هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان ئامادەکردنی: ئاراس ڕەشید

0

هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی: ئاراس ڕەشید

ڕاپۆرت: جیهان لەسەر لێواری قەیرانێکی خۆراکیدا کە هەڕەشە لە ٨٠٠ ملیۆن کەس دەکات!

ئەنجومەنی حکومی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری گۆڕانی کەشوهەوا( IPCC ) هۆشداریدا کە گۆرانکاری ئاو و هەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان.

ئەنجومەنەکە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لە ١٤٠٠ لاپەڕە پێکهاتبوو، و تێیدا کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر سیستەمی خۆراکی جیهانی خستبووە ڕوو.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی دابوو بەوەی کە نیوەی دانیشتوانی کیشوەری ئاسیا پشتبەستوون بەو ئاوەی کە سەرچاوەکەی بەفری زنجیرەچیای هیمالایە. ئەو بەفرە زۆرگرنگە بۆ کشتوکاڵ، بەڵام لەئێستادا بەڕێژەیەکی بەرز دەتوێتەوە. لەکاتی نەگرتن بەری ڕێوشوێنی ڕیشەیی بۆ پاراستنی، ئەوا بەماوەیەکی دیاریکراو لەناودەچێت. ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی خۆراک بۆ ٨٠٠ملیۆن کەس.

سەبارەت بە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین، بەبیابان بوون هەڕەشە لە کشتوکاڵ دەکات، بەتایبە لە سوریا و عێراق. لەوانەیە ناوچەیەکی فراوان بگۆڕدرێت بۆ زەویەک کە بەتەواوی بۆ کشتوکاڵ نەشێت. ئەم دیاردەیە هەڕەشە لە ئەوروپای باشوور و چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دەکات.

زاناکان ئاماژە بەوە دەکەن لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە١ پلەی سەدی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە بەڕێژەی ١٠٪ . لەژێر سایەی ئەو بەرزبوونەوەیەی ئێستای پلەی گەرمای دنیادا، بەرهەمی دانەوێڵە بەڕێژەی ٤٠٪ لە کۆتایی ئەم سەدەیە کەم دەکات.

ئەنجامگیری ڕاپۆرتەکە دەڵێ؛ گۆڕانی کەش وهەوا برسێتی و کەمخۆراکی و کەمی گەشە لە منداڵان زیاد دەکات.

 

بۆچی ناڕەزایەتیەکان لە هۆنک کۆنگ هەڵگیرسا؟

هۆکاری ناڕەزایەتیەکان؛ هێنانی پرۆژە یاسایەکە بۆ پەرلەمان لەسەر ڕادەستکردنەوەی تاوانباران، لەو پرۆژە یاسایەدا بۆ دەسەڵاتدارانی هۆنک کۆنگ هەبوو کە گومانلێکراوێک بنێرنەوە چین بۆ دادگایی کردن.

سەرەڕای هەلپەساردنی پرۆژە یاساکە، بەڵام ناڕەزایەتیەکان لەفراوانبوونەوەدا بوون، و بەرەو بزووتنەوەیەکی چاکسازی دیموکراسی گۆڕا لە هەرێمەکە، هەروەها داواکرا کە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی توندوتیژی وەحشیانەی پۆلیس لە بەرامبەر خۆپیشاندەران بکرێت.

بەپێی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان؛ یەکشەممەی رابردوو ٢٥ی ئاب نزیکەی ١.٧ ملیۆن کەس لە ناوەڕاستی هۆنکۆنگ بەشداریان کرد لە خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە دیموکراسی. لەکاتێکدا پۆلیس گووتی کە ژمارەی بەشداربووان تەنیا ١٢٨ هەزار کەس بووە. هەروەها ناڕەزایەتی پێشووتر لە فڕۆکەخانەی هۆنک کۆنگی نێودەوڵەتی، هەروەها شوێنە گەشت و گوزارەکانی شار بووە.

ناڕەزایەتیەکانی هۆنک کۆنگ و خشتەی کاتی بۆ هەڵکشانی نائارامیەکان:

سێی نیسان: بۆ یەکەمجار حکومەتی هۆنک کۆنگ پڕۆژە یاسایەکی پێشکەشکرد کە تێیدا بتوانێت گومانلێکراو لە بکەری تاوانێک ڕادەستی چینی بکات بۆ دادگایی کردن.

نۆی حوزەیران: نزیکەی نیوملیۆن کەس ڕێپێوانیان کرد بەرەو بارەگای حکومەت بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر ئەو پڕۆژە یاسایە.

دوانزەی حوزەیران: بۆیەکەمجار پۆلیس غازی فرمێسکاوی و گوللەی پلاستیکی لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێنا.

شانزەی حوزەیران: نزیکەی ٢ ملیۆن کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە سەرۆکی هۆنک کۆنگ کاری لام کرد بۆ کێشانەوەی پرۆژە یاساکە. کە ڕۆژی پێشتر بەڵێنیدابوو دوایبخات بۆ کاتێکی نادیار.

بیست و یەکی تەمووز: کۆمەڵێک پیاو بە پۆشاکی سپیەوە هێرشیان کردە سەر سەرنشینەکان لە وێستگەی میتڕۆ و تونێڵەکانی میترۆ. لەهەمان ڕۆژدا خۆپیشاندەران هەڵسان بە تێکدانی نوسینگەی پەیوەندیەکانی چینی لە هۆنک کۆنگ.

سێی ئاب: خۆپیشاندەران ئامادەی بەرەوڕووبوونەوە بوون لەگەڵ پۆلیس و لەبەرامبەر گازی فرمێسکاوی گوللەی پلاستیکی، ئەویش بە لەسەرکردنی دەمامکی پارێزگاریکردن لە گاز.

یانزەی ئاب: هێرشی پۆلیس بۆسەر وێستگەکانی شەمەندەفەر و تەقەکردن بە گازی فرمێسکاوی.

دوانزەی ئاب: کۆبوونەوەی ناڕازیان لە فڕۆکەخانە. دانپێدانانی پۆلیس بە بڵاوەپێکردنی ئەفسەر لەکاتی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژی پێشووترەوە.

بیست و پێنجی ئاب: بەکارهێنانی تۆپی ئاو بۆیەکەمجار و هاویشتنی گوللەی ئاگادارکردنەوە. خۆپیشاندەرانیش بەهاویشتنی شتی وەک قونبەلەی لە بەنزین دروستکراو وەڵامی پۆلیسیان دایەوە.

ژنانی مەکسیک دژ بە لاقەکردن خۆپیشاندان دەکەن.

لەژێر دروشمی (ئەوان نامانپارێزن، ئەوان لاقەمان دەکەن)، ١٦ی ئاب ژنانی مەکسیکی ڕێپێوانێکی گەورەیان ڕێکخست. خۆپیشاندەران  دژ بەلاقەکردنی کچانی پێنەگەیشتوو لەلایەن پۆلیسەوە هاتنە سەر شەقامەکان. هەزاران لە ژنان لە پایتەختی مەکسیک دەستیاندایە خۆپیشاندان دژ بە دیاردەی لاقەکردنی هەزاران لە کچانی پێنەگەیشتوو لە کۆمەڵگەی مەکسیکی. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە ٩ ژن بەهۆی توندوتیژی پیاوانەوە دەکوژرێن. هەندێک ڕاپۆرتی دیکە باس لەوەدەکەن کە پتر لە  ٤٠ ٪ ی ژنان لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەم ژمارە بۆ ٩٦٪ بەرزدەبێتەوە لە پایتەختەکەی مەکسیکۆ سیتی.

ئەم خۆپیشاندانە دوای ئەوەهات کە ژمارەیەک لە ژنان ئاشکرایان کرد کەلەلایەن پیاوانی ئاسایشەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر و لاقە کراون. ئەم قسانە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خستە ناو فەزای گشتی و دڵەڕاوکێ لە وەستانیان لە چوون بۆ خوێندن و خوێندگا، کەئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دیاردەی نەخوێندەواری لە ڕێزی ژناندا.

تەنها چوار رۆژ کارکردن لە هەفتەدا

جێگری سەرۆکی دۆما( پەرلەمان)ی ڕووسی ئەندریە ئاساییف ڕایگەیاند کە حزبی دەسەڵاتدار لە ڕووسیا( ڕوسیای یەکگرتوو) پشتیوانی پێشنیارێکی تازە دەکات لە کەمکردنەوەی ڕۆژانی کارکردن لە هەفتە بۆ تەنیا ٤ ڕۆژ.

ئەو پەرلەمانتارە پلە بەرزەی ڕووسی ئەوەی زیادکرد کە کەمکردنەوەی ڕۆژێکی کار لە هەفتە، دەرفەتی زیاتر دەداتە فەرمانبەرانی ڕووسی بۆئەوەی کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر بەرن و دەرفەتێکیشە بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، بەبێ ئەوەی کاریگەری بکاتە سەر نرخی داهاتی مانگانەکەی. لەکاتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا، چاوەڕواندەکرێت کە ڕێژەی بێکاری کەم بێتەوە.

ئاساییف ئەوەشی زیادکرد؛ جێبەجێکردنی خشتەی کاری تازە بەشێوەیەکی هەنگاو بەهەنگاو دەبێت، بۆئەوەی کۆمپانیاکان و فەرمانبەرانیش بتوانن ڕابێن لەگەڵ گۆڕانکاریەکە. لەسەرەتای مانگی داهاتوو کار بەو پڕۆژە یاسایە دەکرێت.

لەسەر هەمان پرس، لە ڕەئی گیریەکدا کە لەمانگی حوزەیران کراوە، نزیکەی نیوەی دانیشتوان( ٤٣٪) دژ بەم پێشنیارە تازەیەن، ترسیان لەوە هەیە کاریگەری هەبێت لەسەر داهاتی مانگانەیان، لەکارێکدا ئاساییف جەختی لەوە کردۆتەوە کە مووچەی مانگانە لە جێی خۆی دەمێنێتەوە بەبێ گۆران.

بۆیەکەمجار پێشنیاری ٤ رۆژ کار لە هەفتەدا لەلایەن سەرۆک وەزیران دمیتری مەدفیدیف ەوە پێشنیار کرابوو، دوایی گەورەترین کۆمەڵی نەقابەکانی ڕووسیا پشتیوانیان لێکرد” یەکێتی نەقابەکانی پیشەوەری سەربەخۆ”

Leave A Reply

Your email address will not be published.