بۆرژوازی لە ڕاشکاوی دا

0

بۆرژوازی لە ڕاشکاوی دا

بارزانی کوڕ بە ڕاگەیاندنی ڕاشکاو و بێ ئەملاوئەولای بەرنامە و ئەجێندای حکومەتەکەی سەبارەت بە تایبەتیکردن  و فرۆشتنی کەرتی کارەبا و خزمەتگوزاری و سەکتەرە گرنگەکانی ژیان بەکۆمپانیاکان و بازاڕ، زەنگی قۆناغێکی تری جەنگی بێ ئەمانی خۆی وچینەکەی لە دژی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگەی، لێدا.

بۆرژوا و سەرمایەدارە بە ویقارەکانی مەملەکەت،  بە چاوی تێر و خەندە لەسەرلێو، بێئەوەی کەمترین وسادەترین خەمێکی نان و ژیان، بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ موچەیی و بێ داو دەرمانی ناڕەحەتیان بکا، لەپای قسەکانی سەرۆکەکەیان دانیشتن وفەرمانی، گرتنەوەی کارەبا و ڕوناکی و سەپاندنی تاریکیشیان، لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی هیلاکی ژێر دەسەڵاتیان، وەرگرت.

لە حەوشەی پەرلەمانەکەیانەوە، کەوکەبەی ئەو بۆرژوا بە ویقارانەی مەملەکەت دواتر بەسواری ئۆتۆمبێڵە گرانە ئاخیر مۆدێلەکانیان، بەرەو ماڵە گەرم و ڕوناکەکانیان گەڕانەوە، تادواتر لەشاشەی تەلەفیزیۆنەکانینانەوە، کە ژمارەیان کەم نییە، بکەونە زۆربڵێی بۆ ئەوەی کرێکاران و خەڵکی برسی و نەداری کۆمەڵگە قایل بکەن کە چ کارێکی باشیان کردوە، مافی دەستڕاگەیشتن بە ڕۆشنایی و گەرمی وساردی کارەبایان. بە تەواوی تەسلیمی دەستی کۆمپانیاکانی خۆیان کردوە.

پەیامێک کە بورژوازی بە چینی کرێکار و جەماوەری برسی دای،  زۆر ڕوون و ڕاشکاو،  پوختەکەی ئەوە بوو کە هیچ شتێک نابێ و ناکرێ لەدەرەوەی دەسەڵاتی سەرمایەو کۆمپانیاکان بێت. ئەگەر خەڵک دەیانەوێ ڕۆشناییان هەبێ، دەبێ ئیجازەی مافی ڕۆشنایی هەبوون و لە ڕۆشنایی دانیشتن و بەکارهێنانی تەلەفیزیۆن وئەنتەرنێت و ساردی وگەرمی، لەسەرمایە و کۆمپانیاکان بکڕن و ئەوەش مانای ئەوەیە کە لەتوانای کڕینی خۆیان کە هەر ئێستا بەشی ژیانێکی هەرە سادە ناکا بکڕنەوە، ئەگەرنا دەبێ لە تاریکی دا بژین.

ئەگەر خەڵک دەیانەوێ، منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە، دەبێ بەهەمان شێوە سەیر بکەن دەتوانن خەرجی خوێندن و دەفتەر وقەڵەم و جانتاو پێداویستیەکانی خوێندن دابین بکەن و خەرجی کرێی فێرکردنی منداڵەکانیان بەو کەمایەتیە سەرمایەدارە و کۆمپانیاکانیان بدەن، ئەگەرنا، ڕۆڵەکانیان دەبێ دەست لە مافی خوێندن بشۆن و ئەگەر پێویستیان بە دکتۆر و نۆڕینگە وداودەرمان هەیە، ئەوا دەبێ مافی بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لەوانە بە کۆمپانیاکان بدەن. بە کورتی مافی ژیان و گەرمی و ساردی و ڕۆشنایی و سەلامەتی و خوێندن و هەموو شتێک دەبێ لە سەرمایەداران بکڕنەوە. مانیفێست و ئەجێندایەک کە ئامانجەکەی پیادەکردنی کۆنەپەرستیەکی بۆرژوازییه لەوپەڕی خۆیدا، سەپاندنی هەژاری و فەلاکەتێکی ئابوری وسیاسی و کۆمەڵایەتی لە ماکسیماڵترین شێوەی خۆیدا کە لە خوار ئەوەدا ، مافی ژیانێکی سەلامەت و مانەوەیەکی کۆمەڵایەتی شەرافەتمەندانە بۆ مرۆڤ ئیتر دەبێتە خەیاڵ، هەلومەرجێک کە هەواڵێک لە بیمە دەرمانی وتەندروستییەکان و بیمەی بێکاری و مەسکەن و سەرپەنایەک و لەهیچ جۆرە سیستەمێکی ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەواڵێک نییە.

تەواوکەر و ڕوی دووەمی ئەم مەهلەکەیە کە بارزانی کوڕو سەرجەم ئۆردوی بۆرژوازی  کۆنەپەرستی و ئیستیبدادێکی سیاسیە کە تیایدا ئازادی  ئیعتراز ومانگرتن، ڕێکخراوبوون، بیروڕای ئازاد و ئازادئەندێشی  قەدەغەیە و سیاسەت و هەوڵوتەقەلای  سیاسی  له  کرێکاران و بێبەشانی  کۆمەڵگە  زەوتکراوە، کورتیەکەی دۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی و ئەخلاقی هەمەگیری چینی کرێکارو بەشەرییەتی بێبەش به کەمایەتیەکی سەرمایەداری دژی ژیان، دژی ئازادی و دژی هەر پێشڕەویەکی سیاسی کۆمەڵایەتی و ئینسانی.

دنیایەکی وێران و شێوەژیانێکی پەست کەسەرمایەدارانی نوپای کوردایەتی خەونی پێوە دەبینن، دنیای ئۆردوی سەرمایە و  سەرمایەداران کە تیایدا  ژیانکردن و ئازادانە ژیان، خۆشبەخت و خۆشگوزەران ژیان و کەڵک وەرگرتنی یەکسان لە داهات وئیمکاناتی خوڵقاوی دەست و تەقەلای بە کۆمەڵ و تاکی خۆیان، مافێکی سروشتی نییە کە مرۆڤ لەگەڵ هاتنە دنیاوە دەبێ هەیبێت، بەڵکو هەوڵوتەقەلایەکی کوێرانەیە کە هەموو ڕۆژێک دەبێ تکە تکە لەڕێگەی فرۆشتنی هێزو وزەی خۆی بە سەرمایە،  هەڕاجی بکات، دەستی لێ بشوات تا بەقەولی مارکس لە جێگایەک سەرپەنایەکی هەبێ، لەسەرمێزێک نان بخوا و بخواتەوە.

بارزانی کوڕ لە زمانی سەرجەم بوژوازیەوە، بە ڕاگەیاندنی ڕاشکاوی ئەجێندای خۆی و چینەکەی، مەسەلەکەی بۆ چینی کرێکار و بە شوێن ئەویشدا بۆسەرجەم ئۆردوی برسیەکان و بێبەشانی کۆمەڵگە سادە کرد و تەنانەت هیچ دەرفەتێکی بۆ خۆشباوەڕی بەوە نەهێشتەوە کە ئەم دەوڵەت و حاکمیەتە، دە وڵەت وحاکمیەتی کەمایەتیەکی سەرمایەداری زۆرگۆیە کە تەنانەت هەمان ئەو ژیانە پەست و خوارشکۆی مرۆڤ و ناقابیلەی سەپاندویانە بەزۆر دەزان، هەمان ئەو مەهلەکەیەی کە ناویان لێناوە ژیان و لەو بازاڕە بێدەرو پەیکەرەی بازاڕی کاری هەرزان بە زۆر دەزانن و بە نیازن چەندین هەنگاوی تر ئەم وێرانەیەی ژیانە، بەسەرسەری ئینسانیەتی کرێکارو بێبەشی کومەڵگادا وێرانتر بکەن.

ئەگەر هێشتا کارەبا و ڕۆشنایی و دەریچەیەک بۆ ژیان هەیە، ئەگەر هێشتا خوێندن وفێربوونێک هەیە، ئەگەر هێشتا کۆمەڵگە تەنانەت لەشێوە هەرە سەرەتاییەکەی خۆیشی دابێت بەپێوە ڕاوەستاوە، بەهیمەتی هەوڵ و تەقەلای ئینسانیەتێکی کرێکار و زەحمەتکێشە کە سەرباری هەموو ئیجحاف و دەسترێژیەکی ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارە بۆسەر ژیان و گوزەران و موقەدەرراتی مرۆڤ، هێشتا باوەڕ و ئومێدی  بە ئیمکانی خۆشبەختتر ژیان و ئازادانەتر ژیان  کردن  لە دەست نەداوە. هیچ کۆمەڵگەیەک و بەشەرییەت لەهیچ سەردەمێکدا، بەبێ بەرگریکردن لەخۆ تەسلیمی کۆیلایەتی و سەرشۆڕی وبێمافی نابێت و سەرکەوتنی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەش بەوە گرێی خواردوە کە لە بەرگریکردنی لەخۆی و لەژیان و ئازادی و خۆشبەختیدا، چ پەرچەمێکی هەڵکردوە و چ ڕابەرانێکی هەیە و ڕابەرانی ئەم ڕاوەستان و جەنگانە چ پەرچەم و ئاڵا و ئومێدێک، دەخەنە بەردەستی. ئامادە بوون و نەبوونی کۆمۆنیزم لەم جیدالە هەموو ڕۆژیەدا یەکلاکەرەوەترین فاکتەری شکست و سەرکەوتنی مرۆڤایەتی کرێکار و بێبەشە.

نوسخەو شێوە ژیانێک کە ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارەی کوردایەتی بەبەری ژیانیان بڕیوە لەوە پەسترو ناقابیل ترە کە لەگەڵ هەڵکردنی شنەبای هەر جوڵانەوەیەکی ئومێدەواری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ کرانەوەی هەر دەرفەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ بەسەر چینی کرێکار و جەماوەری کارکردوانی مەملەکەت دا، دەپێچرێتەوە و توڕهەڵدەدرێ.

ابراهیم حسێن

١٦/١٠/٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.