وەهم و ڕاستیەکانی کازمی

0

وەهم و ڕاستیەکانی کازمی

کازمی هاتە کوردستان و جۆرێک خولیا و هەستکردن بە کرانەوەی دەرگاکانی  ئە وتونێڵە تاریکەی کە بۆرژوازی لە کوردستان بەسەرژیانی مرۆڤیدا سەپاندوە، دروستکرد. خەڵکێک کە ئومێدی بەهەر ئاڵوگۆڕێک و هەرباشبوونێکی ژیان لە دەستداوە و بەچاوی خۆیان دەبینن کە  تەنانەت حەقی کارو زەحمەتێک کە دەیکێشن، لێیان  درێغ دەکرێ و تەنانەت ئومێدیان بەوە نییە کە بە فەڕزی درێژەکێشانی حاکمیەتی ئەم کەمایەتییە سەرمایەدارە زۆرگۆیەی کوردایەتی و ئەم شێوە ژیانە ، ٣٠-٤٠ ساڵی تر بتونێ کۆمەڵگایەک بهێنێتە پێش چاوی خۆی، سیستەمێکی ئاو و ئاوەڕۆیەکی ڕێک وپێک  و کارەبایەکی ٢٤ سەعاتە  و پەروەردە و فێرکردن و لە یەک وشەدا لانیکەمی ژیانێکی ئەمڕۆیی هەبێ، وەک بڵێی لە پڕ، لە کاراکتەری کازمیدا، قارەمانی کرانەوە و دەرباز بوونی لەم تونێڵەی ژیان، لەسایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردایەتیدا، دۆزیەوە.

بەڵام قارەمانی هاتو لە بەغداد، کە لە پشتی خۆیەوە، عێراقێکی وێران و هەلاهەڵای ژێر دەسەڵاتی میلیشیا و ئۆباشی قەومی و ئیسلامی، عێراقی ژێرسایەی میلیاردێرە سەرمایەدارەکانی نەوت و جەنگ و وێرانی و سیناریۆی ڕەش، عێراقی بێ ئاو و کارەبا و بێکاری و بێ ژیان و بێ شادی و بێ ئازادی، بە جێهێشت بوو،  بە پێچەوانەی ئە و وێنایەی کە هاوڵاتیانی کوردستان وەک عینادی و دژایەتیەک بۆ دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارەی کوردایەتی ویستیان لە کازمی بەدەستیەوە، بدەن، بۆ ئەوە نەهاتبو کە موژدەی کۆتاییهاتنی ئەو تونێڵی ژیانە، ئەو بێمافی و بێبەشیە لەژیان، لەئازادی، ڕابگەیەنێ. نەهاتبو تا حیسابی تەواوی ئەو سەروەت و سەرمایە ئەفسانەییەی ئەم کەمایەتییە سەرمایەدارە بە بەهای سەپاندنی کاری هەرزان بە سەرچینی کرێکار، بە بەهای سەپاندنی بێبەشیەکی هەمەگیری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەستی بەسەرداگرتوە، بگەڕێنێتەوە بۆ کرێکاران و کارکردوان و بۆ خاوەنانی خۆی، بۆ ئەوە نەهاتبو کە ئیرادە و بڕیاردان لەچارەنووسی سیاسی لە دەستی ئەو کەمایەتیەوە بگەڕێنێتەوە بو کرێکاران و کۆمەڵگە خۆی، بۆ ئەوە نەهاتبو تا کرێ وموچه و هەموو کەسرەکانی سەروەتی دەستەبەسەرگیراوی کومەڵایەتی بگەڕێنێتەوە،  بەڵکو  ڕێک بەپێچەوانەوە، بۆ ئەوەهاتبو  بەرلەوەی کۆمەڵگە وچینی کرێکار و جەماوەری برسی، بێ ئومێدیان بگۆڕێ بە ئومێد پەیداکردن بەوەی کە ئاڵۆگۆڕو ژیانێکی باشتر، بە مەرجی دەرهێنانی کۆمەڵگە و دەسەڵات لە دەستی ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارە ئیمکانی هەیە، ڕێگە و دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی سەلامەتی ئەم قۆناغە پەیدا بکەن  کە تیایدا دەسەڵاتی سەرمایە و بۆرژوازی کوردایەتی لەم فۆرمەی ئێستایدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و کەوتۆتە ناکۆکیەکی بنیادی و لەچارنەهاتو لەگەڵ  چاوەڕوانییە سادەکانی کرێکاران و جەماوەری بێبەش لە ژیانێکی شایستەی مرۆڤ، لە ئازادی و خۆشبەختی و تەنانەت لە ڕوانگەی خودی سەرمایە و درێژەکاری و پارێزاوبوونی ئاسایشی سەرمایە  لە پەلاماری ڕادیکاڵی خوارەوە، خەریکە دەگۆڕێ بە خاڵێکی لاوازی بورژوازی خۆی، بە جۆرێک کە لە  لە قوڵایی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستاندا، جوڵانەوەیەکی گەورەی (نا)ی کۆمەڵایەتی خەریکە پێدەگرێ کە دەسەڵاتی بۆرژوازی و کوردایەتی لەسەر ژیان، لەسەر نان و کارو ئازادی گەمارۆداوە.
هەلومەرجێک کە تیایدا لە حاڵەتی ڕادیکاڵ بوونەوە و قوڵتربوونەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و چاوڕوانییە ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەکان و درێژەکێشانی ئەم پڕوسەیە، ئیمکانی ئەوە دەهێنێتە پێشەوە کە بە هۆی پێویستی واقیعی کرێکاران و جەماوەری برسی بە کۆمۆنیزم، لە پێناو  ئاڵوگۆڕ لەژیان و دەستڕاگەیشتنیان بە ئازادی و ڕزگاربوون لەدەسەڵاتی ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارە، چینی کرێکارو کۆمەڵگە جارێکی تر لە مێژوودا، ڕووبکاتەوە کۆمۆنیزمی خۆی .
سەرهەڵدان و بەهێزبوونی کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ و یەکسانیخواز، وەکو ئامڕاز و چوارچێوە و پەرچەمی سەرجەم ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە سیاسەت و کێشمە کێش لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگە، ڕواڵەتی کێشەی ئینسان و خەبات لەپێناوئاڵۆگۆڕدا لە بێخ و بنەوە دەگۆڕێ و ئەوکات  تەنانەت  خەبات لەپێناو نان و ئاو و لانیکەمەکانی ژیانیش چیتر وەک سوبسید دان و ڕازی بوونی ناچاری بە هەلومەرجی ئێستا و بە دەسەڵاتی سەرمایە و ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارە نامێنێتەوە، بەڵکو دەگۆڕێ بە بەشێک لە جوڵانەوەیەکی ئومێدەواری کۆمەڵایەتی کە دەیەوێ تەواوی ژیان بگۆڕێ، تەواوی ئازادی و تەواوی یەکسانی و خۆشبەختی، وەک مافێکی سروشتی مرۆڤ وەک هەڵمژینی هەوا وەک ئۆکسیجین، بەدەست بهێنێ و وەک یاسای سروشتی کۆمەڵگە و ژیان، دەستەبەری بکا. ئیتر ئەمە ئەو کابوسەیە کە بورژوازی نایەوێ لەخەویشدا بیبینێ .

بورژوازی بە شێوەیە کی غەریزی و لە ڕوی هەستیارییە سیاسیەکەیەوە، ئەو زەمین لەرزانەی کە لە قوڵایی کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن ئاسان دەبیستێ و هەستی پێدەکا. بە تایبەتی چەندین مانگ نارەزایەتی سەرشەقامی کرێکاران و خەڵکی برسی و لاوان لەشارەکانی عێراق و ڕیسواییەک کە خەڵک بە بەشداری نەکردنیان لە سێرکی هەڵبژاردندا ڕووبەڕوی بۆرژوازیان کردەوە، بورژوازی فێرکرد کە سیاسی تر و وریاتر هەوڵبدا کۆمەڵگە جارێکیتر بهێنێتە پشتی خۆیەوە.

کازمی کارەکتەری ئەم سیناریۆی بەخۆ هاتنەوەی بورژوازیە لە هەلومەرجێکدا کە خاڵی وەرچەخانی گرنگ خەریکن ڕوو دەدەن کە تیایدا بەجۆرێک چارەنوسی ئەم دەورەیە یەکلادەبێتەوە، لەوانە مەسەلەی یەکلاکردنەوەی ئیختیاراتی فراوانی بورژوازی کورد  لەچواچێوەی ئەو شێوە حاکمیەتە  تا ئێستایدا و و  چارەنوسی میلیشیا و گێڕانەوەی  مافی بە کارهێنانی چەک و قەهری ڕێکخراو  بۆ دەوڵەت و بە کۆتاهێنانی چەند سەرەیی لە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات و مەسەلەی دیایکردن و  میکانیزمە ئەنتگرە و ئاساییترەکانی ئابوریەکی سەرمایەداریەکی پشت بەستو بەهێزی کاری هەرزان.

کازمی ئەگەر قارەمانی شتێک بێ، قارەمانی  هەوڵ و تەقەلای  ئەم نەوەیەی بورژوازی و بە تایبەت لەخێزانی ناسیوناڵیزمی عەرەبە، بۆ گەیشتن بە خاڵێکی هاوسەنگی سیاسی کە بتوانێ بە پێدانی هەندێک سوبسیدی کەم و لاوەکی بە چینی کرێکار و جەماوەری برسی، دەوڵەت و دەسەڵاتێکی یەکدەستتر بسەپێنێ و دەسەڵات کە لەشەقامدا و بەسەرچەندین هێزدا دابەش بووە بۆ بورژوازی یەکلا بکاتەوە. بەڵام ئەوەی کە  ئەم  پڕۆسەیە چۆن دەچێتە پێشەوە و چەندە ئیمکانی هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی ڕێگری و کێشە و دابەش بوونە ستراتیجیترەکانی نێوخۆی بورژوازی و بوونی پێکهاتەیەکی جۆراوجۆری هێزگەلی فالانژ و چەکداری عەقیدەتی و فناتیکی گرێدراوی کۆماری ئیسلامی و خودی مەسەلەی بوونی ئێران لە عێڕاق، چارەنوسی ئەم پڕۆسەیە نادیار و ئاڵۆز دەکا.

بەڵام ئەم قارەمانە لە بەغدادەوە هاتوەی بۆرژوازی، خۆی و دەسەڵاتەکەی  لەگەڵ چینی کرێکار و کۆمەڵگە و جەماوەری برسی و نەوەیەکی لاو کە بۆنی ژیانێکی ئینسانی نەکردوە، کێشەی هەیە.  هەمان مەسەلەی هەیە کە بۆرژوازی لە کوردستان، لە هەولێرو سلێمانی لەگەڵ چینی کرێکار و جەماوەری برسی و نەوەی ئێستا هەیەتی کە داوای خۆشبەختی و ئازادی و ژیانێکی شایستەی مرۆڤ دەکا. لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگەیەک کێشەی هەیە کە لە دەسەڵاتی کەمایەتیەکی کەمی سەرمایەدار کە هەژاری و بێبەشی و بێمافی سیاسی وئابوری و کۆنەپەرستیان  لەوپەڕی خۆیدا سەپاندوە، وەدەنگ هاتون. کێشە و مەسەلەی لەگەڵ چینی کرێکار و خەڵک و کۆمەڵگەیەکدا هەیە کە ئەم کۆنەپەرستی و شێوە ژیانە پەستەی ناوێ و بە شایستەی خۆی نازانێ و لە دژایەتی و نەویستن و ڕەتکردنەوەیدا، چەندین مانگ لە مەیدانی شارەکاندا مانەوە و جەنگان و ئامادەبوون ڕووبەڕوی سەرجەم ئۆباشی چەکداری ئیسلامی و قەومی بورژوازی بوونەوە و پێش ئەوەش ڕیسوایی هەڵبژاردنیان بەسەربورژوازیدا، ڕوخاند و هاواری ژیان و ئازادیان بەرز کردەوە.

سەرەنجام، لە کوردستانەوە تا بەغدا، جیدال و کێشمەکێش یەکێکە، کێشمەکێش و دەعوای دوو کەمپی کۆمەڵایەتییە. لەلایەک کەمپی بۆرژوازی بە هەموو کۆنەپەرەستی خۆیەوە، بەهەموو دژایەتی و دوژمنایەتی خۆیەوە بۆ ئازادی، بەهەموو ئەوپەڕخوازیەکەیەوە لە بەبەندکێشانی ژیان، لە بەبەند کێشانی ئازادی و مافی سروشتی بۆ ژیانێکی شادو یەکسان و  لە چەوساندنەوە و لە سەپاندنی هەژاری و بەدبەختی و ژیانێکی خوار شکۆ و حورمەتی مرۆڤ. لایەکی تری ئەم کێشمە کێشە، کەمپی  چینی کرێکار و کارکردوان و ئینسانیەتێکە کە سەرباری قەهر و سەرکوتی بورژوازی، سەرەڕای ئەو مەهلەکەیەی کە بورژوازی بە ماکسیماڵترین شێوە زاڵی کردوە، هێشتا لەگەڵ کرانەوەی هەر دەرفەت و دەریچەیەکدا ، ئومێدی بە ژیان و عەشق و خولیای بۆ ئازادی و بە خۆشبەختی و ژیانێکی باشتر دەتەقێتەوە و سەر دەکا. کۆمۆنیزم سەر بەم کەمپە بەرین و مەزنە ئینسانیەیە. کۆمۆنیزمێک کە تەواوی ئازادی دەوێ، تەواوی یەکسانی دەوێ. ئەگەر ئەم مرۆڤایەتییە زیندوە، چینی کرێکار لە جەنگیدا لەپێناو ئازادی و خۆشبەختی، لە خەباتیدا بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی کاری بە کرێ و چەوسانەوە و زۆری سەرمایە و بوژوازی، کۆمۆنیزمی خۆی بە دەست بێنێتەوە، ڕواڵەتی کێشمەکێشی چینایەتی لەبنەوە دەگۆڕێ و هیچ هێزێک توانای بەرگری و ڕاوەستانی لەبەرابەر ئیسانیەتێکی کرێکار و کۆمۆنیزمێکدا نابێ کە جێگە و ڕێگەی سروشتی خۆی لە دڵی مرڤایەتی کرێکار  و لە دڵی خەباتی مرۆڤایەتیدا لەپێناو ڕزگاری و ئاڵۆگۆڕ، بە دەست هێناوەتەوە. ئەمە ئەگەر دەست پێ بکات، ئەگەر نەوەی ئەم سەردەمەی ئەم کۆمۆنیزمە، بەم دەرک وچاوەڕوانییە و بە دەست پێکردن لەم پەیوندە قوڵ و لەم گرێخواردنە واقیعیەی کۆمۆنیزم بە چارەنوسی ئینسان و بە چارەنوسی ئازادی و خۆشبەختیەوە، ئەم کۆمۆنیزمە و ئەم پەرچەمە بۆ چینی کرێکار و بۆ کۆمەڵگە بەردەست بکەن، ئەو کات لەسەری هەرکوچەیەکدا و لەهەر گەڕەک و کۆڵان و کارگە و کارخانەیەک و بە پانتایی کۆمەڵگە، ڕیزی ئەو کۆمۆنیستە پڕ لەوزە وئیرادانە دەبینین کە ئامادەن، چارەنوسی کۆمەڵگە لەدەستی ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارە دەربهێنن، دواکەوتویی بێدەنگ بکەن، هیچ کۆنەپەرەستیەک بێ وەڵام نەهێڵنەوە، ئازادی و ئینسانیەت بەپێوە ڕابگرن و کۆمەک بکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەربەرییەتی ئێستا تێپەڕێنێ.

ابراهیم حسین
١٧٠٩٠٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.