دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەرپرسی سەرەکی کوشتاری ژنان و خۆ سوتاندن و خۆکوژییانە… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، بەرپرسی سەرەکی کوشتاری ژنان و خۆ سوتاندن و خۆکوژییانە…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

هەوڵی کوشتنی ژنان، خۆکوژی ژنان، خۆسوتاندنی ژنان، بڵاوترین و فراوانترین هەواڵی ڕۆژانەی میدیاو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە… کەم ڕۆژ هەیە، هەواڵی تەکاندەرو دڵهەژێنی مەرگی ژنێک، کوشتنی ژنێک، خۆسوتاندنی ژنێک، خۆکوژی ژنێک، ڕانەگەیەنرێت، ڕۆژ هەیە چەندین رووداوی تراژیدی مەرگی ژنان دەبیستین…

ئەم تراژیدیایە، لە ٢٨ ساڵی ڕابردووی ژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبەکانیدا، وەستانی بۆ نەبووە. تەنانەت یەکەمین دیاری ئەو حزبانەو دەستپێکی داسەپاندنی دەسەڵاتیان، شەپوڵێکی ژن کوشتن بوو بەپاساوی ئەوەی ئەو ژنانە، هاوکاری دەزگاکانی بەعس و “بێرەوشت” !! بوون… ئەوە لە کاتێکدا بوو پیاوانی جەلادی بەعس و هاوکارانی ئاشکرای دەزگاکانی ئەمن و بەعس و سەرۆک”جاش” و پێش لەشکرو چاوساغانی خاپورکردنی کوردستان و سوتماککردنی، چاوساغەکانی کارەساتی ئەنفال… لەلایەن ئەم دەسەڵاتە ژن کوژ و ئازادی کوژەوە لێبوردنیان بۆ دەرکراو لە سزای یاسایی بەخشران!!

بەڵێ ٢٨ ساڵە، ژنکوژی، یان ناچارکردنیان بە خۆسوتاندن و خۆکوژی، بەردەوامە… ژمارەی ئەو قوربانیانە هێندە زۆرو فراوانە، هێندە جەرگبڕ و دڵهەژێنە، تەنها دەسەڵاتێکی دڵ ڕەق و تاسەر مۆخ دژە ژن، دەتوانێت بەرگەی بگرێت و باکی بەو ڕوباری خوێنە نەبێت، کە ئەگەر ڕوباری لێ هەڵبەسترێت، و ئەو بۆکروزەی قرچانی ژنان، کۆبکرێتەوە، کۆمەڵگە لە خوێنی ئەو ژنانەدا، بە رەنگی سوری… قوربانیانی دادەپۆشرێت… بۆکروزی ژنانی سوتاو کۆمەڵە قانگ دەدات.

هەن دەڵێن، کوشتنی ژنان و زوڵمی هەزار سەری ناو خێزان و کۆمەڵگەو و شوێنی کار… پەیوەندی بە کەلتورەوە هەیە، دەڵێن هۆکارەکەی ئیسلام و دینی ئیسلامە، دەڵێن میراتی بەجێماوی فەرهەنگی عەشیرەتییە، دەڵێن نەبوونی یاسا و لێپێچینەوەی یاساییە… دیارە هەموو ئەمانە ڕۆڵیان لە بێمافی ستەم و کوشتنی ژنان هەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکی و بناغەیی و هێزو مۆتۆرو داینەمۆی هەموو ئەمانە دەسەڵاتی سیاسییە… ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە، کە دەستی بە کەلتوری دواکەوتوانەو پڕتوکاوی ناوکۆمەڵگەوە گرتووە. ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە، ئیسلام و کۆنەپەرستی ئیسلامی لە ئامیز گرتووە. ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە عەشیرەتگەری پیرۆز دەکات و نۆژەنی دەکاتەوە. ئەوە دەسەڵاتی سیاسییە، سەرچاوەی یاساکان بەگشتی یاسای باری کەسێتی لەئیسلامەوە دەرکێشاوەو پشتی بە شەرع بەستووە. ئەوە دەسەڵاتی سیاسیە، نەک لێپرسینەوەی یاسایی و بەڵکو بە یاسای سەرچاوەگرتوو لە ئیسلام و کۆنەپەرستی ماشێنی سەرکوت و بێمافی و کوشتاری ژنان، بەیاسایی کردووەو دەستی پیاوانی شەرەف پارێزی، بۆ کوشتار لەژێر ناوی شەرەفدا، ئاوەڵا کردووە … ئەوە بێدەربەستی دەسەڵاتە ژنان ناچار دەکات، لەبەرامبەری دۆزەخی ناو خێزاندا، دەست بەرن بۆ راگەیاندنی جەنگی مردن و جەستەی خۆیان ئاگر بدەن یان خۆیان بخنکێنن… وە ئەوە بێدەنگی حزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازیی و هاوفکری ئەوانە لەگەڵ دەسەڵات، بۆ وەستانەوە بەدژی ژنان و مافەکانیان. ئەوە دەست لەپشتدانی ئۆپۆزیسێۆنی بۆرژوازی بودەڵەیە، لەسەر رێگری کردن لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرگا داخستنی، لە چەنە ناکەوێت. باسی شەفافیەت و چاکسازی وەکو کارتی ململانێی دەسەڵات، مێشکی کۆمەڵگەی ئاخنیووە، کەچی توندوتیژی دژ بەژنان،  تاکوشتاری بێ وەستانی ژنان، دەنگیان دەرناهێنێت… بەڵی بێدەنگی ئەوانیش بە ڕیکەوت نییە، نەبیستن و نەدیتنی کوشتاری ژنان و خۆسوتاندنیان نییە، بەڵکو هاوڕاییانە لەگەڵ دەسەڵاتی ژن کوژ و ئینسان کوژ و خۆشەویستی کوژدا…

 میدیا و نووسەرانی بۆرژوازی کورد تا دەگاتە شاعیر و گۆرانی بێژو هونەرمەندکانیانیان، ڕۆژانە ئاوازی خۆشەویستی بۆ خۆشەویستی دەژەنن، بەسەر ژندا هەڵدەدەن، گۆشە بەگۆشەی جەستەی ژن، لە لێو و چاو کوڵم و گەردنەوە، بۆ برۆ و ئەگریجە وسینەی پڕ هەنار و بەهێ و کەمەری باریک و قژی  لول و خاو تا دەگاتە پوز و باڵاو تورتی جەستە… پاوانەی پێ و خشڵ و ملوانکەی مل و رۆشتنی بەلەنجەو وێناکردنی ناز و بزە و خوێندنەوەی روحی و هەستی ژن، سەرچاوەی ئیلهام و مۆسیقاو داهێنان و خەون بینن و بەخشینەوەیانە، سەرچاوەی ئارایشی دەق و تیکستەکانیانە، کەچی توندوتیژی دژ بەژنان، بیمافیان تا هەواڵی کوشتنی ژنان، ناچار بە خۆکوژییان، نابیستن و لاشەی لە خوێن هەڵکێشراوی ژنان، ویژدانی مردوویان نالەرزێنێ، هەر ئەوەش پێوانەی دەرخستنی ماهیەتی ئەو خێڵە بەرینەیە، کە چ خزمەتکارێکی دەسەڵاتی تاسەر مۆخ دژە ژن و چەندەش ناڕاستگۆ و ئامرازی کوشتاری خۆشەویستین. هەواڵی مەرگی ڕابەری حزبێک، نووسەرێکی دەربار و گوێ لەمست، هونەرمەندێکی بێبەهرە، و تەنانەت دەستگیر کردنی کادرێکی باڵا و بەرپرسی حزبێک، تا مردنی عەشایەرو سەرۆک هۆزیک، دەبێتە مانشێت میدیاکان، هەواڵی یەکەمی ڕاگەیاندنەکان، پرسەی سیغناغ لە خەڵک… کەچی مەرگی ئەو هەموو ژنە، کوشتاری هەموو ڕۆژەی ژن، بە بێدەنگی دەسپێردرێت…

گومان هەڵنەگرە، کە سەرچاوەی هەڵاواردن و بێمافی ژنان، تا سوکایەتی و توندوتیژی و کوشتارییان، میراتی نیزامی زاڵمانەی چینایەتییەو نیزامی هەوسار پچڕاوی سەرمایەداری ئێستاش، درێژەپێدەو ئارایش دەرەوەی ئەو زوڵمەیە، تەنانەت ڕاسیزمی دەوڵەتی لە دژی خەڵکی وڵاتانی پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و…تاد جیاکارییەکی ڕونە. لەژیر ناوی بەپیرۆزراگرتنی کەلتوری ئەو کەمایەتیانەو قبوڵی جیاوازییەکان و مەڵتی کەڵتەچەریزمدا، ئەوانی وابەستەی یاسا و ریسای کەلتوری دواکەوتوانەی ئەو وڵاتانە دەکاتەوە و بێبەشیان دەکات لە یاسا و ریسای دەوڵەتی و سەراسەری. مافی هاوڵاتی بوونیان، لە قاڵبی  ناسنامەی قەوم و دین و مەزهەبدا، دەتوێنێتەوە، کە هەر ئەمەش وای کردووە ژنان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاشدا، بە پێی یاساو ریساو کەلتوری وڵاتی خۆیان کوشتار بکرێن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ئەو ستەم و چەوساندنەوە بێمافیەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دەوڵەتە ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیدا بەڕیوەدەچیت، قێزەونترین جۆری دەسەڵاتی دیلهێنەری ژن و کوشتاری ئاشکرای ژن و خۆشەویستی و تیکشکاندنی ئیرادەی سەربەخۆی ژنە… لە ژێر سایەی هەمان نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداریی و هەڵاواردن و بێمافییدا، تەنانەت راسییزمی دەوڵەتیشدا، لەبەشیکی زۆری وڵاتانی دنیادا لیپرسینەوە لە کوشتاری ژنان، یاسا بەدژی توندوتیژی، بەدواداچوون و سزای تۆمەتباران، بۆتە یاساو بەشێکی زۆر لە مافە فەردی و مەدەنییەکان و کەسایەتی ژنان، بە یاسای مۆدیرن سەپێنراوەو پارێزاوە… ئەوەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتە پشت بەستوەکان و یاسا سەرچاوەگرتووەکان لە ئیسلام و شەرعدا، و لەوانەش لە ژێر سایەی

   پۆستەر لەلایەن هیوا ساڵح  ئامادەکراوە

دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبەکانیدا بەڕێوەدەچێت… جینۆسایدێکی ئاشکرایە، ئاپارتایدێکی ڕەگەزیی ڕوون و بێ پەردەیە.

دوای ٢٨ ساڵ لە کوشتاری ژنان، بچن زیندانەکان بەسەر بکەنەوە، دۆسیەی دادگاکان بپشکنن، بزانن چەند بکوژی ژن، چەند هاندەری و ئاشکرا و هۆکار بۆ خۆسوتاندنی ژنان و یان خۆ کوژییان لەزیندان و دادگاکان دۆسیەیان هەیە… ئەو کاتە قەبارەی ئەو کارەساتە دەردەکەوێت، کە ئەم هەموو تاوانکارییە، لێپرسینەوەی و لێپێچینەوەی لەبەرامبەردا نەکراوە، هەر ئەمەشە ژنکوژی کردۆتە کارێکی بێ مەترسی و ئاسایی و بەکردەوەش یاسایی… هەر ئەم دۆسیەیە، دۆسیەی ژن لە کوردستان، بەجیا لەهەر زوڵم و بێمافییەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تر، بەجیا لە نابەرابەری و سەرکوتی سیاسی، بە جیا لە نۆکەرایەتی و موچە دزی، لوشدانی داهاتی هاوڵاتیان، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان… بەسە بۆئەوەی بڕیاری توڕدانی ئەم دەسەڵاتە بدرێت… ئەم دەسەڵاتە و حزبەکانی بەدەست و پێوەندەکانیانەوە، پیویستە هەرچی زووە، کۆتایی بە تەمەنی سیاسییان بهینرێت، کە ژنان رۆڵی بەرجەستەی تیا بگێرن و تۆمەتبارانی دزی و تاڵانی و سەرکوت، لەپاڵ بکوژان و تومەتبارانی ژناندا، لە دادگای عادلانەی شۆڕشی بێبەشان و لە پێناو ژیانێکی خاڵی لە چەوساندنەوە زوڵم و هەڵاواردن و بێمافیدا، دادگایی بکرێن. کۆمەڵگەیەک ژن تیادا ئازاد نەبێت، کۆمەڵگەیەکی نا ئازادە… ئەگەر ئازادی ژن، پێوەری ئازادی کۆمەڵگە بێت، ئەوە کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردستان زۆر بەتایبەتی، خاڵیترین کۆمەڵگەیە لە نوتفەکانی ئازادی… دەبێ بۆ ئازادی کۆمەڵگەیەک تێبکۆشین، کە ژن تیایدا لەهەموو زەمینەیەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و یاساییدا، ئازاد بێت، کۆمەڵگەیەکی ئاوا، کۆمەڵگەی ئازادی کۆمۆنیستییە… یەکەم هەنگاویش لەو ڕاستایەدا، ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە مافیای و  دژە ژنەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.