لەزمانی خۆیانەوە

0

لەزمانی خۆیانەوە

لە کۆتایی ئەم مانگەدا عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی لیستی گۆڕان لە پەرلەمانی!! حکومەتی هەرێمی کوردستان!!، لە ڕیگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوکی شەخسی خۆیەوە، ئامارێکی دزی نەخشەمەند دەخاتە روو، کە تەنها لەیەک شەودا لەدەروازەی سنوری باشماغ ٢٢٠ بارهەڵگر، هاتوونەتە کوردستانەوە، بێ لێپرسینەوەو بێ باجی گومرگ و بێ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت.

ئەم کەیسە کە تەنها گۆشەیەک و پوشێکە لە خەرمانی دزی دەسەڵاتدارانی هەریم، بەمانای وشە کارەساتە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان. بەجیا لە دزییەکەو خۆدزینەوە لە باج دان، وە بەجیا لەوەی چەندە داهات لەو دزییە دەچیتە گیرفانی پڕ نەبووی دزانی دەسەڵات بەدەستی هەرێمەوە، ئەو مەترسییەیە کە لەڕێگای هێنانی موادی ئیکسپایەر و موادی موخەدرەوە هاوڵاتیانی نەداری کوردستان بەرەو نەخۆشی و مەرگی تەدریجی و پاڵ پێوەدەنێت و لاوانی هیوا خنکینراو بێکاریش ئاڵودەی موادی مخەدەر دەکات. وە ئەگەر ئەمە تەنها ئاماری یەک شەوی دزی و ڕژاندنی ئاشکرای فایرۆس و بڵاوکردنەوەی بەکتریای نەخۆشی بێت، دەبێ بەهەموو بازگەکان چەند سەد هەزار تەن موادی… ئیکسپایەر و مادەی مخەدەر و تەنانەت تاوانبارانی لە چەشنی داعش لەناو ئەو بار هەڵگرانەدا بگوازنەوە، بێ ئەوەی کەس ڕیگەیان لێبگریت و بزانن بەرەو کوێ دەچن و لەکوێوە هێرش دەکەنەوە سەر تەندروستی کۆمەڵگەو لەگەڵ گەیشتینان ڕادەستی کێ دەکرێن و چ بازرگانێکی ویژدان تۆپیو دوبارە بازرگانیان پێوە دەکات. ئەم کەیسە و دەیان و سەدان کەیسی تری دزی و تاڵانی و بۆچی ویژدانی هیچ کام لەئەندام پەرلەمانەکان، وەزیرەکان، لە فراکسیۆنەکان و لە بەشدابووانی حزبەکان لەم حکومەتەدا، ناجوڵێنێت و دەستبەرداری ئەم دەسەڵاتە بۆ گەناوە و نقوم بوو لە تاوان لەدژی خەڵکی کوردستاندا نابن؟ بێگومان ئەم کەیس و دۆسیانە نیشانی دەدات، کە ئەم حزبانەی بەشداری لە دەسەڵاتی هەرێمدا دەکەن، هەموویان هاوبەشن لەم تاوانکاریەدا و ناتوانن شانی خۆیان لەم تاوانانە پاك بکەنەوە… لەکۆتاییدا دەبێ بپرسین عەلی حەمە ساڵح چ بەرژەوەندیەکی لە شاردنەوەی ناوی ئەو بەرپرس و بازرگانانەدا هەیە و بۆچی ناوەکانیان بۆ رای گشتی راناگەیەنێت و دواکاری گشتیش، کە بوکەڵەی دەسەڵاتە، کەی بۆ یەک جار، دێنە دەنگ و ئەو تۆمەتبارانە دەخەنە بەردەم دادگا؟ هەروەها عەلی حەمە ساڵح کە خۆی و بزوتنەوەکەی” بزوتنەوەی گۆڕان”، شەریکە دزی ئەم دەسەڵاتە تاڵانچیەن، دەیانەوێت بە نیشاندان و ئاشکراکردنی ئەم دزیانە چی بە کۆمەڵگەی کوردستان بڵێن؟ ئایا کەسێک هەیە گومانی لە تاڵانچێتی ئەو دەسەڵاتە هەبێت و بزوتنەوەی گۆڕانیش نەناسێت، کە چۆن دەستیان لەناو دەستی ئەو دزانەدایە و بەشێکن لەو دەسەڵاتە، هاوکات لەو دزییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.