ئەوروپا  لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسی توندڕەودا تەسلیم بووە!! (ئەوروپای فرەیی، کە وازی لەشەڕی ئایینی هێنا، ئێستا چۆکی داداوە لەبەردەم ئیسلامی سیاسی توندڕەوی دڕەندەدا .!!) نووسینی: حامد عەبدالصمد

0

ئەوروپا  لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسی توندڕەودا تەسلیم بووە!!

(ئەوروپای فرەیی، کە وازی لەشەڕی ئایینی هێنا، ئێستا چۆکی داداوە لەبەردەم ئیسلامی سیاسی توندڕەوی دڕەندەدا .!!)

نووسینی: حامد عەبدالصمد

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: شوان عەزیز

Middle East Media Research Institute

ئیسلامیەکان دیسان لە ئەوروپایان دایەوە. تیرۆریستەکان لەماوەی دوو هەفتەدا، چەندین هێرشیان ئەنجامداو جوانترین شاری ڕۆژئاوایان هێنایە لەرزە. بەوەش چەندین پرسیاریان هێنایە گۆڕێ دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی ئەوروپا لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا. ترس دڵی دانیشتوانی پاریس و نیس و درێزدەن و ڤێننای داگرت، بەڵام هێشتا سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا پەشۆکاون و نازانن چۆن ئەو دڕندەیە لەناوبەرن کەهەر خۆیان بوونە هۆی گەشەکردنی لە ژێر ناوی فرەیی و لێبوردەیی فرە کەلتووری دا.هەر لەدوای یازدەی سێپتەمبەرەوە، من دەبیستم کە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوایی دەڵێن، “ئیتر لێبوردەیی لەبەرامبەر ئەوانەی لێبوردەییان نییە نابێت”؛ یاخود دەڵێن: “ئیتر لەمەودوا بەدەستێکی پۆڵایین تیرۆریزم لەناو دەبەین”.

هەرچۆنێک بێت، ئەو گفتانە شتێک نین، بێجگە لە قسەی بۆش، وە تەنها مەبەستیان لەم قسانە هێورکردنەوەی ڕای گشتی شەقامە. تەنها سەرۆکی فەرەنساو ڕاوێژکاری نەمسا بوێری ئەوەیان هەبوو بە ئاشکرا ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی و لە ڕابەرەکەی کە ئەڕدۆغانە بگرن. لە کاتێکدا کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنجێلا مێرکڵ، خەون بەوەوە دەبینێت کە بۆ کردنەوەی زیاتری دەرگای وڵاتەکەی تاکو موسڵمانی زیاتر بێنە ناویەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت. ئەو موسڵمانانەی کە دەڵێن لەبەر زەبروزەنگی دەسەڵاتداران ڕایانکردووە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی. ئیسلامی سیاسی کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی تێکداو خەڵکەکەی خستنە ناو زەلکاوی نەزانی و تاریکی و بووە هۆی شەڕی تائیفی و ئەهلی، وا ئێستا خۆی خزاندۆتە ناو وڵاتانی ئەوروپاو دەیەوێت یاساکانی خۆی بسەپێنێت بەسەر یاسای نەوەکانی ڤۆلتێر و کانت و مۆزارت دا. ئیسلامی سیاسی وای لە موسڵمانان کردووە کەخۆیان گۆشەگیر بکەن لەناو گەڕەکە هەژارنشینەکانداو تێکەڵ نەبن لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتەی کە ئەوانی وەرگرتووەو کردوونی بەهاووڵاتی خۆی. ئێستا ئەو ئیسلامە سیاسییە هەوڵی ترس و تۆقاندنی هەرکەسێک دەدات کە ڕەخنەی لێبگرێت. دەیەوێت بزانێت ئاخۆ مامۆستایایەک چی دەڵێتەوە لەناو پۆلدا و مامۆستایەکی زانکۆش چ جۆرە بابەتێک پێشکەش دەکات و نوسەرو ڕۆژنامەنووسێکیش چ دەنووسن و چ کتێبێک بڵاودەکەنەوە.

دوای هەڕەشەی کوشتن لەسەلمان ڕوشدی و کوشتنی چارلی عبدو، ئێستاش مامۆستای مێژوو ساموێل پاتیان سەربڕی. هەر لەبەر ئەوەی کە کاریکاتێری چارلی عەبدووی لە ناوپۆلدا پیشانی خوێندکارەکان دابوو تا گفتووگۆی لەسەر بکەن هەم موسڵمان و هەم نا موسڵمان. چونکە بابەتەکە بریتیبووە لە ئازادی ڕادەربڕین و بەریەک کەوتنی لەگەڵ هەست و سۆزی موسڵمانان لەفەرنسادا. بەڵام ئیسلامی سیاسی نە گرنگی بە ئازادی ڕادەربڕین دەدات و نە بە هەست و سۆزی موسڵمانانیش. ئەو تەنها گرنگی بەسەپاندنی بیروڕاکانی خۆی و شێوەژیانی خۆی دەدا لەهەر شوێنێک کەچووە ناویەوە. هەست و سۆزی موسڵمانان لەلای ئیسلامی سیاسی هیچ شتێک نییە، تەنها بەکارهێنانیەتی وەک بەنزینێک بۆ بەرپاکردنی شەڕو ئاژاوە.

من ٢٥ ساڵ پێش ئێستا هاتم بۆ ئەڵمانیا بۆ ئەوەی لێرە بە ئازادی بژیم. هەروەها بۆ ئەوەی بتوانم ڕای خۆم  بە بێ ترس و بەبێ ئەوەی لەسەر ئەو بیروباوەڕە بخرێمە زیندانەوە دەرببڕم. بەڵام لەدوای هەموو ئەو ساڵانە، دوای بڵاوکردنەوەی ١٠ کتێب لە ئەڵمانیادا، کە زوربەیان ڕەخنە بوون لە ئیسلام، من ئێستا دەبێ هەر لەناو ئۆتۆمۆبێلی گوللە نەبڕدا هاتوچۆ بکەم. ناتوانم بچم نانیش بکڕم ئەگەر ٧ پاسەوانی سەر بەهێزی تایبەتم لەگەڵدا نەبێت. هەروەها ناتوانم بچم لە شوێنێک بابەتێک پێشکەش بکەم ئەگەر یەلەگی گولە نەبڕم لەبەردا نەبێت. ئەوەتا من لێرە لەناو جەرگەی ئەوروپادا لە زیندان دام. هەموو ڕۆژ ترسم لەژیانی خۆم هەیە، چونکە ئەو دڕندە ئیسلامیە سیاسییە لە پێش مندا خۆیکرد بەناو ئەڵمانیاداو دەستی بەدرووستکردنی مزگەوت کرد. مێشکی چەندین نەوەی موسڵمانی ژەهراوی کرد. ئەو موسڵمانانەی کە هاتنە ئەو وڵاتە لە ترسی دەسەڵاتدارانی پێشووی خۆیان کە ئیسلامی سیاسی هاوکاریان بوو لە وێرانکردنی وڵاتەکانیان.

خەڵکی وەک و من ئاسایی ناتوانن بە شەقامەکانی ئەوروپادا پیاسە بکەن بەبێ پۆلیسی پاسەوان. لەکاتێکدا سەلەفیەکان و تێرۆریستەکان بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ ترس پیاسە دەکەن، لە ناو مزگەوتەکانیان چیان بوێت فێری خەڵکی دەکەن و پەنجەی هەڕەشەش لەهەر کەسێک بەرز دەکەنەوە کە ڕەخنەیان لێبگرێت. زوربەی ئەو تێرۆریستانەی کە لە ئەوروپادا کاری تیرۆریستیان ئەنجامداوە ناسراون لەلایەن هێزی ئاساییشەوەو بە کەسانی توندڕەوی ئیسلامی و وەک هەڕەشەش بۆ سەر ئاساییشی گشتی خەڵک ناوزەد کراون. هەندێک لەوانەش هەوڵی کاری تیرۆریان داوەو گیراویشن لەسەر تێوەگلانیان لە چالاکی و کاری تیرۆریستی دا.

ئەوروپا شانازی دەکات بەبەها ڕۆشنگەری و فرەیی و فرە کەلتووری خۆیەوە. ئەو کیشوەرەی کە دژایەتی خۆی بۆ شەڕو جەنگە ئایینیەکان و دادگاکانی پشکنینی ئایینی ڕاگەیاند، کە لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری بە ڕۆڵەکانی دا،  ئەو کیشوەرەی کە ڕێگای ئازادی خۆشکرد بە ڕەخنەگرتن لە ئایین و سیستەمی پیاوسالاری، ئێستا ئەو کیشوەرە ڕێگای داوە بە ئیسلامی سیاسی و دادگاکانی پشکنینی ئەو ئیسلامە سیاسیە کە بگەڕێنەوە مەیدان و ببنە فەرمانڕەوا بەسەر نووسەرو مامۆستاو نووسەرانی شانۆو ئەکتەرەکانی لەسەر خاکی خۆیان. شکستی ئەوروپا لە شەڕدا لە دژی ئیسلامی سیاسی و تیرۆردا تەنها شکست نییە لە ڕووی ئاساییشەوە، بەڵکو شکستە لە ڕووی فێرکردن و پەروەردەو ڕۆشنگەریەوە. ئەوروپا ئێستا خۆی تەسلیم بە ئیسلامی سیاسی کردووە. لە باتی داخستنی ئەو مزگەوتانەی کە توندوتیژی و رق و کینە  بڵاودەکەنەوە، داوا لەو ڕێکخراوە ئیسلامییە دەکات کە پاڵپشی لە ئەڕدۆغان و ڕێکخراوی برایانی موسڵمان، ئیخوان مسلمین، دەکات  کە بەرنامەی خوێندن و پڕۆگرامی خوێندن بۆ منداڵانی موسڵمان دابنێن لە ئەڵمانیاو نەمسادا. لە جیاتی سزادانی ئەڕدۆغان، کە بووەتە پاڵپشتی ڕەسمی تێرۆر و بەگەڕخستنی بەکرێگیراو و چڵکاوخۆری ئیسلامی لە سوریاو لیبیاو ئەرمینیادا، ئەوروپا ئێستا ساڵانە هاوکاری تورکیای ئەردۆغان دەکات بە بڕی ٣ ملیار یورۆ هەر بۆئەوەی ئەڕدۆغان نەهێڵێت هیچیتر پەناهەندە لە تورکیاوە خۆی بگەێنێتە ئەوروپا.

بەڵێ سەردەمی بەهاکان کۆتایی هات. ئەوروپا ئێستا باوەشی کردۆتەوە بۆ قەتەر، تورکیاو ئێران لە پێناوی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی خۆیدا. بەو کارەش ئەوروپا خیانەت لەو بەهاو پرنسیپانە دەکات کە هەر خۆی لە پێناویاندا قوربانی زۆری داوە. بۆیە ئەو تیمساحانەی کە ئەوروپا ئامێزی بۆکردوونەتەوە لەوە دەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوروپا قووت بدەن. ئەو هەڵمەتە ئێستا دەستی پێکردووە و ئەوروپاش بەبێهێز دیارە. بەداخەوە ئەوەی کە لە ئەوروپا ئێستا بەجێماوە و دەبینرێت تەنها گرێی کۆنی هەست بەتاوانکردنی وەک ئیمپریالیزم و کۆیلایەتی و هۆڵۆکۆستە. باڵی ڕاستی توندڕەوی ئەو کیشوەرە دەیەوێت کیشوەرەکەی لە ڕق و کینەو توندوتیژی  ئیسلامی سیاسی  ڕزگار بکات، بەڵام بەهەمان میتۆدی  توندوتیژی و ڕق و کینەوە کە ئەمەش هیچی کەمتر نییە لەو میتۆدەی کە ئیسلامی سیاسی توندڕەو پەیڕەوی لێدەکات لە دنیادا. دەمێنێتەوە سەر کەسانی میانەڕەوی ئەو کیشوەرە کە گوێی پێنادەن بە بیانووی لێبوردەییەوە. ئەوانە لێدەگەڕێن کە چەپەکان و ڕاستڕەوەکان و توندڕەوەکان لەنێوخۆیاندا بەردەوام بن لە شەڕلەگەڵ یەکتردا.

ڤۆلتێر و کانت بە دڵنیاییەوە لە قەبرەکانیان دێنەدەر کە دەبینن، سیاسەتمەدارانی وڵاتەکانیان گوێ بە لایەنگرانی  بەهاکانیان و ئازادی و ڕۆشنگەری نادەن و لەولاشەوە دەچن باوەش دەکەنەوە بۆ ئەو لایەن و کەسانەی کە ڕق و کینەو توندوتیژی بڵاودەکەنەوە لەو کیشوەرەدا. هەروەها لەدژی بەهاکانی ئەو کیشوەرەش کاردەکەن. بە دڵنیاییەوە ڤۆلتێرو کانت دەست دەکەنە گریان کە دەبینن مامۆستایەک لە شەقامێکی پاریس دا سەری دەبڕن و لە گۆماوی خوێنی خۆیدا دەگەوزێ.. بە دڵنیاییەوە دەبێتە جێگەی پرسیار بۆیان کە هەموو ئەو شتانەی ئەوان وتیان یان نووسییان هەمووی بەخۆرایی ڕۆیی. بە دڵنیاییەوە تووشی نیگەرانی و بێهیوایی دەبن کە دەبینن خەڵکی ئەوروپا نیشانەی “ئێمە هەموومان چارلی عەبدوین” بەرز دەکەنەوە دوای ئەو هەموو قوربانیەی کە ئەو کیشوەرە دای لە پێناوی ئازادی و ڕادەربڕیندا. وە لەهەمان کاتدا گوێ بەو هەموو ئاگادارکردنەوانە نادەن کە ڕەخنەگران لە ئیسلامی سیاسی هەیانە. ئەو سیاسەتمەدارانە پێیان وایە ڕەخنەگری ڕاستەقینە تەنها ئەوانەن کە مردوون.

سەروەت و سامان، گوێ پێنەدان و تێگەیشتنی نادروست و سادەیی دەربارەی لێبوردەیی ئەو کیشوەرە بێ وێنەو جوانە، ئەوروپای بەرەو داروخان بردووە. کۆتاهەمین مێرگ و مەیدانی ئازادی کە ئەو کیشوەرەیە، وا ئێستا ڕاستڕەوە چەوساوەکان خۆیان تێخزاندووەو دەورەش دراوون بە کۆچبەرانی نایاسایی.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی ئێمە لە دژی ئیسلامی سیاسی هەر بەردەوام دەبێت. دەبێ ئەو هەڵمەتە بە تەنها لە ڕۆژهەڵاتدا بەڕێوەبەرین. دەبێت ئەو تەجروبەیە بەکاربێنین لەدژی ئەو دڕەندەیەی ئیسلامی سیاسی کە ئێمە لە مێژووی خۆمان و لە مێژووی ئەوروپاوە فێری بووین. ئەو دڕندە ئیسلامە سیاسییە کە ئایین بەکار دێنێت وەک ڕێبازی سیاسی، تێربوونی نییە تا هەموومان قووت نەدات.

ئێمە ئەوە فێربووین کە کەلتوورەکان وەکو ئەو کۆشکانە وان کە منداڵان لە لم درووستیان دەکەن و دێن و دەڕۆن و هیچ شوێنەواریش لەپاش خۆیان بەجێنامێنێت. بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە کەلتوورەکان بەرەو ڕووخان و لەناوچوون دەچن نەک هەر بە هێرش و پەلاماری دەرەکی بەڵکو، کاتێک کە دەکەونە بەر پەلامارو هێرشی ناوخۆیش هەر لەناو دەچن و دەڕوخێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.