گۆشەی ژن… دیمانە لەگەڵ ئاڵا فەرەج بۆپێشەوە: هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، چییە؟

0

 

 ئاڵا فەرەج: بۆوەڵامدانەوە بە هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، پێویستە سەرەتا ئەوە بڵێم کە ئەم کێشەیە ئێستا لە کوردستاندا کەمترین قسەو باسی لەسەرە. وا ئەدەن بە گوێی خەڵکیدا کە کەی ئێستا کاتی ئەوەیە باسی مافەکانی ژنان بکرێت. ئەمە سەرەرای ئەوەی توندوتیژی دژ بەژنان نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو لە زۆر لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا زیادی کردووە. مەسەلەی ژنان و مافە سەرەتاییەکانیان لەمێژووی کۆمەڵگای کوردستاندا هێندە لەدواوەیە کاتێک ئینسان ئاوڕیک لەمێژووی ئەم کۆمەڵگایە دەداتەوە، ئەوە ئەبینین کە باری ژیانی ژنانیان بەرەو خراپتر بردووە، وە ئەمەش کارکردی حیزبە و دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرپرسی یەکەمن لەم هەلومەرجەی ژنان، ئەوانن کە هیچ کات نەهاتن وەڵام بە کێشەکانی ژنان بدەنەوە، چونکە ئەمە هەرگیز لە ئەجندای کاری ئەواندا نەبووە. ساڵانی نەوەدەکان کاری سەرەکی حزبە ناسیونالیستەکان بە کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی ئەوەی کە سەربەرژیمی بەعس بوو دەستی پێکرد، پاشان مۆدێلی کوشتنی ناموسیان داهێنا کە ناشیرینترین و قێزەونترین دایاردەیە کە تائێستاش هەر بەردەوامە، پاشا ئەوەی حکومەت و دەسەڵاتی حزبەکان پەرلەمانیان بەزۆر شەرعی و زیندووکردەوە، یەکسەر دەستیان برد بۆ بەیاسایی کردنی رێگەدان بە فرەژنی، بەپێی شەریعەتی ئیسلامی!!

بۆ ئەوەی لەهۆکارەکانی ئەم دیاردە کۆنەپەستانەو هەموو چەشنەکانی تری توندوتیژی ژنان تێبگەین، پێویستە لە ناوەرۆکی سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە دەست پێبکەین. لە کاتێکدا لە کوردستاندا ئەم حزبانە هەموو کات سودی تەواویان لەو میراتە کۆنەی سەدەمی پاتریارکی وەرگرتووە کە لە کەلتوری کوردەواری و ئیسلام پێکهاتووە بە دەستگرتن بەم کەلتورە دواکەوتوانەی حیزبەکانەوە کە تاسەر ئێسقان دواکەوتوانەو دژی ئینسانە و بەتایبەت دژی ئینسانی بوونی ژنانە. لەم رێگایەوە توانیویانە کۆڵەکەو پایەکانی دەسەڵاتی خۆیان قایم بکەن. ئەوەتا هەزاران ژن و کچی لاو بوونەتە قوربانی ئەم یاسا دواکەوتوانەی ئیسلام و دەسەڵاتی کوردایەتی. ئەوەتا سەرەڕای گەشەی تەکنەلۆژیاو هەموو بوارەکانی تری ژیان، هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لەهەموو بوار و زەمینەیەکەوە بەرەو خراپتر و خراپتر ڕۆشتووە،  بەتایبەت ئەو هەلومەرجەی خەڵک کە ئێستا بەزۆری لەژیر پلەی خوار هەژاریدا ئەژین، وای کردووە باری دەرونی خەلک بەگشتی و خێزانەکان بەتایبەتی رووبەڕووی باری توندوتیژی و گوشاری ئابوری کردووەو رۆڵی پیاوانی ئەگریسیڤ کردووە، کە ئەمەش حزبە ناسیونالیستەکانی پارتی و یەکێتی و هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو نەهامەتیەن لەسەر حسابی ژیانی خەڵکی، دەستیان گرتووە بەسەر هەموو داهاتی کۆمەڵگاو بەسەر هەموو خۆشگوزەرانیەکانی هاوڵاتیاندا. تەنانەتە نەک رێگە بە چالاکی دەنگە ئازادەکان نادەن، بەڵکو بە هەرەشەو زیندانی و کوشتن و تیرۆر وەڵامیان ئەدەنەوە. ئەگەر کچانی هەندێک لەشارەکانی هەولێر و دهۆک لە کەناڵەکانی وەکو تۆری کۆمەڵایەتی یان بەشداری کاری رۆژنامەگەری و سیاسی بکەن ئەوا زۆر بەئاسانی دەیانکەن بە قوربانی گوللەیەک، جا ئەم کارە حزبی دەسەڵاتدار بیکات یان براو باوک و ئامۆزا بیاکت، حزبی دەسەڵاتدار بەرپرسیاری یەکەمە لەوکارە. سیفەتی دڵڕاگرتنی سیاسەت و کەلتوری ئیسلام یەکێک بووە لە کاری هەمیشەیی حزبە دەسەڵادارەکان، ئەمەش بۆتە هۆی مانەوەو راگرتنی دەسەڵاتیان.

بۆپێشەوە: رێگاچارە چییەو دەبێ چ بکرێت، بۆ کۆتاییهێنان بەو ستەم و توندوتیژییەی، دژ بەژنان لە    ئارادایە؟

ئاڵا فەرەج: هەڵبەتە هەرچەندە لەبەرامبەر توندوتیژی ژناندا هێزی پێشکەوتنخواز زۆر جار دژ بەم هەلومەرجە وەستاونەتەوەو بەشیوازی جۆراو جۆر کاریان دژی کردووە، بەڵام ناوەڕۆکی سیاسەت و جەوهەری هەردوو دەسەڵاتی کوردی لەمێژووی ٢٦ ساڵەی رابردویاندا ئەوەی سەلماند کە ئەمانە هیچ گوێ بە ئیرادەو کەرامەتی خەلک نادەن، و بگرە گەورەترین بێڕێزی بە هەست و داواکارییە ڕەواکانی خەبات و کارو چالکی خەڵکی دەکەن.!!

لەساڵانی نەوەدەکانەوە دەنگی ژنان و پیاوازنی ئازادیخواز لەبەرامبەر توندوتیژی ژناندا بەرز بۆوە، سەرەڕای رێگر زۆر لەلایەن دەسەڵاتداران و مینبەری مزگەوتەکان و وەزارەتی ئەوقاف و خێڵی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگا..تدا، بەڵام چالاکیەکانی رێکخراوی سەربەخۆیی ئافرەتان و رێکخراوەکانی تری ژنان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق… کێسەی ژنانیان بردە ناو کۆمەڵگاوەو وەکو مەسەلەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی دەنگی دایەوە، کە پێشتر زۆر بەکەمی باسی لێدەکرا، تا ئەو رادەیەی سەنتەری پارێزگای ژنان ژیانی کۆمەڵێک لە ژنانی گرتە ئەستۆ و بەدەیان ژنیشی لە چەقۆی ژەنگاوی شەرەف پارێزی رزگار کردو داڵدەی دان… بەڵام رێکخراوەکەمان بە زەبری زۆر و لەرێگای هێزی سەبازیی یەکێتی نیشتیمانییەوە داخرا. کە ئەوە هێرشێکی گەورە بوو بۆ سەر ڕابەران و ئەندامان و هەڵسوراوانی ئەم رێکخراویە. ئێستاش رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی جۆراو جۆر هەیە لە کوردستاندا کە زیاتر لە رۆژی توندوتیژی ژناندا بەکۆڕو سمینار کارێک دەکەن، یان بڵاوکراوەیەو گۆڤار دەرئەکەن و… تاد، یان کاتێک ژنێک دوچاری توندوتیژی دەبێتەوە، خۆ ئەگەر سیاسەتی حزبەکەیان رێگەیان پێ بدات، هەڵوێستێک دەرببرن!!، بەڵام ئایا ئەمە رێگاچارەیەکی سەرەکییە بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی ژنان؟

بەڕای من ژنان وپیاوانی ئازادیخواز ئەبێت لە فکری ئەوەدابن کە زەمینەکانی رەخساندنی رێکخراویك پێکبهێنن کە بەدەوری خواست و مافەکانی ژناندا بێت لەهەموو بوارەکاندا. بۆ نموونە ژنانی کرێکار کە چەرخەکانی هەڵسورانی کارو کۆمەڵگایان بەدەستە، ژنانی زەحمەتکێش کەبەدەست ژیانی ژێر هەژارییەوە دەناڵێنن. ئەمانە بەدەوری رێکخراوەکەدا کۆبکاتەوە. رێکخراوێک کە هەوڵی نەک تەنها جیابوونەوەی دین لە دەوڵەت بات وبەس، بەڵکو تا هاتنەدی یەکسانی تەواوی ژن و پیاو خەبات بکات. وە ئەبێت رێکخراوێک بێت بتوانێت هێزی ئەو ژنانە بەدەوری خۆیدا رێک بخات کە خوازیاری یەکسانی تەوای ژنانن لەهەموو بارێکەوە و وە لە روانگەی چینایەتیەوە خەبات بکرێت بۆ بیهێزکردن و لەکەڵکخستنی کۆڵەکەکانی نیزامی سەرمایەداری. ئەگەر کارێک بکرێت بۆ لابردنی دەسەڵاتی مافیا زل و زیانبەخشەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان وبەئاسۆی وسیاسەتێکی یەکسانیخوازییەوە ئەجندای کارەکانی دابنرێت. ئەگەر کارێکی جدی بکرێت بۆ وەلانانی ئەم حزبانە، ئەوکات زەمینەی دانانی یاسایەکی یەکسان فەراهەم دەبێت کە نەهێڵرێت جێگای هیچ جۆرە هەڵاواردنێک لەسەر بنەمای ژن بوون وپیاو بووببێتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.