دیمانە لەگەڵ هۆمەر قەرەداغی شارەزا لە بواری پەروەردە و بەڕێوەبەری ئامادەیی لە ستۆکهۆڵم بەبۆنەی بەڕۆژی جیهانی مناڵان…

0

دیمانە لەگەڵ هۆمەر قەرەداغی شارەزا لە بواری پەروەردە و بەڕێوەبەری ئامادەیی لە ستۆکهۆڵم بەبۆنەی بەڕۆژی جیهانی مناڵان…

هۆمەر قەرەداغی: سیاسەت جیهانی منداڵ نییە لەبەر ئەوە دەبێت منداڵ دوور لەسیاسەتی حیزبایەتی گەورە بێت.

بۆپێشەوە: تا چەندە لەگەڵ ئەوەدان مناڵان رابێکێشرێنە ناو دنیای سیاسەت و خەبات، و دیمەنی نابەرابەری و زوڵمی سەرمایەداریان پێ ئاشنا بکرێت؟

هۆمەر قەرەداغی: جیهانی منداڵان جیهانێکی تایبەتە، مێشکی منداڵ هێشتا گەشەی تەواوی نەکردووە. زۆر شت کە پێی ئەڵێی منداڵەکە وەک خۆی وەری ئەگرێت، تەنانەت ئەگەر وتنەکەش ڕەمزی بێت. بۆ نموونە ئەگەر دایکێک بە منداڵەکەی بڵێت ئەتکوژم یان چاوت دەرئەهێنم ئەگەر درەنگ بێیتەوە؟ ئەوا منداڵەکە واتێئەگات کە ئەو شتە ڕاستە و ڕووئەدات. ئەم تینەگەیشتنە لە جیهانی بیرکردنەوەی منداڵ زیان و کاریگەری قوڵی هەیە بۆ ژیانی گەورەساڵی.

منداڵ بە هیچ شێوەیەک نابێت رابکێشرێتە ناو دنیای سیاسەت و تێکۆشان، منداڵ ئەبێت؛ منداڵ بێت و لە جیهانی منداڵی خۆیدا بەشێوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ گەشە بکات و وردە وردە بێتە ناو ژیانەوە بە پێی تەمەنی. نابێت پەلەی لێبکرێت و بەزۆر هەڵدرێتە ناو کۆمەڵێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئابووری کە خۆی دەرکی پێنەکردووە و گرنگ نیە بەلایەوە.

زۆر دایک و باوک بۆ نمونە کە خۆیان حەزیان لە مۆسیقا بێت ئیتر بەزۆر کاتی منداڵەکەیان تەنیا تەرخان دەکەن بۆ مۆسیقا بۆ ئەوەی منداڵەکە بگات بەو ئامانجەی کە خۆیان پێی نەگەیشتوون، بۆ نموونە باوکی مایکل جاکسۆن ( Michael Joseph Jackson ١٩٥٨-٢٠٠٩  )*منداڵی مایکلی شێواند، بەجۆرێک کە تەمەنی ٤٠ ساڵیش بوو هەر حەزی بە ناو منداڵان بوو،  چونکە بە سروشتی گەورە نەببوو.

هیچ گومان لەوەدا نییە کە منداڵ سەیری دایک و باوکی ئەکات و کەم و زۆر دەکەوێتە ژێر کاریگەریانەوە. ئەوە ئەرکی دایک و باوکە کە هەوڵبدەن کاریگەریەکە بە شێوەیەکی سروشتی و لەسەرخۆ بێت بەشێوەیەک کە منداڵەکە ژیانی منداڵی خۆی لەدەست نەدات.

قسەکردن لەگەڵ مناڵدا گرنگە،  بەڵام دەبێت بەپێی تەمەن بێت. سیاسەت جیهانی منداڵ نییە لەبەر ئەوە دەبێت منداڵ دوور لەسیاسەتی حیزبایەتی گەورە بێت.

بۆپێشەوە: کێ بەرپرسە لە پەروەردەی مناڵان، دایک و باوک یان دەوڵەت؟

هۆمەر قەرەداغی: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە بەرپرسە لە پەروەردەی منداڵ. کۆمەڵگەش بریتیە لە خێزان، گەڕەک، شار،  قوتابخانە، سیستمە سیاسیەکەی وڵات، دامودەزگاکان…هتد

ناکرێت بەهابنەماییە مرۆڤدۆستیەکانی ناو خێزان جیاواز بێت لە بەهاکانی ناو قوتابخانە. ئەگەر ڕوویدا؟ ئەوە منداڵەکە سەری لێ ئەشێوێت و نازانێت کامە ڕاستە، کەریگەریەکەشی ئەوەیە کە منداڵەکە دوو کەسایەتی دەبێت، یەکێک لە ماڵەوە، یەکێک لە قوتابخانە، ئەمەش زیانێکی گەورە دەگەیەنێت بە ژیانی گەورەساڵی منداڵەکە.

لە سوید هەندێک خێزانی کورد کێشەیان هەیە لەم بوارەدا. بۆ نمونە بەهاکانی ناو خێزانەکە زۆر  جیاوازە لە بەهاکانی ناو قوتابخانە، زەقترینیان دابوو نەریتی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتییە کە لەگەڵ وڵاتێکی تا رادەیەک دیموکراتی کە ئازادی مرۆڤەکان دابینکراوە یەک ناگرێتەوە، دین هۆکاری کێشەی دەروونی زۆر قوڵی منداڵەکانە کە دەبێتە هۆی ترس و داخران و نەگونجانن لەگەڵ کۆمەڵگەدا. زۆر جار کۆتایی ئەو نەگونجانە بە کارەسات دەشکێتەوە.

بۆپێشەوە: دەمارگیری ئاینی و بیروباوەڕی باوی خودی خێزانەکان، چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان و مافەکانیان هەیە؟

هۆمەر قەرەداغی: وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشودا وتم، زۆر جار کاریگەریەکە بە کارەسات کۆتایی دێت. من لێرە لە سوید لەبەر ئەوەی لە سیستمی فێرکاریدا کاردەکەم دەیان حاڵەتی تراجیدی هاتۆتە بەردەستم کە کۆتاییەکانی زۆر ناخۆش بووە، لە دابڕانی منداڵەوە لە خێزانەکەی هەتا کوشتن، بەتایبەتی کچەکان.

دابوونەریتی ڕۆژهەڵاتی و دەمارگیری ئایینی لەگەڵ بەهابەرزەکانی مرۆڤایەتیدا ناگونجێن. یان ئەوەیە منداڵەکە بەرەو دەمارگیری ئایینی دەباتەوە، کۆتایی هەندێکیان لەناو داعش و کوژران دەبێت، یان ئەوەیە منداڵەکە بەرپەرچی خێزانە دینیەکەی دەبێتەوە و دوردەکەوێتەوە لە دایک و باوکیان، کە ئەوەش وەک چارەسەرێکی کاتی باشە، بەڵام بۆ پەیوەندی دوورودرێژ ئازارێکی قوڵ و برینێکی ساڕێژنەکراو دەبێت لە دەروونی منداڵەکەدا.

لەبەر ئەوە تەنیا چارەسەر ئەوەیە واز لە منداڵ بهێنرێت منداڵ بێت و سەربەستی تاکەکەسی خۆی هەبێت، ئەگەرچی تەمەنەکەشی کەم بێت.

بۆپێشەوە: لە ڕوانگەی ئێوەوە سەرەکی ترین مافەکانی مناڵان چین؟

هۆمەر قەرەداغی: منداڵ کەسایەتییەکی سەربەخۆیە، موڵکی دایک و باوک نییە.

مافەکانی منداڵانی بەپێی کۆنڤێنشونی نەتەوە یەکگرتووەکان ٥٤ بەندە. هەموویان وەک یەک گرنگن و کۆی گشتی پێک دێنن،  بەڵام چوار پرنسیپی بنەمایی هەیە کە دەبێت بوونی هەبێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ منداڵدا کە ئەمانەن:

یەکەم: منداڵان هەمان ماف و هەمان بەهایان هەیە. هیچ منداڵێک نابێت سەرکوت بکرێت.

دووەم: دەبێت خۆشگوزەرانی و خۆشی منداڵ، لە ھەر بڕیارێک کە دەربارەی منداڵ بدرێت، لە پێش ھەموو شتێکی ترەوە بێت.

سێیەم: هەموو منداڵێک مافی ژیان و پێشکەوتنی هەیە.

چوارەم: هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە ڕای خۆی بڵێت و رێز لە ڕاکەی بگیرێت.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە توندوتیژی بەرامبەر بە مناڵان؟

هۆمەر قەرەداغی: بەکارهێنانی ‌هەر سەرکوتکردنێکی فیزیکی یان دەروونی بەرامبەر منداڵ قەدەغەیە. بەپێی کۆنڤێنسونی نەتەوە یەکگرتوەکانی مافەکانی منداڵ. ئەوە ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵە لە هەموو جیهاندا کە جێبەجێی بکات.

لە کۆمەڵگە دیموکراتییەکاندا بەپێی یاسا، لێدانی منداڵ قەدەغە کراوە،  بەڵام لە زۆر وڵاتی دنیا لێدانی منداڵ وەک مافێکی دایک و باوک سەیر دەکرێت کە ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە.

من لە ساڵی ٢٠٠٤ یاسای قەدەغەکردنی لێدانی منداڵم تەرجومە کرد و ناردم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەڕێی پەرلەمانەوە بکرێت بە یاسا. بەداخەوە کاریان پێ نەکرد وپشتگوێیان خست.

*مایکل جاکسۆن: ( ١٩٥٨-٢٠٠٩) گۆرانی بێژی و نووسەری گۆرانی ئەمەریکی بوو. بە شای مۆسیقای پۆپ دەدەنرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.