دەرەوەی ولاتیش دەبینێتەوە. توندوتیژی و سوکایەتی بە ژنانی کوردستان لەو ولاتە وەک پرسێکی رواڵەتی لێ هاتووە و ئەگەر بمانەوێ لێرە باسی هەموو لایەنەکانی بکەین بێگومان نەک وتارێک، بەڵکوو بە دەیان کتێب لەخۆی دەگرێ، بەڵام ئەوەی کە هانی دام ئەو وتارە بنوسم دیاردەیەکی قیزەون و دواکەوتویە بە ناوی زوو بە شودان و لە ڕاستی دا فڕۆشتنی کچانی کەم تەمەنە بە پیاوانی بە تەمەن و دووژنە و سێ ژنە. ماوەیەکە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان سەرقاڵی تاووتۆی بابەتی بە شوودانی کچانی ژێر تەمەن بە پیاوانی بە تەمەنە کە زۆربەیان زیاتر لە دوو ژنیان هەیە. ئاستی کارەساتەکە ئەوەندە بەربڵاو و دیارە، تەنانەت ڕاگەیاندنەکانی خودی دەسەلاتیش ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن و بە بەرنامە و ئامانجەوە بە دواداچوون بۆ ئەو کەیسانە دەکەن کە لە خودی دەسەڵاتەوە خۆی خزاندۆتە ناو خەڵکی ئەو وڵاتەوە. کچانی هەرێمی کوردستان بە ناوی شەرع و ئایینەوە بوکەشوشەی دەستیان لێ وەردەگیرێ و خۆیان دەکەنە بووکی پیاوانێک لە ڕەنگی مەلا و مزگەوتە تاریکەکان و دەستدرێژیان دەکرێتە سەر. بە پێی ئایینی ئیسلام جسمی کچێکی نۆ سالان ئامادەی سێکسە و پیاو دەتوانێ بە پێی خواستی خۆی دەستدرێژی بکاتە سەر. ئایینێک کە خۆشەویستی بۆ ژنان بە تاوان دەزانێ و سزای بەردباران و کوشتنی بۆ مافی ژنان داناوە بەڵام دەستدرێژی بۆ سەر کچانی کەم تەمەن لە لایەن پیاوانەوە بە ڕەوا دەزانێ. سەرەرای پەردەپۆش کردنی ئەو پرسە ناڕەوا و دژە ژن و دژە مرۆڤیە لەلایەن دەسەڵات و خەڵکی دواکەوتوو، بەڵام چالاکانی بزوتنەوەی یەکسانی وەک هەمیشە هاتنە مەیدانی بەربەرەکانی لەگەڵ زوڵم و زۆر و ئەو کەسانەی ئەو کردەوە قیزەونەیان ئەنجام دا بوو، بۆیە تۆمەتباریان ناچار کرد داوای لێ بووردن لە خەڵک و ژنان بکەن وچەندین نمونە لەو تاوانانەیان هەڵوەشاندەوە. ئەوەی کە ئەو بارودۆخە خوڵقاندووە بێگومان دەسەڵاتە کە بۆتە هۆکاری کەم داهاتی و بی دەسەڵاتی بنەماڵەکان کە کچانی خۆیان لە ژێر ناوی مارەیی بفرۆشن، زۆرجار بۆ بڕە پارەیەک و زۆر جاریش بۆ ئەوە نان خۆرێک کەم بێتەوە. هەموو لایەک ئاگادارین هەژاری ئابووری بێگومان هەژاری کلتوریشی بەدوا دەبێ، بۆیە هۆکاری ئەو چارەرەشی و هەژاری وبێ دەرەتانیەی خەڵک لە هەرێم دەسەلاتی هەرێمی کوردستانە. خەلکی هەرێم دەبێ باش بزانن وەک چۆن توانیان بەر بە دواکەوتوویی بگرن و ئەو هاوسەرگیری و تاوان و دەستدرێژیە هەڵوەشێنەوە ئەگەر یەکگرتوتر بێنە مەیدانی خەباتەوە، دەتوانن ئەو دەسەلاتە هەڵتەکێنن و سیستـمێکی مرۆڤی دامەزرێنن. بێگومان خەڵکی ئازادیخوازی هەرێمی کوردستان ملکەچی ئەو دەسەلاتە دژە مرۆڤە نابن و تا ڕوخانی یەکجارەکی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە لە بەرەی پیشەوەی خەبات دا دەبن. بە هیوای ئەو ڕۆژەی دواکەوتوویی و زوڵم و زۆر لە هەرێم بنبڕ بکرێ و سیستمێکی مرۆڤ تەوەر کە ئامانجی هێنانە دی ژیانێکی ئینسانی و یەکسان بۆ ژنان وپیاوانی ئەو وڵاتەیە بێتە ئاراوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.