تا کۆتایی دیکتاتۆریەت دێت، سەردەشت عوسمان سومبول و ناسنامەی پرسی ئازادییە لە کۆمەڵگای کوردستاندا…

0

چەند رۆژێکی تر حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانە… سەردەشت عوسمان ئەو لاوە تازە

پیگەیشتووە بوو کە لە بەردەم زانکۆ و ناوجەرگەی شاری هەولێردا، رفێنراو بەمەبەستی شوین ونکردنی گەیەنرایە موسڵ و پاشان بە شێوەیەکی درندانە تیرۆر کرا.

سەردەشت، یەکەمین قوربانی دەستی ناسیونالیزمی کورد و دەسەڵاتە رەش و دیکتاتۆرەکەی نەبووەو نییە. لەساڵی ١٩٩١ وە تا ئێستا لیستیکی دریژ لەبەردەستە کە ئەم دەسەڵاتە، بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگاو ئازادی دەستی بۆ بردووە. بە جیا لە قوربانیانی سیاسی و قوربانیانی دەستی تیرۆری وڵاتانی ناوچەکە و تیرۆری هەڵسوروانی سیاسی و پەنابەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیران و تورکیا، وە بەجیا لە تیرۆری کادر و هەڵسوراوانی سیاسی بەدەستی گروپە تیرۆریستەکانی خودی حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان و بارەگا سوتاندن و نان برین و دەرکردن لەسەرکار بەهۆکاری سیاسی …تاد.  کۆمەڵگای کوردستان شاهیدی جەنگێکی زنجیرەییە لە دژی ئازادی. لە تیرۆری ڕیناس و رەئوف ئاکرەییەوە بۆ نەزیز عومەر، لە فەرهاد فەرەجەوە بۆ بەکر عەلی و شاپورو قابیل، لە سۆرانی مامە حەمەو عەبدلستار تاهیر شەریفەوە بۆ کاوە گەرمیانی و ویداو حسێن… لە داخستنی دەیان رۆژنامەو گۆڤار و کەناڵ و لە دارکاری و لێدانی دەیان رۆژنامە نووس و نووسەوە تا زیندانیکردن و رفاندن و شکنجەدان و ئەتک کردن… گۆشە بەگۆشەی هێرشی بەردەوامی دیکتاتۆریانەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردین، لە دژی ئازادی و بۆ بەرتەسککرنەوەی کەشی نیمچە ئاوەڵایی کوردستان و زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، کە بەنەخشەوە دەستیان بۆ دەبرێت.

ئەوەی کە تایبەتمەندیەک دەدات بە کەیسی سەردەشت عوسمان… ئەوەیە کە جۆری تیرۆری سەردەشت عوسمان، ئاستی درندەیی و دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی بەوپەرێ خۆ دەگەیەنێت. پێشتر تیرۆرەکان بە شاراوەیی و یان هەموو هەوڵێک دراوە بە شاراوەیی ئەنجام بدرێن و بوار بۆ پەردەپۆشکرن و ونکرن و بەلارێدابرن و شانخاڵی کردەنەوەی تیا، هەبێت. لەکاتێکدا لە دۆسیەی سەردەشتدا، کۆمەڵگا شاهیدی بێمنەتی دەسەڵات و دیکتاتۆریەکی بێپەردەیە. سەردەشت نە لەشەوی تاریک و نە لەکەنار شارو نە بەشاراوەیی و نەلەماڵەکی خۆی و نەلەرێگای هاتووچۆ، بەڵکو بە ئاشکرا لەبەردەم زانکۆ و لەناوجەگەی شاردا، دەرفێنرێت. پاشان بەناو تۆرێكی جاڵجۆڵکەیی لە پیاوانی ئاسایش و پاراستنی ئاشکراو نهێنی و بەناو چەندین بازگەی تیژ بینی سەرکوت و کوشتاری ئازادیدا، بەرەو شاری موسڵ دەبرێت و پاشان لەوێ تیرۆر دەکرێت. ئەم جۆرە لە تیرۆر، شێوازی ئەنجامدانی تیرۆرەکە نەک تەواو ئاشکراییە، بەڵکو هاوکات هەڵگری پەیانی ئاشکراشە بەرووی ئازادیخوازان و نووسەران وهەڵسوراوانی کۆمەڵگای نارازی لەستەم و سەرکوت و بێمافی.

پەیامی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانە لەم جۆرە تیرۆرەدا، کە سەردەشت دەکاتە نیشانە، لە راستیدا لەریگای تیرۆری سەردەشتەوە، نیشانە لە نارەزایەتی ئازادیخوازان و نووسەران و رۆژنامەنووسان و تەواوی کۆمەڵگەی نارازی لە ستەم و نابەرابەری ئابوری و کۆمەڵایەتی، دەگرێت. لەوەش واوتر و لە ئاکامی گوشاری دەنگی فراوانی نارەزایەتی بەدژی تیرۆری سەردەشتدا، سیناریۆیی بەناو یاسایی دوای تیرۆری سەردەشت، وەکو تیرۆری سەردەشت، ڕۆشن و بێ روپۆشە. دەیان بەڵگەی ئاشکرا، چەندین بکەر، سەیارە، تێپەرین بەناو چەندین بازگە، کە بەڵگەی ئاشکران بۆ دۆزینەوەی هەر تاوانێک، کەچی پارتی بەڵگە ئاشکراکان و بکەرە دیارەکان، دەکاتە مەخلوقی نەبوو لە ژیاندا و چەند کەسی بێتاوان لەم دۆسیەیە دەکاتە خۆراکی سیناریۆیەکی پوچ، تا لەم رێگایەوە پێداگری لەسەر پەیامی تیرۆرەکەی بکات و کۆمەڵگا، بەم سیناریۆیانەش رام بکات.

دەسەڵاتی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد بەگشتی و دەسەڵاتی پارتی و زونی زەرد بەتایبەتی، بە تیرۆری ئاشکرای سەردەشت و بە سیناریۆی پوچ و ئاشکرای دوای تیرۆری سەردەشت، گەورەترین ریسوایی لەمێژووی سەرکوت و دیکتاتۆریەتدا، تۆمار کرد. نەخشەدارێژەران و جێبەجێکارانی ئەم تاوانە، باش دەزانن ئامانجیان مایە پوچ بوو. نە کۆمەڵگا بەو کردەوە فاشیستیە تۆقێنراو نە ویستی ئازادی پاشەکشەی پێکرا. بەپێچەوانەوە، ماهیەتی دیکتاتۆریانەی دەسەڵات بە تیرۆرەکەو سیناریۆیی دوای تیرۆرکە بۆ کۆمەڵگا سەلمایەوە. سەردەشتیش بوو بە سمبول و ناسنامەی پرسی ئازادی لە کۆمەڵگای کوردستاندا. تا کۆتایی بەدەسەڵاتی دیکتاتۆریەت دێت، سەردەشت عوسمان سومبول و ناسنامەی پرسی ئازادییە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. یادکردنەوەی سەردەشتیش رێزگرتنە لە پرسی ئازادی و وەستانەوەیە بەرووی ستەم و بێمافی و دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی خەڵکی کوردستاندا.

نووسەران و رۆشنبیران، رۆژنامەنووسان و تەواوی ئازادیخوازان… پێویستە لە حەوتەمین ساڵیادی سەردەشت عوسماندا، پەیامی توندو رۆشن بدەنە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و تۆمەتبارانی دژی ئازادی لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەم دەسەڵاتە ئەگەر لمۆزی خوێناوی لە دژی ئازادی نەشکێنرێت، ئەگەر بزوتنەوەیەکی فراوان و رۆشنی جەماوەریی بەروویدا نەیەتە مەیدان و رۆژانە نەچێتە بەرامبەرکێی ئەم دەسەڵاتەوە، بەئاسانی دەست لەسەرکوت و بێمافی و جەنگی راگەیەنراوی لەدژی ئازادی و ئازادییەکان و کاری رۆژنامەگەریی هەڵناگرێت. یەکەمین هەنگاویش لەراستای پاشەکشەکردن بەو دەسەڵاتە، ناچارکردنی دەسەڵات و بەتایبەتی پارتییە، کە کاراکتەر و نەخشەداڕێژەرانی سەرەکی و تۆمەتبارانی جێبەجێکار، لە دۆسیەی سەردەشت و سەردەشتەکانی کوردستاندا بێ رتوش رادەستی کۆمەڵگاو دادگاییەکی بێلایەنی شارستانی بکات.

یەکی ئایار ٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.