دیمانە لەگەڵ…میهرەبان عەلی سەبارەت بە چۆنیەتی گیران و بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی ڕژێمی بەعس

0

دیمانە لەگەڵ…میهرەبان عەلی سەبارەت بە چۆنیەتی گیران و بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی ڕژێمی بەعس

سازدانی: ئاراس رەشید

تێکۆشانی کۆمۆنیستەکان، لە پێناو دنیایەکی باشتر و دامەرزاندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیدا، مێژوویەکی درەوشاوەیە… لەو رێگایەدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمۆنیستەکان گیانیان لەدەستداوە، یان لەلایەن جەلادەکانی بەعس و پارێزەرانی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەدارییەوە، توشی راوەدونان و گرتن و شکنجە بوونەتەوە… بۆپێشەوە بە مەبەستی ناساندنی رۆڵی تیکۆشەرانەی ئەو کۆمۆنیستانەی لەلایەن بەعسەوە گیراون، تەوەرەیەکی تایبەتی دەکاتەوە… کەهەر جارەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێک لەو هاوڕێیانە دەکات، کە زیندانی کراون… لەم ژمارەیەدا دیمانەیەک لە مهیرەبان عەلی دەخوێننەوە…

 بۆپێشەوە: سەرەتا پێمان خۆشە خۆتان بناسێنن؟

میهرەبان عەلی: دەستپیکی کاری سیاسی بوونم وەک هەموو کەسە ئازادیخوازەکانی ئەو وڵاتە لەسەرەتای سالی1986ە وە کاری رێکخستنم کردوە. ئە وسەردەمانە لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەران ماوەی دووساڵ ونیو بەردەوام بووم. دوای ئەو تێکشکانەی کە حیزبە کوردیەکان دوای ئە نفالی بەدناو، ئەگەر بڵێم هیچ کام لەو حیزبانەی ئێستا لە کوردستان بوونیان نەمابوو. کۆمەڵێک خەڵکی ئازاو چاونەترس کۆمەڵێ ڕێکخراوی کۆمۆنیستیان دروست کردبوو. ئەوانەی کە بیرم مابێتن دەستەی پێشڕەوانی پڕۆلیتاریا و ڕەوتی کۆمۆنیست و یەکێتی خەبات بوون. بەداخەوە بەهەڵە یان بڵێم کەم ئەزموونی ڕێکخراوەیی هەندێک کەسی جاسوسیان هینابووە ناوڕێکخستنەکان. زۆرێک لە هاوڕێیانی دەستەو ڕەوت ڕەشبگیری کران، وەکو دەنگی تەسبیح زوربەی ئە ندامانی ئەو دوو ڕێکخراوەیە گیران لەکاتێکی کەمدا. منیش یەکێک بووم لە هەڵسوڕاوانی کومونیست، کەئەوکات لەگەڵ دەستەدا کارم دەکرد. بەداخەوە منیش وەکو هەرگەنجێک کە ئەو وەزعانەم پێ قبول نەدەکرا، دەستگیرکرام.

بۆپێشەوە: ئێوە لەگەڵ چ لایەنێکی سیاسی بوون، بۆ گیران و چۆن گیران؟

میهرەبان عەلی: چۆنیەتی دەستگیرکردنەکەم، لەکۆتایی تاقکردنەوەکانی پەیمانگا ئەوکەسەی ئێستا هاوژینی ژیانمە، ئەوکات هاوڕێ بووین، بەڵام لای روون نەبووکە کاری ڕێکخراوەیی دەکەم،  پێی گووتم کە ئاگام لەخوم بێت، چونکە دەنگۆی ئاشکرابوونی زۆرێک لە هاوڕێیانی بیستبوو، کە دەستگیرکراون. بەحوکمی ئەوەی کە خە ڵکی قەڵادزێ بووین ماڵمان لە ئۆردوگا زۆرەملیەکانی ڕژێم بوو لە بازیان. هەر ئەو ڕۆژە گەرامەوە بۆماڵ، وەشەوەکەی هەرچی بەیاننامە وبڵاوکراوی ڕێکخستنم لابوو سووتاندم، بەڵام ئەوە کۆتایی نەهات، شەو دوای کاتژمێر۱۲ شەوکاتێک خەبەرم بووە، سەربان وناوماڵ وحەوشە پڕبوو لە چەکداری ئەمن، هەموویان عە رە ب بوون، بەدوو سەیارە هاتبوون بۆدە ستگیرکردنم. ئەوکەسەی کە ئیعترافی کردبوو لەسەر ڕێکخراوی من لەیەکێ لەسەیارەکاندا بوو. چونکە؛ کەمنیان برد هەستم کرد لە سەیارەکەیتردا بوو. هەرئەو شەوە باوکم لەگەڵمدا هات، گووتی بشم کوژن هەردێم لەگەڵ کچەکەم. بەڕاستی زۆر قورسە جەماعەتی ئەمن یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەت دەستگیر بکەن، چونکە لە ناو ئۆردوگادا ڕێگەیان لێ تێک چوو تا گەیشتینە دەزگای ئەمنی بازیان، بەڵام لەوێ تەنها یەک چارەکە سەعات ماینەوەو یەکسەر هێنامیان بۆ دائیرەی ئەمنی سلێمانی. هەر بە گەیشتنمان باوکمیان بە پاڵ کردە دەرێ، و منیشیان بردە قاعەی ژنان. هەرچەندە ئەوەی عەقڵم تەصوری نەدەکرد ئەوە بوو کە ئەو کەسەی کاری ڕێکخراوەیم لەگەڵ دەکرد کە دەستگیرکرابێت، چونکە لە شوێنێک دەژیا کەس وکاری خۆی نەیان دەزانی لە کوێ دەژی، تەنها برادەرانی ڕیکخستن نەبێت، تەنانەت خۆم کە ویستبام بیبینم لەدەرەوە یەکمان دەبینی. بەهەرحاڵ؛ ئەو شەوە دریژترین شەوی ژیانم بوو، چۆن نەمردم نازانم کە چوومە ژوورەوە چەند ژنێکی لێبوو ئەوانە کە ناوەکانیانم بیرماوە (سروە فایق هەڵەبجەیی، ڕوناک منداڵێکی کچی بچوکی (روزا) ی ناوبوو لەگەڵ ئەحمد مندالێکی کوڕی پێبوو، فاتمەخان لەگەڵ هاوژینەکەی کە ناوی ئەمجەد بووخەڵکی کەرکوک بوون، لەگەڵ ڕێزان وهەندێکی تر داوای لێبووردن دەکەم ئێستا ناوەکانم بیر نەماون). بەیانی دوای کاتژمێر ٨ ی بەیانی بردمیان بۆلێکۆڵینەوە.

بۆپێشەوە: دۆخی ناو زیندان چۆن بوو، مەبەستمان ئەوەیە جۆری لێدان و شکنجەو لێپرسینەوە چۆن بوو؟ پەیوەندیتان لەگەڵ زیندانیەکانی تر چۆن بوو؟

میهرەبان عەلی: چی ڕویدا نازانم بڵێم چی! ئەوەی عەقل چاوەڕناکرێت بوو، ئەوکەسەی کە بەرپرسم بوو لەوێ بوو، بە قاتوببجامەوە بەرانبەرم دانیشت بوو، هەرچی ویستم نکوڵی و حاشا بکەم لە ناسینی، بەڵام فایدەی نەبوو. دوای ئیهانە وسوکایەتی پێکردن و لێدانێکی زۆر کارەبایان لێم داو کەسەکەیان بردە سجنی پیاوان، وتیان ئەو جیهازە درۆکانتان دەردەخات، ویستم حاشا بکەم، بەڵام ئیستیفادەی نەبوو، چونکە دەست نووسی پەیوەندی کردنم گیرابوو کە داوای ئە ندامگیریم کردبوو، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخوشیە بۆمن تاکە ئەندامی چەپ وکۆمۆنیست من بووم خۆڕاگرانە کەسم بەدوای خۆمدا نەبردە زیندان. ئەوە مایەی شانازیمە، چونکە ئەوەی بچێتە دائیرەی ئەمن و خۆڕاگربێت؟ شانازیە. بەهەرحاڵ؛ ماوەی زیاتر لە ۳مانگی خایاند تاوەکو لێکۆڵینەوە تەواو بوو. زۆرێ لەژنەکان دەڕۆیشتن بۆ مەحکەمەی بەناو ثورە وەەندێکیان بۆسجنی پۆلیس و هەندێک ئازاد دەکران کە هیچیان لەسەر ساغ نەدەبووە.  بۆنموونە ژنێک دە ستگیرکرا ناوی لیلی عبدللە خێزانی دلێری سەید مجید، تە نها ۲۸ ڕۆژمایەوە بەزووترین کات ناردیان بۆ مەحکمە وحوکم درا. زۆر ژنێکی باش بوو؛ تەنانەت موستیلەیەکی ئاڵتوونی پێبوو دایە دەست سروە بۆ ئەوەی بیدا بەشیر بۆ منداڵەکەی، بەداخەوە ڕۆحی شاد ئێستا لەژیاندا نەماوە. لە مانگی۱۱ ساڵی ۱۹۹۰کۆمەڵێک ژن گیران کە کەسوکاری عومەر و جمال بوون. دوو کەس بوون کە پلەدارێکی ڕژێمیان کوشتبوو، خۆیان نە گیران، بەڵام کەسوکاریان گیران، لەوانە (پە خشان، فریشتە، شادان، نەکەرۆز، ژیان حمە سعید، ڕزگارو دایکی) تەنها ناوی ئەوانەم بیرماوە بە داوای لیبوردن. ئەو مەوزوعە بوو بەخێروبەرە کەت، چونکە بەهۆی یەکێک لەو کەسانە من هەواڵی ماڵەوەم پێگەیشت. ژیان حمە سەعید ماموستا بوو لە ئۆردوگاکەی ئێمە بوو. نامەیەکی بچووکی بۆم بردە دەرەوە بۆئەوەی ماڵەوەمان دڵنیا بن لەمانم لە ژیاندا. دوای ماوەیەک لە مانگی ۱۲دا بوو، خەڵەف کە مدیری ئەمن بوو سەردانی بەشی ژنانی کرد. ۲کچی عەرەبی لێبو و بە ناوی سەلوا ومارلین، دیار بوو مە سیحی بوون ویستبویان لە ڕێگەی ئێرانەوە سەفەر بکەن، دەستگیرکرابون. من و سروە وەکو لە بیرم مابێت بەهۆی ئەوەی من و سروە لەسەرهەمان کاری ڕێکخراوەیی دەست بەسەر بووین، تاوەکو کۆتایی کاتی زیندانیمان بەیەکەوە بووین. جا کە خەڵەف هات هەریەکە کێشەی خۆی باسکرد. منیش داوام لێکرد کە چاوپێکەوتنی دایکم وبابم بکەم؟ ڕازی بوو. دوای دوو ڕۆژ لە ڕێگەی خوشکەکەمەوە ئاگاداریان کردبوون کە قوتابی بوو، لە ڕێگەی ئیدارەی قوتابخانە پێیان گوتبوو وەرن بودائیرەی ئەمن بۆچاوپیکەوتن. هەرچەندە ماڵەوەمان لەو بڕوایەدا نەبوون کە کچە گەنجەکەیان مابێت وبتوانن بیبینەوە. دایکم وبابم وخوشکە گەورەکەم هاتن. لەلایەکەوە خۆش بوو بە دیداریان شادبووم، لەلایەک زۆرخەفەت باربووم، چونکە دانیشتنمان تەنها نیو کاتژمێر بوو، بە ئامادەبوونی پیاوانی ئەمن. بۆئەوەی بزانن باس لەچی دەکەین؟ هەردوولامان زۆرگریاین هەرچەندە چاودیرەکە پێیگووتم بۆ وادەگری؟  بابم جوابی دایەوە وتی بۆ ئەوانەی لێرەن دەبێ لەدەرەوە خەڵک چۆن باستان دەکەن. ئینجا کچێکی گەنج مەجالی هیچ هەواڵ پرسینێکمان نەبوو، تەنها هەواڵ پرسینی گشتی. وتیان تەواو هەرئەوەنە ڕێگە پێدراوە. ئەوەندە ئەشکەنجەی دەروونی وجەستەیی هەیە، هەرچەند بنووسم لام وابێ تەواو نابێت. بەڵام تەنەها چەند کاتژمێرێکی ئەوێتان بۆباس بکەم، بە نموونە؛ بێمە سەرخەوتن، من وەکو خۆم شەوان هەرنەدەنووستم، لەبەرناڵەی زیندانیەکان، بە تایبەت لە شەواندا ئەشکەنجەیان دەدان،  ودەنگەدەنگی  سەجان و دەنگی زیرەی کلیلەکان کە دەچوون زیندانەکانیان دەردەەینا. زوربەی کات پەنجەرە بچوکەکەی ژوری ژنانیان دادەخست، بۆئەوەی نەیان بینین.بەەۆی سروەوە (هاوژینەکەی سەردار عبدللە)بوو ئاومان دەکردە ژێر دەرگاکە تاوەکو بزانین کێ دەبەن بۆ ئەشکەنجە کردن؟ هەرچەندە هیچمان پێنەدەکرا! یان نانخواردن ڕۆژی ۲ ژەم بەیانیان و نیوەڕۆیان! ئەویش لەقاپا نا! لەدوومەنجەڵی گەورە! هیچی ترنا! زۆرکات ئێواران پاشماوەی خواردنی خۆیان دەدا پێمان. بەڵام چی؟ کاتێک ئەوشەوانە کە(ڕەحیم سلام) خەفەربوایە هەرچەندە یەکێک بوون لەجەماعەتی ئەمن، بەڵام بەڕاستی هەڵسوکەوتیان زۆرباش بوو لەگەڵمان. بۆنموونە: لەژوورەکەی ئێمە تەنەنها سەرئاوێکی تێدابوو! دەبوایە بۆخۆشۆرینیش بەکارمان هێنابایە. سلام؛ شانەیەکی بۆهێناین بەهەموومان بەکارمان دەهێنا. هەرچەندە خۆم ئەوماوەیە لە ئەمن بوم، تەنەها دووجارسەرم شۆرد بەتایبەت ئەویش لەبەر ڕشک وئەسپێ، ئاراممان لێەهەڵگیرابوو. شتی تر ئەوەندە زۆرە ناتوانم باسی بکەم . لە دوای لێدانی ئەمریکا لە عێراق، و دوای داگیرکردنی کوێت لەکۆتایی مانگی ۱ساڵی۱۹۹۱دا، تەنەها من وسروە مابوینەوە ئێمەشیان ڕەوانەی سجنی گرتن وگواستنەوە  کرد، هەتا کۆتایی مەحکەمە. بەڵام لەسەر فایلەکانمان نوسرابوو حیجز! تەنانەت ماڵەوە محاوەلەی زۆریان کرد، ۲ چاوپێکەوتنمان بۆکرا. کەچووین بۆ سجنی سەرەوە، کۆمەڵێک ژنی زۆری تێدابوو؛ لەوانەی کەلەبیرم ماوە:(میمکە تەلەودوو بووکی وهەندێک مندال کە لەسەرئەوەی کوڕەکانی میمکە تەلە پێشمەرگە بوون، ئەوانیشیان دەستبەسەرکردبوو. ئێمە هەرچاوەڕێ بووین تاوەکو ڕۆژی ڕاپەڕینی خەڵکی ئازادیخوازی سلێمانی دەستی پێکرد. لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین ئێمە ئازادبووین. من هەمووساڵێک ڕۆژی ۸ مارس بەڕۆژی لەدایک بوونمی دادەنێم، و ڕۆژی بەرەنگاری ونوێبوونەوەم.

بۆپێشەوە: ئێوە دوای ئەو هەموو ساڵە، کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەبینن، چی دەڵێن؟

 پێم خۆشە هەندێک شت بڵێم کەقسەی دڵمە؛ من وچەندان کەسیتر کەڕێگەی خەباتمان هەڵبژاردوە بۆ دنیایەکی باشتر بژین چاوەڕێی پاداشت نەبووین، بەڵام ئێستا دەڵێم باش بوو تیا نەچووین!؟ وەکو ئەو هەموو هەزاران کەسە ئازادیخوازەی ترکە ئێستا ژیانیان بەفیڕۆچوو! لەپێناو کۆمپانیاکانی کوردایەتی ومافیای نەوت و مافیای دەرمان وچەندان شتی قێزەونی تر. زۆرجاردەڵێـم؛ خۆش بەختبووین کە گیانمان نەبەخشی. دروود بۆ گیانی ئەوانەی گیانیان بەخشی لە پیناو ئازادی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.