گەڕانەوەو دەستپێکرنەوەی مانگرتنەکان لە ئەمەریکادا !

0

گەڕانەوەو دەستپێکرنەوەی مانگرتنەکان لە ئەمەریکادا !

نووسینی: ستێڤن گرینهاوس

٣-١-٢٠١٩

ئامادەکردنی:شوان عەزیز

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٩ی  گۆڤاری ((The American Prospect دا کە گۆڤارێکی وەرزیە بڵاوکراوەتەوە. ئەوەی کە من لێرەدا ئامادەم کردووە هەمووی نییەو تەنها ئەوەی کە بەگرنگم زانیوە کردوومەتە کوردی.

ئەمساڵ، بە هەزاران لە مامۆستایان، کرێکارانی میوانخانەکان، فەرمانبەرانی گوگڵ وچەندینی تر لە کارەکانیان چوونە دەرێ و دەستکەوتی گەورەشیان بەدەستهێنا. ئەمەش دوو پرسیار دەوروژێنێت. یەکەمیان: بۆچی لە ئێستادا؟ دووەمیان: ئایا ئەمە بەردەوام دەبێت؟

بۆ چەندین ساڵە زۆرێک لە شارەزایانی کار دیاربووە کە ئامادە بوون بۆ نووسینی وتار دەربارەی مانگرتنەکان لە ئەمەریکادا. لە ساڵی ٢٠١٧دا لە سێکتەری تایبەتدا ژمارەی ئەو مانگرتنە گەورانەی کە لە هەزار کرێکار زیاتر بەشداری تێدا کردووە هاتۆتەخوارێ بۆ تەنها حەوت جار مانگرتن. لە ڕاستیدا بە درێژایی دەیەی ڕابردوو تەنها ١٣ مانگرتنی گەورە بە معدل  لە ساڵێکدا ئەنجام دراون. ئەمەش بە ڕێژەی ١/٦ کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی هەشتاکاندا کە ٨٣ جار مانگرتنی گەورە ئەنجامدراون و بە ڕێژەی ١/٢٠یش کەمتر بوون بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی حەفتاکاندا کە ٢٨٨جار مانگرتنی گەورە ئەنجام دراون. بە پێی ئامارێکی بیرۆی کار، بە تەنها لە  ساڵی١٩٧١ دا  ٢ ملیۆن و نیو لە کرێکارانی سێکتەری تایبەت مانگرتنیان ئەنجام داوە کە ئەمەش ١٠٠ جار زیاترە لە ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە مانگرتنیان لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەنجامداوە کە بریتیە لە ٢٥ هەزار کرێکار.

بەڵام دوای ئەوە ساڵی ٢٠١٨ هات کە جووڵەو زیادبوونێکی سەرسوڕهێنەری لە مانگرتنەکان بەخۆوە بینی لە هەردووک سێکتەری تایبەت و گشتیدا. بۆ نموونە لە مانگی شوباتدا زیاتر لە ٢٠ هەزار مامۆستاو کارمەندی تری خوێندنگاکان لە بەشی ڕۆژئاوای ڤێرجینیا و بە دوایشدا لانیکەم لە ٢٠ هەزار زیاتر لە ویلایەتی ئۆکڵاهۆما لە کارەکانیان هاتنە دەرێ. ڕەنگە مەزنترین مانگرتنی فێرکاران لە ئەریزۆنا دا بووبێت کە زیاتر لە ٤٠ هەزار لە کارەکانیان هاتنەدەرێ. کار بەجێهێشتنی تریش بە ژمارە بچووک، بەڵام هێشتا هەر گەورە بوون، ڕوویانداوە لە هەندێک شوێنیتری ئەمەریکادا. بۆ نموونە لە کۆڵەڕادۆ، کێنتوکی، و بەشی سەرووی کۆڵەڕادۆ. ئەوسێپتەمبەری ڕابوردووە ٦ هەزار کرێکاری میوانخانەکان مانگرتنیان لە دژی ٢٦ میوانخانەی شیکاگۆ ئەنجامدا لە پێناو دابینکردنی بیمەی تەندروستی هەموو کرێکاری میوانخانەکان. لە ئۆکتۆبەردا٧٠٠، ٧ کرێکار مانگرتنی ئەنجامدا کە ٢٣ میوانخانەی سەر بە کۆمپانیای ماریۆتی گرتەوە لە ٨ شاری وەک بۆستن، دیتڕۆیت، هۆنۆلولو، هەروەها فڕانسیسکۆ. لە نۆڤەمبەردا ١٥ هەزار کرێکاری چاودێری نەخۆش لەوانە کرێکارانی تەکنیکی تیشک وتایبەتمەندانی بەشی کۆئەندامی هەناسەدان وهەروەها تایبەتمەندانی دەرمانخانەکان ٣ ڕۆژ مانگرتنیان لە دژی مەڵبەندەکانی پزیشکی سەر بە زانکۆی کالیفۆڕنیا ئەنجامدا لە شارەکانی وەک لۆس ئەنجلس، سان فڕانسیسکۆ، سان دیگۆ، ئایرڤین و داڤیس . ٢٤ هەزار ئەندامی سەندیکای تریش لە ناویاندا شوفێری لۆری، باخەوان وئاشپەز سۆزداریان بۆ ئەو مانگرتنانە پیشاندا. وە لە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و سامناکترین مانگرتن کە کاری بەتەواوی تێدا ڕاگیرا و نزیکەی ٢٠ هەزار کرێکار کارەکانیان بەجێهێشت بریتیبوو لە مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای گوگڵ لە نۆڤەنبەری ١. ئەو مانگرتنە ناڕەزایەتی بوو لە دژی مامەڵەی ئەو کۆمپانیایە و مەسەلەی ئیزعاج کردنی سێکسی و گێچەڵی سێکسی کە هەر بەڕێوەبەرە باڵاکانی ئەو کۆمپانیایە ئەنجامی دەدەن. مێژوونووسی بەناوبانگی کار، نێڵسن لیچتێنستەین، ئەو مانگرتنەی بە مانگرتنێکی عەزیم و جێی تێڕامان ناو هێناوە. هەروەها بەختەوەریشە کە دەبێنێ هەتا کرێکارانی نوخبەش لە نێو ئەو کۆمپانیا دیارەدا دان دەنێن بە گرنگی و کاریگەری کاری بۆکۆمەڵ.

هەندێک لە پسپۆڕانی بواری کار بە زۆربوونی ئەم دواییەی مانگرتنەکان پێشبینی شەپۆلێکی تازەی چالاکی کرێکاری دەکەن و کرێکارانیش زۆرترو زۆرتر درک بەوە دەکەن کە کاری بەکۆمەڵ دەتوانێت بەرهەمی هەبێت. هەندێکی تریش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە زۆربوونی ئێستای مانگرتنەکان زۆرتر بریتیە لە نیشاندانی جارێک لە کەف و کوڵی خۆیان و ئەمەش بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت هەر وەکو چۆن ئاستی کاری ڕێکخراوبووی دوورمەودا بەرەودابەزین دەچێت. Jake Rosenfeld کە پرفیسۆری کۆمەڵناسیە دەڵێت” فاکتەری سەرەکی کە ململانێ جیاوازەکان بەیەکەوە دەبەستێت، بێجگە لە کاربەجێهێشتنی ناو گوگڵ، بریتیە لە چاککردنی باری ئابووری کە تێیدا هەندێک گروپ هەست دەکەن کە بەجێ هێڵراون. مامۆستایانی ڕۆژئاوای ڤێرجینیا، ئۆکڵاهۆما وئەریزۆنا کاتێک کارەکانیان بەجێهێشت کە بێهیوا و توڕە بوون، چونکە زیادەکەی کرێیان بۆ چەندین ساڵ بوو وەرنەگرتبوو هەرچەندە کە باری ئابووریش بەهێز بوو. هەروەها لیژنەی یاسادانانی ویلایەتەکانیان بە ڕادەیەکی زۆر باجی داشکاندبوو لەسەر کۆمپانیاکان. بە هەمان شێوە کرێکارەکانی سەر بە میوانخانەکانی ماریۆت مانگرتنیان ئەنجامدا چونکە کۆمپانیاکە موچەکەیانی هێندە بەرز نەکردەوە کە بگونجێت لەگەڵ ئەو هەڵاوسانە ئابووریەی کە لە ئارادا بوو.

مانگرتن بەشێکی گرنگ بووە لە مێژووی ئەمەریکا و ڕۆڵێکی گەورەشی بینیوە لە بەرزکردنەوەی جێگاوڕێگای کرێکارو بەرزبوونەوەی کرێکانیان کە زۆرجاران ئەو ڕۆڵەی وەها گرنگ نەبینراوە. ڕاپەڕینی کرێکارانی جل وبەرگی ژنانە لە ساڵی ١٩٩٩ کە ٢٠ هەزار کرێکار بەشداری تێدا کرد، مانگرتنی کارگەی جلوبەرگی لۆڕەنس لە ساڵی ١٨١٢، مانگرتنی بەشێوەی دانیشتن لە ساڵی ١٩٣٦و ١٩٣٧ی شاری فلینت یان مانگرتنی پەیوەست بە بەهداشتی مەمفیس لە ساڵی ١٩٦٨. مێژوونووسان دەڵێن ڕاگرتنی کار لەلایەن ١٧٥ هەزار کرێکاری کۆمپانیای (جی ئێم) بۆ ماوەی ١٦ هەفتە لە ساڵی ١٩٤٥ فاکتەری سەرەکی بوو کە کۆمپانیاکەی ناچار کرد کە ساڵی ١٩٤٨ زنجیرەیەک گرێبەستی گرنگ بۆ کرێکاران واژو بکات. هەروەها دیسان بە هەمان شێوە لە ساڵی ١٩٥٠ چەندین گرێبەستی تر کە لە بەرژەوەندی کرێکاراندا بوون واژوکران لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە بەرامبەر ئەوەی کە کرێکارەکان ئارام ببنەوەو مانگرتن ئەنجام نەدەن. کۆمپانیاکە نەیدەویست هیچیتر کار ڕابگیرێت. لە ساڵی ١٩٥٠ دیسان گرێبەستێکی پێنج ساڵە ڕاگەێنرا لە نێوانی کۆمپانیای (جی ئێم) و کرێکارەکانیدا کە بە گرێبەستی دیتڕۆیت ناسرا. ئەوە بوو کە کۆمپانیاکە لە ٢٠٪ی موچەی بنەڕەتیان بەرزبکاتەوە. ئەمەش بووە هۆی درووستکردنی دەوڵەمەنترین چینی ناوەڕاستی سەرزەوی. هەر بۆیەش لە ساڵەکانی پەنجاکاندا چەندین سەندیکای کرێکاری تر هەمان شتیان دەویست لە کۆمپانیاکانیان و دەستیان دایە چەندین مانگرتن بۆ بەدەستهێنانی هەمان دەستکەوت.

مانگرتن کە بەهێزترین چەکی چینی کارگەرە لە هەشتاکانەوە بەکارهێنانی ئەو چەکە بەرەو دابەزین چووە. ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمپانیا گەورەکان دژە ستراتیجیەتێکی تازەیان بڵاوکردۆتەوە. بەهۆی ڕاوەستانی بازاڕو هاوردەوە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی زیاد چەکی تایبەت بەخۆیان بەکارهێناوە کە بریتی بووە لە بە دائیمی پڕکردنەوەی جێگای ئەو کرێکارانەی کە ڕۆیشتوون بۆ مانگرتن بە کرێکارانی تر. ئەوەش بۆ ئەوەی تا کێشەی بەجێهێشتنی کار لەلایەن مانگرتووانەوە چارەسەر بکرێت. لە پەنجاکان و شەستەکانەوە گۆڕانێکی خێراو تیژ بەسەر ئەمەدا هات کاتێک کۆمپانیاکان بەزۆری جێگاکانیان بە شێوەی کاتی پڕ دەکردنەوە بۆ ئەوەی کاری کۆمپانیا  لە کاتی مانگرتندا بەردەوام بێت لە بەرهەم هێنان، بەڵام هەر کە مانگرتووەکان گەیشتن بە گرێبەستێک دەگەڕانەوە سەر کارەکانیان. ئەوە ڕۆنەڵد ڕیگان بوو کە گڵۆپی سەوزی هەڵکرد بۆ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا تاکو شوێنی ئەو کرێکارانەی کە کارەکانیان بەجێهێشتبوو بۆ بەشداری لە مانگرتن پڕ بکرێتەوە بە کرێکای تر بە شێوەی دائیمی. ئەو هات ١١،٧٠٠ کرێکاری چاودێری هێڵی ئاسمانی لە ساڵی ١٩٨١ دا لە کارەکانیان دەرکرد بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان بەشداریان لە مانگرتنی نایاساییدا کردووە. هەروەها  عەولەمەش ڕۆڵی هەبوو لە کەمکردنەوەی مانگرتنەکان. کرێکارانی سەندیکاکان بۆیان دەرکەوت کە ئەگەر مانگرتنەکانیان توند بن و زەرەر بە کۆمپانیا بگەیەنن بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان ناچاردەکەن کە بڕیاری گواستنەوەی کۆمپانیاکانیان بدەن بۆ وڵاتانی تر کە لەوێدا بە هەرزانتر دەتوانن کرێکار بگرن. ئەوەش بووە هۆی کە ژمارەی مانگرتنە گەورەکان بەرەو دابەزین بڕوات کە وای لێهات لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەنها پێنج مانگرتن ئەنجام دران.

ژمارەی مانگرتنە گەورەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٩دا هاتە خوارێ بۆ تەنها پێنج جار. ئەو ساڵە قەیرانی ئابووری و قەیرانی بوونی کار بوو، کرێکاران لە حاڵەتێکی زۆر لاوازدا بوون، ڕێژەی بێکاری بەرزبویەوە بۆ ١٠٪. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ دا، دوای ٩ ساڵ لە چاکبوونەوەی قەیران و باشتربوونی ڕێژەی بێکاری کە هاتەخوارێ بۆ ژێر ٤٪، هێشتا کرێکارانی ئەمەریکا لە حاڵەتێکی مەزاجی دان و شەڕی مەزاج دەکەن. هەر وەک شارن بلۆک، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی کارو ژیانی کار لە زانکۆی هارڤارد، دەڵێت:” کاتێک کە زۆرتر بە شێوە گشتیەکەی زۆر لە کاری بەکۆمەڵ ڕوودەدەن وەک: ڕێپێوانی ژنان، پشتگیریکەرانی پەناهەندەو کۆچبەران، مافەکانی هەڵگرتنی چەک، لێرەدا خەڵک زۆرتر بیر لە کاری بەکۆمەڵ دەکاتەوە ئەویش ئەو شتەیە کە بۆ ماوەیەکی درێژە خەڵک لە ناو ئەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی گرنگ گوێی پێ نەداوە “هەروەها ڕەبێکە گەیرلی کە مامۆستای زانستەکانە دەربارەی مانگرتنی ویلایەتی ئەریزۆنا دەڵێت: “توڕەبوون لە تڕەمپ و سکرتێری بەشی فێرکردن بوو بە بەنزینێک بۆ مانگرتنی مامۆستایان لە ئەریزۆنا. بۆ نموونە خەڵکیان زۆر دەرکرد لە کارەکانیان. دوای ئەوە بابەتی ژیانی ڕەشەکان گرنگە، یان هەروەها منیش، یاخود بزووتنەوەی ژنان و گەشەکردنی بەرەنگاری بەتایبەتی لە نێو ژناندا. ئەوەشت لەبیر نەچێت کە لە ٧٠٪ی بەشی فێرکردن ژنانن. هەروەها بابەتی قسەکردن لەسەر چەکدارکردنی مامۆستایان و چەندین بابەتی تریش وای لە مامۆستایان کرد کە ئیتر بتەقنەوەو مانگرتنەکان ئەنجام بدەن.” دی تایلەر سەرۆکی سەندیکای لێرە یەکبگرن، ئەو سەندیکایەی کە ڕابەرایەتی مانگرتنەکانی کۆمپانیای میوانخانەکانی ماریۆت و شیکاگۆی کرد، دەڵێت” من پێم وابوو گرنگە کە مانگرتنەکان بگێڕینەوە ناو بزووتنەوەی کاگەری” هەروەها دەڵێت ” کاتێک کە تۆ لە شەڕدای لەبەرامبەر لایەنە بەهێزەکان بۆچی دەبێت کاری تاکتیکی لەبەرچاو نەگیرێت؟”..

ئەوەی کە دەگوترێت بۆچی کارمەندو کرێکارانی سەر بە کۆمپانیای ماریۆت لە ٨ شار کارەکانیان بەجێهێشت و مانگرتنیان ئەنجامدا؟ دی تایلەردەڵێت “ئەو کرێکارانەی کە ئێمە نوێنەرایەتیان دەکەین زۆر توڕە ببون لەبەر ئەوەی کاری پیشەسازی زۆر باشەو بەرهەمی زۆرە و لە لایەکیشەوە میوانخانەکانی ماریۆت بە هۆی کریسماسەوە وەک دیاری لەلایەن تڕەمپەوە باجیان لەسەر سوک کرا و لەهەمانکاتیشدا کرێکارەکان لەبەر گرانی ژیان و کەمی موچەکانیان نەیان دەتوانی لەو شارەدا ژیان بەڕێوەبەرن کە کاریان تێدا دەکرد. بۆیە ئێمە پێمان وابوو کە ئەوە دەرفەتێکە بۆئەوەی  سوودی گەشەی ئابووری ئەندامانی ئێمەو کرێکاران و خێزانەکانیشیان بگرێتەوە. وە ئێمە ئامادەین و هەر شتێ دەکەین لەو پێناوەدا هەتا دەگاتە مانگرتنیش”.

یەکیەتی کرێکاری ئەوە بۆچەندین دەیە دەچێت کە لە نزمترین هێزی خۆیدایە. زۆرێک لە مانگرتنەکانی ئەمساڵ لەچوارچێوەی پەیوەندیە تەقلیدیەکانی بەڕێوەبەریەتی کارەوە یاخود لەدەرەوەی ئەو بەڕێوەبەریەتەوە ئەنجام دراون. بەدەر لە مانگرتنی کرێکارانی سەر بەمیوانخانەکان، ئەو مانگرتنە گەورانەی تری کرێکاران لەدەرەوەی پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەریەتی کرێکارانەوە ئەنجام دراون. بۆ نموونە هەندێک لە مانگرتنەکانی مامۆستایان لەڕێگەی گروپەکانی فەیسبووکەوە ئەنجام دراون. هەروەها مانگرتنی کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیای گوگڵ لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە ڕێکخران و ئەنجامدران. ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە کرێکاران بۆخۆیان ڕێگایەکی کاری بەکۆمەڵ دەدۆزنەوە کە بەهۆیەوە بتوانن ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن. لە بەشی ڕۆژئاوای ویلایەتی ڤێرجینیا ٢ یەکیەتی سەرەکی مامۆستایان بوونیان هەیە، بەڵام ئەوانە بەبەردەوامی کێشەیان لەگەڵ یەکتریدا هەیەو هەردووکیان خەریکی کاروباری ئەندامیەتی و زۆرکردنی ئەندامن بۆخۆیان..

Jay O’Neal ، کە مامۆستای زمانی ئینگلیزیە لە چاڕلستن، گروپێکی فەیسبووکی درووست کردووەو داوای باشکردنی باری گوزەرانی مامۆستایان دەکات. لەسەرەتادا ئەو گرووپە بە هێواشی گەشەی کرد. ئینجا لە سەرەتای ٢٠١٨وە بەرەو گەشەکردنیکی سەرسووڕ هێنەر ڕۆیی و ژمارەی ئەندامانی گەییشتە ٢٠ هەزار کەس.  مامۆستایان توڕە بوون کاتێک کە کۆمپانیای دڵنیایی لە ویلایەتەکەیان ئاماژەی بەوەدا کە مامۆستایان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی ڕێژەی چاودێری تەندرووستی دەبنەوە کە ساڵ دوای ساڵ دەسەپێنرێت بەسەریاندا. هەر دوای ئەوە بەرپرسی باڵای ویلایەتەکە وتی کە موچەی مامۆستایان تەنها بە ڕێژەی ١٪ی  بەرز دەکرێتەوە. مامۆستایان هەر لەخۆیاندا توڕەو ناڕازیبوون لەوەی کە پێیان دەدراو هەیان بوو. ئەمەی ئێستاشی کە دێتە سەر وەک ئەوە وایە کە بەنزین بکەی بە ئاگردا. نەهامەتی مامۆستایان گەییشتە ترۆپکەی. ساڵێک بەڵێنی درۆیینەیان پێدەدەن، ساڵێکی تر دەبینن کرێکانیان کەمبۆتەوە، ساڵێکی تر هەقی چاودێری تەندرووستیان لەسەر زیاد دەکرێت، ساڵێکی تر هیچ مووچەکانیان زیاد ناکرێت و سەرباری ئەوانەش مامۆستایان هیچ ڕێزیان لێ ناگیرێت. بۆیە ئەمانە وای کردووە کە مامۆستایان بگاتە سەر لێویان و بتەقنەوە بە ڕووی دەسەڵاتدارانداو مانگرتن ئەنجام بدەن.

مانگرتنی کاربەجێهێشتن سەرەتا لە ٣ ناوچەی باشووری وەڵاتەوە لە لایەن کرێکارانی کانەکانەوە دەستی پێکرد کە بووە مێژوویەکی پڕ لە شانازی. ئەو شوێنەی کە شەڕی بەناوبانگی چیای بلێری تێدا ڕوویدا، هەروەک The New York Times, لە دەمی مامۆستایەکەوە بەناوی کاتی ئێندیکۆت دەڵێت: “ئێمە لە شوێنێکەوە هاتووین کە هەمیشە پێشینانمان ئەوەیان کردووە کە باوەڕیان پێی بووە. ئێمەش پێمان وایە هەمان ڕێبازمان گرتۆتە بەر”. شەڕی چیای بلێر شەڕێک بوو کە لەساڵی ١٩٢١دا ڕوویدا. ئەوە بوو  کە ١٠ هەزار کرێکاری کانەکان کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ ٣ هەزار لە یاسادانەران و کەسانی مانگرتن شکێنەرکە ئەمە بە گەورەترین ڕاپەڕین دادەنرێت لە دوای جەنگی ناوخۆیی ئەمەریکا. هەر زوو بانگەوازی مانگرتن کرا لە ساڵی ٢٠١٨دا لە بەشی ڕۆژئاوای ویلایەتی ڤێرجینیا و تێیدا ١٠ هەزار مامۆستا ئامادە بوون. ئەمە وای کرد کە بەرپرسی هەرە باڵای ناوچەکە بڕیاری زیاد کردنی موچەکانیان بدات بە ڕێژەی ٥٪. .  کرێکاران و مامۆستایان پێیان وایە ئەمە بەس نییە، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەوان بردوویانەتەوەو مانگرتنەکەیان بەرهەمی هەبووە. بۆیە دەبێت هەمیشە بە دەستە جەمعی و بە یەکەوە ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران ببینەوەو خۆمان زیاتر ڕێکخراو بکەین. بە هەمان شێوەی مامۆستاکەی پێشوو دیسان مامۆستایەکی تر گرووپێکی فەیسبووکی بە ناوی، کاربەجێهێشتنی مامۆستایانی ئۆکڵاهۆما، درووست کردو لە ماوەی یەک ڕۆژدا ٢٤ هەزار ئەندام لەدەوری کۆبوونەوە. ئەم گرووپەش سوودی بە مامۆستایان گەیاند بەهەمان شێوەی گرووپەکەی تر. ئەم گرووپە پاڵی بە بەرپرسی هەرە باڵای ناوچەکەوە نا کە بۆ ئەوەی مامۆستایان لە مانگرتن بوەستێنێ بڕیاری بەرزکردنەوەی موچەکەیانی دا. ئیتر هەر بەم شێوەیەو لە ڕێگەی سۆشیال میدیاو فەیسبوکەوە مامۆستایان توانیان هەندێک داواکاری بسەپێنن بەسەر دەسەڵاتداراندا.  بۆ نموونە نوح کارڤێلیس ئەویش مامۆستایەکی تری ناوچەی ئەریزۆنا بوو کە لە ڕێگەی فەیسبوکەوە توانی ٥٢ هەزار مامۆسات لە خۆی کۆبکاتەوەو ئەو گروپە بکاتە فشارێک بۆسەر دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی داواکانیان جێبەجێ بکەن. .

ئەو ناڕەزایەتیانەی کە هەفتانە ئەنجام دەدران بەرەو فراوانی ڕۆیشتن تا وای لێهات لە ١١ی نیسانی ٢٠١٨دا ١١٠ هەزار کەس لە مامۆستایان و ستافی خوێندنگاکان بەشداریان لە مانگرتندا کرد. یەکیەتی مامۆستایانی ئەریزۆنا کە نزیک و تێکەڵاوە لەگەڵ مامۆستایانی تەواوی ئەو ویلایەتەدا داوای دەستبەجێی مانگرتنی کرد لە ٢٦ی نیساندا. داواکاریان لەو مانگرتنەدا بریتیبوو لە بەرزکردنەوەی موچەکانیان بەڕێژەی ٢٠٪ و هەروەها گێڕانەوەی ئەو ١ ملیار دۆلارەی کە وەک هاوکاری دەدرا بە خوێندنگاکان و لێیان بڕابوو. هەموو ئەوانە وای لە مامۆستایان کرد کە باوەڕیان بەخۆیان هەبێ. بۆیە هەندێکیان دەیان گووت: “ئەوەی پێویست بوو کردمان و بەرهەمی باشیشمان بەدەست هێنا، بەڵام دەسەڵاتداران ئێمەیان پشتگوێ خستبوو.” دەسەڵاتدارێکی باڵا کە خۆی هەڵبژاردبوو بەڵێنی بەرزکردنەوەی لە ٢٠٪ی موچەی بە مامۆستایان دەدا بۆئەوەی مامۆستایان لە مانگرتن ڕابگرێت، بەڵام مامۆستایان باوەڕیان بەو بەڵێنە نەدەکرد، چونکە هیچ داهاتێکیان نەدەبینی کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابێت لە لایەن گەنجینەی ویلایەتەکەوە. هەر بۆیەش لە ٢٦ی نیسان مانگرتنیان ڕاگەیاند کە ٥٠ هەزار مامۆستا بەشداری تێدا کرد..

کاربەجێهێشتن لەلایەن مامۆستایانەوە وای لە دەسەڵاتداران کرد کە بەڵێنی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار ساڵانە بدەنە خوێندنگاکان وەک هاوکاری بۆ پێویستیەکانیان، بەڵام مامۆستایان بەمە ڕازی نەبوون و دەستیان بە کۆکردنەوەی ئیمزا کرد. ئەوە بوو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ٢٧٠ هەزار ئیمزایان کۆکردەوەو داوای ٦٩٠ ملیۆنیان کرد کە دەوڵەت لە ڕێگەی زیادکردنی باج لە سەر دەوڵەمەندان کۆی بکاتەوە، بەڵام ئەو داوایەیان لەلایەن دادگای باڵای ئەریزۆناوە پشتگوێخرا بە دەلیلی ئەوەی کە داواکاریەکەیان لێڵ و ناڕوونە. زوربەی مامۆستایانیش پێیان وایە دەبێت ڕێگەی تری خۆڕێکخستن بگرنە بەر تا مانگرتنەکانیان سوودی هەبێت و کاریگەری لەسەر دەسەڵاتداران دابنێت. ئەوان دەڵێن فەیسبووک باشە، بەڵام زۆرتر بۆ بزواندنی خەڵک باشە.

مامۆستایان پاڵپشتیەکی گەورەیان بەدەست هێنا لەلایەن کەس و کاری خوێندکاران و خوێندکاران خۆیانیش. ئەوەش لەبەرئەوە بوو کە خەڵک تێگەیی کە ئەو مانگرتنەی مامۆستایان تەنها بۆ خۆیان نییە بەڵکو بۆ خوێندکارەکانیشە. مامۆستایان ئەمەیان بەڕوونی پیشاندابوو. ئەو داوکاریەی مامۆستایان دەبووە هۆی زیادکردنی هاوکاری بۆ خوێندنگاکان و کەمکردنەوەی ژمارەی خوێندکار لەیەک پۆلدا، دەبووە هۆی نۆژەنکردنەوەی خوێندنگا کۆن و داڕوخاوەکان،  هەروەها بۆ گۆڕینی پڕۆگرام و کتێبە کۆن و بەسەرچووەکانی خوێندن.

لە ٣ی ئۆکتۆبەریش دا ١٥٠٠ کرێکارو کارمەندی میوانخانەکان مانگرتنیان دەستپێکرد لە دژی ٧ میوانخانەی سەر بە کۆمپانیای ماریۆت و کارەکانیان بەجێهێشت. ئەو مانگرتنەی ناو بۆستن بە یەکەمین کاربەجێهێشتن دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخی بۆستندا. کرێکارەکان بۆیە ئەو مانگرتنەیان دەستپێکرد، چونکە ڕازی نەبوون بەو موچەیەی کە کۆمپانیای ماریۆت پێی دەدان، هەروەها زۆرێک لە کرێکارەکانی میوانخانەکان ترسی ئەوەیان هەبوو کە مڕۆڤ و ئامڕازە ڕۆبۆتیەکان بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە شوێنی ئەوان بگرنەوەو هێندەی تریش بێکاری و نزم بوونەوەی هەقی کار ڕوویان تێبکات و ئەو ڕۆبۆتانە ببنە هۆی نەهێشتنی کار بۆ کرێکاران.. هەروەها زۆرێک لە کرێکارە ژنەکان داوای ئەوەیان دەکرد کە ئەلاڕمی گێچەڵی سێکسیان پێ بدرێت تا ئەگەر یەکێک ئەو کارەی لەبەرامبەردا کردن یەکسەر بتوانن دەرەوە تێبگەێنن. وەک کە کرێکارەکان دەڵێن زۆرێک لەوان دەبێت لە ٢ شوێن کار بکەن و زۆریش لەو کرێکارانە هەفتانە ٧٠ کاتژمێر کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژین. لە زۆرێک لە شارەکان کاتێک کە کرێکارەکانی سەر بە میوانخانەکانی ماریۆت مانگرتنیان ئەنجام دەدا هەمان شیعاریان بەرز دەکردەوە کە نووسرابوو ” دەبێت یەک کار بەس بێت بۆ ئێمەو بتوانین بەیەک کار بژین”. زۆرێک لەو کرێکارانە دەڵێن تەواوی پێداویستیەکانی ژیان زۆر گرانن بە بەراورد لەگەڵ ئەو مووچەیەی پێیان دەدرێت. جاری وا هەیە تەنها بەشی کرێی خانوو دەکات و بۆ شتەکانی تر دەبێت کارێکی تر بدۆزینەوە.

کرێکارەکانی سەر میوانخانەکانی کۆمپانیای ماریۆت بەردەوامیان دا بە مانگرتن و کار بەجێهێشتن. لەو نێوەدا دەبوایە داهاتێکیان هەبێ تا پێی بژین. هەر بۆیە لە لایەن زۆرێک لە ئیتیحادیەو سەندیکاو یەکیەتیە کرێکاریەکانی تر پشتگیری دەکران. بۆ نموونە سەندیکای یونایت هیەر هەفتەی ٣٠٠ دۆلاری دەدا بە هەر کرێکارێک کە لە مانگرتنەکەدا بوو.

لە سەرەتای مانگی دێسەمبەرەوە سەندیکای ” UNITE HERE”  گەییشتە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای میوانخانەکانی ماریۆت لەهەر ئەو هەشت شارەی کە مانگرتنەکانیان تێدا ئەنجام درابوون. بە پێی ئەو گرێبەستە کرێکارەکان دەستکەوتی باشیان بەدەست هێناون. بۆ نموونە بڕیار درا کە : ١- ئەوانەی کە لەماڵاندا کار دەکەن لە شاری سان دیگۆ  موچەکانیان لە ماوەی چوار ساڵدا  لە ٤٠٪ بەرز دەکرێتەوە .ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە سەعات کاریان لە ١٤ دۆلارو ٢٥ سەنتەوە دەگاتە ٢٠ دۆلار لە سەعاتێکدا. ٢- کرێکارەکانی بۆستن موچەکانیان لە ماوەی ٤ ساڵدا  بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرز دەکرێتەوەو لە ٣٧٪ی موچەکانیشیان پاشەکەوت دەکرێت بۆ کاتی خانەنشینیان.٣- پێدانی ٦ هەفتە دایکایەتی و ٢ هەفتەش بۆ مێردەکانینان بە موچەی تەواوەوە. ٤-  ماریۆت ڕەزامەندی دەربڕی بۆ زیاتر پارێزگاری لە کرێکارە ژنەکان کە دەستدرێژی سێکسیان نەکرێتە سەر. ٥- پێدانی ئەلاڕمێک بە کرێکارە ژنەکان تا لە کاتی ئەوەی کە گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر بتوانن دەرەوە ئاگادار بکەن و دەوروبەر تێبگەێنن. ٦- ماریۆت ڕازی بوو کە ١٦٥ ڕۆژ پێش ئەوەی کە ڕۆبۆتێک بهێننە شوێنێک بۆ ئەوەی کاری پێبکرێت کرێکارەکە ئاگادار دەکەنەوەوەو هەروەها مەشقیشی پێدەکەن بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی.

مامۆستایان و کرێکارەکانی میوانخانەکانی کۆمپانیای ماریۆت بەو مانگرتن و کار ڕاگرتنەیان دەسکەوتی زۆر و گەورەیان بەدەست هێناوە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا ئەو مانگرتنانە بەرەو پێش دەچن و بەردەوامیان پێدەدرێت و دەتوانن پارێزگاری لەو دەسکەوتانە بکەن کە بەدەستیان هێناون؟ لەو بارەوە پرسیارێک لە سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی بەشی ڕۆژئاوای ڤێرجینیا کراوە کە ئەگەر پێشبینی مانگرتنێکی تری مامۆستایان لە تەواوی ویلایەتەکە بکات؟ ئەو دەڵێت کە گومانی هەیە. وا بڕیار بوو کە موچەکانیشیان ٥٪ی بەرز بکرێتەوە، بەڵام دەربارەی ئەوەش گومانی خۆی پیشان داوە. بەڵام هەموو لایەک نزم بوونەوەی هەقدەست و بەرز بوونەوەی ڕێژەی بێکاری بە هۆیەکی سەرەکی دەزانن وەک پاڵنەرێکی بەهێزیش وایە بۆ ئەنجام دانی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین و هەتا خۆپیشاندان و ڕاپەڕینیش.

پرسیارێکی تریش لە بواری کاردا خۆی قوت دەکاتەوە لێرەدا ئەویش ئەوەیە: ئایا کرێکارەکان دەتوانن فێرببن وە بزانن کە یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون و کاری بەکۆمەڵی خۆیان چەندە بەهێزە؟ وە ئایا دەتوانن مێژووی مانگرتنەکانی خۆیان لە ڕابردوودا کە دۆڕاون یاخود بردویانەتەوە لەیاد بێت و دەرسی لێوەربگرن؟ ئەگەر وەڵامەکە مەنفی بێت  ئەوا بە دڵنیایەوە ئێستاو ئایندەشیان بەرەو باشی ناڕوات..

Leave A Reply

Your email address will not be published.