لەگەڵ هەفتەی نۆیەمی نمایشی بەهێزی ئێلەگ زەردەکان لە فەرەنسا!

0

لەگەڵ هەفتەی نۆیەمی نمایشی بەهێزی ئێلەگ زەردەکان لە فەرەنسا!

نووسینی: ئەحمەد عبدالستار

پەیوەندیەکی نایاب لەنێوان مارکس و کێشمەکێشی چینایەتی هەیە لە فەرەنسا. ئەگەر لێکچوونەکە ڕاستبێت و بڵێین لە پەیوەندی (خۆشەویستی) دەچێت، ئەمە سەرەڕای بیرمەندی بێوێنەکەی مارکس. ڕەنگە ئەم پەیوەندیە لەلای زۆرێک ون بێت. تاقیکردنەوەکانی شۆڕشی ساڵی ١٨٤٨/١٨٤٩ ی فەرەنسا هزری مارکسی زۆر دەوڵەمەند کرد، وانەی زۆری لێ هەڵێنجا و بەشێوەیەکی پتەو و زانستی گشتی کردەوە بۆئەوەی ببێتە پاڵپشتی بیردۆزی کێشمەکێشی چینایەتی لە دنیای هاوچەرخ، کە لەسەر جیاکاری و نەبوونی ماف بەندە.

لەو ساتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدە و نیو، چینە بێبەشەکانی فەرەنسا لە خەباتدان و داواکارن بۆ باشترکردنی ئاستی گوزەران و ژیانیان تاوەکو ئەمڕۆ شەممە، بەڵام زوربەی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان شکستیان هێناوە بەبێئەوەی داواکاریەکانیان بەدەستبێنن. یان بەزەبری هێز و توندوتیژی دەسەڵاتدارانی بۆژوازی سەرکوتکراوە، یان بێشەرمانە هەڵخەڵەتێنراون.

ئەمڕۆ شەممە(١٢/١/٢٠١٩)  حکومەتی بۆژوازی فەرەنسی بەسەرۆکایەتی ماکرۆن؛ ٨٠ هەزار پۆلیس بە تانک وسەیارەوە کۆی کردۆتەوە دژ بە ئێلەگ زەردەکان. هەروەها کەمپینی ڕاگەیاندنی بەکارخستوە بۆ ناوزڕاندنی ئامانجی ئەو بزووتنەوەیە بە گوتنی” ئەو  ناڕەزایەتیەیانەی کە کۆمەڵگەکەمان دەیبینێت، هەندێکجار هۆکارەکەی ئەوەیە کە زۆرێک لە هاونیشتمانیان باوەڕیان وایە کە لەتوانادایە شت بەدەست بێنیت بەبێ ماندووبوون!!!”  لەلایەکی دیکەوە داوای گفتوگۆی نیشتمانی کردووە، ئەمەش لەپێناو بڵاوەپێکردن بە بزووتنەوەکە و جیاکردنەوەی بەشێک لێێ. ئەمە شێوە و کارنامەی حکومەتە بۆژوازیەکانە لە دێرزەمانەوە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتیان، کە لەسەر زەبروزەنگ و چەواشەکاری دامەزراوە. وەک دەڵێن مەسەلە گرنگەکە ئەوەیە: بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان لە برەو و پێشکەوتندایە لە ناو کۆمەڵگەی فەرەنسی، بەجۆرێکی جدی حکومەتی ماکرۆنی توشی دڵەڕاوکێ کردووە.

بەجۆرێک داواکاریە ئابووریەکان بەرزبوونەتەوە بۆ داواکاری فراوانتری سیاسی، جۆرەکەی جیایە لە سەرەتای هەفتەکانی بزووتنەوەکە، وەک” نرخەکان لەپاریس دادەبەزێنین” بوە بە شیعاری” گۆڕانکاری لەتوانادایە، ئەگەر یەکگرتووبین”. یەکێک لە ڕێکخەران لە هەفتەی ڕابردوو گووتی” هەموو ڕۆژانێکی شەممە لێرە ئامادە دەبین بەدرژایی ساڵی ٢٠١٩، پێداگریش دەکەین لەسەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن هاونیشتمانیان. وە دەمانەوێت دەوڵەت گشتی بێت و گەل ڕێکیبخات و گەلیش بەڕێوەی بەرێت”. خۆپیشاندەران لە کۆتاییدا هاواریانکرد” ماکرۆن دەست لەکاربکێشەوە”.

بەڕاستی ئەم شیعارانە شۆڕشگێڕانەن، داوای گۆرانکاری ئابووری دەکات (دابەزاندنی نرخ) و گۆڕانکاری سیاسی ڕۆشنیش لە وتەی ڕابەرانی بزووتنەوەکە دەبیسترێت، بەڵام ئایا ئەمە بەسە( کافیە)؟ تەنانەت بۆ توێژی بۆرژوازی بچووکیش لە شوفێری ترێلەکان و فەرمانبەران و خوێندکارن وخانەنشینان و جووتیاران…، بەدەر لە چینی کرێکار؟

وانەکانی مارکس کەلە ئەزموونی کێشمەکێشی چینایەتی لە فەرەنسا دەریکردوە،  ئامۆژگاریمان دەکات، دوای ئەوەی کە بەشۆڕشی حوزەیران ساڵی ١٨٤٨ ناسرا و شکستی هێنا، کە هۆکاری شکستی شۆڕش؛ دەگەڕێتەوە بۆ شیعاری بۆژوازی بچووک و جووتیارانی شۆڕشگێڕ لە چاکسازی چینایەتی وەستا و بەوەندە ڕازی بوون! لەسەر کرێکاران پێویستە بەردەوامی بەشۆڕش بدەن وبیکەنە “شۆڕش بەردەوامە”.

مارکس لە بانگەوازی بۆ کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان لەفەرەنسا ئاماژە دەکاتە بەوەی” لەسەر حیزبی چینی کرێکار پێویستدەکات هەرچی بۆیان دەکرێت بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر دەرکەون، تابۆیان دەکرێت یەکگرتووتربن، تا بۆشیان دەکرێت سەربەخۆتر بن…”” کەواتە گۆرانکاری  لە توانادایە ئەگەر یەکگرتووبین”.  چونکە” پرسەکە بۆ ئێمە لە دەوری گۆڕانکاری خاوەندارێتی تایبەتدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو لە نەهێشتنیدایە، لە پشتیوانی جیایی چینایەتیدا نەخێر، بەڵکو نەهێشتنی چینەکانە، وە لە چاکردنی کۆمەڵگەی ئێستادا نییە، بەڵکو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی تازەیە”

 قووڵکردنەوەی شیعارەکە” “دەمانەوێت ئەو دەوڵەتە گشتیەی کە گەل ڕێکیدەخات و بەڕێوەی دەبات” بە ڕۆشنی  بکەینە حکومەتی کرێکاری” تەنیا لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو بێمافیەکان نامێنن و باشکردنی کرێ و ئاستی بژێوی و گوزەران دێتە دی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.