دیمانە لەگەڵ جیهاد محەمەد نووسەرو وەرگێر بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان…

0

دیمانە لەگەڵ جیهاد محەمەد نووسەرو وەرگێر بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان…

 جیهاد موحەمەد: هەتا سیستەمی سەرمایەداریی حوکمی دنیا بکات، چەکدارکردنی منداڵ زەحمەتە کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە ئەم سیستەمە نا ئینسانیی و نادادپەروەرە لەسەر چەوساندنەوە و ستەمکاریی بونیاتنراوە و درێژە بە حوکمی خۆی دەدات.

بۆپێشەوە: دەمارگیری ئاینی و بیروباوەڕی باوی خودی خێزانەکان، چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان و مافەکانیان هەیە؟

جیهاد موحەمەد: مێشکی منداڵ، هەر لە ساواییەوە، بە گوێرەی سەدان لێکۆڵینەوە و توێژنەوەی زانا سایکۆلۆژیناسەکان و مرۆڤناسەکان، بریتیە لە کاکڵەیەکی زیرەکانەی چوست و چالاک، بەڵام لەگەڵ ئەم زیرەکیی و چوست و چالاکییەیدا، سپی و پاک و بێگەردە، هیچ شتێکی لەسەر تۆمارنەکراوە. منداڵ وەک بێرتراند ڕەسڵ (Bertrand Russell 1872-1970)* و زۆرێک لە زاناکانی تر باسی دەکەن، هەر لە ساواییەوە زۆر زیرەکە، هەموو دەوروبەری بە ئاسانی کاریگەری لەسەر دادەنێن، چونکە زیاتر زیرەکیەتیەکەی بریتیە لە کۆمەڵێک چالاکیی غەریزەییی، وەک غەریزەی هەستکردن بە برسێتی و ماندووبوون و بێزاربوون لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاو، ئەوەی منداڵ لەم تەمەنە ساواییەدا پێویستیەتی تەنها خەوی باش و ئارامیی و تێربوونیەتی. بە گوێرەی زۆربەی لێکۆڵینەوەکان منداڵ لە تەمەنی یەک ساڵیەوە تا تەمەنی ٦ ساڵی و هەندیکیش دەڵێن تا تەمەنی هەشت ساڵی وەک جۆن دیوی(Jhon   Dewey1859-1952) )**، هەرچی دەگوزەرێت لە دەوروبەری، دەبێت بە بناغەیەکی پتەو بۆی، ئەم بناغە پتەوە زۆر بە زەحمەت لە گەورەبوونیدا لەق دەبێت. بۆیە زاناکان زۆر بە پێویستی دەزانن، کە لەم تەمەنە ناسکەدا باش پەروەردە بکرێت، کە بە داخەوە پەروەردە باوەکانی وڵاتانی وەک کوردستان و عێراق یەکجار خراپە و کاریگەرییەکی خراپ دادەنێت لەسەر منداڵ، کە لە گەورەبوونیاندا ئەم کاریگەرییانە دەردەکەون. هەروەک لە خودی پرسیارەکەتاندا هاتووە، دەمارگیریی ئاینیی و بیروباوەڕی باوی خودی خێزانەکان، مێشکی منداڵەکانی پێ پڕ دەکرێتەوە، ئەم جۆرە بیروباوەڕە ئاینیانە دەبن بە بەستەڵەک و ڕەق دەبن و زۆر بە زەحمەت ڕێگە بە کرانەوەی مێشکی منداڵ دەدەن، کە خودی خۆیان هەوڵ بدەن لە دەوروبەر تێبگەن و بڕیاری خۆیانی لەسەر بدەن. بە دڵنیاییەوە بیروباوەڕە دینیەکان، دەبنە هۆکارێکی گەلێک گەورە بۆ دواخستنی بیری منداڵ و نەکرانەوەی مێشکی منداڵ لە گەورەبوونیاندا. ئەم نەکرانەوەیەی مێشکی منداڵ هۆکارێکی گەلێک گەورەیە بۆ تووڕەبوونیان و ڕق لێبوونیان لە هەر بیروباوەڕێک، کە لەگەڵیاندا ناگونجێت، قبووڵی هیچ جۆرە دیالۆگێک ناکەن، قبووڵی هیچ جۆرە ڕایەکی جیاواز ناکەن، چونکە ئەوەی لە مێشکیاندایە بووە بە کانگای هەموو ڕاستیەکان و هیچ شتێکی دیکە ڕاست و دروست نییە لایان جگە لەوەی فێری بوون و لەسەری ڕاهاتوون.

بۆپێشەوە: سیستەمی پەروەردە چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان هەیە؟

جیهاد موحەمەد: پەروەردەکردنی منداڵ هەر لەناو خودی خێزان و دایانگا و باخچەی ساوایان و قۆناغ بە قۆناغی فێرگەکانەوە تا دەگات بە زانکۆ، لەوەش واوەتر، لە هەموو ئۆرگان و ناوەندە کۆمەڵایەتییە سیاسیی و فەرهەنگیەکاندا؛ لە هەموو جێگە و شوێنێکی کارکردندا، بە کورتی و بە پوختی لە هەرچ شوێنکدا منداڵ، یان گەورە هەبوو پەروەردەش بوونی هەیە. لێرەدا قسەمان لەسەر پەروەردەی منداڵە، پەروەردە زۆر زۆر کاریگەریی دادەنێت لەسەر منداڵ و دەبێت بە بەردی بناغە بۆی. قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت:”هەرچ خوویەک گرتت بە شیریی، تەرک نادرێت بە پیریی”، ئەم قسەیە تەواو ڕاستە، بۆیە زۆربەی زانا پەروەردەییەکان، لەگەڵ ئەوەی بە گوێرەی قۆناغەکانی گەشەی عەقڵ(هزر) و زانستی ساکۆلۆژیی و کۆمەڵناسیی و ئەنترۆپۆلۆژیی جیاوازیان هەیە، بەڵام هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پەروەردەی منداڵ بەردی بناغەیە بۆی، هەر لە جانجاک ڕۆسۆ و جۆن لۆکەوە، تا دەگات بە جۆن دیوی، بێرتراند ڕەسڵ و پاولۆ فرێری، هەموویان جەخت لە سەر پەروەردەیەکی باش و سەردەمیانە دەکەنەوە بۆ منداڵ. تەنانەت ڕەسڵ ئەوەندە پێ دادەگرێت لەسەر پەروەردەی باش بۆ منداڵ، دەڵێت” شیرپێدانی منداڵی ساوا دەبێت ڕۆژانە لە کات و ساتی خۆیدا بێت، ئەگەر هەر دوو سەعات جارێک یان سێ سەعات جارێک دایک، کە شیر دەدات بە منداڵەکەی، دەبێت ئەم کاتە گۆڕانکاری تێدا نەکرێت، ئەم ڕێکوپێکییەی کاتی شیرپێدان دەبێت بە بناغەی ڕێکوپێکی و ڕێزگرتن لە کات لای منداڵ لە گەورەبوونیدا”. پێویستە منداڵ بە جۆرێک ڕێزی لێبگیرێت وەک کەسێکی مەزن لە ماڵدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تەنانەت ترس و تۆقاندنی منداڵ و ڕاچڵەکاندنی منداڵ هۆکارێکە بۆ دڵەڕاوکێیی و دوودڵیی و ترس و تۆقین لە گەورەبوونیدا. منداڵ هەر لە ساواییەوە، لە ناو خێزاندا، یان لە دایانگا و باخچەی ساوایان و فێرگەکاندا پێویستە بە جۆرێک ڕابهێنرێت کە تەواو پشت بە خودی خۆی ببەستێت. ئەوەی تێبینی دەکرێت، لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، گەورەکان بۆیە زوو دەنوشتێنەوە، بۆیە زوو خۆیان ڕادەستی ئەم حیزب و ئەو حیزب دەکەن و دەبن بە دەروێش بۆ حیزبەکانیان، بنەماکەی ئەوەیە، کە لە منداڵیەوە وا ڕاهێنراون، کە نەتوانن خۆیان پشت بە خۆیان ببەستن، بۆیە هەمیشە دوای خێڵ و حیزب و هێزگەلێک دەکەون.

  بۆپێشەوە: کارکردنی پیشەیی بە مناڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، بەگوێرەی ڕیکەوتننامەی مافەکانی مناڵان رێگەپێنەرداوە، کەچی مناڵان دەخرێنە بەر کاری پیشەیی، ئەوە چ کاریگەرییەک لەسەر دنیای مناڵان دادەنیت؟

جیهاد موحەمەد: چ لە ڕووی جەستەییەوە چ لە ڕووی عەقڵیی و سایکۆلۆژییەوە، منداڵ شیاوی ئەوە نییە کاری پێ بکرێت، کارکردن بە منداڵ بە تەواوەتی پێشێلکردنی مافی منداڵە. منداڵ دنیای تایبەتی خۆی هەیە، دنیای تایبەتی منداڵیش بە زۆری خۆی لە سەرقاڵبوونی بە یاریەکانیەوەیەتی، هەموو پەروەردەناسان بە گشتیی و بە تایبەتی پەروەردەناسە مرۆڤدۆست و سەردەمییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە گەشەی منداڵ لە یاریکردنیەوە دەست پێدەکات، کاتێک منداڵ بە کارکردنەوە خەریک کرا، بوو بە کرێگرتە ئیتر هیچ دەرفەتێکی نامێنێت بۆ یاریکردن، ئەمە جگە لەوەی وەک ئاماژەمان پێدا، لە ڕووی جەستەیی و عەقڵیی و سایکۆلۆژییەوە پێنەگەیشتووە بۆ کارکردن. کارکردن، منداڵ فێری نووشتانەوە دەکات، فێری ئەوەی دەکات چەوساندنەوە و زوڵم لێکردن قبووڵ بکات. کارکردن جەستە و عەقڵی منداڵ نەخۆش دەخات و دەبێت بە کارەکتەرێکی خراپ لە ناو کۆمەڵگەدا. پەروەردە باشەکانی دنیای ئەمڕۆ؛ بۆ نموونە پەروەردەی منداڵ لە وڵاتی فنلندەدا، کە گەیشتوەتە لوتکەی پەروەردەی سەردەمیانە، نەک هەر دژی کارکردنن بە منداڵ، بەڵکو لە کۆتایی هەرچ وانەیەکی چل و پێنج خولەکەییدا، پانزە خولەک تەرخان دەکات بۆ منداڵەکان تا بتوانن یاریەکانی خۆیان بکەن و پشووی تەواو وەربگرن.

بۆپێشەوە: چەکدارکردنی مناڵان، یان بەکارهێنانیان لە رێکخراوە سەربازییەکاندا، چۆن دەکرێت بەری پێ بگیرێت؟

جیهاد موحەمەد: هەتا سیستەمی سەرمایەداریی حوکمی دنیا بکات، چەکدارکردنی منداڵ زەحمەتە کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە ئەم سیستەمە نا ئینسانیی و نادادپەروەرە لەسەر چەوساندنەوە و ستەمکاریی بونیاتنراوە و درێژە بە حوکمی خۆی دەدات. بەڵام ئەم قسەیە بەو واتایە نایەت کە خۆمان ڕادەستی ئەم سیستەمە نا ئینسانییە بکەین، خەبات و تێکۆشانی بێوچانی ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنیی و ئینساندۆستەکان پێویستە بەردەوام بن لە دژایەتیکردنی بەرپابوونی جەنگەکاندا و بە تایبەتی ئەو جەنگانەی کە منداڵ تیایاناندا چەکدار دەکرێن و دەکرێن بە سووتەمەنی ئەو جەنگە قێزەونە نا ئینسانیانە.

*Bertrand Russell) بێرتراند ڕەسڵ (١٨ ئایار ١٨٧٢ – ٢ی شوبات ١٩٧٠) فەیلەسوف و زانای لۆجیک و بیرکاری و ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی بەریتانیە. لە ساتەجیاوازەکانی ژایانیدا؛ ڕەسڵ لیبڕاڵ و سۆشیالیست و ئاشتیخواز بووە.

 ** جۆن دیوی(John Dewey ) (٢٠ی ئۆکتۆبەری ١٨٥٩-  ١ی جونی ١٩٥٢) فەیلەسوفی زانایەکی دەروونناسی ئەمەریکیە و بە یەکێک لە ڕابەرەکانی فەلسەفەی پراگماتیک دادەنرێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.