دیمانە لەگەڵ مریەم عەبدولڕەحمان- مامۆستای خوێندگای بنەڕەتی لە کەنەدا و چالاکوانی ژنان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان…

0

دیمانە لەگەڵ مریەم عەبدولڕەحمان- مامۆستای خوێندگای بنەڕەتی لە کەنەدا و چالاکوانی ژنان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان…

مریەم عەبدولڕەحمان: ئەو منداڵەی کە گوێی لێناگیرێت و گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێت و وەڵام بەپرسیارەکانی نادرێتەوە، کە گەیشتە تەمەنی قۆناغی هەرزەکاری گفتوگۆکردن زەحمەت دەبێت لەگەڵیدا، چونکە ڕانەهاتووە لەسەر ئەوە…

بۆپێشەوە: بەجیا لەستەمی کۆمەڵایەتی دەوڵەتەکان لەسەر مناڵ، ستەمی دایک و باوک و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ  مناڵان لە ترساندنیانەوە تا لێدان و توندوتیژی هێشتا واقعیەتی خێزانە دەمارگیرەکانە بەدین و ناسیونالیزم و…. چۆن دەڕواننە ئەو دیاردەیە؟

مریەم عەبدولڕەحمان: بێگومان ژینگە ڕۆلی سەرەکی دەگێڕێت لەسەر پەروەردەی منداڵ. دایک و باوک یان هەرکەسێک کەبەرپرسی یەکەمە لە پەروەردەکردنی منداڵ دەبنە بەرپرسی یەکەم لە چۆنیەتی دروستبوونی کەسایەتی منداڵ. ئەگەر بەوردی باسی ئەو بابەتە بکرێت نووسینی چەندان کتێب لەخۆی دەگرێت، چەندین زانا و شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵان ئەو بابەتەیان باسکردووە. لێرەدا ئاماژە بەچەند سەرەدێرێکی سەرەکی دەدەم.

ئەو منداڵەی دەترسێندرێت لەتەمەنی (سفر-٥) ساڵی، بۆ نموونە ئەم دیاردانەی لێدەردەکەوێت (زگ ئێشە، ترسان لەتاریکی، خەوی ڕێک وپێک نابێت، خۆتەڕکردن لەخەودا، دڵەڕاوکێ، سەرکەوتوو نابێت لە کاری ڕۆژانەدا)

لە تەمەنی( ٦-١٢) ساڵی (منداڵێکی فێلبازی لێدەردەچێت، ژەمەکانی خواردنی ناڕێک و پێک دەبێت، متمانە بەخەڵک ناکات، بەردەوام ترسی پشتگوێخستنی هەیە لەلایەن کەسانی ترەوە، لەخوێندن باش نابێت، کچەکان ناتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و کوڕانیش کەسی زۆر توڕەیان لێدەردەچێت). ترساندنی منداڵان هەموو ئەو وشە و هەڵسوکەوتانە دەگرێتەوە کە مناڵانی پێدەترسێنن، وەک هەڕەشەکردن لە منداڵان بەم جۆرە وشانە (لێت دەدەم، سەرت دەبڕم، دەتکوژم، گوێت دەبڕم یان بۆ کوڕان دەڵێن گونت دەبڕم).

ئەو منداڵەی کە خۆشەویستی پێنادرێت کە گەورە دەبێت(بەردەوام گومان لەخۆی دەکات هەڵەبکات، توڕەیە لە خۆی، نەبوونی متمانە بەخۆی، کەسایەتیەکی ناجێگیری دەبێت).

ئەومنداڵەی بەفیزیکی سوکایەتی بەرامبەر دەکرێت، ئازاروبڕین و شکان بۆی هەیە لەهەر شوێنێکی جەستەی دروست بێت. شکاندنەوەی منداڵ بە وشەی بریندارکەری وەک(ناشیرین، تەمبەڵ، کورت، درێژ، …هتد) منداڵەکە توشی کێشەی دەروونی لە شێوەی(ئازاردانی جەستەی خۆی، ناڕێک و پێکی لە خواردن، ئاڵودەبوون بەماددە ئەلکهولیەکان لە تەمەنی هەرزەکاری زوو، گرفت دروستبوون لە خەوتن، لە خوێندنیش باش نابێت).

ئەو منداڵەی کە گوێی لێناگیرێت و گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێت و وەڵام بەپرسیارەکانی نادرێتەوە، کە گەیشتە تەمەنی قۆناغی هەرزەکاری گفتوگۆکردن زەحمەت دەبێت لەگەڵیدا، چونکە ڕانەهاتووە لەسەر ئەوە. شارەزایانی بواری منداڵان پێشنیار دەکەن لە تەمەنی ٢ ساڵیەوە منداڵ دەبێت قسەی لەگەڵ بکرێت، ڕۆژانە لێی بپرسرێتەوە کە ئایا ڕۆژەکەی چۆن بەسەربردووە، چ شتێکی بەلاوە خۆش بووە، چ کاتێک خۆشترین کاتی بووە بەنموونە. حەزی لەچی کردووە و  یا نەکردووە لە خواردنەکانی یاخود لە یاریەکانیدا. بەمجۆرە پەیوەندیەکی توندوتۆڵتر لەگەڵ منداڵەکەت دەبەستی و منداڵەکەت دەتوانێت متمانەت پێبکات بۆ باسکردنی هەربابەتێک لە ژیانی ڕۆژانەیدا. بێگومان بەردەوام دەبێت زۆر ئاگاداری ئەوە بیت کە جوانترین و سادەترین و شیرینترین وشە بەکاربێنیت.

بەڕای من لەپەیوەند بە بابەتی ئایین و نەتەوە و هەربیروباوەڕێکی دیکەدا، ژینگە یان خێزان ئەگەر ئایین یان نەتەوە و هەر ئایدیالۆجیەکیتر تێکەڵ کرا لەگەڵ بیرکردنەوەی منداڵ، وەک ئەوە وایە ستەمێکی گەورە لەمنداڵەکە بکرێت. منداڵ لەبۆچوونی بۆ بابەتە فکریەکان دەبێت لە ١٠٠٪ ئازاد بێت، ئەگەر پرسیاری لەسەر بیروباوەڕێک کرد، دەبێ بڵێیت تۆ چۆن بیری لێدەکەیتەوە، نەک بیروبۆچوونی خۆتی بەسەردا بسەپێنی. تەنانەت بە ناڕاستەوخۆ کاتێک منداڵەکەت لەو شوێنە دانیشتووە، هەوڵبدرێت لەو جۆرە باسانە قسەی لێنەکرێت.

بۆپێشەوە: دەمارگیری ئاینی و بیروباوەڕی باوی خودی خێزانەکان، چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان و مافەکانیان هەیە؟

مریەم عەبدولڕەحمان: لەخێزانە دەمارگیرە ئیسلامیەکاندا، منداڵی کچ لە یەکەم ساتی لەدایکبوونیەوە، وەکو منداڵی کوڕ پێشوازی لێناکرێت. لەیەکەم ڕۆژەوە دایک و باوکەکە هەستدەکەن پەروەردەی منداڵەکەیان قورسترە، چونکە بەردەوام دەبێت ئاگاداری ئەوەبن پەروەردەی کچەکەیان جیاوازە لە پەروەردەی کوڕەکەیان. پێی دەڵێن  تۆ کچیت و جیاوازیت لە کوڕ، ئەگەر برای هەبێت پێی دەڵێن ئەوەی براکەت دەیکات نابێت تۆ بیکەیت. هەتا دەگاتە ڕادەی ئەوەی منداڵە کوڕەکەش وا ڕادەهێنن کە بەچاوێکی کەمتر سەیری خوشکەکەی بکات بەبەراورد بە براکەی. لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی کچ واتە تەمەنی ٥ و بەرەوسەرەوە، ئیتر بەتەواوی کچەکە دەخەنە ژێر باری ژیانێکی جیاواز. یاری کچەکە سنووردار دەکرێت لە جۆر و شوێنی یاریکردن. هەندێکجار تەنانەت نابێت بەدەنگی نزمیش گۆرانی بڵێت یان یاری فیزیکی توند بکات. هەموو ئارەزوویەکی منداڵانەی لێ زەوتدەکرێت، حجابی زۆرەملێی بەسەردا دەسەپێنن و بەئارەزووی خۆشی جل ناپۆشێت. لەو جۆر خێزانانە، کچ کە دەگاتە ٩ ساڵ ئیتر بیر لەبەشوودانی دەکرێتەوە، چونکە یاسای شەریعەتی ئیسلام ڕێی پێدەدات. ئەگەر ڕێک نەکەوت بەشوو بدرێت، ئەوا ڕەنگە ڕێگەی خوێندنی لێ بگیرێت. ئەنجامی ئەم بێمافی و نا عەدالەتیە دەبێتە هۆی  لێدانی مۆری پلە دوویی و بەکۆیلە سەیرکردنی لەدوای تەمەنی منداڵی.

بەرپرسی یەکەم لەم توندوتیژی و ناعەدالەتیەی بەرامبەر منداڵی کچ دەکرێت دەستوور و سیستەمی وڵاتە، ڕێگا خۆشدەکات بەمجۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵە کچەکانیان بکەن. سیستەم بەیاسا دەتوانێت باری ژیانی ئەو کچانە بگۆرێت و هاوتایان بکات لەگەڵ منداڵی کوڕ. کەلتوری توندوتیژی دواکەوتوانەی لەبەرامبەر کچان دەکرێت وردەوردە لەناوبەرێت، هەروەک چۆن لەو وڵاتانەی تیایاندا ئایین لە دەوڵەت جیاکراوەتەوە منداڵانی کچ بەهیچ جۆرێک لە منداڵانی کوڕ جیاناکرێنەوە، یان بە جیاواز سەیر ناکرێن. منداڵی کچ لەم سیستەمانەدا هەموو مافەکانیان بۆ فەراهەم دەکرێت. ئەمەش بەگوێرەی یەکێک لەبەندەکانی  یاسای مافەکانی منداڵان لە نەتەوە یەکگرتووەکان؛  هیچ منداڵێک نابێت توندوتیژی لەبەرامبەر بەکاربهێنرێت یا سەرکووت بکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.