دۆسیەی دزییەکان

0

دۆسیەی دزییەکان

كاروان گه‌زنه‌یی، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕه‌ كۆموڵایه‌تیی فه‌یسبوك باس لەدزینی شه‌ش ملیار یۆرۆ دەکات و نوسیویه‌تی “کۆمپانیایەک لە هەولێر بەناوی (ئابوور گروپ) نزیکەی (6) ملیار یۆرۆ دەنێرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەی کەناری وارف لە لەندەن بۆ بانکیHSBC کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی جیهان! ”

 

ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ “ئەو پارەیە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕۆشتووە” و ده‌ڵێت “تا ئێستاش سەرقاڵی بەدواداچوونین و زیاتر لە (30) بەڵگەمان لایە بە ناوی سیانی ئەو کەسەی پارەکەی ناردووە و بانکەکە و ژمارەی حسابی و ئەو بانکەشی کە لەلەندەن پارەکەی وەرگرتووە و تەواوی بەڵگە زانیارییەکان لە دوای تەواوبوونی بەدواداچوونەکەمان بڵاودەکەینەوە.”

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی داوایكردوه‌ كه‌ حکومەتی هەرێم بەزوترین کات ئەم پارەیە بگێڕێتەوە، چونکە ئەم پارەیە بودجەی زیاتر لە ساڵێکی حکومەتی هەرێم و موچەی سەرجەم فارمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ماوەی یەک ساڵ

گه‌زنه‌یی ده‌ڵێت “زانیاری زیاتر و وردتر بڵاو دەکەینەوە و سەرجەم بەڵگەکانیش ڕادەستی داواکاری گشتی دەکەین لەدوای تەواوبوونی بەدواداچونەکەمان، ئەمە گەورەترین کارەساتە لە ڕووی ئابورییەوە لە هەرێمی کوردستان ڕوویدابێت!! ”

 

هەر ئەو پەرلەمانتارە لە خستنە رووی دۆسیەکی تردا دەلێت“فەرموون ئەم مافیا گەردانییە ڕابگرن“

لە ئێستادا کۆمپانیایەک دروستکراوە بەناوی کۆریدۆرەوە خاوەندارێتی وەهمی و یاسایی لەلایەن کەسێکەوەیە کە پێی دەوترێت سەروەر پێداوی و یەکێکە لەکۆمپانیاکانی ستێر گروپ، و مۆڵەتی چەندان بەنزینخانەی پێدراوە لە ناو شاری هەولێر، کە ڕووبەری هەریەکێکیان نزیکەی (١٠٠٠) مەترە. هەر مەترێک لەو شوێنانەی هەولێر کەمتر نییە لە (٥٠) دۆلار. لەکاتێکدا خەڵکانی دیکە هەن کە خۆیان داوای مۆڵەتی بەنزینخانەیان کردووە لەسەر زەوی خۆشیان، بەڵام داواکەیان ڕەتکراوەتەوە بەبیانووی سراتیجیبوونی شوێنەکان یان زەوییەکان.
هەمان کۆمپانیا زەوییەکی (٤٠٠٠) مەتری لە شاری هەولێر لە گەڕەکەی وەزیران کردووە بە بینا کە خۆی لە بنەڕەتدا موڵکی دەوڵەتە و دەبوایە لە ماستەرپلان بکرێت بە باخچەی گشتی. بەڵام حکومەتی هەرێم ئەم پارچە زەوییەی داوە بە کۆمپانیای کۆریدۆر و کراوە بە باڵەخانە کە مەترێک زەوی لەو ڕووبەرە بەهاکەی نزیکەی (۱٠٠٠) دۆلارە!
لە هەمان کاتدا، بەشێک لە (تەسریحاتی گومرگی) گومرگەکانی هەرێمی کوردستان دراوە بە کۆمپانیای کۆریدۆر. پێشتر حکومەتی هەرێم ئەمەی دەکرد و هیچ تێچوویەکی نەبوو، بەڵام لە ئێستادا کۆمپانیای کۆریدۆر ئەم کارە دەکات و لە بری ئەوەش (١٥،٠٠٠) هەزار لە هەر ئۆتۆمۆبێلێکی بارهەڵگر وەردەگرن کە مانگانە ملیۆنان دۆلار دەکات بە بێ ئەوەی حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لێی سوودمەند ببێت.
هەمان کۆمپانیا تەواوی دەروازەی (مەعبەر وەلید)ی کۆنتڕۆڵکردووە کە هیچ کەسێک ناتوانێت هیچ شتێک ئاڵوگۆڕبکات جگەلە کۆمپانیاکە خۆی. لە کاتێکدا هیچ پارەیەکی ئەم دەروازەیە ناگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و تەواوی پارەکەی دەچێتەوە بۆ گروپی کۆمپانیاکانی ستێر.
دروستکردنی کۆریدۆر بەناوی پێشمەرگە، کە گوایە تەمویلی پێشمەرگە دەکات، لە ژێر چەتری ستێر گروپ، هەنگاوێکە بۆ بچوککردنەوەی ستێر گروپ و گەورەکردنی کۆریدۆر لە ئایندەدا. ئەم مافیا گەرێتییە گەورەترین زیانی بە ئابووری هەرێمی کوردستان گەیاندووە. هەر بە پارەی ئەم دوو کۆمپانیایە کە بە نایاسایی دەستیان دەکەوێت، دەتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبکرێت.

کاروان گەزنەیی
ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان

Leave A Reply

Your email address will not be published.