چاوپێکەوتنی بڵاوکراوەی بۆ پێشەوە لەگەڵ عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) سەبارەت بە پڕۆژەی ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاریی کوردستان                                                            سازدانی : ئاراس ڕەشید

0

پرۆژەی(ئەنسۆلۆژیای شیعری کرێکاریی کوردستان)، پرۆژەیەکی ئەدەبی کرێکارییە، شاعیر و نووسەری کۆمۆنیست و کرێکاریی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) لە ڕاگەیاندراوێکدا بانگەواز و پێشنیاری کردووە. بۆ زیاتر ئاشناکردنی هەوادارانی ئەدەبی کرێکاریی و تایبەت تر، شیعری کرێکاریی، بەم پرۆژەیە. بۆپێشەوە ئەم پرسیارانەی ئاراستەی خاوەنی ئەم پرۆژەیە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) کرد.

بۆپێشەوە : مەبەستتان لە ئەنسۆلۆژیا(Anthology) چییە؟ وە ئایا لە پێشتر دەست بۆ ئەم کارە براوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ئەنسۆلۆژیا وشەیەکی ئینگلیزییە، و بە واتای کۆکراوە یان کۆی سەرجەم دەقەکانی ژانرێکی(بابەت) دیاریکراو و ئامادەکردنی لە کتێبێکدا دێت، تا وەک سەرچاوەیەکی ئەدەبیی – مێژوویی لەبەر دەستدا بێت. کاری ئامادەکردنی ئەنسۆلۆژی لەسەر ئاستی جیهاندا بە گەلێ جۆر و شێوازی جیاجیا هاتۆتە ئامادەکردن. ئەدەبی ئینگلیزیی خاوەن دەیان ئەنسۆلۆژی ئەدەبییە، و تەنانەت هەر ژانرێک ئەنسۆلۆژیای خۆی هەیە. لە ئەدەبی کوردیدا تا ئێستا (بەپێی ئاگاداری من) دوو سێ ئەنسۆلۆژیای شیعریی هەن، بەڵام بەپێی پێویست بایەخە ئەدەبیی و مێژووییەکەی نەزانراوە. بۆیە لەبری ئەوە کۆ شیعر(دیوانە شیعر) بڵاو کراوەتەوە. ئەدەبی کرێکاریی کوردستانیش جگە لە پەرش و بڵاوییەکەی، کەسێک نەبووە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لەبەردەم ئەم ئەرکە گرنگە. ئەم کارەی من یەکەمین کارە لەمێژووی ئەدەبی کرێکاریی لە ئاستی کوردستان، و ئومێدەوارم بتوانرێت هەنگاوی تری بەدوادا بێت و کەسانی تر بێنە پێشەوە؛ و ئەنسۆلۆژیای چیرۆک و شانۆ و ژانرەکانی تری ئەدەبی کرێکاریی ئامادە بکەن؛ و ئەو بۆشاییە گەورەیەی ناو پانتایی ئەدەبی کرێکاریی کوردستان پڕ بکەنەوە؛ و بە هەمووانەوە بتوانین بزووتنەوەی ئەدەبیی و هونەریی کرێکاریی گەشە پێبدەین و بەرەو پێشی بەرین.

بۆپێشەوە : لە پرۆژەکە دوانزە خاڵتان دیاری کردووە، وەکو مەرج؟ دەکرێت هەندێک لەو خاڵانە کە زۆر گرنگن بۆ پرۆژەکە ڕوونتر بکەیتەوە؟ ئایا شیعرێک دەگرێتە خۆی کە کرابێتە سروود یا گۆرانی، بەڵام وەکو شیعر بڵاونەکرابێتەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): گرنگترین خاڵ جگە لە ناوەڕۆکە کرێکاریی و سۆشیالیستیەکەی دەقە شیعرییەکە، ئەوەیە بە زمانی کوردی نووسرا بێت، واتە تەرجەمە(وەرگێڕدراو) نەبێت. چونکە هەندێ نووسەری کورد هەن وەک سەلیم بەرەکات، کە بە عەرەبی دەنووسێت یان سابیر هاکا، کە شاعیرێکی کرێکارییە و بە فارسی دەنووسێت، یان نووسەر هەیە بە زمانی تورکی دەنووسێت یان بە ڕووسی دەنووسێت. هەروەها مەرج نییە خاوەن دەقێکی شیعریی کە بۆ ئەم ئەنسۆلۆژیایە هەڵدەبژێرم، شاعیر بێت، لەوانەیە چیرۆکنووس بێت یان هونەرمەند بێت و ئەو دەقەی نووسی بێت. پاشان مەرج نییە دەقەکان هەر بەیەک شێوەزاریی کوردی بێت، من هەوڵ دەدەم هەر دەقێکی شیعریی بەهەر شێوەزارێک نووسرابێت، سۆرانی، کرمانجی ژووروو، هەورامی، کەلهوڕی، زازایی، و تەنانەت ئەگەر بە ئەلفوبێی لاتینیش نووسرابێت لەم پڕۆژەیە جێی دەبێتەوە. لەهەمووی گرنگتر، ئەم پڕۆژەیە پێچەوانەی ئەدەبی بۆرژوازی، ئەنسۆلۆژیای نوخبە نییە، بەڵکو ڕۆ دەچێتە نێو قوژبنی کارگەکان و سەر شانۆی مەراسیمەکان و کۆڵانە تەنگەبەرەکانی ناو شار و کۆمەڵگە، و دەنگی ئەوانە دەبێت کە جگە لە هێزی کار هیچی تریان نییە بیفرۆشن تا بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەت؛ دەڵێـم بەڵێ هەر شیعرێکی کرێکاریی یان سۆشیالیستیی کە کرابێتە سروود یان گۆرانی و تەنانەت هەر شیعرێک ئەگەر شاعیرەکە بڵاویشی نەکردبێتەوە، دەشێ لەم ئەنسۆلۆژیایەدا جێگای شیاوی خۆی دەدەمێ.

بۆپێشەوە:پێوەری کرێکاریی بوونی ئێوە بۆ هەڵبژاردنی شیعرەکە چییە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ):پێوەرێک کە من لە هەڵبژاردنی دەقە شیعرییەکاندا پەیڕەوی دەکەم، ئەوەیە کە مەرجە دەقەکە باس لە کرێکار و وەزعی ژیان و خەباتی کرێکار بکات یان هێڵێکی سۆشیالیستیی زاڵ بێت بەسەر دەقەکەدا. ئەمەش ئینتمای چینایەتی دەقە بۆ چینی کرێکار و بزووتنەوەکەی. من هەوڵمداوە تەنها ئەو دەقانە هەڵبژێرم کە کرێکارین یان مەسەلە کرێکاریی و سۆشیالیستییەکان بەزەقی تیایدا ڕەنگی داوەتەوە. مەرجیش نییە هەر دەقێکی شیعریی وشەی کرێکار یان سۆشیالیستی تێدا بوو، دەقی کرێکاریی بێت. لەلایەکی تریشەوە دەستەواژەی شیعری کرێکاریی زۆر فراوانە و جیهانێکی بەرینە. لەم جیهانە بەرینەدا ئەدەبی دژ بە ستەمی ژنان، ستەم و پەروەردەی کۆمۆنیستی منداڵان و لاوان، ڕەخنە لە دیاردەی ئایین و کۆنەپەرستی کلتوور فەرهەنگی دواکەوتووانە، کێشە و گرفتی هۆمۆسێکشوال و کێشەی جێندەر ترانسفۆرمەیشن(ڕەگەز گۆڕین) و هەژاریی و ئازادی و چەوسانەوە و جەنگ و ئاوارەیی و زیندان و…تاد. بۆیە ئەگەر کاری لەم جۆرەم بکردایە ئیتر پڕۆژەکەم لەبەر گەورەیی پێ ئامادە نەدەکرا. من لێرەدا تەنها فۆکسم لەسەر هەلومەرج و خەبات و دۆخی تێکۆشانی کرێکارانی کوردستانە و پڕۆژەکەشم تەنها ئەم بەشە دەگرێتە خۆی.

 بۆپێشەوە : ئایا ماوەیەکی دیاریکراوتان دەستنیشانکردووە بۆ ئەو پرۆژەیە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): نەخێر، هیچ سەقفێکی زەمەنیم دیاری نەکردووە بۆ ئەم پڕۆژەیە. چونکە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی پان و پۆڕە و بە درێژایی مێژووی چینی کرێکاری کوردستان درێژ دەبێتەوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە کە بە بەبڕوای من لە دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێدەکات تا ئەمڕۆ. شیعری کرێکاریش لەم مێژووەدا بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێ، و هەر قۆناغێکیش تایبەتمەندی تایبەت بە خۆی هەیە. سەرەڕای ئەمەش پڕۆژەکە هەر تەنها کۆکردنەوەیەکی میکانیکی و کەڵەکەکردنی چەند دەقێک نییە بەسەر یەکەوە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی مارکسیستی جیدییشە بۆ ئەو بزووتنەوە پەرش و بڵاوەی شیعری کرێکاریی. من وەک لە ڕاگەیاندراوەکەشدا نووسیومە کە ئەم کارە، کاری تاکە کەسێک نییە و بەڵکو کاری ئەنستیتیوتێکی ئەدەبییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ ئەدەم کاتێکی باشی بۆ تەرخان بکەم و وەک یەکێک لە پڕۆژە ئەدەبییە کرێکارییە جیدییەکان لەئاست وەڵامدانەوە بەو بۆشاییە بێت کە ئەدەبی کرێکاریی لەوەتەی هەیە پێوەی دەتلێتەوە.

تێبینی : دەقی ڕاگەیەندراوەکە لە لاپەڕەی تایبەتی عەبدڵا سلێمان( مەشخەڵ) لە فەیس بووک.

https://www.facebook.com/abdullah.sulaimanmashxal/posts/1752033431482876?pnref=story

Leave A Reply

Your email address will not be published.