زانیار وەلی: لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، وەکو هەر دەسەڵاتێکی چینایەتی ئەم دونیایە، ئەوەی لەلایان گرنگ نەبێت خەڵك و ژیانی خەڵکە، خەڵك وەکو کۆیلەی خۆیان دەبینن. وە ئەوان لە دنیایەك دەژین جیاوازە لە دونیای خەڵکی بە گشتی و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە…

0

زانیار وەلی: لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، وەکو هەر دەسەڵاتێکی چینایەتی ئەم دونیایە، ئەوەی لەلایان گرنگ نەبێت خەڵك و ژیانی خەڵکە، خەڵك وەکو کۆیلەی خۆیان دەبینن. وە ئەوان لە دنیایەك دەژین جیاوازە لە دونیای خەڵکی بە گشتی و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز زانیار وەلی توێژەری زانستی لە زانکۆی کۆیە سەبارەت بە کێشمەکێشی نێوان بەغدا و هەرێم و پرسی موچە …

زانیار وەلی: لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، وەکو هەر دەسەڵاتێکی چینایەتی ئەم دونیایە، ئەوەی لەلایان گرنگ نەبێت خەڵك و ژیانی خەڵکە، خەڵك وەکو کرێکار وکۆیلەی خۆیان دەبینن. وە ئەوان لە دنیایەك دەژین جیاوازە لە دونیای خەڵکی بە گشتی و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا

بۆپێشەوە: لە ململانێ نەبڕاوەکانی نێوان بەغدا و هەولێردا، هەردوولا یەکتری بە پابەند نەبوون بەدەستور تۆمەتبار دەکەن، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

زانیار وەلی: لەبەر ئەوەی هەردوولا لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە دەستوور و یاساکانیان نییە! ئەم جۆرە  دەسەڵاتەی وەکو هەردوولا، هەرگیز باوەڕیان بە یاسایانەوە نییە کە گوایە دەسەڵاتی خۆیانی پێ بەڕێوەدەبەن. ئەو دەستوورە زیاتر وەکو مکیاجێك و نیشاندانێك بۆ دنیای دەرەوەیانە، نەوەکو لە ئەنجامی باوەڕبوون و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات خۆیان دایاننابێت. ئایا ئەمە فیدڕاڵیە کەلە عێراق بەڕێوەدەچێت؟ ئایا لەدوای ٢٠٠٣ ئەمانە باوەڕیان بە فیدڕاڵی هەبوو و دەیانزانی چییە، کە ئەمریکا بۆی دامەزراندن؟ ئایا شوێنێکی وەکو عێراق، بەو هەموو ململانێ جیاوازە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەوە کە ساڵەهایە خوێنی لێ دەڕژێ، بەم جۆرە لە فیدڕاڵی چارە دەبوو؟!!

کێشەی عێراق زۆر لەوە قوڵترە و کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی دوو عێراق، عێراقێکی بە زۆر پێکەوەبەستراوی ئیمپریالیزمی بەریتانیایی، وە عێراقێکی بەناو فیدڕاڵی! دروستکراوی ئیمپریالیزمی نوێی ئەمریکا لە ٢٠٠٣، کە هیچ جارێکیان گەلی عێراق ڕۆڵی نەبووە لە دامەزراندنیدا. هەروەها سەرکردە سیاسیەکانی عێراقیش ڕۆڵیان نەبووە لە دامەزراندنیدا، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە سەرکردایەتیان کردووە، نەوەکو بەرژەوەندی نیشتمانی.  هەمیشە وڵاتانی ڕۆژئاوا و دراوسێکانی عێراق (بەتایبەت ئێران و تورکیا) کە پێشتر چەندین سەدە داگیرکەری عێراق بوون و ڕۆژئاوا لە چنگی دەرهێناون، لەململانێدان بۆ هەژمونی زیاتری خۆیان لە عێراقدا، کە ئەمەش ڕۆڵی گەورەی هەیە، لەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەردوولا، لەژێر ئەو کاریگەریانەدا دەستوور پێشێل بکەن.

 بۆپێشەوە: هۆکار چییە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم پابەندی ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا و ڕیکەوتنی نێوانیان نابێت؟

زانیار وەلی: دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتێکی ناجێگیرە. نازانێت چی دەوێت بە تەواوی و خواستێکی ڕوونی نییە و پلانێکی ئەوتۆی نییە. ڕۆژێك دەیەوێت ئابووری سەربەخۆی هەبێت و ڕۆژێکی تر دەیەوێت بگەڕێتەوە بەغداد. لەکاتی ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لەبەر نەبوونی شەفافیەت، نازاندرێت لە ئەنجامی چییەوە دەستیان بۆ وەها بابەتێك بردووە، ئایا پلانیان چ بوو و دەیانوسیت چی بکەن، ئایا دەستەیەك لە بیرمەندانی ئابووری کوردستانی یاخود دەرەوە، ئەو پلانەی بۆ داڕشتن، ئایا بیریان لە داهاتووی کردبۆوە؟ هەروەها لەبەر نەبوونی شەفافیەتیش و دیارنەمانی بەشێکی داهاتی ئەو نەوتەیە کە دەیفرۆشن. نوێترین ڕاپۆرتی (دیلۆیت) کە کۆمپانیایەکە بۆ چاودێریکردن و وردبینی لە داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکات، بەشێکی زۆری داهاتی نەوت دیارنامێنێت! کەواتە چی ڕادەست بکەن.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، هەر جارەی بەپاساوێک موچە دەبڕێت یان دابەشکردنی دوا دەخات، هۆکاری ئەمە چییە؟

زانیار وەلی: لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، وەکو هەر دەسەڵاتێکی چینایەتی ئەم دونیایە، ئەوەی لەلایان گرنگ نەبێت خەڵك و ژیانی خەڵکە، خەڵك وەکو کرێکار وکۆیلەی خۆیان دەبینن. وە ئەوان لە دنیایەك دەژین جیاوازە لە دونیای خەڵکی بە گشتی و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. هەموو دەسەڵاتێکی چینایەتی لە دونیادا بۆی بڕەخسێت هەمان کار دەکات. بەڵام کە ئەوە ناکەن هۆکارەکەی ئەوەیە، خەڵکێکی هۆشیار بوونی هەیە کە قبوڵی ناکات، ئۆپۆزسیۆنێکی کارای چاودێر بوونی هەیە، نوخبەیەکی ڕۆشنبیر هەیە کەوا هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز نییە و ڕەخنەدەگرێت. سەندیکا  و گروپ و ڕێکخراوی کارا هەیە کە بەگژیاندا دەچێتەوە، لەبەرئەوە ناوێرن و ناتوانن ئەم جۆرە کارانە بەو شێوە سەمەرەیە بکەن. بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەمانە بوونیان نییە. هەروەها هەمیشە دوژمنی دەرەکی و ترساندنی خەڵك بەوەی هەرێمی کوردستان لەناو دەچێت و بە دوژمن دەورە دراوە، وای لە خەڵکی کردووە ئەمانەیان لێقبوڵ بکات. ئەوانیش ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە تاوەکو ئەوەی دەیانەوێت بیکەن.

 

بۆپێشەوە: موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چ پەیوەندیەکی بە ململانێی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە؟

زانیار وەلی: خەڵك وەکو بارمتە دەبینن، خەڵك وەکو بارمتەیەك بەکاردەهێنن، لە ململانێکانی نێوان خۆیان. لە جیاتی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر هاووڵاتیانیان ،برسیکردنی خەڵكی وەکو کارتی فشار بەکاردەهێنن. بێگومان حکومەتی مەزهەبی عێراقیش خەڵکی کوردستان بە هاوڵاتی خۆی نازانێت، بۆیە بەلایانەوە هیچ گرنگ نییە کە خەڵکی کوردستان هەمووی برسی بکەن. وە گوزەرانی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش زۆر لەوە خراپترە، کەوا هەست بکەین دەسەڵاتی ناوەندی عێراق دەسەڵاتێکە لە خەمی هاوڵاتیاندایە. ئەوە خەمخۆریەکەی هەرێمیش لەولاوە بوەستێ، کە دەیبینین.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەڵێن ئەگەر موچە لە بەغداوە هات، دابەشی دەکەین، ئەمە نیشان دەدات ئەم دەسەڵاتە ڕۆڵی دەڵاڵ یان ژمێریار دەگیڕێت، هۆکار چییە دەسەڵات خۆی لە بەرپرسیاری دەدزێتەوە؟

زانیار وەلی: لە عەقڵیەتێکی دەوڵەتداری و حوکمداریەوە وڵات بەڕێوەنابەن. پلانێکیان بۆ داهاتوو نییە.    بەشێکی پەیوەندی بەو باکگراوندەوە هەیە کە بۆ ئەمڕۆ دەژین، وابیردەکەنەوە ڕەنگە سبەی دووبارە ڕاکردن بۆ  سنوورەکان و داگیرکردنێکی نوێ و چاوەڕێکردنی هەلومەرجێکی نوێی جیهانی ڕووبدات. بۆیە وەکو ژمێریار و دابەشکارێکی پارە لە کارەکە دەڕوانن.

 پێم وایە لەو خاڵەوە جوابێکی ئەوە دەستدەکەوێت، بۆ هەرگیز کورد وەکو گەلێك و نەتەوەیەك نەیانتوانیوە لەو هەموو سەردەمە جیاواز و دوورودرێژەی مێژوو، بەم هەموو قوربانیدان و خوێنە نەیانتوانیوە حکومەتێکی باش و جێگیر دابمەزرێنن. ئەوە عەقڵیەتێکی خێڵەکیە. لە دوای ٢٠٠٣ەوە بەردەوام پارە هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان. کەچی لەپڕ بە نەناردنی موچە لە بەغداوە بارودۆخ بەو چەشنە تێكدەچێت و پارە نامێنێت،  هیچ ستراتیژ و پلانێکی ئابوری سیاسی بوونی نەبووە و نییە.  بەبێ دونیابینی و سیاسەت و بیرکردنەوەیەکی تایبەت بۆ هەرێمێكی جیاواز لە چوارچیوەی عێراقێكی پڕ ململانێ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.