خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق دەستی پێکردەوە!

0

خۆپیشاندان لە شارەکانی عێراق دەستی پێکردەوە!

دوای ئەوەی بەهۆی کۆرۆنا فایرۆسەوە خۆپیشاندان و کۆبونەوە فراوانەکانی شاری بەغدا و شارەکانی تر، بۆ ماوەیەک وەستاو تاڕادەیەکی زۆر خامۆش بۆوە، وا جارێکی تر لەسەر زەمینەی هەمان هەلومەرج، نارەزایەتی و خۆپێشاندان لە بەغداو بەشیک لە شارەکانی تر دەستی پێکردەوە.

لەو چوارچیوەیەدا لە ٢٦ی ئەم مانگەوە خۆپێشاندان و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی لە گۆرەپانی تەحریری بەغدا دەستپێکردۆتەوەو هیزە ئەمنیەکانیش دوبارە دەستیان بردۆتەوە بۆ خوێنرێژی و کوشتاری خۆپیشاندەران و راوەدوونانی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان… لەو نێوەدا چەند خۆپێشاندەرێک کوژراون و بەدەیانی تریش بریندار کراون…ئەوە لەکاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی عیراق دەڵیت دەزگا ئەمنیەکان پارێزگاری لە خۆپیشاندانەکان دەکەن!! لەلایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەت!! دەڵێت: ژمارەیەک تێکدەر!! خۆیان تێکەڵی خۆپێشاندانەکان کردووە و رووبەرووی هیزە ئەمنیەکان بوونەتەوە.

دوبارە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، سەرباری تەواو نەبوونی ئەزمەی کٶرۆنا ڤایرۆس، تەحەمول نەکردنی جەماوەری ملیۆنی عێراقی لەو دۆخی گەرما تاقەتپروکێنەدا کە کارەبا و ئاو نییە… هاوکاتیش بێ وەڵامی دەسەڵات و حکومەتە لە وەڵامدانەوە بە خواستی راگەیەنراوی خۆپیشاندەران کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووە بۆی هاتبوونە مەیدان و لە ئاکامدا زیاتر لە ٤٠٠ خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە چەکدارەکانی حکومەت و چلکاوخۆرەکانیان گیانیان لەدەستداو نزیک بە ١٠ هەزاریش بریندار بوون، هاوکات چەندین ڕابەر و هەڵسوڕاوی ئەو بزوتنەوەیە لەلایەن باندە ئینسان کوژەکانی میلیشیاکانەوە تیرۆر کران.

نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی هەلی کار، برسێتی و گرانی و بیمافی، لەگەڵ دزییەکی سیستماتیکی دەسەڵات و میلیشیاکان… سەرچاوەی خۆپیشاندانەکانە…

جەماوەری کرێکار و کارمەندو موچەخۆرانی موچە بڕاو لێ قرتێنراو، بێکاران و هەموو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە تێکۆشەرەکانی کوردستان، پێویستە پشتیوانی بەکردەوەی خۆیان لە خۆپێشاندان و خواستەکانی جەماوەری بێبەشی عێراق بکەن و هاوکاتیش لە پێناو ویست و داخوازییە پایماڵکراوەکانی خۆیاندا بێنە مەیدان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.