پێویستە دەستبەجێ و بێقەیدو شەرت شیروان شیروانی ئازاد بکرێت!

0

پێویستە دەستبەجێ و بێقەیدو شەرت شیروان شیروانی ئازاد بکرێت!

بەرواری٧/١٠/٢٠٢٠ ڕۆژنامەنووس شیروان شیروانی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا. دوای چەند ڕۆژیش دیندار زیباری لە ڕوونکردنەوەیەکی ئابڕوبەرانەدا ڕاگەیاند کە شیروان شیروان لەلایەن لایەنی دەرەکییەوە پارەی پێدراوە تا ئاژاوە بنێتەوە، و ئاسایشی نیشتمانی خستۆتە مەترسیەوە.

دەستگیرکردنی شیروان شیروانی ڕۆژنامەنووس لە درێژەی ئەو شەپۆلە لەسەرکوت و ڕاوەدوونان و داسەپاندنی ترس و تۆقاندنەدایە کە پارتی ماوەیەکە بە شێوەیەکی فراوان و هەمەلایەنە بەدەستیەوە گرتووە.

لەماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە سەدان کەس لە هەڵسوڕاوانی نارەزایەتی جەماوەری و بەشدار لە خۆپیشاندانەکان، تا چەندین رۆژنامەنووس و نەیاری سیاسی پارتی. لەلایەن پارتییەوە و بە بیانووی جیاواز جیاواز دەستگیر کراون و یەکێک لە دۆسیە لەپێشدا ئامادەکراوەکانیان، بەسەردا سەپاندوون.

ئەم رەفتارانەی پارتی، بەرهەمی بەرگە نەگرتنی پارتییە لە ناڕەزایەتی زۆر سادە، لە رەخنە، لە قبوڵ نەکردنی ناکۆکی سیاسی و لەوەش واوەتر ناوەرۆکی سەرکوتگەرانەی پارتی لەبەرامبەر بە ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان، دەخاتە ڕوو.

 شیراون شیروانی، و هەموو کەس و چالاکوانێکی جەماوەری و سیاسی… مافی سەرەتایی خۆیانە نارەزایەتی دەرببڕن، رەخنە بگرن و بنووسن و  کارنامەی سەررێژی تاوانکاری بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لەقاو بدەن و خەڵک هانی خەبات و تیکۆشان بدەن لە پێناو دابینکردنی داخوازییەکانیان و مافە پایماڵکراوەکانیان… دەستگیرکردن و ترساندن تۆقاندن، ناتوانێت هیچ دەنگێکی ئازاد، خامۆش بکات، بەڵکو لە کۆتاییدا دەبێتە هاندەر بۆ خەبات و تێکۆشانی فراوانتر لەپێناو ئازادی و ئازادییەکاندا.

پێویستە دەستبەجێ و بێقەیدو شەرت شیروان شیروانی ئازاد بکرێت و ئەو دۆسیە پوچ و تۆمەتە دروستکراوانەش کە دیندار زێباریەکان ڕایدەگەیەنن، وەکو بەڵگەی ریسوایی نیشانی کۆمەڵگە بدرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.