یەکی ئایار، لەجەرگەی بڕگەیەکی چارەنووس سازدا!

0
یەکی ئایار، لەجەرگەی بڕگەیەکی چارەنووس سازدا!
 
عەبدوڵا مەحمود
 
 
یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی نێونەتەوەیی چینی کرێکارە، رۆژی نەفرەت لە ستەمی چینایەتی و کاری بەکرێیە، رۆژی نیشاندانی نمایشی چینێکە، کە سنور و رەنگی پێست، ژن و پیاو بوون، وڵات و نیشتیمان و نەتەوە، دین و مەزهەبەکان، دورو نزیکی لە یەکتری…تاد، بایەخێکیان نییە. چینی کرێکار لەهەموو یەکی ئایارێکدا، بەجیا لە نوێکردنەوەی هاوپشتی چینایەتیان بۆ یەکتری و هاوکات هەڵگری پەیام و داخوازی و نمایشی توانایی و یەکڕیزیانە، بە پانتایی هەموو گۆی زەوی.
یەکی ئایاری ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕیوەدەچیت، کە هەسارەی زەوی نوقمی بەڵایەکی تەندروستییە، کە لەبنەرەتەوە بەشێکە لە بەڵای نیزامی سود پەرستی سەرمایە. بەشیکە لە دەرهاویشتەکانی نیزامی چاوچنۆک و قازانج ویستی سەرمایەداری، کەتیایدا ئینسان و سروشت و ژینگە، لەبەرامبەر بەهای سوددا هیچ بایەخێکیان نییە.
بەڵاو کارەساتی ڤایرۆس کۆرۆنا، بەجیا لەوەی بەشیوەی گشتی کۆمەڵگەی توشی راوەستان کرد و ملیۆنەها ئینسانی خستە حاڵەتی پەناگیری و کەرەنتینەی ناچارییەوە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە راستەوخۆکانی هەڵپەسارد و بەربووە گیانی ملیاردەها ئینسان. بەسەدان ملیۆن ئینسان توشی پەتاکە بوون و گیانی سەدان هەزار ئینسانیشی لوشدا، بەتایبەتیش ژیانی ئەوانەی کردە نیشانە کە توانای بەرگری لەشیان بەهۆی تەمەن و کاری تاقەتپروکێنی رابردووە، لاواز بوو. کەرتی تەندروستی و ئەم نیزامە تەنها هیندە جێگای ئاوڕ لێدانەوەیە کە بتوانێت بەرگری لە ژیانی ئەو ئۆردوە بکات کە توانای کار و کەڵەکەی سەرمایەیان بۆ سەرمایەداری هەیە.
لێکەوتەکانی ڤایرۆس کۆڕۆنا، بەجیا لە قوربانیانی و راگرتنی جوڵەی ئاسایی کۆمەڵگە، لەلایەکەوە بووە مایەی شەپۆلێكی بیکارکردنی ملیۆنی و کرێکاران و دووبەرابەرکردنی بلۆکی برسییەکان و راپێچکردنی ملیۆنەها ئینسان بۆ خوار هێڵی هەژاری.
یەکی ئایاری ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش، بەتەواوەتی لە ژێر کاریگەری و هەژمونی برگەیەکی تازە لە میژووی ئینسانی هاوچەرخدایە. دەتوانین بڵێێن قەیرانی تەندروستی، وەکو بەشیک لە قەیرانی نیزامی سەرمایەداری نەک تەنها کۆمەڵگەی راپێچی دەورەیەکی نوێ کرد، بەڵكو خودی نیزامی سەرمایەداریشی دەرگیری ئەزمەیەکی کەمەرشکێن و بێ وێنە کرد. داڕمانی بۆرسەکان، وێران بوونی پەیوەندی پشکەکانی سەرمایە، مایەپوچ بوونی بەلیشاوی کۆمپانیاکان، بەسەریەکدا ڕمانی متمانەی نێوان کۆمپانیاکان و پاشقول لەیەکگرتنیان، رەوتی روو لە داشکانی بانقەکان، هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت وەکو بەشێک لە شادەماری پیشەسازی و بازرگانی… بەشێک لەدەرهاویشتە خێراو بەرچاوەکان و کاریگەری ئەم دۆخە تازەیەن بەسەر نیزامی سەرمایەدارییەوە. بەڵام دەرهاویشتە دریژمەوداکانی ئەم برگە تازەیە دەشی مەترسیدارتر لەم دۆخەی ئیستا بیت، کە کۆمەڵگەی ئینسانی دەرگیری بووە.
هەوڵ و تەقەلای بۆرژوازی بۆ دەرچوون لەم ئەزمەیە، لە ڕیگای شکاندنەوەی بارگرانیەکانی بۆسەر شانی چینی کریکاری و بێبەشانی کۆمەڵگە، لە بێکارییەوە بۆ لێگرتنەوە و سک هەڵوشین، بۆسەندنەوەی زۆتری دەستکەوتەکانی پێشووی چینی کریکار… بۆ کەم کردنەوەی کرێ و خێراکردنی تەوژمی کار، توندکردنەوەی ململانێی نیوان کرێکارانی لەسەر کار و ئۆردوی بیکاران، لە رێگای ترساندنی کرێکاران بە ئۆردویەکی فراوانی بێکاری کریکارانی ئامادە بەکار، تا دەگاتە کەم کردنەوەی ئیمتازاتەکانی پیشووی کرێکاران… هەموو ئەمانە چینی کریکار دەخاتە بەردەم رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێوە. بەڵام ئەمانە تەنها لایەنێکی واقعیەتێکن و پێشبینی کراون. لایەنێکی تری ئەم دۆخە بەرین بوونەوە و فراوان بوونی نەفرەتی چینایەتی و کۆمەڵایەتیەکیییەکی بێ سنورە لە دژی نیزامی سەرمایەداری… هیچ کاتێک نیزامی سەرمایەداری بە ئەندازەی ئەم دەورەیە جێگای رەخنە و نارەزایەتی نەبووە… غافلگیربوونی و بێ توانایی لە وەڵامدانەوە بە کۆڕۆنا ڤایرۆس و لاوازی توانستی لە بواری تەندروستیدا بۆ پاراستنی هاوڵاتیان. لێکترازنی ریزەکانیان و سەراسیمە مانەوەیان لەبەرامبەر بە دۆخەکە، لەوانەش بێلیاقەتی ئەمریکا و سفر بوونی رۆڵی لەم ئەزمەیدا، لیکترازنی ریزی یەکێتی ئەروروپا و لێکترازانی… نەک هەر بێ توانایی نیزامی سەرمایەداری لە ئەزمەیەکی دەرکەوتووی تەندروستیدا کەلەبنەرەتدا دەرهاویشتەی ئەزمەی سەرمایەدارییە، خستە ڕوو، بەڵکو بی لیاقەتی ئەم نیزامەی لەسەر هەموو ئاستەکانی دیدا نیشاندا و پوچی بۆچوونی لار نەبوون و توانای مانەوەی ئەم نیزامەی بۆ ئەبەد بەدرۆ خستەوە. وە ئەو راستیەی نیشاندا کە ئەگەر ئەزمەیەکی لەناکاوی تەندروستی پوچی و بێ توانایی ئەم نیزامەی خستە ڕوو، ئەوا هەر تەکانێکی چینی کرێکار و هەر نەبەردێکی فراوانی کۆمەڵایەتی بە نەخشە و ئاسۆداری ئەو چینە دەتوانێت ئەم نیزامە ژێرەو ژوور بکات و ئاسەوارێک لەم بەڵایەی سەر ژیانی ملیاردەها ئینسان کۆتایی پێ بهێنێت.
نەبەردی داهاتووی چینی کرێکار و بەشی پێشرەوی ئەم چینە، لەدەوری هەوڵی بۆرژوازی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەزمەکەی لەڕیگای شکاندنەوەی بەسەر شانی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە لەلایەک و راوەستانی لێبراوانەوانەی چینی کریکار و ڕیكخراوبوونی ئەم چینە بۆ رووبەرووبوونەوەی نەخشەی بۆرژوازیدا دەچێتە پێشەوە. ئەمڕۆ هەردوو بەرەی بۆرژوازی و چینی کرێکار، تاساو و شپرزەی دۆخێکی تایبەتن… بۆرژوازی بێ توانایەکەی و غافڵگیربوونی بە هەر پیشهاتێکی لەناکاوی سیاسی، تەندروستی و ئابوری و تورەیی ملیاردی لەبەرامبەریدا، برستی لیبرێووە، لەبەرامبەردا چینی کریکار رووبەڕووە لەگەڵ بیکاری ملیۆنی، هیرشی دوبارەی دوای فایرۆس کۆرۆنا بۆ سەر ژیانی و گوزەرانی و ئاینندەکەی… ئەمەش ئەم چینەی توشی هەناسەسواری کردووە… ململانێی نێوان ئەم دوو چینە و یەکلایی بوونەوەی بە قازانجی هەر لایەکیان لە گرەوەی ئامادەیی هەر کام لەو دووچینەدایە… چینی کریکار و بەشی پیشرەوی ئەم چینە حزب و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئەلتەرناتیفی سۆشیالیستی، لایەنێکی ئەم نەبەردەیە کە ئەگەر ئامادەیی خۆی بباتە سەرەوە کەڵک لە لاوازی و سڕ بوونی ئیستای بۆژوازی وەربگرێت و هەڵمەتی بەنەخشەو رێکخراوانە ببات، دەتوانێت ئایندەی ئینسانی ئەم سەدەمە بگۆرێت ژیانێکی تر بخاتە بەردەم دنیای سبەینێ، لە بەرامبەردا ئەگەر بۆرژوازی بتوانێت ئەم ئەزمەیە بەسەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکاردا بشکێنێتەوە و خۆی لە کاریگەرییە کەمەر شکێنەکانی دەرباز بکات، بێ ئەوەی توشی رووبەرووبووبەوە لەگەڵ چینی کریكاری ریكخراو یەکگرتوو و خاوەن ئاسۆیەکی رۆشنی سۆشیالیستی بێتەوە، دنیا لەوەی هەیە بەرەودۆزەخ تر دەچێت و ژیان و گوزەرانی چەندین نەوەی تر دەبێتە قوربانی نائامادەیی چینی کریکارو ئەڵتەرناتیڤی سیاسی کۆمەڵایەتی ئابوری خۆی. یەکی ئایاری ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو بۆچینی کریکار و بەشی پیشڕەوی ئەم چینە بردنە سەری ئامادەیی و خۆ سازدان و خۆ ریکخراوکردنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم سەردەمە لەسەر ئاستی سیاسی، ریکخراوەیی و خستنە رووی ئەڵتەرناتیفی رزگاری بەخشی ئینسانی.
 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.