دیمانە لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند لە” سەمای گڵ و ڕەنگ” دا

0

دیمانە لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند لە” سەمای گڵ و ڕەنگ” دا

لەم ژمارەیەدا، وەڵامی هەریەک لە هونەرمەندان

کاوان قادر، تەها ساڵح، سیروان عەبدوڵا… دەخوێننەوە

سازدانی: ئاراس رەشید

“سەمای گڵ و ڕەنگ” کۆکردنەوەی ٨ هونەرمەندی کوردی هەندەران بوو بۆ نمایشکردنی کارە هونەریەکانیان لە شاری ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا. پێگەی ڕۆشنبیری کوردی ئۆتاوا توانی ٨ هونەرمەندی جیاواز لە سەلیقە و قوتابخانەی هونەری  لە ئەڵمانیا و ئەمەریکا و کەنەدا کۆبکاتەوە و کارەکانیان نمایش بکات بۆ ئارەزوومەندانی هونەری لە ڕەوەندی کوردی و کەنەدی. نمایشی پێشانگەکە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی تەمووزی ٢٠١٨ بوو بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر. ئەو پیشانگەیە پتر لە ٣٠ کاری هونەری شێوەکار و پەیکەرسازی و پەیکەرتاشی لەخۆگرتبوو، شانبەشانی پیشانگەکە هونەرمەند کاوان قادر ۆرک شۆپێکی هونەری پەیکەرسازی بۆ ئارەزوومەندانی ئەو هونەرە و منداڵانی ئامادەبوو سازکرد. پیشانگەکە بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر و ئەندام پەرلەمانی هەرێمی ئۆنتاریۆ( ماری فرانس لۆلاند) بەڕێوە چوو، تەنانەت ماری فرانس لە تەلاری پەرلەمانی ئۆنتاریۆ ستایشی ئەو پیشانگەیە بەگشتی و کارە هونەریەکانی بەتایبەت قسە لێکرد و سوپاسی پێگەی کرد لەو کارە ناوازەیە کە بۆیەکەمین جارە ڕەوەندی کوردی کارێکی هونەری لەو شێوەیە ئەنجام دەدات لە کەنەدا. بۆپێشەوە ویستی لە زاری هونەرمەندەکان خۆیانەوە و لەگەڵ قسەکەری پێگە ئەم ڕیپۆرتاژە تایبەتەتان بۆ بگێڕێتەوە.

 شایانی باسە کە یەکێک لە هونەرمەندە بەشداربووەکان کە خاتوو( شیلان جەبار) بوو و تاکە ژن بوو بە ٢ تابلۆی رەنگاوڕەنگی قەشەنگ بەشداری کردبوو، بەهۆکاری تایبەت بەخۆیەوە نەیتوانی لەم ڕیپۆرتاژە گفتوگۆیە کراوەیەدا بەشداری بکات.

بۆپێشەوە: ئاستی هونەری پەیکەرسازی لای کورد و لە کوردستان لە چی ئاستێکدایە

کاوان قادر:بەرلەوەی دەستبکەم بەوەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان، بەپێویستی دەزانم، ستایشی پێگەی ڕۆشنبیری کوردیی ئۆتاوا بکەم، لەئەرک و ماندووبوونێکی کەم وێنەدا بۆ ٨ هونەرمەندی کوردیان کێشاوە. ئەوەش بەعەمەلی کردنەوەی ئەو پەیامەیە کە بەرزیان کردۆتەوەلە (پێگە سەکۆیەکە بۆ هەمووان).

 ئەگەر بەشێوەیەکی زۆر تەقلیدی وەڵامی پرسیارەکەتان نەدەمەوە ناچارم پەیوەستی بکەم بە جێگە و ڕێگەی هونەر لە تەرازووی دەسەڵات لە کوردستاندا. بەداخەوە ئەڵێم ئەگەر کەسێکی ناشارەزا ڕێی بکەوێتە ئەو وڵاتە بەو  پێوانەیە هونەر هەڵبسەنگێنێ کە لە شوێنە گشتییەکاندا دانراوە، بە دوو ئەنجام دەگات: ١/ دەست کورتی و کەم توانایی هونەر لەو وڵاتەدا.  ٢/ میللەتێکە خاوەنی هیچ داستانێکی مێژوویی نییە.

حەقیقەت ئەوەیە ئەوەی کە نمایشی هونەر دەکات لە کوردستان ئەوە ئاستی هونەر نییە لەو وڵاتەدا، هەرچەند دەتوانین بڵێین هونەری پەیکەرسازی لەسەرهەڵدانی مێژووی ئیسلامەوە لە ژێردەست وپێ و کاولکاریدا بووە. هونەر وبەتایبەت پەیکەریان لە خەڵکی حەرام کردووە، بۆیە هەست دەکەیت بواری پەیکەرسازی لەم کۆمەڵگەیەدا تازەیە. حاشا هەڵنەگرە کە لەماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای ڕاپەڕین شەپۆلێک لە هونەری پەنگخواردوو ئەو بێ دەنگییەی شڵەقاند و هونەرمەندی زۆر بەتوانا سەریان هەڵدا، و لە بوژاندنەوەی هونەری پەیکەرسازی و بوارەکانی تری هونەردا دەوریان گێڕا. دەتوانین بە نەهزەی هونەری شێوەکاری دابنێین، بەڵام بەداخەوە وەک شەبەحێک مایەوە و نەیتوانی بەردەوام بێت. هەر زوو لەسەر دەستی حیزبەکان بە حیزبی کرا و ئیفلیج کرا. یەقینم لەوەی کە یەک پڕۆژەی هونەری بە بڕیاری لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی هونەری و لە پێشبڕکێیەکی هونەریدا بڕیاری لەسەر نەدراوە. هەر شارەوانییەک کۆمەڵێک هونەرمەندی خۆی هەیە کە حیزبەکان دیاریان کردووە، هیچ پڕۆژەیەکی هونەرمەندی بێلایەنیش مۆڵەتی پێنادرێ، کات هەبووە خۆبەخشانە پڕۆژەی هونەریم لە کەنەداوە بردۆتەوە بۆ کوردستان بۆ ئەمنە سورەکە، کە خۆم زیندانی بووم و لە ڕاپەڕینەکەدا ئازاد بووم، بەڵام کاتێ ڕەفیق حیزبییەک هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات ودەڵێ هونەرمەندی تر لەوێ کاردەکات، دڵنیام کە من تەنها هونەرمەندێک  نەبووم ئەو هەڵوێستەیان نواندبێت بەرامبەرم.

 کارەسات ئەوەیە ئەگەرگەندەڵی بۆ حیزبێک نەکەیت و سەر بە حیزبێک نەبیت، هیچ پڕۆژەیەکت بۆ جێبەجێ ناکەن، تەنانەت کارێکیشت بۆ ژیان دەست ناکەوێت. ئیتر گرینگ نییە لە چی ئاستێکی هونەریدای. هونەرمەندانی حیزبی تێرن و بێلایەنەکانیش برسی. لە کوردستان گەشەی کلتوری حیزبی لەسەروی گەشەی هونەرەوەیە، لەوێ هونەرمەند مێژووی ڕاستەقینە تۆمار ناکات وە هیچ دەورێک لە گەشەی کەلتوریدا نابینن. ئەو وڵاتە پڕییەتی لە داستانی مێژوویی. ڕێبوارێک ئەگەر ڕوو بکاتە ئەو ناوچەیە دەبوایە لە ئاستی هونەرەکەیەوە مێژووەکەی بخوێندایەتەوە، هەر بۆیە نابینی هونەر هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەلتوری نەتەوەیی هەبێت لەو ناوچەیەدا. لەم هەلومەرجەدا داهێنان نەک سەرهەڵنادات و گەشە ناکات، بەڵکو لە خنکاندایە.

لەلایەکی ترەوە ئەو وڵاتەی کە پڕیەتی لە ململانێی چینایەتی، کێشەی ژنان، مناڵان، ئەنفال وکیمیاباران، تا ئاستی جینوسایدکردن. کە ئەمە بۆخۆی پرس و بابەتهایەکی زۆر گرینگن کە وەزیفەی هونەرو هونەرمەند دیاری دەکات. بەداخەوە هونەری پەیکەرسازی لای ئێمە تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە سمبوڵێکی وروژاندن و دەورێک بگێڕێ لەسەر مەعزەڵە و کێشەکانی ناو کۆمەڵگە. ئەمانە هیچ کات نەبوون بەخەم و کێشەی دەسەڵات، نەیان ویستوەو نەیانتوانیووە ببــنە ئەلگۆ و مۆدێلێکی متمدن و خەباتکار لەساڕێژکردنی برینی مێژوویی ئەو نەتەوەیەو دەستگیرۆیی هونەرمەندان. هونەریان تا ئەو جێگەیە پەرەپێداوە کە پەیکەری قارەمانەکانی خۆیان لە دوو ڕیانەکاندا نصب بکەن، نەک بۆ ڕێزگرتن لە قوربانــیان، بەڵـکو بۆ شەرعییەت و شەهامەتدان بە مانەوەی خـۆیان. بەداخەوە لەجێی دەستگیرۆیی هونەرمەندان و قەڵەم بەدەستان بۆ بوژاننەوە و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی شایستە بە ئینسانی ئەم سەردەمە، قەڵەم بەدەستەکان تیرۆر دەکەن وپەیکەرەکان دەڕوخـێنن، ئازادیخوازان زیندان دەکەن و مزگەوتەکان بۆ فتوا ئاوەدان دەکەنەوە. ئەوەی بینیمان ولە مێژوودا شاهیدی نەبووین، ئەم دەسەڵاتە نەک شارستانی نەبوو، بەڵکو دەستی ناوەتە بینەقـاقـای هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە، بە ئیمتیاز پێدانی کۆمەڵێک کادری حیزبی لە شوێنە هەستیارەکانی پەروەردە و خستنە ئیختیاری مەیدانە گشتییەکان بۆ کۆمەڵێک کۆنتەراتچی حیزبی بە هونەرەوە. کە بەڕای من ئەمە ئاستی ئیستاتیکا و مەعریفەی ئەوان پیشان دەدات کە سۆمەری وئاشورییەکانی ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەمانە شارستانی تر بوون لەم بوارەدا. ئەمانە دەسەڵاتداری وڵاتێکن کە بۆتە قەسابخانەی ژن کوشتن، نەک هەڵوێست بگرە پەیکەرێکیش لەو بارەیەوە نابینی، بە… سەدان هەزار ئەنفال کیمیاباران هەیە لە بۆنەکانی خۆیاندا نەبێت بیریان ناکەوێتەوە، مناڵان لەسەر جادەکان داهات وبەروبوومی کۆمەڵگە بەرهەم دێنن، دەسەڵاتێکی بێ بەرهەم لە مافی مرۆڤ، چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت هونەرو کەلتوری نەتەوەیەک بەرێتە پێشەوە.

بۆ پێشەوە: ۆرک شۆپ وپێشانکە لە هەمان کاتدا کارناکاتە سەر پێشانگەکە؟

کاوان قادر: بەڕای من بە پێچەوانەوە ۆرک شۆپ شۆڕ وشەوقی زیاتر ئەدات بە بینەران. پرۆسەی کارەکە بە بینەران دەناسێنێ هەموو کەس ئارەزوو دەکات بەچاوی خۆی ببینێ کە چۆن بەرهەمێکی هونەری دروست دەبێت، ئارەزووی بینینی دەستڕەنگینی دەکەن، لەگەڵ هونەردا ئاشتبونەوەیە. لایف ئاڕت کاریگەرترین شێوازی کارکردنە کە  بینەر بەشدار ئەبێت لە چالاکییەکاندا، ئەوەی کە شانۆگارییەکانی برێختی بەرز نرخاند بەشداری ڕاستەوخۆی بینەر بوو لە کارە هونەرییەکاندا. لە لایف ئاڕتدا ئیتر هیچ شتێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە شتێک نامێنێ بە ناوی سڕی میهنە و پێکەوە چێژێک لەهونەر وەردەگرین، بەبەشداری ڕاستەوخۆی خەڵك لە چالاکییەکاندا پرسیارەکان وەڵامی خۆیان وەردەگرنەوە. ئێمە ئەگەر لە ئەنجامەکەیەوە هەڵیسەنگێنین ۆرک شۆپەکە چێژو ئارەزووی هونەری بینەرانی پێشانگاکەی بەرزتر کردەوە. دڵنیاین کە لە داهاتوودا ئەو چالاکییانە زیاتر پێشوازی لێ بکرێت.

لە لایەکی ترەوە ئەمڕۆ مناڵان زۆر کەم شانسی ئەوەیان هەیە توانایی هونەری خۆیان تاقی بکەنەوە تەنانەت لە فێرگەکانیشدا کەمتر دەخوێندرێت، بۆئەوە ڕەنگە ناچار بن مناڵانیان بەپارە بخەنە دەورەوە (خولی فێرکردن)، کەواتە بەو پێوانەیە ۆرک شۆپەکەمان توانی دەوری فێرگەیەک ببینێ بێ بەرامبەر. ئێمە لەو پێشانگەیەدا لەڕێی ۆرک شۆپەوە ئەو فرسەتەمان بۆ مناڵان دروستکرد کە بەشدار بن و بەشێک بن لە پێشانگاکە، لە هەمانکاتدا هەڵسەنگانـدنــێک بوو بۆ دەرخستنی بەهرە شاراوەکانیان، لانی کەم بەبەرهەمێکی هونەرییەوە کە خۆیان دروستیان کردووە بڕۆنە ماڵەوە.

بۆپێشەوە: بەچەند کاری هونەری بەشداریت لە پێشانگەی (سەمای گڵ وڕەنگ)کرد؟ هۆی هەڵبژاردنی ئەو کارانە چی بوون؟

کاوان قادر: لەم پێشانگایەدا بە ١٥ بەرهەمی هونەری بەشداریم کرد و لەهەمان کاتدا بە لایف ئارت ۆرک شۆپێکم ئەنجامدا. هەوڵم داوە بەو بەرهەمانە بەشدار بم کە زیاتر پەیوەندی بە پرس وکێشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەوە هەیە. ئەو پەیامانەی لە بەرهەمەکانی مندا بەرجەستە بوونەتەوە؛ مەسەلەی شەڕو نەهامەتیەکانی، پێشاندانی ئەو کارەساتە دزێوانەی چاوچنۆکی سەرمایەداری خوڵقاندویەتی، کێشەی ژنان و یاخیبوون بەرامبەر سیستەمی پیاو سالاری، پیشاندانی ژنان وەک خۆشەویست و دایک و بەرەنگاربوونەوە، باوکێکی جەرگ سوتاو کە لاشەی مناڵەکەی لەباوەش گرتووە، گریانی مناڵێک کە لەژێر ئاگری شەڕەوە هێلانەکەی بەجێ دێڵێت، پچراندنی زنجیرەکان لە نێوان دوو هێزی مەچەکەوە، سوتاندنی حیجاب کە ڕەمزی کۆیلایەتی ژنانە. سمبوڵێک بۆ کارڵ مارکس کە پەیامی ڕزگاری یەکجاری ئەوە، هەڵکێشانی نیزامی سەرمایەداری لە ڕەگەوە، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانەم ئەوە بوو کە پێویست بوو وەک هونەرمەندێک بیکەم.

  بۆپێشەوە: دەکرێت لەڕێی تابلۆوە تێبکۆشین بۆ نەهێشتنی خەم و ئازاری مرۆڤی چەوساوە و بێدەرەتان؟

تەها ساڵح: هونەر جیهانێكی زۆر بەرفراوانە، یەكێ لەو كارە گەورانەی هونەر دەیكات چارەسەرە، كەلەئێستادا لەزۆربەی زانكۆكانی جیهان (چارەسەر بەهونەر) وەك بەشێكی جیاوازی ٤ ساڵ دەخوێندرێت، ئەمە جگە لەوەی كاریگەری هونەر لەسەر تاكی کۆمەڵگە ئەوەندە هەیە، كەبەردەوام هیوا و وزە دەبەخشی بەبەرامبەر! بەو مەرجەی لەسیستەمی پەروەردە و پێگەیاندن لەمنداڵیەوە تا گەورەبوون گرنگی پێ بدرێت. بۆ چەوساوە و بێدەرەتان ژیان ئەوەندە قورسە، كەهێندە لەخەمی پەیداكردنی ناندایە! ئەوەندە دەرفەتی بینینی كاری هونەری نییە!!! وەك شاملو دەفەرموێ گەر خەمی نان لێم گەڕێ!

بۆپێشەوە: بەچەند کاری هونەری بەشداریت لە پیشانگەی”سەمای گڵ و ڕەنگ” کرد؟ هۆی هەڵبژاردنی ئەوکارانە چی بوون؟

تەها ساڵح: بەسێ كاری هونەری بەشداربووم لە پیشانگەی (سەمای گڵ و ڕەنگ). هەڵبژاردنی ئەوكارانە لەبەرئەوەی تازەترین كارەكانم بوو، هەروەها لەبەر ئاسان گواستنەوەیان بۆ کەنەدا بەوەندە کارە ئیکتیفام کرد.

بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی ڕەنگەکانی ناو تابلۆکانت لەچییەوە سەرچاوەیان گرتووە (حەز و ئارەزو، مانا، سایکۆلۆجی…)؟

سیروان عەبدوڵا: تابلۆ تەنیا یاریکردن نییە بەڕەنگەکان، تابلۆ دەبێت مانایەکی هەبێت، بابەتێک لەخۆ بگرێت و پەیامێک بدات بە بینەران. ئەو تابلۆیانەی وانین ژیان تیایاندا وەستاوەو بە مردوو دادەنرێن. هەر هونەرمەندێکی شێوەکار ئەزمونێکی تایبەت بەخۆی هەیە لەوەی چۆن ڕەنگەکان تێکەڵ دەکا بۆئەوەی ئایدیایەک وێنە بکێشێ، گرنگ ئەوەیە وەستایانە ئەو ڕەنگانە بەکاربهێنێت تا مەزاجی بینەر تێک نەدا، گونجاندنی ڕەنگ لەگەڵ ئایدیای تابلۆکە گرنگە، ئەو گونجاندنی ڕەنگانە کار لە بینەر دەکاو حەزو ئارەزوی دەجوڵێنێ بۆ چێژوەرگرتن لە تابلۆکە، سەرسام دەبێت پێی تا ماوەیەکی زۆر لەبیریدا دەمێنێتەوە، ئارەزوو دەکا جارێکی تر بچێتەوە بۆ بینینی ئەو تابلۆیە، هەرجارێکیش بەرامبەر ئەو تابلۆیە دەوەستێ وادەزانێ یەکەم جارە دەیبینێت و نهێنی زیاتری تیا دەبینێت.

 بۆپێشەوە: بەچەند کاری هونەری بەشداریت لە پیشانگەی” سەمای گڵ و ڕەنگ”دا کرد؟ هۆی هەڵبژاردنی ئەوکارانە چی بوون؟

سیروان عەبدڵا: ئەمە یەکەم جارە من کارەکانم پیشانی خەڵکی دەدەم. لەبەر ئەوەی ماوەیەکی کەمە دەستم کردووە بەکارکردن زۆر دەترسام لەو ئاستەدا نەبم، کە کارەکانم لە پێشانگەدا پیشان بدرێن، بۆیە سەرەتا دەمویست لە پێنج تابلۆ زیاتر دانەبەزێنم، بەڵام بەهۆی هاندانی کاک ئاراس ڕەشید لە پێگەی ڕۆشنبیری کوردیی ئۆتاوا، بە ۲۹ تابلۆی قەبارە جیاواز بەشداریم کرد. بۆ وەڵامی ئەوەی بۆ ئەوانەم هەڵبژاردوە دەڵێم: لەماوەی ئەم سێ ساڵەی کارکردنم بۆخۆفێرکردن و خۆ پەروەردەکردن و قاڵبوون لە هونەری وێنەکێشان دا، کاری زۆرم ئەنجامداوە بەڵام تەنها ٤٠ تابلۆ لەو کارانەم دڵخۆشم دەکەن، لەو چل تابلۆیەش ئەمانەم پێ باشتر بوو بەختی خۆمی پێ تاقی بکەمەوە، زۆر بەترسەوە لەگەڵ ئەو حەوت هونەرمەندە خۆشەویستە بەشداریم کرد. تابلۆکانیش ئەمانە بوون ( 1- شتە شاراوەکان. 2-شارێکی خامۆش 3-  دەموچاوە غەمبارەکان 4- جینۆسایدی هەڵەبجە 5-  قەبرسان 6-  چاوی سیخوڕ 7- کەسێکی نامۆ لە شاردا 8- پیانۆ 9-  دەمامکەکان  10- (٢٠) تابلۆ لە یەک چوارچێوەدا) بەناوی چاخی کاڵی کە ئەمە ناوی سیدیەکانی هاڤی کوڕمە، ئەم تابلۆیانەش بۆ بەرگی ئەو سیدیانە کراون.

لەژمارەی داهاتوودا… دریژەی دیمانەکانی تر دەخوێننەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.