دیمانە لەگەڵ هاوڕێ وەستا جەلال یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی شاری هەولێر ، سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی

0

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ وەستا جەلال یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی شاری هەولێر ، سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی

 بۆپێشەوە: ئێوە وەک هەڵسوڕاوی شوراکان لە هەولێر،  شوراکان چۆن دروست بوون و چیان دەویست؟

وەستا جەلال: شوراکان هەر لەسەرەتای ڕۆژەکانی ڕاپەرین دروست بوون. یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی خۆی بە بەشداری ژمارەیەک لەژنان و پیاوانی هەڵسوڕاوی مەیدانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و ئازادیخواز لە بنکەی سەرەکی ناو شار، نزیک پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد. بەڵام چەند ڕۆژێک پێش راپەرین، گروپ و کۆڕو کۆمەڵە کرێکاری و ڕێکخراوە سیاسیەکان و ئێمەش خەریکی خۆئامادەکردن بووین. پێموایە لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین چەند کەسێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەسەر پێکهێنانی شورا و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە پاش روخانی رژێمی بەعس قسە و باسیان کردبوو. بەڵام من لەو کۆبونەوەدا نەبووم.

لە یەکەم کۆبونەوەی فەرمی قسەو باسی زۆر لەسەر چۆنیەتی ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردستان لەلایەن دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لە ڕێگای شوراکان کرا، باس لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی شورای کرێکاری و شواری خەڵکی کرا. باسی شورای شوێنی ژیان و کاری کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش کرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا؛ دوو بۆچوونی لێک جیاواز هەبوو، بەشێک پێیان وابوو تەنها دەبێت گرنگی بە پێکهێنانی شورا کرێکاریەکان بدرێت لە کارگەکان. نابێت زۆر گرنگی بە پێکهێنانی شورای خەڵکی بدرێت. لەبەر ئەوەی شورای خەڵکی بۆچوونێکی پۆپۆلیستیانەیە، و کاری ئێمەی  کۆمۆنیستەکان نییە. بەشێکی تریش پێیوابوو دەبێت هەوڵی پێکهێنانی شوراکانی خەڵک لە شوێنی ژیان و کاری خەڵک بدرێت.

ئێمە وەکو لایەنگری لە پێکهێنانی شوراکانی خەڵک لەو کۆبوونەوەیە دەستمان بە هەڵبژاردن کرد. چەند کەسێک لەم کۆبونەوەیەدا هەڵبژێردران وکارو ئەرکەکانمان دیاری کرد. ئەم کارانەمان خستە دەستوری کارەوە؛ سەرپەرشتی، بەرێوەبردن، چەکداری، ڕاگەیاندن، پەیوەندییەکان.

 دەستمان کرد بە سەردانی گەڕەکەکان و بانگەوازکردنی خەڵک بۆ پێکهێنانی شوراکان لەرێگای کۆبوونەوەی گشتیەوە. لە چەند گەڕەکێکی وەک (مەنتکاوە، کوران، نەسیچ، شۆڕش، تەیراوە، باداوە، ٧ی نیسان(ڕاپەڕینی ئێستا)…)کرد. کۆبوونەوەی گشتیمان لە قوتابخانەکان بە پێشوازی و بەشداری گەرمی خەڵک ئەنجامدا. لەم کۆبوونەوانەدا باسی دەسەڵاتی شورایی و بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی کۆمەلگە لە ڕێگای شوراکانەوە بۆ خەڵک دەکرد. باسی گرنگی کۆبوونەوەی گشتی و هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەقینە و باوەڕپێکراوی خەڵک دەکرد. باسی زەرووریەتی چەکدارکردنی خەڵک دەکرد بۆ بەرگری و پاراستنی گەڕەک و شارەکان لەهەر دەستدرێژی و هێرشێکی ڕژێمی بەعس. پاش تەواوبوونی پرسیار و گفتوگۆکان خەڵک نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژارد و کارەکانیان دیاری دەکرد.

بەرنامەی کارەکانی ئێمە پێک هاتبوو لە دوو بەش:

 بەشی یەکەم: چارەسەری داخوازی و داواکارییە هەنوکەییەکانی خەڵک بوو. بەهۆی شەڕی کوێت و  چەندین ساڵ لە دیکتاتۆری ڕژێمی بەعس، هەلومەرجی ئابووری خەڵک زۆر خراپ بوو، بێکاری و هەژاری، نەبوونی خۆراک، نەبوونی ئاو و کارەبا، بریندارو نەخۆشی زۆر لە نەخۆشخانەکان بێ دەرمان و دکتۆر، داخستتی قوتابخانەکان. ئەمانە کێشەیەکی سەرەکی ئەوکاتی خەڵک بوو.

ئێمە لەسەرەتا هەوڵماندەدا ئەو خواردنانەی کەلە کۆگاکانی رژێمی بەعس شاردرابوونەوە، بە یەکسانی لە ڕێگای نوێنەری هەلبژێردراوی خەڵک، بەسەر خەڵکی گەڕەکە هەژارەکاندا دابەشی بکەین. لە هەوڵی چارەسەری گێرانەوەو چاککردنی کێشەی ئاو و کارەبای گەرەکەکان بوین. هەندیك جاریش ئەو سەربازانەی کە خۆیان تەسلیم بە خەڵک و پێشمەرگە کردبوو ڕوویان دەکردە شورای ناو شار و داوای شوێن وپاراستنیان لێ دەکردین.

بەشی دووەمی: کارو تەبلیغاتی ئێمە، باسی چۆنیەتی پێکهێنان و بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتووی کوردستان بوو. هەوڵی زۆرمان دەدا لە هەموو گەرەکەکان لە ڕێگای کۆبوونەوەی گشتییەوە شوراکان پێک بێنن.

 خەڵک لە ڕێگای شورای شوێنی ژیان و کاریەوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خۆیان حکومەتی شورایی لە کوردستان  پێکبهێنن. حکومەتی شورایی دەبێت ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی، ڕۆژنامەگەری، رێکخراوە کرێکاری و جەماوەریەکان، حیزبە سیاسیەکان بەفەرمی بناسێت. یەکسانی ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت. بیمەی بێکاری، خوێندنی بەخۆڕایی و تەندروستی خۆڕایی بە یاسایەک بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات. ئەمانە بابەتی سەرەکی قسەو باس و داخوازیەکانی ئێمە بوو.

بۆپێشەوە: بزووتنەوەی شورایی زۆر زوو توانی جەماوەری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام نەیتوانی بەرگری لەخۆی بکات، لەبەرامبەر بە هێرشەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد( بەرەی کوردستانی)، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

 

وەستا جەلال:دەلیلی جەماوەری بوونەوەی شوراکان، هەوڵدان بوو بۆ چارەسەری داواکاری وداخوازیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، پشتبەستن بەهێزو توانایەکانی خۆیان بوو، هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی کۆمەڵگە لەڕێگای دەسەڵاتی راستەوخۆی خەڵک بوو، باوەڕ بە کۆتاییهێنان بە زوڵم و چەوساندنەوە، کۆتایهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی. ئەم تەبلیغات و کارە عەمەلیانە لە لایەن خەڵکەوە  پێشوازی گەرمی لێ دەکرا. بۆیە لە ماوەیەکی کەم شوراکان  توانیان جەماوەری ببنەوە.

 هۆکاری نەمانی شوراکان وبەرگری نەکردن لەبەرامبەر ناسیۆنالیزمی کورد، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکاری سەرەکی؛ شوراکان لە پڕۆسەیەکی درێژماوەی خەباتی جەماوەری و کرێکاری بە ئاشکرا لە بەرامبەر رژێمی دیکتاتۆری بەعس دروست نەببوو. شوراکان بەهۆی ڕاپەینی خەڵک لە ڕێگای لاوازبوونی داموودەزگای سەربازی و بەرگری رژێمی بەعس، بەهۆی هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەرعێراق دروست بوو. بۆیە شوراکان ئەو هێزە جەماوەری و چەکداریەی نەبوو کە بەتەنها بتوانێ بەرەنگاری هێرشی هێزی سەربازی رژێمی بەعس بکات بۆ سەر شارەکانی کوردستان. سەرەڕای ئەوەش، شوراکان بەرگری زۆر باشتریان کرد لەچاو هێزە ناسیۆنالیستە کوردیەکان  بۆ گرتنەوەی شارەکانی کوردستان لە لایەن رژێمی بەعسەوە.

هەروەها پێش دروست بوونی شوراکان لە عێراق و کوردستان، هیچ تەجروبەیەکی کاری رێکخراوەیی و سەربەخۆی کرێکاری و جەماوەری نەبوو، کە بتوانێ لەو تەجروبەیە کەڵک وەربگرێ و زیاتر جەماوەری بێتەوەو لەسەر پێی خۆی بوەستێت. شوراکان نەک بۆ خەڵکی  کوردستان، هەتا بۆ بەشێک لە هەڵسوڕاوانی شوراییش تەجروبەیەکی تازەبوو، پشتیوانی بەهێزی شوراکان تەنها ئیرادەی توانایی خودی خەڵک بوو.

بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد خاوەنی سەدان هێزی چەکدار بوو، توانایی ڕاگەیاندن و ئیمکاناتی ماددی، بەراورد بە شوراکان زۆر زیاتر بوو. ناسیۆنالیزمی کورد خاوەنی چەندین تەجروبەی لەم شێوەیە بوو، هەرلە شۆرشی ١٩٥٧ کە ناسیونالیزمی کورد بەشداربوو لە پێکهێنانی حکومەتی ئەوکاتی عێراق، تاکو بەشداریان لە حکومەتی بەعس لە سالی ١٩٦٣ و رێکەوتنی سالی ١٩٧٠ چەندین رێککەوتنی تر.

بزووتنەوەی شورایی هیچ پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی نەبوو، ناسیونالیزمی کورد گەورەترین هێزی سەربازی ئابووری  جیهانی وەکو ئەمریکای لە پشت بوو، ئێران و چەندین وڵاتیتر پشتیوانی لێ دەکردن.

بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵکی شارەکانی کوردستان بۆ سەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا. شوراکان کۆتاییان پێ هاتوو هەڵوەشانەوە. لەکاتی گەڕانەوەی خەڵکیش بۆ ناو شارەکان، ناسیۆنالیزمی کورد و حیزبە ئیسلامیەکان بە ئاگاداری ئەمریکا، جارێکیتر لەگەڵ حکومەتی بەعس رێککەوتنەوە و بارەگاکان و هێزەکانیان هێنایەوە ناو شار. بەهۆی پارەیەکی زۆر کە لە ئەمریکا و وڵاتانیتر وەریان گرتبوو دووبارە دەستیان کردەوە بە رێکخستنی هێزەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستان.

ئێمەش دووبارە هەوڵێکی زۆرماندا بۆ دروستکردنەوەی شوراکان، بەڵام بەهۆی ئەو هەژاری و بێکاری و ئاوارەییەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتبوو، خەڵکی کوردستان پێویستی بە ماوەیەک لە پشوودان هەبوو بۆئەوەی لەژێر باری ئەو هەموو ناخۆشیانە بە جۆرێکیتر بێتە مەیدان.

بۆپێشەوە: زەمینەکانی دووبارە دەستبردنەوە بۆ بزووتنەوەی شورایی چین؟ ئایا لەهەموو هەلومەرجێکدا دەکرێت دەست بۆ دامەزراندنی شوراکان ببرێت؟

وەستا جەلال: بەڕای من ئێستا زەمینەی دروستکردنی شوراکان بۆ خەڵکی کوردستان زۆر لەبارترە لەچاو ڕاپەرینی بەهاری سالی ١٩٩١. ئێستا بەهەر دەلیلیک بێت هەلومەرجی کوردستان ئازادترە، ئاستی وشیاری ژنان و لاوان لەپێشترە، ئیمکاناتی ڕاگەیاندن بۆ پەیوەندیکردن ئاسانترە، مەیدانی کاری هاوبەش لە نێوان رێکخراوەکان لەبارترە.

ئەرکی هەڵسوڕاوانی کرێکاری، جەماوەری، ژنان، لاوان، ژینگەپارێزانە لەڕێگای کۆبوونەوەی گشتی  رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن.

 دروستکردنی شوراکان دەگەرێتەوە بۆ ئاستی وشیاری و تێگەیشتن وبەرپرسیارەتی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ بەڕێوەبردنی دەسەلاتی سیاسی و ئابووری کۆمەلگە، کە لەڕێگای نۆێنەرانی هەڵبژێردراوی راستەوخۆی خەڵک لە کۆبوونەوە گشتییەکان هەڵدەبژێردرێن. لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرژوازی پەرلەمانی کە هەر چوارساڵ جارێک وەکو نوێنەر و پارێزەری دەسەڵاتی بۆرژوازی هەڵدەبژێردرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.