ئەو هەموو فێمینیستانە بۆ کوێ چوون؟   نووسینی:  فیڵیز چێسڵەر( Phyllis Chesler)

0

ئەو هەموو فێمینیستانە بۆ کوێ چوون؟

 

نووسینی:  فیڵیز چێسڵەر( Phyllis Chesler)


ئۆکتۆبەری ٢، ٢٠١٧

وەرگێڕانی : شوان عەزیز

تێبینی:ئەو بابەتە بەشێکە لە نووسێنێک کە لەژێر ناوی :

“لەدژی ئەو بەناو فێمینیستانەی کە مافەکانی ژنانی موسڵمان و جولەکە ڕەت دەکەنەوە” دا بوو. کە لە ١٢سێپتەمبەری  ٢٠١٧ دا بڵاوکراوەتەوەو بووە نووسینێکی پەسند کە وەک ژنێکی داکۆکیکەر لە مافەکانی ژنان خەڵاتی پێ بدرێت. فیڵیز لەم وێنەیەدا لە گەڵ عەیان هیرسی عەلی دایە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا گیراوە…

سەرچاوە: http://www.meforum.org/6951/againsr-faux-feminism

من هەم وەک چالاکوانێک و هەروەها وەک ئەکادیمیەک لەساڵی ١٩٦٧ دا هاتمە ناو مەیدانی فێمینیستیەوە. تێڕوانینی بنەڕەتیمان بۆ فێمینیستی ڕادیکاڵانەو گۆڕانکاری بوو. ئێمە باوەڕمان بە مافەکانی مڕۆڤ هەبوو. ئێمە پێشبینی فرەیی و فرە کەلتوریمان دەکرد و لەهەمان کاتیشدا خۆشمان کەسانی ڕیلەتیڤیستی فرە کەلتوور نەبووین. (ڕیلەتیڤیست کەسێکە کە باوەڕی وایە کە ئەخلاق، مەعریفە، باش و خراپ، ڕاست، دەقی مێژوویی …هتد هەمووی شتی ڕەها نین و پەیوەندی دارن بە کەلتوورو دین و شوێنەوە ).وەرگێڕ.

ئێمە هەر کاتێک کە دژە ژنیمان بینێبێت هاوارمان کردووە بێ بواردنی بابای تەعداکەری جنسی لە ژنان، یا  ئەوەی کە لە ژنی خۆی دەدا، یان ئەوەی کە لاقەی منداڵان دەکات، لەبەرئەوەی هەژارە (کە قوربانیەکەش عادەتەن هەر هەژار بووە) یان لە ڕەنگ و ڕەگەزێکی تر بووە (کە عادەتەن قوربانیەکەش لە هەمان گرووپ بووە)، یان بە منداڵی ئەزیەت دراوە خراپ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە (هەروەها قوربانیەکانیش دەگوونجێت هەرهەمان مێژووی پەروەردەکردنیان هەبێت).

منیش هەروەک فێمینیستە ڕادیکاڵەکانی تری ئەمەریکا، چالاک بووم لە بواری مافە مەدەنیەکان و جوڵانەوەی دژی شەڕدا. وەکو فێمینیستەکانی تر نەبووم، من هیچ نەبێت جارێک ژیاوم لە ئەفغانستان داو لە ماڵێکدا بووم کە فرەژنی تێدا بوو.  ڕستەی کردنەوەی کتێبەکەم بریتیبوو لە  بووکێکی ئەمەریکی لە کابوڵ دا . لە ماڵێکدا بووم کە بێ ئەوەی بەخۆم بزانم یاسای فرەژنی تێدا پەیڕەو دەکرا. کە ئەوەش بەو مانایە دەهات کە من نەم دەتوانی بێ پیاو لەماڵ بچمە دەر. جێگەی سەرسوڕمان بوو کە خەزوورم سێ ژن و ٢١ منداڵی هەبوو. ئەوەی ڕاستی بێت ئەو هەموو ماوەیەی کە من و مێردەکەم، کە کەسێک بوو دەستووری ڕۆژئاوایی فێر ببوو، وە پەیوەندی خۆشەویستیمان بە یەکەوە هەبوو لای من ئەوەی باس نەکردبوو.

کاتێک کە من تەمەنم بیست ساڵان بوو، ژنی ئەفغانیم دەبینی کە دەڕۆیشتن هەڵدەنگووتن و دەکەوتن بە هۆی چارشێوەکانیانەوە، وە لە ژووری دابڕاو و داخراودا  ژیانیان دەبردە سەر. وەک تەنێک کە خرابنە عەلاگەی ڕەشەوە لەپێش چاومان دەردەکەوتن. ئەو ژنانە کە هەر لەشێوەی شەوەدا (شەولەبان) دەردەکەوتن ناچار دەکران کە لە هەرە دواوەی پاسەکاندا دابنیشن. ئەم دیاردەیە زۆر پێش بزووتنەوەی تاڵیبانیش هەبوو. ئەو دیمەنەم دێتەوە بیر تەنانەت ئەو کاتەی کە من ڕەخنەم لە ئەمەریکا دەگرت لەسەر چەوسانەوەی لەدژی ژنان، لەسەر ڕەگەزپەرستی لە ئەمەریکادا، وە هەروەها ڕەخنەشم دەگرت لە ئەمەریکا لەسەر ئەوەی کە چارەیان بە هاوڕەگەزبازی نەدەهات و بیری پاوانخوازیشیان هەبوو.

لە مابەینی ١٩٦٧ بۆ ١٩٧٥ دا  تێکەڵاوی ڕێکخراوی نیشتیمانی ژنان بووم. لەو ماوەیەدا چووم بۆ کۆبوونەوەکان، تێکەڵاوی گرووپی کۆمپانیای بەرپرسیارێتی بووم، هەروەها بەشی ئاکشنی داوای قەزایی، نووسینگەی لێکۆڵنەوەی ژنانم دامەزراند لە زانکۆی شاری نیویۆڕک،  بەشدار بووم لە دامەزراندنی کۆمەڵەی سایکۆلۆجی بۆ ژنان و تۆڕی تەندروستی نیشتیمانی ژنان. لە ساڵی ١٩٧٠ دا وتەیەکی ئاگرینم پێشکەش کرد لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی سایکۆلۆجیەکانی ئەمەریکا لە شاری فلۆریدا. لەو وتەیەمدا داوام کرد کە هەموو ئەو ژنانە قەرەبوو بکرێنەوە کە بە هەڵە نەخۆشیەکانیان دیاری کراوەو بەوهۆیەشەوە دەرمانی هۆشبەریان دەرخواد دراوە، و خراونەتە خەستەخانەکانەوە لەلایەن پزیشکانی دەروونی و تایبەتیەوە. لە ئەنجامی ئەو داوایەم دا دوو هەزار کەسێک بەمن پێکەنی هەرچەندە بە ترسەوەش بوو. هەندێکیان تاوانباریان کردم بەوەی کە من ئیرەیی بە زەکەری پیاو دەبەم.

 لە گەڕانەوەم دا بۆ شاری نیویۆڕک، لە ناو فڕۆکەکەدا دەستم بە نووسینی کتێبی ژنان و شێتی  کرد. وتەکەم لەو کۆبوونەوەیەدا بووە سەردێری بابەتەکان لە جیهاندا. بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی ژنان و شێتی لە هەموولاوە ئۆفەر باران کرام . لە دواییدا لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٢ دا کتێبەکەم پێداچوونەوەی بۆکرا لە لایەن ئەدریانە ڕیچ وە، و بووە باشترین کتێب و هەروەها بووە کتێبێک کە دەبێتە هۆی هێنانی قۆناغێکی گەورە.

لەسەرەتای ١٩٧٠ وە تا کۆتاییەکەی من وتەی فێمینیستیانەم پێشکەشکردن لە وڵاتی ئیسڕائیل و دەستم کرد بە کار لەگەڵ فیێمینیستە ئیسڕائیلیەکان، و هەروەها نوێنەری باڵی چەپ و ڕۆژنامەنووسی فێمینیستی ئیسڕائیل بووم. وە هەروەها چەندین ئیمزام کۆکردەوە بۆ دژایەتی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان وەک بڕیارێکی ڕەگەزپەرستی زایۆنی. بەشداربووم لە ڕێکخستنی پرێس کۆنفرانس و بەستنی کۆنفرانسی گرنگی تر دەربارەی فێمینیستی و باوەڕی دژە سامی و هەروەها دەربارەی ژنان و جولەکایەتی. لە ناو ئاپارتمانەکەی خۆمدا لە شاری مانهاتان جەژنی پاسۆڤەر بەڕێوەبرا، و بەشداریش بووم لە خوڵقاندنی ژیانی فێمینیستی لە ناو جوولەکەدا.

هەروەها من کاریشم کردووە لەگەڵ خەڵکی بەناوبانگ و هونەرمەندانی وڵاتانی وەک ئیسڕائیل، میصر، کوێت، ئێران  و لوبنان و… هتد لەو نێوەشدا زیاد لە سێ کتێبی فێمینیستیم بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی ١٩٨١ دا پانێڵێکم بەست لە کاتی کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی لێکۆڵینەوەی نیشتیمانی ژنان لەشاری ستۆڕ و کۆب دا دەربارەی دژایەتی سامی و فێمینیستی. بۆ جاری دووەم ئەڤیڤا کانتۆر چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردم دەربارەی لیلیث لەسەر هەمان بابەتی فێمینیستی. هەرچەندە من جولەکەیەکی پرۆفێشناڵ نیم لە ئایینەکەم، بەڵام واز لە پێناسی جوولەکایەتی و ڕزگاربوونمان و  خەمەکانی ئەو بوارە ناهێنم بۆ پیشەیەکی تر.

لە ١٩٨١ وە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ بە بەردەوامی لێکۆڵینەوەم کردو و شەش کتێبی فێمینیستیم بڵاوکردەوە. هەروەها کامپینێکم وەڕێ خست لە جیاتی ئەو دایکانەی کە مافی وەخۆگرتن و چاودێریکردنی مناڵەکانیان لێ سەنرابۆوە، وە لە جیاتی ئەو دایکانەی کە  فشاریان خرابووە سەر تا مناڵەکانیان تەسلیم بکەن، بە دەر لە ئارەزووی خۆیان. داکۆکیم لە مافەکانی ژن کردووە کە بۆیان هەیە داکۆکی لە خۆیان بکەن. داکۆکیم لە مافە ئایینیەکانی ژنانی جولەکە کردووە لە شاری ئۆرشەلیم. بەڵێ ڕاستە کە من نوێژم کرد لە ئیزڕات نەشیل لە ساڵی ١٩٨٨ وبەشداریشم کرد لە دروستکردنی کۆمیتەی نێونەتەویی بۆ  ژنانی دیوارەکە. وە لە دوای چارەکە سەدەیەک لە هەوڵ و خەباتی بێ وچان تێکەڵ بووم بە ڕێکخراوە ئەسڵیەکەی ژنانی دیوارەکە.

بوغزاندنی جولەکە شتێکی تازە نیە لە نێو فێمینیستاکاندا

دەتوانم پێت بڵێم کە بوغزاندن و ڕق و کینە لە ڕەگەزی سامی و جولەکە شتێکی تازە نیە لە نێو فێمینیستەکاندا. ٠ سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٠ دا بوو کە تووشی ئەم دیاردەیە بووم لە نێو چینی هاو ڕەگەزبازەکان و ڕادیکاڵە فێمینیستەکاندا. بۆیە هەر ئەوسا یەکسەر ڕووبەڕوویان بووینەوەو دژایەتیمان کردن لەگەڵ هەردووک هاوڕێم ڤیڤا کانتۆر و شێری مۆچ دا.

بە هەرحاڵ ئەوەی کە من دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم، ئەوەیە کە  بەناو فێمینیستی لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەرەو هەڵکشان هاتووە. لە دوای مۆدێرنەتی و کۆڵۆنیالیستی ئەو بەناو فێمینیستانە زۆر بە تامەزرۆوە ئیدانەی ئایینی مەسیحی و جولەکە دەکەن، وەک دوو ئایینی ترسناک بۆ مافەکانی ژنان، بەڵام ئەوەندە بوێر نین کە ڕەخنەی ئایینی لە دینی ئیسلام بگرن وەک ئایینیک کە بەتەمای فراوانخوازی و باڵادەستیەتی بەسەر جیهاندا. وە بێن هەمان ڕەخنەش لە ئیسلامیش بگرن کە مامەڵەی چۆنە لەگەڵ ژناندا. بەیەک گەییشتنی بەناوفێمینیستەکان کە تەنها ئیدانەی ئیمپڕیالیستی رۆژئاوایی دەکەن و نایانەوێت دان بنێن بە ساڵانی دوورو و درێژی ئیپڕیالیستی ئیسلامی، کۆڵۆنیالیستی ئیسلامی، کۆیلایەتی ئیسلامی، دژایەتی ڕەش و ڕەگەزپەرستی ئیسلامی و هەڵاواردنی ئایینی و ڕەگەزی ئیسلامی. ئەو بەناو فێمینیستانە زیاتر خەمی وەک دەگوترێت فەلەستینی داگیرکراویانە. بەڵام خەمیان نیە بۆ داگیرکرانی جەستەی ژنان، بۆداگیرکرانی رووخساری ژنان، بۆداگیرکرانی بیرو و هۆشی ژنان، بۆ خەتەنەکردنی ژنان، بۆ پۆشینی چارشێوو جببەی ژنان. هەروەها خەمیان نیشان نەداوە بۆ هەڕەشەی کوشتنی ژنان و کوشتنیان لەسەر نامووس، هەر لە نێو ئەو ناوچە و شوێنەی کە پێی دەگوترێت فەلەستین و بۆتە خەمی یەکەمی ئەوانە.

گرووپەکانی لێکۆڵینەوەی ژنان و ڕێکخراوە فێمینیستەکان وایان لێ هاتووە کە لە ڕووی ئیسلامیەوە پەسند بن!

گرووپی لێکۆڵینەوەی ژنان، ڕێکخراوەکانی فێمینیستی نیشتیمانی هەروەها زۆر لە جولەکە فێمینیستەکان نەک هەر لە ڕووی سیاسیەوە پەسندن، بەڵکو لە چاوی ئیسالامیشەوە هەروا پەسندن. زوربەی خەمی ئێستای ئەوانە بریتیە لە بە پیرۆزڕاگرتنی ئایین و داپۆشینی ڕوخسار. خەمی ئێستایان لەسەر خەتەنەی ژنان وبە زەبری زۆر ڕوخسار داپۆشین و تووندو تیژی لەسەر نامووس نیە. هەروەها گوێ نادەنە فرە ژنی و مناڵ بەشوودان و کوشتنی ژنان لەسەر نامووس لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا.  ئەو بەناو فێمینیستانە نەک هەر خیانەتیان لە جولەکە کردووە لە ژێر ناوی دژایەتی ڕەگەزپەرستیدا، بەڵکو ئەوانە ژنانی عەشائیرو کۆچبەریان لە موسڵمان و سیخ و هیندۆسی بەجێ هێشتووە، بۆ وەحشی گەرێتی و یاسای دژە ژنی. لەسەروی هەموو ئەوانەوەشەوە گوێیان نەداوە بە کەسانی ئازاو جەربەزە کە وازیان لە ئیسلام هێناوە، یا موسڵمانن یا سیخ بوون یا  فێمینیستی بەناوبانگی هیندوسی بوون،  لە وڵاتانی تازە گەشەسەندو و هەروەها لە وڵاتانی ڕۆژئاواش دا.

ئەوەش بەراستی تڕاژیدیە کە دەبینی ئەو هەموو فێمینیستە ڕۆژئاواییانە تەسلیم بوون. کە دەیان بینی هیچیتر بیرمەندی سەربەخۆ نەماوون. ئەو بەناو کۆمۆنیستانە وا قەناعەتیان پێکراوە کە ئیسلام ڕەگەزە نەوەکو ئادیۆلۆجی یاخوود ئایین بێت. هەروەها دەڵێن کە مێژووی ئەمەریکا لە بەکۆیلەکردنی ڕەشپێستەکانی ئەفەریقا، و ڕژێمی جوداخوازی باشووری ئەفەریقا هەمان کاری دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسڕائیلە لەدژی فەلەستینیەکان، بە ئەوانەشەوە کە تیرۆریستن و دەستیان سوورە بە خوێنی جولەکەو ڕقیان لە ڕەگەزی سامیە.

فێمینیستە پڕۆفێشناڵەکانی ڕۆژئاوا هەوڵی ئەوە نادەن کە ژنان ڕزگار بکەن لەژێر دەستی کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا.

ئەمڕۆ فێمینیستە پڕۆفێشناڵەکانی ڕۆژئاوا، پرۆفێسۆرەکانی زانکۆ لەبەشی لێکۆڵینەوەی ژنان دا، ڕۆژنامەنووسان ،چالاکوانانی مافەکانی مڕۆڤ ناتوان قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی ڕزگار بکەن نەک هەرلە کۆمەڵگە ئیسلامیەکان دا ناتوانن بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ئەوەتە ئێستا لە ڕۆژئاواشدا ناتوانن بە هانایانەوە بچن. هۆیە سەرەکیەکە ئەوەیە کە دەترسن پێیان بگوترێت: ئێوە لە ئیسلام دەترسن ( ئیسلامۆفۆبیک). یان پێیان بگوترێت کە ڕەگەزپەرست و کۆڵۆنیالیستن…

ڕەنگە ئێمە لە تواناماندا نەبێت بە شەخسی و بە ڕاستەوخۆیی بچین کچەکانی ژێر دەستی داعش و بۆکۆ حەڕام ڕزگار بکەین، بەڵام خۆ ئەمەریکیە فێمینیستەکان دەتوانن هاوکاری پارە بۆ ئەو کەس و لایەنانە بکەن کە هەڵدەستن بەوکارە. وە لەلایەکی تریشەوە خۆ ئێمە دەتوانین کاری وەحشیگەری وەک سەڕبڕین و بەردەبارانکردن و لە خاچدان و بە کۆمەڵ دەست درێژی سێکسی و وێرانکردنی داب و نەریتی مڕۆڤدۆستانەی ئێمەش وەک خۆی و بە ناوە ڕاستەکەی خۆیەوە ناوی بێنین.

ئێمە دەتوانین هاوکاری کچ و ژنان لێرە لە ڕۆژئاوادا بکەیین کە ڕۆژانە لێیان دەدرێت و هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێت لەبەرئەوەی نایانەوێت لەچک بکەنە سەریان، یا نایانەوێت شوو بە ئامۆزای نزیکیان بکەن. ئێمە دەبێت ڕێ بکەین کە لە تەنیشتی ئێمە و لە ناو ئێمەدا و بە بەرچاومانەوە ئەوە بکرێت. ئێمە دەبێت پەناگەو شوێن بۆ ئەو ژنانە دروست بکەین کە ترسی کوشتنیان لەسەرە لەلایەن خزم و کەس و کاریانەوە، وە سزای تاوانباران و ئەوانەش کە هاوکارن بدەیین. و نەیان بوێرین بە هیچ پاساوێکەوە.. ڕوونی بکەینەوە بۆ خەڵکی ڕۆژئاوایی کە کوشتنی ژنان لەسەر نامووس چیەو چی دەگەێنێت لای ئەوان. دەبێت ئێمە بگەینە ئەو قەناعەتەی کە دیفاعکردن لە ژنان ببێتە کڕۆکی کارمان و وەک بەهایەکی ڕۆژئاوایی لێی بڕوانین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.