ترەمپ دەرکرا!

0

ترەمپ دەرکرا!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆتاییهات، ترەمپ وەکو کاراکتەرێکی شەقاوەچی لە پێگەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، وەکو نوێنەرێکی سەرشێتی بۆرژوازی، ڕاونرا.

مەسەلەی میحوەری لەم هەڵبژاردنەی ئەمریکادا، کۆتاییهێنان بوو بە ترامپ و دیاردەی ترامپیزم بەوێنەی نوینەرێکی بۆرژوازی راسیست و تاکڕەو کە ژێر پێخستنی پرانسیب و تەعوهودات و نەریتە جێکەوتوو بڕیار لێدراوەکانی بۆرژوای، بەشێوەیەکی بێشەرمانە، شەرمەزار دەکرد. ترمپ لە چوار ساڵی رابردوودا هەوڵیدا نەریتێک و رەوەندێکی تر بدات بە کاراکتەری سەرۆک لە ئەمریکادا، پاشەکشەکردن لە هاوپەیمانیەتیەکان، هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک لە رێکەوتنامەکان، کشانەوە لەزۆرێک لە پابەند بوونەکان، شێواندنی زوربەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، لێکهەڵوەشاندنەوەی رایەڵ و پۆی پەیوەندی باڵەکانی بۆرژوازی لەناوخۆیدا، دەستوەردانی بێ نەخشەو و تەنگە نەفەس لە وڵاتانی جەنگ زەدەو ئەزمەگرتووی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، سەرلێشوان لە مامەڵە لەگەڵ بلۆک و قوتبە ناوچەیەکان، کایەکردن بەرۆڵی قوتبەندی نوێی دنیا لەئاستی زل هێزەکان و نەیارانیدا، مامەڵەکردن بەسیاسەت لەرێگای زۆربۆهێنانی ئابوری و داسەپاندنی باجی گومرگی و ئابلۆقە داسەپاندنەکان، دەستبردن بۆ کردەی سەربازی وەکو کاردانەوەو نەریتێکی مافیایی، پەرەدان بە راسیزمێکی ئاشکرا و بەپشتیوانی دەوڵەت، قوڵکردنەوەی هەڵاواردنە رەگەزی و ئتینیکی و دینی!!،یەکان تێكدانی باڵانسی نێوان ئۆرگانەکانی بڕیار لە سیستەمی ئیداری و سەربازی و سیاسی و تەنانەت دادوەری ئەمریکادا… و تەنانەت قبوڵ نەکردنی ئاکامەکانی هەڵبژاردن و دان نەنان بە شکستیدا، هێندەی تر پرسی گەمەی هەڵبژاردنی وەکو قەلغانێکی بەرگری لە سیستەمی بۆرژوازی، سوکتر و ریسواتر کرد. ئەمانە چەند گۆشەیەک لەدیاردەی ترامپیزم بوون… لەگەڵ ئەوەدا ترامپ دەرهاویشتەی سیستەمی گەنیوی سەرمایەداری بوو، بەڵام هاوکات بووە نموونەیەکی قیزەونیش بۆ خودی سیستەمی سەرمایەداری و بۆرژوازی ئەمریکاش.

لەم هەڵبژاردنەدا لادانی دیاردەو کۆتایی بە دەسەڵاتی ترامپیزم، لە سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکادا بنەما بوو، جۆبایدن دەرهاویشتە و بەرهەمی شکستدانی ئەم ترامپیزمە بوو.

دیارە چ ترامپەکان و چ بایدنەکان… نوێنەری نیزامی سیاسی و ئابوری بۆرژوازین، بەڵام خاوەنی نەریتی تایبەت و پەیرەوی لەشێوازی کاری جیاواز دەکەن. هەر وەکو چۆن نیزامی سەرمایەداری لە گشتیەتی خۆیدا، خاوەنی دەیان و سەدان دەوڵەتە، بەڵام ناکرێت سویسرا و سوید و نەرویج و دانیمارک و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەراورد بە ئیران و عیراق و سوریا و فەنزویلا و چین و وڵاتانی ئەمریکای لاتین و باکور و باشوری ئەفریقیا بکرێن، تەنانەت ناکرێت وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا بەراورد بە بەزوربەی وڵاتانی ئەوروپاش بکرێن. بەهەمان پیودانگیش سەران و کاراکتەری سیاسی هەر کام لەم سیستەمانە” کە هەموویان سەرمایەدارین” ناکرێت وەکو یەک تەماشابکرێن. ئەمە بۆ ناو یەک دەوڵەتیش راستە… رەتکردنەوەی ترەمپ بەمانای قبوڵکردنی بایدن.. نییە، بەڵام هاوشان کردنیان بەیەکتریش، دروست نییە. دەشێت بایدن وەکو دریژکراوەی زوربەی هەرەزۆری سەرانی هەلبژێردراوی ئەمریکا لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان تەماشابکرێت، بەڵام ترامپ نا… ترامپ کاراکتەرێکی ناوازەی سەرۆک لە میژووی زیاتر لە چوار دەهەی ئەمریکادا بوو… بۆخودی بۆرژوازی ئەمریکاش، مایەی شەرم و نامۆفەق لەنوێنەرایەتی کردنی بۆرژوازی و نەشارەزا لە کاری سیاسی و سەرچڵ لە بڕیار دان و تەنگەنەفەس لە کاردانەوەکانی و مایەی لێکترازان لە ریزەکانی بۆرژوازی جیهانی و تەنانەت ناوخۆی ئەمریکادا، بوو. تاکە سەرۆک بوو کە هێندە پیشێلکاری بەرامبەر بە تەعەهودات و مقەرەراتە ناوخۆیی و نیودەوڵەتیەکان بکات و لە ریکەوتنامەکان بکشێتەوە. کاراکتەرو شەخس رۆڵی لەسەر سیاسەت و دەسەڵات و ئیدارە هەیە… ئەمە نەک بۆ بۆرژاوازی بەڵکو بۆ بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیەکانی تریش هەروایە. تەنانەت بۆ بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیش رۆڵی کاراکتەر و کەسایەتی سیاسی، وەکو یەک نین… لینین وەکو رابەری حزبی بۆلشویک و شۆرشی روسیا بەراورد بە کەسایەتیەکانی تر هەمان وڵات و حزب ناکرێت… مەنسور حکمەت رۆڵی بەروارد بە کاراکتەرە سیاسیەکانی دوای خۆی ناکرێت.

هێندێک دەڵێن، بایدن وەکو ترەمپ ناتوانێت ئاڵوگۆڕ بکات و لەخزمەت جەماوەری بێبەشدا بێت… لەکاتێکدا لەهیچ جیگایەکی دنیا ئاڵوگۆڕ و خزمەت و ئەو مافە فەردی و مەدەنی و پەراوێزە سیاسیەی هەیە، بەرهەمی دەسەڵاتی سیاسی نییە و نەبووە، بەڵکو بەرهەمی لەمەیداندابوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە و گوشاری شەقام توانیویەتی ئەم دەستکەوتانە بەدەست بهینێت. نە بایدن و ترمپ و نە هیچ وڵات و دەوڵەتێکی بۆرژوازی لەهەر تیپێک بێت، بەخۆشی خۆی نە دەستی بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی بردووە و نەماف و خواستەکانی جەماوەری لەخوارەوەی خەڵکی وەکو خێر دابەش کردووە، بەڵکو بەخەبات و تیکۆشان داسەپێنراون.

ترەمپ دەبوو بڕوات، بەڵام نەک لەبەرئەوەی ئەوەی دوای ئەو دێت، دەستبڵاوە لەبەخشینی ئازادی و مافە فەردی  ومەدەنیەکان و لە دابینکردنی ویست و خواستەکانی جەماوەردا، بەڵكو لەبەر ئەوەی ترەمپ مەعدەنێکی دەگمەن بوو لەگەڵ دنیای سیاسەت و تەنانەت لە مامەڵە لەگەڵ پیودانگ و نەریتە باو و جێکەوتوەکای خودی دەسەڵاتی بۆرژوازیشدا.

سەرانی بۆرژوازی لەهەموو گۆشەکانی دنیاوە بروسکەی پیرۆزبایی بۆ بایدن دەنێرن، بروسکەکان هێندەی نەفرەتن لە ترەمپ و کارنامە چوارساڵیەکەی، نیو ئەوەندە بروسکەی ئاسایی بۆ سەرکەوتنی جۆ بایدن نین. پەیامی پیرۆزبایی بۆ بایدن بە ناوەرۆکی نەفرەت ئامێز لە ترەمپ و ترەمپیزمن.

بەکورتی، ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا، سەرباری ئامادەیی و پشتیوانی رەوتێکی بەرینی راسیستی، راونراو، ئەمەش گورزێکە لە راسیزم و پۆپۆلیزمی ترامپیزم، هاوکات ئاڵوگۆر لە سیاسەتی ئەمریکا، لەپەیوەند بە زۆر مەسەلەی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەگەر زۆر کەمیش بێت پێک دێت. هاوکات ئەم ئالوگۆرە لەسەرۆکایەتی ئەمریکادا، ئەمریکا پابەند بە بەبەشێک لە ریکەوتنامە و پەیماننامەو نەریتانە دەکاتەوە، کە پێشتر و دەوڵەتی ئەمریکا، پێی وابەستە بووە.

دیارە دنیا بێ ترامپەکان باشترە، بەڵام دنیای باشتر بۆ مرۆڤایەتی، بەبێ گۆرینی ریشەیی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابورییەی ئێستا، وەهمە.

ناوەڕاستی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.