فردریک ئەنگڵز: کەمکردنەوەی هەقدەست سەلامەت ترین و ئامادەترین ڕێگەی قازانجە!

0

فردریک ئەنگڵز:

کەمکردنەوەی هەقدەست سەلامەت ترین و ئامادەترین ڕێگەی قازانجە!

بابەتێکە لە ”لەیبەر ستاندارد” دا بڵاوکراوەتەوە لە ٢٨ی ئایاری ١٨٨١دا

نووسینی ئەنگڵز و وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالار حمە سەعید

دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە لەبەر گرنگی ئێجگار زۆری، چونکە کرێکاران دەبێ باش لێی تێبگەن. پێویست ناکات کرێکاران فێربکرێن کە ئەوە لەبەرژەوەندی تاکە سەرمایەدار و بەگشتی چینی سەرمایەدارانە کە هەقدەست و مووچە کەمبکەنەوە تا ئەو جێگەیەی ئیمکانی هەیە.

بەرهەمی کار پاش لێدەرکردنی هەموو مەسرەف و تێچوونەکان هەروەک دەیڤد ریکاردۆ سەلماندی بەشێوەیەکی نکۆڵی لێنەکراو، دابەش دەکرێ بە دوو بەشەوە یەکێکیان مووچە و هەقدەستی کرێکاران پێکدێنێ و ئەوی تریان قازانجی سەرمایەدارانە. ئەوە رۆشنە کە قازانج زیاد ناکات بەبێ کەم کردنەوەی هەقدەست و مووچە.

نکۆڵیکردن لەوەی کە ئەوە لە قازانجی سەرمایەداریدایە کە هەقدەست و مووچە کەمبکاتەوە، وەک ئەوەیە کە بووترێ ئەوە لە سوودی سەرمایەداردا نییە کە سوود و قازانجەکەی زیاد بکات.

سەرمایەداران چۆن دەتوانن لە ئێستادا هەقدەست و مووچە کەمبکەنەوە لەکاتێکدا ڕێژەی هەقدەست و مووچە لە ڕێگەی یاسای تایبەت و دیاریکراوی ئابووری کۆمەڵایەتیەوە بەڕێوە دەبرێت؟

یاسای ئابووری هەقدەست لەجێی خۆیەتی و جێگەی مشتوومڕ نییەو نکۆڵی لێناکرێ. بەڵام هەروەک بینیمان، یاساکە مەتاتیە و دەکشێ ئەویش بەدوو شێوەیە: ڕێژەی هەقدەست دەکرێ کەم بکرێتەوە لە هەندێ کار و پیشەی بازرگانی تایبەتدا یا راستەوخۆ کرێکاران وردە وردە ڕابهێنرێن بە ئاستێکی نزمی ژیان یا ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی زیادکردنی ژمارەی سەعاتەکانی کارکردندا. بەبێ زیادکردنی مووچە وهەقدەست.

لە قازانجی هەر سەرمایەدارێک دایە کە قازانج بەرێتە سەرەوە لەڕێگەی کەمکردنەوەی هەقدەست و مووچەی کرێکارەکانیەوە. هەروەها پاڵنەر و هاندەرێکی نوێی پێدەبەخشرێ لە ڕکابەری سەرمایەدارانی هەمان کاروپیشە و بازرگانی لەنێو خۆیاندا.

هەریەکە لەسەرمایەدارەکان هەوڵدەدات لەڕکابەرەکانی هەرزانتر بفرۆشێ مەگەر بیەوێ قوربانی بدات بە قازانجەکەی، ئەگینا دەبێ لەڕێگەی کەمکردنەوەی هەقدەست ئەم کارە بکات. لەبەرئەوە ئەو فشار و پاڵەپەستۆیەی ڕوودەدات بەسەر ڕێژەی هەقدەست و مووچەوە بەهۆی بەرژەوەندییەکانی هەر سەرمایەدارێکەوە ١٠ بەرامبەر زیاد دەکات بەهۆی ڕکابەری نێوخۆی سەرمایەدارەکانەوە.

ئەوەی پێشتر مەسەلەی قازانجی زیاتر و کەمتر بووە ئێستا بۆتە مەسەلەی زەروورەت و پێویستی. لەبەرامبەر ئەم فشار و زەختە بەردەوام و ڕانەوەستاوەدا کرێکارانی ناڕێکخراو هیچ وەسیلە و هۆکارێکی کاریگەریان نییە بۆ بەرهەڵستیکردن.

 لەبەرئەوە کاروپیشە و بازرگانی و پیشەسازییەکی بێ ڕێکخستن و ڕێکخراوی کرێکاری، هەقدەست و مووچە هەر ڕوو لە نزمبوونەوە دەبێت تێیدا و سەعاتەکانی کارکردن ڕوو لە زیادبوونی بەردەوام دەبێت.

ئەم پرۆسەیە بەدڵنیایی بەهێواشی بەردەوام دەبێت. دەگونجێ ناو بەناو لەکاتی گەشە و رەفاهیەت دا ئەم پرۆسەیە دابڕانی تێبکەوێ، بەڵام لەرۆژگارە سەخت و دژوارەکانی کار و پیشەی بازرگانی و پیشەسازیدا ئەم پرۆسەیە توندتر و خێراتر دەبێتەوە. کرێکاران لەگەڵ ئاستی نزم و ڕوو لەخواری ژیاندا ڕادەهێنرێن (ڕادێن) ئەوە لەکاتێکدا درێژی ساتەکانی کارکردنی رۆژانە نزیک دەبێتەوە لە زۆرترین و درێژترین ساتەکانی کە مومکینە کار بکرێت و هەقدەستەکانیان و مووچەکانیان نزیکتر و نزیکتر دەبێتەوە لەوپەڕی کەمترینەوە (کەمترینی موتڵەق)، کەدەگاتە ڕادەیەک کە بەشێوەیەکی تەواو ناکرێت و مەحاڵە بۆ کرێکار کە بتوانێت بژی و بتوانێت وەچە بنێتەوە (بەرهەم بهێنێ) .

خەباتی کرێکاران دژ بە سەرمایە بوونی هەیە سەرەڕای هەموو ئەوەی لایەنگرانی سەرمایە دەیڵێن وە ئەم خەباتە درێژەی دەبێت تا ئەو دەمەی کەمبوونەوەی هەقدەست بەردەوام دەبێت و بوونی دەبێت. کەمکردنەوەی هەقدەست هەر بەردەوام دەبێت لەبەرئەوەی سەلامەتترین و ئامادەترین ڕێگەیە بۆ زیادکردنی قازانج.

F.ENGELS, the Wages System Progress Publishers, Moscow, 1977.

 لە نامیلکەی هەقدەستی ئەنگڵزەوە وەرگیراوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.