جارێکی تر کاسبکارانی دەستفرۆش دەکەونە بەر هێرشی شارەوانی

0

هەفتەی پێشوو، جارێکی تر و خاوەن عارەبانەکان و دەستفرۆشانی شەقامی سالمی شاری سلێمانی دەکەونە بەر هێرشی شارەوانی سلێمانی و ڕیگە لە کارو کاسبیان دەگریت و بژێوی ژیانیان لێ دەسەنرێتەوە. پاساوی ئەم هێرشە کە ماوە ماوە دەکرێتە سەر دەستفرۆشەکانی شارەکانی کوردستان، جوانکردنی سیمای شەقام و شارە، کەچی ئەو جەنابە تەسەلانە، ئامادەنین شوێنێکی گونجاو شایستە بۆ ئەو کاسبکارانە دیاری بکەن و لە جێگای ئەوە دەست بەسەر عارەبانەکانیان و شوێنی کاسبیەکەیاندا دەگرن. دەسەڵاتی سیاسی، سەندنەوەی بژیوی ژیان لە سەدان خێزان، بە ناشیرین نازانن، کەچی کاسبی ناچاری سەدان ئینسان و هەزاران خێزان لەسەر شەقامەکان، بەگەرمای هاوێن و سەرمای زستان بەناشیرینکردنی سیمای شار وێنا دەکەن و رێگەیان لێدەگرن. پێویستە دەستفرۆشان و خاوەن عارەبانەو دەستگێرەکان، ریزەکانیان رێکخراو بکەن و نارەزایەتی وەرێ بخەن بەمەبەستی ناچارکردنی دەسەڵات تا ناچاریان بکەن شوێنێکی گونجاویان بۆ دابین بکەن. ئەوە پیویست بەوە دەکات کە کەسانی دڵسۆزو خاوەن متمانە وەکو نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و نوێنەرایەتیان بکەن. وە پیکهێنانی رێکخراوەیەک بۆ کۆبونەوەیان لەدەوری و یەکخستنی توانایەکانیان کارێکی ترە تا لە رێگایەوە داواو خواستەکانیان بخەنە روو، وە بەهیزی رێکخراوەوە بەر بگرن بە هێرشی بەردەوامی شارەوانی بۆ سەریان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.