G7یان گروپی حەوت (جی ٧) چییە؟

0

G7یان گروپی حەوت (جی ٧) چییە؟

 ئامادەکردنی/ شوان عەزیز

جی ٧ واتە گروپی حەوت. گروپی ٧ بەو حەوت دەوڵەتە گەورەیە دەوترێت کە لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە بە پێشکەوتوترین و بەهێزترین دەوڵەتی جیهانی دەناسرێن. ئەو دەوڵەتانەش بریتین لە کەنەدا، ئەمەریکا، بەریتانیا، ئیتالیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو یابان. ئەو حەوت دەوڵەتە گەورەیە بە حەوت دەوڵەتە گەورە پیشەسازیەکەی جیهان ناسراون. بە هەر حەوتیان لە ٦٢٪ی تەواوی سەروەت و سامانی جیهانیان لەژێردەستایە.

پێشینەیەکی کورتی پێویست لەسەر جی ٧

لە ساڵی ١٩٧٠ کاتێک کە کێشەی نەوت و بەرزی نرخی نەوت هاتەکایەوە دەوڵەتانی گەورەی پیشەسازی ئەو کات گروپی شەش دەوڵەتیان پێکهێنا بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانە ئابوریەکانی جیهاندا. ئەوکات ئەو دەوڵەتە گەورە پیشەسازیانە بریتی بوون لە : فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، یابان، بەریتانیا و ئەمەریکا. ئەو کات بۆ ماوەی ساڵێک ناوی ئەو گروپە بریتیبوو لە گروپی شەش. ساڵێک دوای ئەوە واتە لە ساڵی ١٩٧١ دا، کەنەدا هاتە ناو گروپەکەوە، و ئیتر ناوی گۆڕا بە گروپی حەوت. وە لە ساڵی ١٩٩٨ ڕوسیا هاتە ناو گروپەکەوەو ناوی گروپەکە بوو بە گروپی هەشت، بەڵام دوای ئەوەی کە ڕوسیا کرامیەی(ناوچەیەکە لە ئۆکرانیا) لکاند بە ڕوسیاوە، لە مارسی ٢٠١٤ ئیتر حەوت دەوڵەتەکەی تر ڕوسیایان دەرکرد لەو گروپە. تائێستاشی لەسەر بێت ڕوسیا بە ئەندامی ئەو گروپی حەوتە ناژمێرێت.. کەواتە ئێستا کە ساڵی ٢٠١٨ یە تەنها پێی دەگوترێت گروپی حەوت. واتە حەوت دەوڵەت کۆنترۆڵی نیوە زیاتری تەواوی سەرمایەی جیهانیان لەبەردەستدایە.

ڕەخنەیەک لەو گروپە دەگیرا کە گوایە تەواوی ئەو دەوڵەتانەی لە خۆ نەگرتووە کە ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لەسەر ئابووری جیهان و پیشەسازیەکەی. بۆ نموونە چین و هیندوستان. بۆیە لە ساڵی ١٩٩٩ دا گروپەکە گەورە کراو چەندین دەوڵەتی گەورە، و خاوەن ئابووری و پیشەسازی بەهێزی هاتە ناو. لەو ساڵەوە ئیتر قەیرانەکان ڕوویان لە زیادکردن کردو بەتەنیا ئەو حەوت دەوڵەتە دەرەقەتیان نەهاتن. بۆیە سەرەتا ڕوسیا هاتەوەناو گروپەکە، لەو لاشەوە ١٢ دەوڵەتی تریش هاتنە ناوەوە لەوانە: ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەرازیل، چین، هیندوستان، ئەندەنوسیا،  کۆریای باشوور، مەکسیک، سعودیە، ئەفەریقای باشوور، تورکیا، وە هەروەها یەکیەتی ئەوروپا وەک کیشوەری ئەوروپای سیاسی.

بەڵام ئەوەی کە ڕاستی و شایانی باس بێت ئەوەیە؛ کە گروپی٢٠  زیاتر گروپی دەوڵەتە خاوەن پارەکانە. بۆ نمونە سعودیە دەوڵەتێکی پیشەسازی نییە تەنها پارەدارە. پارەکەشی لەڕێگەی پیشەسازیەوە دەست ناکەوێت، بەڵکو لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوەیە. بۆ نمونە ئەو بیست دەوڵەتە بە هەموویان لە ٨٥٪ ی سەرمایەی هەموو جیهان پێک دەهێنن.

کەواتە ئێستا لە ڕاستیدا گروپی حەوت گروپێکی نا فەڕمیەو تەنها لە ڕووی سیاسیەوە یەکیان گرتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئابووری و پیشەسازی جیهان.

ساڵانە بەپێی ڕێکەوتنێک کە لەنێو خۆیاندا کراوە و واژۆی لەسەر کراوە، دەبێت ساڵانە کۆبوونەوەی خۆیان ببەستن. بۆیە هەر ساڵێک دەبێت هەر دەوڵەتێک سەرۆکی خۆی بنێرێت بۆ ئەو کۆبونەوانە. واتە پێی دەگوترێت کۆبونەوەی لوتکەی جی حەوت. هەندێک جاران یەکیەتی ئەوروپا بە نوێنەرێک بەشداری دەکات لە کۆبوونەوەی ئەو گرووپەدا. ئەو گروپە هەر ساڵەو لە شوێنێک و لە وڵاتێک کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیان دەبەستن. بۆ نموونە ئەم ساڵ لە ٨-٦-٢٠١٨  لە هەرێمی کوێبەک لە کەنادا ئەنجامیاندا. وە تا ڕۆژی ٩- ٦ ٢٠١٨ بەردەوام بوو.

گروپی حەوت ساڵانە لە کۆبوونەوەکانیاندا باسی چی دەکەن؟

ئەو بابەتانەی کە ساڵانە ئەو حەوت دەوڵەتە لەسەری کۆدەبنەوەو قسەی لەسەر دەکەن و بڕیاری لەسەر دەردەکەن بریتین لە: ئاسایشی نێونەتەوەیی وپاراستنی و کێشەکانی، ئابووری جیهانی و ئاستەنگەکانی و قەیرانەکانی و چارەسەرکردنی، گۆڕانی کەش و هەوای سەر گۆی زەوی و ڕێگاچارەکان، هەلی کارو دۆزینەوەی کار، ژنان و هێنانیان بۆ نێو کایە جۆراوجۆرەکان و بەهێزکردنیان، قەیرانەکان و چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵیاندا، کێشە جیهانیەکان.

پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی ئەو گروپە

وەک هەندێک سەرچاوە و کاناڵ باس دەکەن، هەروەها لە بڕیارەکانیاندا دەردەکەوێت کە ئەمساڵ ٢٠١٨ ساڵێک بوو کە ئەو حەوت ئەندامە ڕێک و تەبا نەبوون بەیەکەوە. ناکۆکی دیار هەیە لە پەیوەندیەکانیاندا و هەروەها لە بڕیار دەرکردنیشدا. بۆ نموونە هەر ئەمساڵ سەرۆکی ئەمەریکا تاک لایەنە لەگەڵ ئێران تێکی داو هاتەدەر لە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئێران و دەوڵەتەکانی تر بۆ ڕێگری کردن لە ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها ئەمەریکا دیسان تاکلایەنە سزاکانی بەسەر ئێراندا توندتر کرد. هەروەها ئەمەریکا ڕێکەوتنی نافتای هەڵوەشاندەوە لەگەڵ کەنەدا. ئێستا دەگوترێت کە ئەو گروپی حەوتە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات، و ئەو یەکدیگیریەی جارانی نەماوە و ناتوانێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانیاندا بەسەر کێشەو قەیرانەجیهانیەکاندا زاڵبن.

بڕیارەکانی کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی جی ٧ بۆ ساڵی ٢٠١٨

سەرۆکەکانی وڵاتانی جی ٧ ئەم ساڵ هەروەک ساڵانی ڕابردوو کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیان گرێدا. کۆبونەوەی لوتکەی ئەمساڵیان لە کەنەدا بوو کە لە ڕۆژی ٨-٦-٢٠١٨ دەستی پێکرد وە بەردەوام بوو تا ٩-٦-٢٠١٨.

هەروەک ساڵانی ڕابردوو باسیان لە قەیران و ئابووریی و کێشە جیهانیەکان کرد. بۆ ئەمساڵی ٢٠١٨ وا لێرەدا  بەکورتی هەندێک لەو شتانە دەخەینە ڕوو کە لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی لوتکەدا بڵاویان کردەوە.

١- خستنە گەڕی سەرمایە و دابینکردنی سەرمایەگوزاری بەشێوەیەک کە گەشە بە ئابووری هەمەلایەنە بدات و هەموو لایەکیش لێی سوودمەندبێت. ئابووریەک بێت کە جێگیرو بەردەوام بێت لە سوود گەیاندن.

٢- خۆ ئامادەکردن بۆ دابینکردن و دۆزینەوەی کار.

٣- گەشەپێدانی یەکسانی جێندەرو بەهێزکردنی پێگەی ژنان و ڕۆڵیان لەسەرجەم کایەکاندا.

٤- دروستکردنی دنیایەکی ئەمینترو پارێزراوتر. دنیایەکی ئارامتر کە ئاشتی تێدا جێگیر بکرێت.

٥- کارکردن بەیەکەوە، هەموومان لەسەر گۆڕانی کەش و هەوای سەر گۆی زەوی و ئۆقیانوسەکان و دابینکردنی وزەیەکی پاک.

ئەوەی جێگەی باسە لوتکە بە دوورودرێژی لەسەر ئەو خاڵانەی سەرەوە قسەیان کردو بڕیاری هەنگاوی جددیان دا کە بەیەکەوە کار بکەن بۆجێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

بە کورتی ئەوان بڕیاریاندا کە: بە یەکەوە کار بکەن لە هەموو مەسەلە جیهانیەکاندا. ئەو حەوت دەوڵەتە هاوڕاو هاوکردار بن. ئابووریەکی گەشەکردوو، جێگیرو پارێزراو دابمەزرێنن کە سوودی بۆ هەموولایەک هەبێت. بە قسەی خۆیان ئابووریەک بێت کە زیاتر ڕووی لە هاوکاری ئەو شوێن و لایەنانە بێت کە پێویستیان بە هاوکاریەو بەجێماون، یاخوود لە دواوەن. لەو ڕاگەیاندراوەشدا سوپاسی سەرۆکی فەرەنسایان کرد کە پێشنیاری کرد کە کۆبوونەوەی لوتکەی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی فەرەنسادا بکرێت.

پرسیار: ئایە بەڕاستی ئەو حەوت دەوڵەتە دنیایەکی ئارام و پارێزراویان دەوێت کە ئاشتی تێدا بەرقەرار بێت و ئابووریەکی وای هەبێت کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت؟ ئەگەر بەڵێ وایە، ئەدی ئەو هەموو نائارامی و وێرانکارییەی کە زوربەی وڵاتانی گرتۆتەوە، و نیوەی خەڵکی زۆرێک لە وڵاتانی بەرەو ئاوارەیی بردووە بێجگە لە خۆیان دەبێت کێی لە پشت بێت؟ ئەدی ئەو هەموو شەڕو جەنگانە چین؟ ئەو هەموو برسیەتیەی کە زۆرێک لە وڵاتانی گرتۆتەوە دەبێت بۆ چارە نەکرێت؟ ئەی ئەوان ناڵێن ئابووریەک کە هەموولایەک تێیدا سوودمەند بێت؟.

بۆ ئەو بابەتە سوود لە هەندێک سەرچاوەی ئەنتەرنێتی وەرگیراوە بۆ نموونە:

https://g7.gc.ca/en/official-documents/charlevoix-g7-summit-communique/

١٢-٦-٢٠١٨

Leave A Reply

Your email address will not be published.