” کۆرۆنا و توندوتیژی بەرامبەر ژنان“

0

 کۆرۆنا و توندوتیژی بەرامبەر ژنان“

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

ئەم بارودۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستی کردووە، وایکردووە کە پیاوان و کوڕەکان ئەمڕۆ ناچارن هەموو کاتیان لە ماڵەوە بەسەر بەرن. لە ڕوانگەی زۆربەی هەرە زۆری پیاوان ماڵ شوێنی ئیسراحەت و نووستن و خواردنە. زۆر کەم بوون ئەو پیاوانەی لەناو ماڵ هاوکاری دایک و کچ و خوشک و هاوژینەکانیان کردبێ. ئەم دۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستی کردووە کاروبارەکانی ناوماڵ و ئەرکی ژنی چەندجار زیاد کردووە. ئەمڕۆ لە کاتێکدا هەموو ئەندامانی خێزان لەناو چوارچێوەی ماڵێک لە ئەپارتمانێکی بچووکدا تەواوی کاتیان بەسەر دەبەن، مەترسی ئەوە هەیە نەک تەنها کوڕ و پیاوەکان هاوکاری ژن و کچ و خوشک و دایک و هاوژینەکانیان نەکەن، بەڵکو ئاکار و کردەوەی توندوتیژیش لەناو ماڵ ئەنجام بدەن، تووڕەیی و ئارەزووە کپکراوەکانیان بە خوشک و کچ و دایک و هاوژینەکانیان دابڕێژن. ئەگەر لە رابردوودا کەسێک، خزمێک، هاوڕێیەک هەبوو ژنان هانای بۆ بەرن یا دەردی دڵی خۆیان لا بەتاڵ بکەنەوە، ئەمڕۆ ئەم دەرگایانە هەمووی داخراون و بەڕێوەبەرایەتییەکان و دام و دەزگای هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنش کارناکەن. لە ئەنجامدا ژنان هیچ شوێنێکیان نییە هانای بۆ ببەن و لەناو چوارچێوەی ماڵ تەنها و گۆشەگیر دەبن و ئازار و مەینەتییەکانیان زیاتر دەبێت.

ئەنجامێکی دیکەی نەرێنی ئەو دۆخە بریتییە لە وەدەرنانی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و بەشداری پێنەکردنیان. گۆڤاری مێدیکالی بەریتانی لانسێت، هەفتەی رابردوو وتارێکی دەربارەی جێندەر و ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوکردۆتەوە و باسی ئەوە دەکات کە چۆن نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتیی دەبنە مایەی کاردانەوەی خراپ لەسەر ژیان و تەندروستیی ژنان، چۆن ژنان و کچان لە دۆخی پەتادا باجی گەورەی سیستەمی سەرمایەداری دەدەن. گۆڤارەکە رۆشنایی دەخاتە سەر زاڵبوونی پیاوان لە ناوەند و سەنتەرەکانی بڕیار و داڕشتنی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و بەشداری پێنەکردنی ژنان. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕوانگەی ژنان و پێداویستییەکانیان لە بڕیار و ستراتیژەکان رەنگ نەداتەوە. واتە ئەو چارەسەرەی دەخرێتە روو، لەوانەیە نەتوانێ وەڵامی پێداویستییە تایبەتییەکانی ژنان و ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بداتەوە. دیارە ژنانی ئاوارە و بێدەرەتانی چینە هەژار و پەراوێزخراوەکانی زیاتر لە ژنێکی ئاسایی بەرەنگاریی دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بارودۆخە دەبنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.