ئەحمەد عەلی:ئێمە ئەمانەوێ ئەو شێوازی دابەشکردنی خێرو سەدەقەیەی کە ئێستا هەندێک لە حزبەکانی دەسەڵات  دەیکەن و کەسایەتی خەڵکی هەژاری تیادا ئەشکێنن، ڕێگری لێبکەین.

0

ئەحمەد عەلی:ئێمە ئەمانەوێ ئەو شێوازی دابەشکردنی خێرو سەدەقەیەی کە ئێستا هەندێک لە حزبەکانی دەسەڵات  دەیکەن و کەسایەتی خەڵکی هەژاری تیادا ئەشکێنن، ڕێگری لێبکەین.

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئەحمەد عەلی یەکێک لە سەرپەرشتیارانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە گرنگی ئەو تۆڕە و کارەکانی…

 بۆپێشەوە: تۆڕی کۆمەڵایەتی چییە و چۆن پێکهات و لەکێ پێک هاتووە؟

ئەحمەد عەلی: سەرەتا سوپاس بۆ ئێوەی ئازیز بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە، تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، تۆڕێکی جیهانییە، جیهانی بەو مانایەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو کەنەدا و ئوسترالیاو کوردستان پێکهاتووە و لە پێکهاتندایە بۆ وەڵامدانەوە بە دەرەنجامە نەرێنیەکانی پەتای کۆرۆنا و هاوکاری بە پێی توانا، ئەوانەی زەرەرمەندی لێکەوتەکانی ئەم پەتایەن لەڕووی تەندروستی و مرۆیی لە دەرەوە و لە ڕووی ئابووریەوە لە کوردستان، هۆکارێکە بۆ یەکخستنی بەرەی مرۆڤدۆستی و تۆڕی زۆرترین خەڵکی خەمخۆرو  هەموو ئەوانەیە کە بەدوای چارەسەری کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی نەداری کوردستانەوەن، لە ڕۆژانی کەرەنتینەدا کە مرۆڤ لە هەموو شوێنێکی ئەم دوونیایە لە ژوورەوە بوو وە هەزاران  ئینسان پێویستیان بە هاوکاری بوو، ئێمە کە ئەمانویست تەنیا تەماشاچی ئەم کارەساتە گەورەیە نەبین و کارێک بکەین، سەرەتا چوار کەس بووین، گفتوگۆمان کرد و پێمانوابوو کە کارو تۆڕێکی لەم جۆرە پێویستە، دوای هەوڵێکی خێرای چەن ڕۆژی و پەیوەندیکردنمان بە دەیان هاوڕێ و خەڵکی مرۆڤدۆستەوە، کۆمەڵێک دکتۆر و کەسانی خۆبەخش لەچەند وڵاتێکەوە  ئامادەییان نیشاندا بۆ کارکردن و بە هاناوەچوونی ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە، لە هەنگاوی ئامانجمان پێدانی ڕێنمایی تەندروستی و هاوکاری کەسانی نەخۆش و پەککەوتە بوو، بۆیە لە ڕۆژی یەکەمدا ناوی دکتۆرەکان و ڕۆژێک دوای ئەوەش 14.04.2020 ناوی خۆبەخشەکان و پێکهاتنی تۆڕەکەمان بە فەرمی ڕاگەیاند کە نزیکەی 30 کەسێک دەبووین، تۆڕەکە لە کەسانی جۆراوجۆر لە ڕووی بیروبۆچوونەوە پێکهاتووە، بەڵام هەموومان لەسەر ئامانج و ئەرکەکانی هاودەنگ و هاوڕاین.

بۆپێشەوە: تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چ لەبەشیک لەوڵاتانی دەرەوە و چ لە بەشێک لەشارەکانی کوردستان پێکهاتوون، ئەو تۆڕانە چۆن بەیەکەوە بەستراونەتەوە؟

ئەحمەد عەلی: لە ماوەیەکی کورتدا هەروەک چۆن پەتای کۆرۆنا بە دونیادا بڵاوبووەوە، ئاواش ئەم تۆڕە لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا و کوردستان، بۆ ئەو ئامانجانەی باسمانکردن، پێکهات و فراوانبووەوە، گرنگ بوو شێوازێکی کرداریمان بۆ چوونەپێش و یەکخستنی کارەکانمان هەبێت، مکانیزمی کاری ئەم تۆڕە سەراسەریە لە ڕێگەی دەستەیەکی سەرپەرشتیاریەوە بەڕێوە ئەچێت، دەستەکە پێکهاتووە لەنوێنەری تۆڕی وڵاتەکان، نوێنەری تۆڕی وڵاتەکان بەرپرسی تۆڕی وڵاتەکانی خۆیانن، هەروەها سەبارەت بە کوردستانیش دەستەیەک لە نوێنەری شارو گەڕەکەکانی تۆڕەکە لە ئاستی کوردستاندا پێکدێ و دواجار کەسێک بە نوێنەرایەتی هەموویان لە هەیئەتە سەراسەریەکەدا ئەندام ئەبێت، بەم جۆرە و لە یەککاتا هەموو بەرپرسی وڵاتەکان دەستەی سەرپەرشتیاری گشتی پێکدێنن، ئەو دەستەیەش بڕیاردەری هەموو کاروبارەکانی تۆڕەکەیە.

بۆپێشەوە: پێویستی و کاری  ئەم تۆڕە لە کوردستاندا چییە و کۆمەکی ئێوە تاکەی بەردەوامی ئەبێت؟

ئەحمەد عەلی: وەک وتمان ئەم تۆڕە لە دۆخێکی زۆر دژوار و تێنەپەڕیو و بەرەوامدا بۆ وەڵامدانەوە بە هەلومەرجێکی تایبەت کە پەتای کۆرۆنا هێنایە ئاراوە، دروستبوو بەڵام بەو پێیەی ئەم پەتایە تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نەبوو وە لە تەواوی دونیا و بە تایبەت کوردستان قەیرانێکی یەکجار گەورەی ئابووری بۆ خەڵکی هێنایە پێشەوە، تۆڕەکە هەوڵیدا لە کاتێکدا کە حکومەت بەرپرسیاری نیشان نەدا و خەڵکی نەداری بە جێهێشت، بەشێک لەم ئەرکەش  لە ئەستۆ بگرێت و ویستمان لە پەنای خێزانە کەمدەرامەتەکاندا بمێنینەوە، ئێمە ئەوە ئەزانین کە برسێتی لە سەردەمی کۆرۆناوە سەری هەڵنەداوە، هەژاری لە کوردستاندا مێژوویەکی کۆنی  هەیە، ئەم تۆڕە لە یەک کاتا پێویست بوو لە ڕێگەی کۆمەکەکانیەوە، هەم پشتیوان و هاودڵی لەگەڵ ئەم بەشە مەحرومەی کۆمەڵگەی کوردستان نیشانبدا و هەمیش نمونەیەک لە کاری پێکەوەیی و لە پاڵ یەکدا ڕاوەستان و بە تەنگەوە هاتنی یەکتری بخاتە بەرچاو، تۆڕەکان لە کوردستان ئەتوانن کاری گرنگ بکەن، ئەتوانن کێشەی گەڕەکەکانیان، لە بەدەنگەوە هاتنی خەڵکی هەژارەوە تا کێشەکانی تریان وەڵام پێبدەنەوە، سەبارەت بە هاوکاریەکانی تۆڕەکەش لە دەرەوە بێگومان ئێمە ناتوانین وەڵام بە کێشەی برسێتی و نەبوونی تەواوی خەڵک بدەینەوە و چارەسەری بکەین، ئێمە ئەمانەوێ ئەو شێوازی دابەشکردنی خێرو سەدەقەیەی کە ئێستا هەندێک لە حزبەکانی دەسەڵات  دەیکەن و کەسایەتی خەڵکی هەژاری تیادا ئەشکێنن، ڕێگری لێبکەین. ئێمە تۆڕێکی خێرخوازی نین و هاوکاری خەڵکانێک ئەکەین کە نادادپەروەری ژیانی لێ سەخت کردوون، هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە بەردەوامی بە کارەکانمان بدەین، بەڵام پێویستە کێشەکان لە ڕەگەوە لە کوردستاندا چارەسەربکرێت.

بۆپێشەوە: تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی تا ئیستا چی کردووە؟

ئەحمەد عەلی: لە ئێستادا کە هێشتا مانگێک نابێت پێکهاتووین، دوو کار لە پێشینەی ئەرکەکانماندایە، فراوانکردنەوەی تۆڕەکە و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان لە کوردستان، تا ئێستا لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و ڕانیە تۆڕەکە پێکهاتووەو لە ڕۆژەکانی داهاتوودا لە گەرمیانیش پێکدێت، لە دەرەوەش بەردەوام لە وڵاتەکان تۆڕی نوێ پێکدێت و زیاتر لە 10 وڵات دروستبووە، بەردەوام لە هەوڵداین و پێشوازیەکی فراوان لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان لەم پڕۆژەیە کراوە، لەهەفتەی یەکەمی هاوکاریەکانماندا نزیکەی 200 خێزان لەو شوێنانە کۆمەکی ئێمەیان پێگەشتووە وە لەم هەفتەیەدا لە هەندێک شوێنیتر نزیکەی 200 خێزانێکیتر هاوکار ئێمەیان پێ ئەگات، کۆکردنەوەی کۆمەک بەردەوامەو لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو مرۆڤدۆستانە ئەکەین بەشداربوون لەگەڵمان و بانگەوازی هەموو لایەک ئەکەین بۆ هاوکاری و یەکدەستی خەڵکی هەژاری کوردستان، پەیوەسبن بەم تۆڕەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.