هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان ئامادەکردنی: ئاراس رەشید و شوان عەزیز

0

کارگوزارەکانی نایاگاڕا فۆڵس دەست دەدەنە مانگرتن و خۆپیشاندان لە دژی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان!

بەڕێوەبەرایەتی قاوەخانەکانی فۆڕەست ڕەین لە نایاگاڕا فؤڵس بڕیارێکی دەرکردووە لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەو کرێکارو کارگوزارانەیە کە لەوێدا کار دەکەن.

بەپێی ئەو بریارە دەبێت هەموو ئەو بەخشیشەی کە کارگوزارەکان وەریدەگرن لە میوانەکانیان تەسلیم بە بەرێوەبەرایەتیەکەی بکەن و ئەوانیش هاوبەش بن تێیدا.

هەر لەبەر ئەو هۆیە بوو کە دەوروبەری ٩٥ کەس لە کارگوزار، شوفێری پاس، پێشوازیکەری میوانان و خزمەتکارانی ناو قاوەخانەکان کارەکانیان ڕاگرت و دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان. جێگەی باسە کە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانیان لە مانگی نیسانەوە بەردەوامە و تاکو بەرواری ئەم ڕاپۆرتەش ئەوان وازیان لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانیان نەهێناوە.

بە پێی لێدوانی ئەنجومەنی یونایتد کەنەدا، کرێکارەکان و تەواوی کارگوزارەکان ناڕازین بەو بڕیارەی سەروی خۆیان. ئەوان بەهیج شێوەیەک ناچنە ژێرباری ئەو بڕیارەی بەرێوەبەرایتیەکەیان. ئەوان نایانەوێت ئەو بەخشیشەی کە لە میوانان وەریدەگرن و میوانان پێیان دەدەن نیواو نیو بەشی بکەن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکەیان.

جێگەی باسە کە تەنها ئەو کارگوزارانە بەخشیش وەردەگرن لە میوانان کە لەناو قاوەخانەکاندا خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ بە میوانان پێشکەش دەکەن. ئەوانە ڕۆژانە لەو بەخشیشە بەشی ئەو کارگوزارو کرێکارانەیان داوە کە بێبەش بوون لە بەخشیشی میوانان. بۆ نموونە شوفێری پاسەکان. بەڵام ئێستا بە پێی ئەو بڕیارە دەبێت بەشی بەڕێوەبەرایەتیکەشیانی لێ بدەن.

هەندێک لەو کارگوزارانە دەڵێن “ئێمە تاکو ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٤٥ دۆلارمان داوە بە هاوڕێکانی خۆمان کە شوێنی کارکردنیان وای کردووە ئەوان بێبەش بن لە بەخشش.. بەڵام ئێستا دەبێت دوقاتی بکەین. واتە دەبێت ئەوندەی تریش ٤٥ دۆلاری تریش بدەین بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان و ئەوەش مایەی قەبوڵ نییەو ئێمە نایدەین.”

کرێکارێک بۆ میدیاکان ئاشکرای کردووە کە لەلایەن سەرووی خۆیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە: “دەبێت ئەو بەخشیشە بەش بکەن لەگەڵ سەرووی خۆیان ئەگەر بیانەوێت لەسەرکارەکەیان بەردەوام بن. واتە ئەگەر نەیدەین ئەوە لەسەرکار دەردەکرێین”

جێگەی باسە کە لەساڵی ڕابردووەوە لانی کەمی کار بە پێی فەرمانی دەوڵەت بەرزکراوەتەوە. هەر بۆیە خاوەنکارەکان ئەو جۆرە بیانوانە درووست دەکەن لە دژی کرێکاران.

دانیشتوانی ساوارا پانچەیات لە ناوچەی چیلی لە کشمیری هیندوستان بە خۆپیشاندان ڕێگاکان دادەخەن!

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی میدیایی ترایبیونی هیندی، تێکڕای دانیشتوانی ساوارا دێنەدەر لە ماڵەکانیان و تەواوی ڕێگاو بان و ڕێگا سەرەکیەکان دادەخەن.

سەرچاوەکە لە دەمی هەندێک لە دانیشتوانەوە کە بۆ ترایبیون لێدوانیان داوە دەڵێت: دانیشتوانی ساوارا بۆ ئەو خۆپیشاندانەیان دەست پێکردووە؟ چونکە ئەوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ دەچێت ئەوان کرێی ئەو کارەیان وەنەگرتووە کە بە پێی یاسا دەبوایە پێیان بدرایە.

جێگەی باسە کە دانیشتوانی ساوارا بە پێی یاسای مەهاتما غاندی بۆ هاوکاری شوێنە دوورە دەست و لادێیەکان وا بۆ ماوەی ٣ ساڵ دەچێت کرێی کاریان بە پێی ئەو یاسایە وەرنەگرتووە. ئەمەش دانیشتوانی ساوارای توڕە کردووە و هەر بۆیەش خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.

منیر خان یەکێک لە ئەندامانی بەشێکی ئەو ناوچەیە دەڵێت “لە ساڵی ٢٠١٦ وە ئێمە بە پێی یاسای مەهاتما غاندی پارەمان وەرنەگرتووە. ئەی باشە ئیمە چی بدەین بە خواردن بۆ منداڵەکانمان. ئەگەر دەوڵەت ئەو کێشەیە بۆ ئێمە چارەسەر نەکات ئەوە ئێمە ناچارین درێژە بە داخستنی ڕێگا سەرەکیەکان بدەین تاوەکو دەوڵەت دێتەسەر خەت”.

جێگەی باسە هەندێک لە بەرپرسانی ناوچەکە هاتوونەتە سەرخەت و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانن هەتا کوێ ئەو قسانەی لادێنشینەکان ڕاستە. تاکو بزانن ئاخۆ بەڕاست ٣ ساڵە ئەو لادێنشینانە بە پیی یاسای ماهاتما غاندی بۆ لادێ و ناوچە دوورەدەستەکان پارەی کاریان وەرنەگرتووە؟.

کرێکارانی شەریکەی هیوندای بۆ پێشەسازیە قورسەکان خۆپیشاندان و مانگرتنێکی گشتگیر دەست پێدەکەن!

کرێکارەکانی سەر بە سەندیکا لە شەریکەی هیوندای بۆ پیشەسازیە قورسەکان، مانگرتن و کار ڕاگرتنێکی ٤ کاتژمێریان ئەنجامدا لە بەردەم ئۆفیسی سەرەکی هیوندای لە سیۆلی پایتەختی کۆریای باشوور. خۆپیشاندانەکە بۆیە ئەنجامدرا، چونکە شەریکەی هیوندای لەبەرنامەیدایە کە نیوەی شەریکەکەی تێکەڵ بکات لەگەڵ شەریکەیەکی بچووکی ناوخۆیی درووستکردنی کەشتی.

جێگەی باسە کە بە سەدان لە کرێکارانی گرووپی چەتری کار سەر بە سەندیکای کرێکارانی ئاسنی کۆریا هاتنە ناو ڕیزی کرێکارە مانگرتووەکانی شەریکەی هیوندایەوە.

 ئەو کرێکارانەش کە مابوونەوە لە ناو شەریکەی هیوندای لە ئۆلسان کە ٢٤٨ میل لە پایتەختەوە دوورە ئەوانیش چەکوچ و ئامڕازەکانی کاریان فڕێداو شوێنی کارکردنیان بەجێهێشت.

ئەو سەندیکایە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانگرتن و کار ڕاکرتنی ٤ کاتژمێری ئەنجامدا. کرێکارەکانی سەر بەشەریکەی هیوندای ناڕازین و نایانەوێت بەشێک لە شەریکەکەیان تێکەڵ بە شەریکەی دروستکردنی کەشتی بکرێت.

تاکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لە بەرژەوەندی کرێکارە مانگرتووەکان دەرنەکەوتووە. هەروەها بەرپرسانیش سوورن لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەیان بۆ تێکەڵاوکردنی نیوەی شەریکەی هیوندای لەگەڵ شەریکەی ناوخۆیی درووستکردنی کەشتی.

کرێکارەکانی ماکدۆناڵد لە سەرتاسەری شارەکانی ئەمەریکادا ماندەگرن و سیناتۆرێکی ئەمەریکاش پشتگیریان دەکات.!

کرێکارەکانی ماکدۆنالد لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئەمەریکادا ماندەگرن و لە شوێنەکانی کارکردنیان دێنە دەرەوە و کارەکانیان ڕادەگرن.

مەبەست و هۆی مانگرتنی کرێکارەکان بۆ ئەوە بووە کە : ١-  لانی کەمی سەعاتکاریان  بۆ ١٥ دۆلار بۆ بەرزبکرێتەوە. ٢- مافی پێکهینان و دامەزراندنی سەندیکا و ئیتیحادیەی کرێکاریان پێبدرێت. ٣- ڕێگا لە توندوتیژی لەبەرامبەریان بگیرێت و لەو ڕووەوە کاری جددی بکرێت بۆ پاراستنیان لە توندوتیژی. ٤- هەروەها گێچەڵی سێکسیان پێنەکرێت و ڕێ لە هەر جۆرە گێچەڵێک پێیان بگیرێت.

جێگەی باسە کە سیناتۆر بێڕنی ساندەرز کە کاندیدە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠دا لە تەواوی کامپینەکانیدا لە سەرتاسەری ئەمەریکادا پشتگیری خۆی لەو داوایانەی کرێکاران نیشانداوە.

پێشتریش ئەو سیناتۆرە پشتگیری خۆی نیشانداوە بۆ مانگرتنەکانی کرێکارانی سەر بە ئەمازۆن، هێڵی ئاسمانی دەڵتا، دیسنی، شەریکەی جێنەڕەڵ مۆتۆڕ، وابتێک، نیسان و هەروەها مانگرتنەکانی مامۆستایان. هەروەها هەر لەم دواییانەشدا هەر ئەو سیناتۆرە پشتگیری خۆی ڕاگەیاند بۆ مانگرتنەکانی کرێکارانی سەربە زانکۆی کالیفۆڕنیا کە لەسەرەتای ئەم مانگەدا ڕۆژێکی تەواو کارەکانیان ڕاگرت.

هەروەک کرێکارە مانگرتووەکان ڕای دەگەێنن و پرسیار دەکەن و دەڵێن: بۆچی کۆمپانیای ئەمازۆن لانی کەمی کرێی کردووە بە ١٥ دۆلار لە سەعاتێکدا و ماکدۆناڵد نایەوێت بیکات؟

کرێکارێک دەڵێت “من وا بۆ ماوەی ١١ ساڵ دەچێت لە ماکدۆناڵد کاردەکەم. من سەرەتا سەعاتی بە ٧ دۆلارو ١١ سەنت کارم دەست پێکرد. ئێستا دوای ١١ ساڵ سەعاتکارم بۆتە ٩ دۆلار لە سەعاتێکدا”!

شایەنی باسە بە پێی ئامارەکانی پۆلیس دەربارەی گێچەڵی سێکسی لەبەرامبەر کرێکارانی ژندا زیاتر لە چێشتخانەکانی ماکدۆناڵدا ڕوو دەدەن.

یەکێتیە کرێکاریەکانی ئیتاڵیا، بارکردنی کەشتیەکی سعودیە ڕەتدەکەنەوە، وەک ناڕەزایەتیەک بۆهێرشەکانی سعودیە بۆ سەر یەمەن.

ڕۆژی ٢شەممە ١٣ی ئایار،٢٠١٩، یەکێتیە کرێکاریەکانی لە ئیتاڵیا بارکردنی موەلیدەی کارەبایان بۆسەر کەشتیە بارهەڵگرەکانی سعودیە کە بارکرابوو بە چەک ڕەتکردەوە، وەک ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر جەنگی یەمەن.

ئەو کەشتیە بارهەڵگرە بە چەک لە شاری ئەنتۆیربی بەلجیکیەوە هاتبوو. بەڵام نەیانتوانی جارێکیتر چەک باربکەن لە بەندەری لوافری فەرەنسی، ئەوەش دوای ناڕەزایەتی گروپی مافخوازان لەو وڵاتە.

ڕێکخەرانی ئەو کەمپینە مافخوازانە دەڵێن “چەک پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، چونکە دژ بە خەڵکی سڤیڵی یەمەن بەکاردێت لەلایەن هاوپەیمانیەک کە عەرەبستانی سعودی ڕابەرایەتی دەکات لە بەرامبەر حوسیەکان کە سەربەئێرانن و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی سیڤڵ لەو وڵاتە.

یەکێتیە کرێکاریەکان لە جەنوەی ئیتاڵیاش ڕێگریانکرد لە گەیشتنی ئەو کەشتیە بۆ ئیتاڵیا، بەڵام دەمەو بەیان کەشتیەکە خۆی گەیاندبووە بەندەرەکە و ڕووبەڕووی ژمارەیەکی بچووک لە ناڕازیان ببوەوە لەسەر شۆستەی کەنارەکان. لەسەر یەکێک لە بانەرەکان نووسرابوو( نا بۆ جەنگ).

کرێکارەکانیش موەلیدەی کارەباکانیان بۆ بار نەکردبوونە سەر کەشتیەکە، گووتیان “سەرەڕای ئەوەی وا تۆمارکرابوو کە بۆ بەکارهێنانی مەدەنیە، بەڵام ڕەنگە لە جەنگی یەمەن بەکاری بێنن”.

ڕابەرانی کرێکاری لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێن “بێدەنگ نابین لەوەی لە یەمەن ڕوودەدات”. بەرپرسەکان جەختیانکردەوە کە موەلیدەکان لەسەر شۆسەی بەندەرەکە دەستبەسەرە، گووتیشیان ئەو کاڵایانەی کە جێگەی ڕەخنە نەبن باردەکرێنە سەر کەشتیەکە.

شایانی ئاماژە پێکردنە کە جەنگی بەردەوامی ٤ ساڵەی یەمەن، بووە هۆی کاولکردنی یەمەن و زووربەی دانیشتوانەکەشی ڕووبەڕووی برسێتی و بێدەرمانی بوون و چاوەڕێی مەرگی لەسەرخۆن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.