ئاسایشی سلێمانی ڕێگە دەگرن لە تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی کە دەمامك و ڕێنمای تەندروستی بگەیەنێتە هاوڵاتیان!

0

ئاسایشی سلێمانی ڕێگە دەگرن لە تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی کە دەمامك و ڕێنمای تەندروستی بگەیەنێتە هاوڵاتیان!

لە درێژەی کار و چالاکیەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیدا، سەر لە ئێوارەی دوێنێ ٢٥/٨/٢٠٢٠ تیمێك لە ھەڵسوڕاوانی تۆڕەکانی ھاوکاری کۆمەڵایەتی سلێمانی لەسەرای ئازادی ھەڵسان بە بڵاوکردنەوەی دەمامك و ڕێنمایی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بەداخەوە ھێزەکانی ئاسایش هەستان بە ڕێگری لەم چالاکیە و ھەموو لفلێتی ڕێنماییەکان کە گەیاندنی زانیاری بوو بە هاوڵاتیان سەبارەت بە چۆنێتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەشکردنی دەمامك بە هاوڵاتیان، لە تیمی خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتییان سەندو ڕێگریان کرد وە بە تووندی ئاگاداریان کردونەتەوە کە دەبێت ئەو شوێنە چۆڵ بکەن و رایانگەیاندوە “نابێت لە سەرای سلێمانی ئەم کارانە ئەنجام بدرێت”.

دوابەدوای قسەوباسێك و رۆشنکردنەوەی تیمەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە بایەخ و گرنگیدان بە سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیان بەڵام ئاسایش بە ھەڵسوڕاوانی تۆڕەکانی ئێمەیان وتووە “کە ئەم کارەی ئێوە دەستێکی لەپشتەوەیە و ڕێگەتان پێنادرێت لێرە ئەم کارە بکەن”. پاش قسەوباسێك کە لەوبارەوە کراوە و تیمە خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بەو بڕیارە قانع نەبوون، ھاوکات ئاسایش سەروخۆیان ئاگادار کردوەتەوە و ئەوانیش بە ھەمان شێوە وتویانە نابێت ڕێگەیان پێبدرێت.
هەربۆیە خۆبەخشەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لەژێر گوشاری هێزە ئەمنیەکاندا ئەو شوێنەیان بەجێھێشتووە و چونەتە بەردەم باخی گشتی بەردەوام بوون لە دابەشکردنی دەمامك بە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی.
ئێمە لە  تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی  دەمانەوێت لە ڕێگای ئەم راگەیاندنەوە رای گشتی خەڵکی کوردستان و دەرەوە لەم هەڵسوکەوتەی ئاسایشی سلێمانی ئاگادار بکەینەوە کە ئاسایش و حکومەتی ھەرێم لەباتی ئەوەی ئاسانکاری بکەن بۆ کەسان و کۆڕو کۆمەڵ و گروپێك کە ھەنگاوێك ھەڵبھێنێتەوە بۆ ھاوکاری و بەتەنگەوەهاتنی  خەڵکی کوردستان کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و لەسەر ئەرکی خۆیان دەمامك و ڕێنمای بڵاوبکەنەوە، کەچی ڕێگریمان لێ دەکەن و دەست بەسەر لفلێتی ڕێنمایەکاندا دەگرن!
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەداخەوە حکومەتی ھەرێم شانی خۆی لە ھەرجۆرە یارمەتییەکی تەندروستی خاڵی کردوەتەوە و سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەڵکشانی ئاماری قوربانیەکانی لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگری دەکەن لەو ھەنگاوانەی تۆڕەکانی ئێمە  بۆ ھاوکاری و یارمەتیدانی  باری تەندروستی خەڵکی شاری سلیمانی، ئەمەش نیشاندانی  پێشێلکارییەکی ئاشکراو راستەخۆیە لەو مافە سەرەتاییانەی کە ھەر ئینسان و لایەنێك بیەوێت لەم بارودۆخە هەستیار و ناتەندروستدار و پڕ مەترسیەدا دەست بەرێت بۆ کارێك کە خزمەت بە باری تەندروستی خەڵکی کوردستان بگەیەنێت.
بۆیە ئێمە وەك تۆڕەکانی ھاوکاری کۆمەڵایەتی سلیمانی بە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی  دەڵێین ئەگەر نایەوێت بەتەنگ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیانەوە بچێت لە پەیوەند بە مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوا ناکرێ ڕێگری لە کاری خۆبەخشانە و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت!
تۆڕەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی سلیمانی
٢٦/٨/٢٠٢٠
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلفۆنەوە:

٠٧٥٠١٩٠٩٦٧٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.