٢٥ نۆڤەمبەر پەیامی نەفرەت لەدەسەڵاتی دژە ژن بوو!

0

٢٥ نۆڤەمبەر پەیامی نەفرەت لەدەسەڵاتی دژە ژن بوو!

 عەبدوڵا مەحمود 

 ٢٥ ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی دژی توندوتیژی لە دژی ژنان بوو، لەم بۆنەیەدا دنیا بە بێداریەکی زیاتر و بەشێوەیەکی فراوانتر و لە ئاستێکی گەلێک بەربڵاوتردا، ڕێزی لەم ڕۆژە گرت… لایەنێکی سەرەکی ئەم بێداربوونەوەیە بەرینبوونەوەی بێ سنوری ستەمە لەسەر ژنان، بەتایبەتیش لەسەردەمی کۆڕۆنا ڤایرۆسدا. کۆڕۆنا ڤایرۆس بووە سەربار بۆ توندوتیژی لەوە پێشی ژنان. ئامارەکانی رێکخراوە ژنانەکان لەسەراسەری دنیادا، ئەوەیان خستە ڕوو کە بەرێژەی زۆر بەرز کە لانی کەمی %٣٠ یە توندوتیژی لەدژی ژنان لەسەردەمی کۆڕۆنا ڤایرۆسدا زیادی کردووە. ئەم ئامارە ڕاچڵەکێنەرە، بووە هۆی ڕاچڵەکاندن و تەکاندانی بزوتنەوە ژنانە ئازادیخوازو یەکسانیخوازو پێشکەوتنخوازەکان، تا مەترسی رێژەی ئەو توندوتیژییە بخەنە بەرچاوی کۆمەڵگە و هاوکات دەسەڵات و یاسا و رێساکان، بەرپرسیار بکەن لەو رادەیە لە بەرین بوونەوەی توندوتیژی هەمەلایەنە بۆسەر ژنان بەتایبەتیش توندوتیژی خێزانی. بەرین بوونەوەی بێکاری و لەگەڵ خۆشیدا فراوانبوونی رێژەی هەژاری و هەلکشانی برسێتی لەگەڵ خۆی هێناوە، بەهەر ئەندازەش بێکاری زیاد بکات، هەژاری هەڵکشیت، قوبانیانی چینی کریکار و خانەوادەکانین و لەناو خانەوادەکانیشدا ژنانن.

لە کوردستانیش، کە تاکە شوێنی دنیایە گۆرستانی بێ ناونیشانی بۆ ژنانی قەسابی کراوی دەستی شەرف و ناموسی لێبێت، دۆخەکە زۆر خراپترە. دەسەڵات بە بەدەستەوە گرتنی یاساکانی بەعس و بە ڕاخستنی فەرشی سور بۆ کۆنەپەرستانی ئیسلامی دۆزەخی بۆ ژنان خستۆتە گەر، کە تا ئێستا و لەژێر سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییدا بەدەیان هەزار ژن کوژراون یان ناچار بۆ خۆکۆژی و خۆسوتاندن کراون، و توندوتیژی هەمە لایەنەش لە خێزانەوە بۆ ناو قوتابخانەو کۆمەڵگەو شوێنی کار، بێداد دەکات… لە هەڕەشەو سوکایەتی و لێدانەوە، بۆ هەراسانکردن دەستدریژی سیکسی. ئەم جەهەنەمە واقعییە کە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی پشت گرێدراو بە دین و شەرع و یاسای دواکەوتوانە، خوڵقاندویەتی، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات… لەبەرامبەردا سەرانی حزبەکان و کاراکتەرەکانیان، کە یاسا دژە ژنەکان پەسەند دەکەن، پیاو سالاری دەمەزەرد و لە جێگای یاسای شارستانی، سوڵحی عەشایەری بەدەستەوە دەگرن، کەچی بێشەرمانە فرمێسکی درۆینە بۆ ژنان هەڵدەرێژن و پەیامی هاوخەمی بۆ قوربانیان رادەگەیەنن، کەچی هەر ئەو جەنابانە کە بەرپرسی سێڵاوی خوێنی دەیان هەزار ژنن، ئامادەنین یاسا کۆنەپەرست و توندوتیژەکان، بگوڕن و یاسای شارستانی سەردەمی لە جێگایان دابنێن. وە ئامادەنین بکوژانی ژنان، وەکو بکوژی دەستی ئەنقەست ڕادەستی دادگاکان بکەن، تا دادگا بە پاساوی شەرەف پاریزی کە ریشەی لەیاسای بێ موراڵی دەسەڵاتدایە، بکوژان ئازاد نەکەن.

٢٥ نۆڤەمبەر ئەگەر هەڵگری دەیان پەیامی نا وتن بە توندوتیژی بێت لە دژی ژنانی کوردستان، یەکێک لەو پەیامانە نەفرەتە لەو دەسەڵاتەی باکی بە کوشتن و خوێنبەربوونی جەستەی ژنانی قەسابی کراوی دەستی پیاوسالاری و شەرف پارێزی نییە… ئەو دەسەڵاتە چۆن تۆمەتبارە بە رەفتارە مافیاکانی، چۆن تۆمەتبارە بەرامبەر بە دزی و تاڵانی و نۆکەر پیشەیی و موچە بڕین و سەرکوتی ئازادیی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، ئەوا سەدان بەرابەر تۆمەتبارە بە زەمینەسازکردن و ژینگە خوڵقاندن بۆ کوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان. فرمێسکی ساختە و پەیامی بۆش، فریای هیچ ژنێک ناکەوێت بۆ ئازادی و خەفەکردنی هاوارەکانی دەستی زۆرو بێمافی… بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان ئەرکی گەورەی لەسەر شانە، بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو توندوتیژییە هەزار سەرەی یەخەگیری ژنانەو دەسەڵات، لە پشتیەتی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.