دادگای هەرێم لە نیوان فەنتازیای مەلا مەزهەر و بەهار مونزیردا!*

0

دادگای هەرێم لە نیوان فەنتازیای مەلا مەزهەر و بەهار مونزیردا!*

سامان کەریم

فیلمێکی سەرنج ڕاکیش، فەنتازیایەکی کۆمەڵایەتی، لە فۆرمی فەنتازیای وێژەییدا”ئەدەبی” نمایشی خۆی دەکات. شاری هەولێر لە بەردەم دادگا و دەرەوەیدا دەکاتە شوێنی نمایشکردنی. شاری هەولێر یەکەمجار نییە دەبێتە شوێنی نمایشی ڕوبەڕوبونەوەی لەم چەشنە. فیلمی ئەمجارە و کۆتایی یەکەمین مانگی ئەمساڵمان، دوو ئەکتەری سەرەکی بەشدارییان تێدا کرد. بەهار مونزیر وەک ئەکتەرێک دیاری ئۆسکاری  پێبەخشرا، و ئەکتەرەکەی ترمان مەلا مەزهەر کە بە ناچار بە شداری کردبوو لەم نمایەشدا، لایەنی کەم لەم بەشەی نمایشەدا سەرکەوتوو نەبوو. سەرکەوتوو نەبوو، چونکە مەلا و فیلمی “ژنانیان” نەوتوە، مەگەر لە دونیای ئەودیودا، لەوە زیاتر مەلا مەزهەر و نمایشی یەکسانی و گەڕانەوەی حورمەت بۆ ئینسان،  گوجا مەرحەبا. مەلا بە اللەاکبر ناتوانیت دەنگی یەکسانی و ئازادی چەپە بکات. ئەو دەتوانێت بە اللەاکبر خۆی یان خەڵکانی دیکە بتەقێنێتەوە، دروست وەکو  تیرۆریستەکان، دەتوانێ سەدان کەس و بگرە زیاتر بەیەک اللە اکبر خەڵتانی خوێن بکات، بەڵام ناتوانیت دەنگی ئەو هەموو ئینسانە ئازادیخوازە کپ و چەپە بکات.

نمایش و فیلمەکە باسی دوو ئەکتەری تەواو جیاوازن, نەک لە بەرئەوەی کە ژن و پیاون و لەباری بایەلۆجییەوە جیاوازیان هەیە، بەڵکو لەباری کۆمەڵایەتی و پێگەی ئینسانی بونەوە جیاوازییەکە گەورەیە، بەقازانجی بەهار مونز.  ئەم ڕوبەڕووبونەوەیە، بەقەولی مەلا مەزهەر خۆی لە پیاوێکی شەهەوەت بازەوە دەگوڕێت بۆ پیاوێکی ” بێ شەهوەت” ئەمە خۆی جوانی Aesthetic  و فەنتازیەکی نایاب دەبەخشێت بەم فیلمە ڕیالیستییە. ئەو دەلێت “بەپێی شەرعیەت سەیر کردنی بەهار حەرام نییە، چونکە جوان نییە”. بەڵام بۆ جوانی دەقی وێژەیی یان سیناریۆ و ڕۆمانێک یا هونەرێک لە واقعی بون یان نەبوونی جوانیدا نییە، بەڵکو فەنتازیای جوانییەکە لەوەدا خۆی نیشان دەدات، کە چەند سەرنج ڕاکێش و دیمەنەکانی چۆن یەک لە دوای یەک لەگەڵ خۆیدا دەتبەن.  لێرەدا لەوەدا خۆی نیشان دەدات، کە زاڵمێکی باوەڕ بە چوار ژنە دەخاتە نێو قەفەسی نەمانی نەزەرەوە، چونکە مەلا دەڵێت “ئەگەر جوان بوایەو سەیرم کردایە دەبووە نەزەر” کەواتە مەلای شەهوەتباز، یان شەهوەتخواز، چونکە ٤ ژنە شەهوەتخوازیە و لەوە زیاتر ٧٠ حۆری شەهوەتبازییە، دەگەیەنێتە ئەو بارەی “کە ئەو شەهوەتی کەس ناجولێنێت”، مەلا مەزهەر بە سکاڵایەک لە شەهوەتبازی رزگار کرا. ماڵی بەهار و هاوڕیکانی ئاوابێت، مەلایەکیان لەم موسیبەتە ڕزگار کرد. بەم مانایە جوانییەکی تاڵ و دژوارە، بەڵام واقعیەتێکە لە فیلمێکی نێو کۆمەلگەدا نمایشکراوە. مەلای “بێ شەهوەت و بێ نەزەر” لە بەردەم فەنتازیای شکات و هاوتوهاوار و کەمپینی کپکرنی سوکایەتی بەژن و سەربەرزی و جەسارەتی بەهار مونزردا، ناچارە چۆک دابدات. ئەگەر ئەمە سیناریۆی ئەم نمایشە بێت. ئەوا نمایشی نێو کۆمەڵگە زۆر لەوە زیاترمان پێدەلێت و فەنتازیا و ئەستاتیکێکی ئاوەڵاترمان بۆ دەکاتەوە. ئەستاتیکای دوو بەرەی تەواو جیاواز لە نێو کۆمەڵگایەکدا کە ٣٠ ساڵی ڕەبەقە نەوت دەفرۆشیت و کارەبای نییە، پارە لە بەغدا وەردەگرێت و موچە نییە، ملیونێر و ملیاردێر و بەرپرسەکان سەرمایە و پارە زیاتر کەڵەکە دەکەن و کار دەست ناکەوێت و دەیان هەزار لاوی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بێکار کراون، ژن دەکوژرێت و بکوژەکەی شانازی پێوە دەکات، دادگا لە ترسی دەسەڵات و بەرپرسان چۆکی داداوە، لە نیو ئەم کۆمەڵگایەی کوردستاندا ئەم نمایشە مانا و جوانی ڕیالیستی و سروشتی خۆی هەیە.

کۆمەڵگاو شەهوەتبازی

کۆمەڵگەی کوردستان شەهوەتباز نەبووە وە نییە. کوردستان کۆمەڵگەیەکی شارستانی و تاڕادەیەک پیشکەوتووە. کۆمەڵگەیەکی چینایەتی و لەسەر بناغەی کارکردن بۆ سەرمایە بەڕێوە دەبرێت. ئەم کۆمەڵگەیە، لە ساڵانی شەست و هەفتاکاندا هێجگار مۆدێرن بوو، زانکۆی سلێمانی و پردی دەلال، ئاماژە بوون بۆ جوانی و مۆدرێنیتە. فاشیۆنی میکرۆجۆب و مینی جۆب و شارلستۆن و شێوەو شێوازی قژ بڕین وهەڵدانەوە و جوانکردنی و میوزیکی دڵفڕین و ڕۆمانسی، لەونەش زیاتر، ژنان و کچانی سلێمانی شەو کاتژمیر ١٠ لە سینەما و شانۆ دەگەڕانەوە، هەروەها پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا زۆر لە ئێستا بەهێز تر بوو، کچان و کوڕانی قەلعەدزە تا لە خوێندنی سەرەتاییەوە ئاستی زانکۆ تێکەلاو بوون، ئەوکات ئیسلامی سیاسی لە قوماتدا بوو، سەری دەرنەهێنابوو. بورژوایی جیهانی لە کۆتایی دەیەی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا “اللە اکبر” لە خەزێنەی مێژوو دەردەهێنرێتەوە بە ناوی “ڕابوونی ئیسلامی”یەوە دەرخواردی سەدان ملیۆن ئینسان دەکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا “سەرخانێکی سیاسی و فکری و ڕۆشنبیرییە، بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی ئابوری بازاڕی ئازاد و بەتایبەت لیبڕالیزمی نوێ لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و جیهانی عەرەبدا” ( ل ٩- کۆمۆنیزمی هاوچەرخ و سەردەمی ڕێنیسانس/ سامان کەریم / چاپی یەکەم ٢٠١٩ ).

ئەمرۆ لە سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و سیاسەتێکی ئابوری کارای لیبرالیزمی نوێ بە ڕابەری پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها بەرهەمهێنانەوەی ڕۆژانەی ئەم سیاسەتە پێویستی بە ئیسلام هەیە.  چ وەک سیاسەت، ئیسلامی سیاسی وە چ وەک باوەڕی میللی و کەلتوری نیو کۆمەڵگە. لێرەوە هەم سەلەفیەت گەشەدەکات و هەم شێوەکانی دیکەی ئیسلامی سیاسی. کە کۆی گشتی بزوتنەوەیەکی فراوانی ئیسلامی دەهێنێتە بەرهەم و باوەڕێکی فراوانی جەماوەری ئیسلامی دەخولقێنێت. ئەوە ڕابوونی ئیسلامی و سەرهەڵدانەوی نییە، بەڵکو لیبرالیزمی نوی و سەرمایەیە کە پێویستی ئەم بزوتنەوەیەی خوڵقاندوەوە دەخولقێنێت. لەلایەک لیبرالیزمی نوی لە کوردستان مۆدێل و کەسایەتی سێلەبرێتی”بەناوبانگ” لە بێژەر و پێشکەشکاری کەناڵەکان و لە ئاستی سۆشیال میدیادا بەرهەم دەهێنێت و ڕووتیان دەکاتەوە، وە ئیسلامی سیاسی لەسەر ئەم لایەنە قسە ناکات، چونکە زەرەر لە بازاڕ دەدات. وە لەلایەکی دیکەوە چوار ژنە و پەلاماردانی ژنان و سوکایەتی پێکردنیان دەکاتە ئامانج، ئەمەشیان بە قازانجی بازاڕە. بەڵام ئەم بەشە ئیتر کایەی مەلاکان و سەلەفیەکان و ئیسلامیەکانە. چونە ژورەوەی ژن بۆ نێو ماڵ، بەپێی پێویستی سەرمایە کاری ئیسلام و مەلاکان و هێزە سیاسیەکانیەتی، بەخێوکردنی ٤ ژن لە لایەن کەسێکەوە کە خاوەن پارەیە” دیارە خاوەن پارە نەبێت توانای ئەو کارەی نییە” دیسانەوە خزمەت بە بازاری ئەمرۆی سەرمایە دەکات لە کوردستان و شانی دەسەلاتدارانی ئەمرۆی کوردستان سوک دەکات. مەلا مەزهەر و هەڵۆ و ئەوانی دیکە خزمەتکاری ئەم ڕەوتەی ئابوری سەرمایەدارین و هەمیشە نۆکەری بەوەفای دەسەڵات بوون. لەم نێوەدا، ناوبەناو پارتی دیموکراتی کوردستان پیویستی بە نمایشکردنی کاری وەها دەبێت، ئەم نمایشە یەکێک بوو لە هەڵقەکانی زنجیرە فلیمی فەنتازیای  شەهوەتبازی مەلا، لەلایەن دەسەڵاتداری بورژوایی کوردەوە.

بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان وەک هەر کۆمەلگەیەکی دیکە، دەرگیرە لە گەڵ ململانێی چینایەتیدا، دەرگیرە لەگەل خەباتی ئازادیخواز و سکۆلارخوازان دژ بە کۆنەپەرستان و ڕەوتی دواکەوتووی نێو کۆمەڵ… ئەمە ململانێیەکی نەبڕاوەیە تا ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری. دورخستنەوەی دین و دەمکوتکردنی مەلاکان و پیاوانی ئایینی لەبەرانبەر مەسەلەکانی کۆمەلگەو لەوانە مەسەلەی ژناندا، لە شوێن و ناوچەیەکی وەک کوردستان، بەستراوەتەوە، بە هەلپێچانی سیستەمی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیانەوە. لەم نێوەدا و تا ئەو کاتە، ئەگەر ڕیفۆرمێک بکرێت ئەوە کاری چینی کرێکار و بە پشت بەستن بە بزوتنەوەکەی دەستەبەر دەبێت. لەم نێوەدا بەهارو مونزر و هاوڕیکانی پۆینتێکی پۆزەتیڤ و گەورەیان تۆمار کرد. بژی کەمپینەکەیان.

·       تەواوی وتەکانی مەلا مەزهەر کە لە نیو گیومادا ئاماژەم پێکردوە، لەم لینکەدا دەست دەکەوێت:

Leave A Reply

Your email address will not be published.